بەرزان هەستیار
مایس و حوزەیرانی2010
ئەڵمانیا-کۆل
وهک شێتێکی پەڕاگەندە، ڕێم ئەکەوێتەوە نیشتیمان
بەر لە هەر شتێک،
بە ئەسپایی، تەقەیەک،……
کە هەر تەنها گوێیەکانی بێدەنگیی بیبیستن،…
لە دەرگای مەرقەدێک هەڵئەسێنم :
)مهدهد ” پیرمهنسوور” سهحابهی کیبار( ،…..
ئەزانم، ئهوهنده بەفری خەم ساردیی لە ڕۆحتا کڕێوەی نەکردووە…..
ڕەنگ و ڕووی ئەم کوڕه چنگ و پەل خۆڵاوییەت
لە زاکیرەتا تەم لێی نیشتبێت،
بڕوا ناکەم باخی شووشەبەندی سنگیشت
خونچەدڵێکی وای تیا شین بووبێت……
بە نەرمە بای لە دەرگادانی ئەمشەوم نەکرێتەوە! ؛
مهدهد “پیرمهنسوور” ، به ڕۆحێکی شکاوهوه ،
شکاوتر له دڵه کریستاڵییهکهی “سلێمانی” ،…
وهک منداڵیی چهتوون ئهبمهوه و
هێنده درهختی حهوشهکهت ئهتهکێنم
سهراپا گهڕهک، پهمهیی بچێتهوه له ئهرخهواندا ،…..
تهمهنم ، سهرتاسهر ئاڵ داگهڕێ له عهجوولییدا ،
بهیانییش، بهر لهوهی ژنانی ڕهشپۆش و
کچانی بهخت گرێدراو، بێن بۆ نزا
من ڕووخسهت ئهخوازم و
به دوو گیرفانی سەرڕێژ لە ئهرخهوان و
دوو دهستی پڕ بۆنی بخووردهوه خۆم ئهکهمهوه به ماڵدا
یهکهم جارمه له دهرگای حهوشهوه …..
به نهغمهیهکی بزێوانەوە بانگی دایکم نهکهم
یهکهم جارمه بۆ نەعلەکانی نهگهڕێم ؛
چهندە سهخته کە لە سەفەرێک دێیتەوە …
چاوهڕێ نهبیت ،….
دایکت بە نەرمە ڕەوتێکەوە دەرکەوێت و
بتخاتە بەر پرژە پرژی زەردەخەنەیەکی خۆی
******
لەم سەفەرە بێ وادە و
سەردانە پڕ ڕەنگەمدا
خەون بەو ساتەوە نابينم ، منی مێروولە
دەنكێك گوڵەبەڕۆژە ، گەورەتر لە خۆم ،
قورستر لە كێشم ، ڕاکێشمە نێو ماڵەکەم و
بۆ زستانێ ،
بۆ زەمەنی قات وقڕیی و گرانیی ،
بە دزیی دراوسێ برسییەکانمەوە ،…..
لە کەلەگێکەی پشتەوە هەڵی بگرم ؛
حەوسەڵەی ئەوەشم نییە خەون بەو نیوەڕۆیانەوە ببینم
سیلەی کۆڵانم لە کچێک ئەگرت و
ئارەقە و عیشقم پێکەوە لێ ئەچۆڕا ،
ئەچمەوە بەر خۆرەتاوی خەیاڵی دایکم و
خۆم فێنک .. فێنک ئەکەمەوە بە پێکەنینە ماندووەکەی ؛
ئەچمە ژێر نسێی خەمە چاوکزەکانی ‘عەلی نەجاڕ’ی باوکم و
خۆم گەرم گەرم دادێنم بە شەماڵی نوکتە جێماوەکانی و
نیگەرانییەکانی بۆ خۆم ڕاڤە ئەکەمەوە ،….
نیگەرانیی بیستنی دەستڕێژێکی لە ناکاو و
دەنگی سەیارەی ئیسعاف و
هاتنەوەی درەنگانی ئێوارانی کوڕەکانی ،
نیگەرانیی کشانی ئەستێرەیەکی شەوانی هاوین و
خوێندنی ناوەختی کەڵەشێرێک ؛
ئەچمەوە خۆم بدەمەوە دەست لرفەو شەپۆلی زەریای نیگەرانیی،،،،
ئەو هەموو باوکە سەیر و جوانانەی …..
گرمەی هەوری دڵەڕاوکێ و خورپەی هەواڵی باڵشکێن
خوێنی ئەبردن بە ئاسماندا ،…
نەک گوللە ؛
بیری ئەو هەموو پێکەنینە ، دوو باڵی زیویینم پێ ئەبەخشن …..
کە لەگەڵ گریاندا یەک دیواری باریکیان بەین بوو ،
ئەو گۆرانییانەی لەگەڵ زێماردا …..
بە هەردووکیان چەترێکی شکاو جێی سەری کردبوونەوە و
یەک کەمان ئەیژەنین ،
ئەو عیشقانەی لە ماڵی فیراقدا….
هۆدەیەکی نسرمیان گرتبوو بەکرێ و
لەگەڵ خەزاندا لە ژێر یەک لێفەدا ئەخەوتن و
ڕەوەیەک عاشقی بێ ڤالانتاینیان ئەخستەوە ،
چیرۆکی ئەو قارەمانانە ئەخوێنمەوە
کە یادەوەرییان هێندە تاڵان کراوە…..
بە قەدەر شایەتمانێکی ماوەتەوە بۆ خۆیان !
بەدەم کێشانی بۆندارترین جگەرەوە،
لەگەڵ ئەو هەرزەکارانەدا ئەچمە پیاسەی ئێواران،….
کە شەوانە ، بە یادی مەعشووقەکانیانەوە
سەوز ئەچنەوە لە هەرێزی شیعرا و
بە ڕۆژیش هەڵوەدای بیبینەوەی بستێک سێبەرن …….
نێرگزی برینی یەکتری تیا بۆن کەن و نایدۆزنەوە ؛
ئەم سەفەرە ئەمباتەوە بەر مەرقەدی کۆنترین مەینەت و
سەر بانیژەی تازەترین کۆست ؛.
لەوە ئەچێ بۆ ئەم سەفەرە شتێک پەلکێشی کردبم
لە سیفەتی ئاو ،
لە ماڵباتی خۆڵ ،….
دەنا وا ڕەنگم نەئەپەڕی و
بۆنی ئاوڕشێنی دەمە و عەسری هاوینانم لێ نەئەهات ؛
گەلۆ، داخوا بەم جووتە پێڵاوە شڕەی عومرەوە
تا کوێی کەژی ڕووتەڵەی خاکەساریی بڕ کەم ،
لێوم بگاتەوە ئاونگی سەر کام پەلکەگیا، بۆ تەڕبوونەوە ؟!
گەلۆ، ئاخۆ دواهەمین ئاڵام، لە بان کام تەپۆڵکە هەڵکەم،…..
ئاڵایەک لە پەشمەک.
ئاڵای تەسلیمبوونەم بە چەتە سەرگەردانەکەی ژیان ؛
یان لە کوێدا،….
وەک غەریبترین ئینسانی سەر ئەم ئەستێرە خوێناوییە ،
بێ جووڵە ڕاکشێم، گەلۆ؟!