ڕەوەند جەواد : لە دواترین دوو کلیپی خۆیدا، خانمە گۆرانیبێژ “کریستاڵ” لۆگۆی (کوردمیلۆدی) لە تایتلدا دانانێت ئەمە لە کاتێکدا کۆمپانیای (کوردمیلۆدی) ئەرکی بڵاوکردنەوەی ئەلبومەکەی گرتۆتە ئەستۆ و بەپێی رێکەوتنی نیوان دەرباز یونس وەک خاوەنی (کوردمیلۆدی) و هەڵکەوت زاهیر وەک بەرهەمهێنەری ئەلبومەکەی کریستاڵ، دەبێ لە کۆتایی هەموو کلیپێکدا لۆگۆی کۆمپانیای ناوبراو هەبێت.
لەو بارەیەوە دەرباز یونس خاوەنی کۆمپانیای (کوردمیلۆدی) کە ئەرکی بڵاوکردنەوەی ئەلبومەکەی کریستاڵی گرتە ئەستۆ دەڵێت “بەپێی رێکەوتنی من و هەڵکەوت زاهیر کە بەرهەمهێنەری ئەو ئەلبومەی کریستاڵ بوو، دەبێت لە تایتلی هەموو کلیپەکان لۆگۆی (کوردمیلۆدی) هەبێت، بەڵام بەداخەوە لە دواترین دوو کلیپی خۆیدا ئەو خانمە گۆرانیبێژە لۆگۆکانی دانەناوە”.
دەرباز زیاتر دەڵێت “لە کاتی بڵاوکردنەوەی کلیپی یەکەمدا کە گۆرانی “شارێکی چۆڵ” بوو و لۆگۆی (کوردمیلۆدی) لەسەر نەبوو خۆم پەیوەندیم بە کریستاڵ کرد و پێم گوت کە رێکەوتنی نێوان من و بەرهەمهێنەری ئەلبومەکەی واتە “هەڵکەوت زاهیر” ئاوایە، بەڵام ناوبراو لە وەڵامدا گوتی، رێکەوتنی چی، ئەگەر رێکەوتن هەیە کوا پارەی فرۆشی ئەلبومەکە بۆ بۆمن نەگەڕاوەتەوە ؟ ئەمە لە کاتێکدا (کوردمیلۆدی) بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەو ئەلبومەی کریستاڵ توشی زیانێکی زۆر هات بەهۆی سەرنەکەوتنی ئەلبومەکە نەبوونی فرۆشی، هاوکات هیچ رێکەوتنێک بۆ گەڕاندنەوەی پارە بۆ کریستاڵ لە کاتی بڵاوکردنەوەی ئەلبومەکە لە ئارادا نەبووە”.
دەرباز ئەوەش دەڵێت “من دەتوانم سکاڵای یاسایی دژی کریستاڵ تۆمار بکەم، هاوکات دەتوانم کلیپەکانی لە کەناڵەکان رابگرم، بەڵام ئەوە ناکەم و تەنیا دەڵێم هونەرمەند دەبێ بە وریایی کار بکات و دوای رێکەوتنیش پاشگەزبوونەوە بە هەر هۆکارێک بێت کارێکی جوان نییە”.
یەکەمین و تاکە ئەلبومی کریستاڵ بەناوی شارێکی چۆڵ لە لایەن کۆمپانیای (کوردمیلۆدی) بڵاوکرایەوە، کە فرۆشێنی کەمی هەبوو و (کوردمیلۆدی) بەهۆیەوە توشی زیانێکی مادی زۆر هات.