وشیار ئەحمەد ئەسوەد: وا دەزانم عەدنان کەریم لە مێژە ئەوەی تێپەڕاندووە پێویستی بەموجامەلە تەڕ و تازەکان بێت، پێموایە بەشانوباڵ هەڵدانیش بۆ ئەو وەک گێڕانەوەی نوکتەیە، ئاخر لە زۆربەی ماڵە کوردانی هەر پارچەیەکی کوردستان گوێت لە دەنگی عەدنان دەبێت.. مەبەستم ئەوەیە لێرە بەدواوە ئەو هونەرمەندە ئەوەندەی پێویستی بەڕەخنەی ڕژدە لەسەر بەرهەمەکانی، کەمتر پێویستی بەسینگ دەرپەڕاندنە کە پێموانییە ئەویش ئەوەندە حەزی لەم بەیت و بالۆرەیە بێت، بۆیە ئەگەر ئێمەیش بەرَاست ئەومان خۆش بوێت و پێمان وابێ یەک لە هەرە بەتواناترین دەنگەکانی گۆرانیی کوردییە، هاوکات ئەگەر داوای پتری لەو بوارەدا لێدەکەین، دیسان دەهێنێ لە هەڵسەنگاندنەکاندا نەکەوینە دۆخی پیاهەڵدانەوە.
کە عەدنان کەریم وەک فێرگەیەک لە گۆرانیی کوردیدا ناو دەبەم، شتێکی پتر لە سەنگی خۆیم پێ نەبەخشیوە، ئەو لە بوارێکدا کاری ڕژدی کردووە و وەک باشوەستایەک خۆیمان پێدەناسێنێ، بەر لەو چ کەسێکی تر خۆیان هاوشان نەکردووە، واتە ئەوەی لە دنیا تایبەتەکەی گۆرانی و دەنگ و ئەدای عەدناندا هەیە، بەتەنیا خۆی دروستی کردووە نەک ئیلهامبەخشی فێرگەیەکی دیکە بێت، ئەمەش وا دەکات وەک فێرگەیەکی سەربەخۆ سەرەتاتکێ لەگەڵ موزیک و گۆرانیی کوردی بکات.
ئەوەی بەلای منەوە نامۆیە، زۆربەی هونەرمەندانی ئەم بوارە تا ئێستا شکڵە دروستەکەی کلاسیکیان لە کارە ئەفرێنەرەکان نەدۆزیوەتەوە، یان بەدروستی کاریان لەسەر نەکردووە، لەوەیش ڕاستتر لێی نەگەیشتوون، بۆیە زۆر جار کلاسیک و هونەری میللی و فۆلکلۆر وەک چێشتی مجێور تێکەڵ بەیەکدی دەکەن، تا ئێستاش لای ئێمە کلاسیک بەفۆڕمە کۆنەکەی لە قاڵب دەدرێت و کاری لەسەر دەکرێت، بۆیە دەبینین زۆربەی ئەو میلۆدییانەی لەسەر تێکستە کلاسیکییەکان کاریان لەسەر کراوە، شێوازە میللیگەراکە تێناپەڕێنن، یان دەخزێنە نێو میلۆدییە باو و سادە و سواوەکانەوە، دەگمەنن ئەو میلۆدییانەی لە تێکستی کلاسیکەوە لەدایک دەبن و ئاوێتە بەموزیک و ستایلە سەردەمییەکان دەکرێن، بۆیە بەدیدی من دەخوازێ بەر لە دەستبردن بۆ تێکستە کلاسیکییەکان و ئاوێتەکردنیان بەمیلۆدیی کوردی، ئەرکی دانەری میلۆدی و دەنگبێژیشە چەمکە سەردەمانەکە هەرس بکات و پاشان بەناوی مۆدێرنەوە یاری لەگەڵ تێکستە کلاسیکەکاندا بکات، نەک تەواوی فەلسەفەکانی شاعیرە کلاسیکییەکان تێپەڕێنی و تەنیا وەک کێش و سەروای شیعری لە تێکستەکانیان بڕوانێ کە دەکرێ میلۆدیی حازربەدەستی بۆ پێکبهێنرێت.
ئاخر عەدنان کەریم لێرەوە خۆی لە هەموو ئەوانی دیکە جیا کردووەتەوە و بەئەقڵێکی هونەریی کراوەتر کارەکانی دەکات، واتە لە سەما هونەرییەکاندا ئەو هونەرمەندە بەمامۆستایەکی داهێنەری ئەو بوارە هەژمار دەکرێت و ئەمەیان لای ئێمە یەکلا بووەتەوە، بەڵام ئەوەی من مەبەستمە بیخەمە بەر ئاماژەوە، ئەو پرسیارەیە (ئایا هەموو توانا هونەرییەکانی عەدنان کەریم لەم ستایلە نوێیەدا کۆ بوونەتەوە، یان دەکرێ ئەمەش جێبێڵێت و لە شوێنێکی نوێتردا ئۆقرە بگرێ؟).
بەر لە بڵاوبوونەوەی ئەلبوومی “وەفایی” کە دووبارە یاریکردنی عەدنانە لەگەڵ کلاسیک، ئەو هونەرمەندە بەڕێژەیەکی زۆر هەمان ئەو جۆرە کارانەی کردبوو، بۆیە گۆرانییەکانی “وەفایی”یش بەئێمەمانان نامۆ نەبوون، واتە چاوەڕوانی ئەو ستایلە گۆرانییەمان لە عەدنان دەکرد کە خەریکە بەشێوازە (عەدنانی)یەکە دەناسرێتەوە، بەڕاست من وایدەبینمەوە جوانییەکانی هەر هونەرمەندێکیش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە جار لە دوای جار جەماوەرەکەی یان هۆگرانی دەنگەکەی چاوەڕوانی پتر و جیاوازتری لێ بکەن و ئەویش هەمان ئەو ویستەیان بۆ دابین بکات، بەتایبەتیش ئەو نوخبەیەی جگە لە چێژوەرگرتن لە سۆزەکانی، بەچاوی ڕەخنەوە دیوە هونەرییەکەشی وەردەگرن.. بۆ عەدنانیش بەهەمان شێوەیە، چونکە جیا لەوەی ئەو هونەرمەندە بەو شێوازەی خەریکە بەجێگیری کاری لەسەر دەکات و هەوادارانیشی بەچاوی عەجەبەوە لێی وەردەگرن، بەڵام ئەوەش دەزانین توانا هونەرییەکەی ئەو زۆر لەوە پترە کە لە “وەفایی”دا پێشانی داوین.
ئەمانە دروست بەو واتایەی کاکە عەدنان لە “وەفایی”دا کۆمەڵێک جوانکاریمان پێشان دەدات کە هەموومان چێژی لێوەردەگرین، واتە ئەو توانیویەتی لەڕووی چێژەوە نیشانەکان لە هەست و نەستی ئێمەدا بپێکێت، بەڵام ئەگەر بڕیار بێت چەمکی داهێنان لەگەڵ جوانکارییەکاندا جودا بێت، ئەوە عەدنان لە “وەفایی”دا جوانکاریی کردووە.. لێرەوە مافی ئێمەیە وەک ئاشقانی دەنگی ئەو هونەرمەندە، لەوەی ئاگادار بکەینەوە کە ئێمە کارکردنمان لەسەر کلاسیک لەو هونەرمەندە وەرگرتووە و بۆ هونەری کوردیش جۆرێکە لە دەوڵەمەندکردنی ئەرشیفی داهێنانەکان، بەڵام ئەوەش دەزانین کە گەنجینەکەی عەدنان کەریم زۆر لەوە پتری تێدایە و جارێ پێشانی نەداوین، بۆیە چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکەین تەنیا لەسەر ئەم ستایلە نەوەستێ و بەکاری ڕژدتر و داهێنانی نوێترمان ئاشنا بکات.
ئەم کورتە نووسینە بەشێکە لە نووسینێکی ڕەخنەیی و هەڵسەنگاندنی چڕ لەبارەی شێوازی کارکردنی عەدنان کەریم و بەتایبەتیش ئەلبوومی “وەفایی” کە ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا بیخەمە بەرچاوی هەوادارانی دەنگەکەی.. لەبەر ئەوەش کە لە دیدی مندا عەدنان کەریم یەک لە هونەرمەندە هەرە باڵاکانە، بۆیە پێموایە لەبری پیاهەڵدانەکان، دەهێنێ بەبۆچوونەکانیشمان لە خزمەتیدابین هەتا ئەگەر جیاوازیشمان لە تێگەیشتنەکاندا هەبێت.