مه‌نسوور جیهانی
ڕێوڕەسمی کردنەوەی نووسینگه‌ی هەمیشەیی فێستیڤاڵی فیلمی سه‌رئاوه‌ڵای “ئاسمان” لە ته‌لاری وەحدەتی شاری مەهاباد بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمی کردنەوەی نووسینگه‌ی ئەمینداریەتی هەمیشەیی فیلم، سیناریۆی فیلم و وێنه‌ی فۆتۆگرافی “ئاسمان”، بە ئامادەبوونی دوکتۆر “ئاڕەش شەهابی” سه‌رۆکی ئەنجومەنی ئیسلامیی شاری مەهاباد، “جەلال وەتمانی”، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فەرهەنگیی ئەنجومەنی ئیسلامی، ئەندازیار “بابەک ڕۆستەمپوور”، سەرۆکی شارەوانی شاری مەهاباد و ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنی ئیسلامیی ئەو شارە، “که‌ریم ره‌حیمی” سه‌رۆکی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامیی شارستانی مه‌هاباد، هونه‌رمه‌ندان، پێشه‌نگه‌کانی هونه‌ری سینه‌ما و شانۆگه‌ری و هەروەها هۆگرانی هونه‌ری حه‌وته‌م لە هۆڵی ته‌لاری وەحدەتی شاری مەهاباد بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای ئەم مەراسیمەدا، پەردە لەسەر تابلۆی نه‌خشێندراوی سەرەکی نووسینگەی سکرتاریەتی هەمیشەیی فێستیڤاڵی فیلمی “ئاسمان” لادرا و پاشان به سەردانی شوێنی نووسینگەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هەمیشەیی ئه‌م فێستیڤاڵە لە شوێنی هۆڵی وەحدەت، ئەم نووسینگه‌ی سکرتاریەته بە شێوه‌ی فەرمی کرایەوە.
لە سەرەتای ڕێوڕه‌سمی کردنەوەی نووسینگه‌که‌دا، “ئیبراهیم سەعیدی” به‌رپرس و سکرتێری فێستیڤاڵی فیلمی سه‌رئاوه‌ڵای دەرەوەی هۆڵی “ئاسمان” وێڕای بەخێرهاتن و پیرۆزبایی کردن لە ئامادەبووانی ناو هۆڵه‌که، بە شێوه‌ی فەرمی دەستپێکردنی کاره‌کانی ئه‌م فێستیڤاڵەی ڕاگەیاند و هه‌روه‌ها له درێژه‌دا “مه‌ناف ئێرانپه‌ناه” له پێشکه‌شکارانی به‌ئه‌زموون و وته‌بێژی فێستیڤاڵه‌که، ڕاپۆرتێکی لەسەر کارە جێبەجێکارییەکانی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی سه‌رئاوه‌ڵای دەرەوەی هۆڵی “ئاسمان” ئاراسته کرد.
پاڵپشتیی به‌رپرسانی مەهاباد بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی فیلمی “ئاسمان”
لە بەشێکی دیکه‌ی ئەم بەرنامەیەدا، لەو بابەتانەی کە لە شێوەی وێنه‌ی گرته‌ی ویدیۆیی‌دا ئامادە کرابوون؛ ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداریی شارستانی مەهاباد لەوانە؛ جێگری پارێزگار و قایم مه‌قامی تایبەتی شارستانی مەهاباد، ئیمام جومعەی مەهاباد، بیر و بۆچوونه‌کانی خۆیان بۆ پشتیوانی کردن سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ئەم بۆنە و رووداوه سینەماییە خستەڕوو، پاشان له درێژه‌دا، دوکتۆر “ئاره‌ش شەهابی”، سه‌رۆکی شۆرای شار، ئەندازیار “بابەک ڕوستەمپوور”، سەرۆکی شارەوانی مەهاباد و هەروەها “کەریم ڕەحیمی” سه‌رۆکی ئیداره‌ی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیهاتنه ئاخاوتن و وتاره‌کانی خۆیان پێشکەش کرد و بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی فیلمی “ئاسمان”یان بە پێویستییەک بۆ شاری فەرهەنگی و گەشتیاریی مەهاباد زانی.
پاڵپشتی مامۆستایانی بوارە هونەرییە جۆراوجۆرەکانی مەهاباد بۆ فێستیڤاڵی “ئاسمان”
له درێژه‌ی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌دا، کلیپێک له قسه‌کان و تێڕوانینه‌کانی مامۆستایانی دیار و لێهاتووی هونه‌ره‌کانی بینراو، دراما و شانۆگه‌ری، مۆسیقا و ئه‌ده‌بیاتی شارستانی مه‌هاباد په‌خش و بڵاو کرایه‌وه که تیایدا پشتیوانی خۆیان بۆ گرنگی به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵی فیلمی “ئاسمان” راگه‌یاند و ئاماژه‌یان بە پێویستی به‌ڕێوه‌چوون و ئەنجامدانی ئەم جۆرە بۆنە و رووداوه هونەریانە کرد.
ڕاگه‌یاندنی ئه‌رکی به‌رپرسایه‌تی و سکرتێری فێستیڤاڵ به “ئیبراهیم سەعیدی”
لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا، حوکم و فەرمانی به‌رپرسایه‌تی و سکرتێری فێستیڤاڵەکە له لایه‌ن سەرۆکی شارەوانی مەهاباد بە “ئیبراهیم سەعیدی” سینەماکاری بەئەزموونی مەهابادی ڕاگەیه‌ندرا و حوکم و فەرمانەکانی پۆستە جێبەجێکارییەکانی هاوکارانی نووسینگه‌ی سکرتاریەتی فێستیڤاڵەکە لەلایەن به‌ڕێزیان ڕادەستی ئەوان کرا.
خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی کۆچکردوو “سه‌لاح شێخمحەمەدی“
لە درێژەی ئه‌م بەرنامەیەدا، کلیپێک لە چالاکییە هونەرییەکانی ڕه‌وانشاد “سەلاح شێخ محەمەدی” هونه‌رمه‌ندی کۆچکردووی بواری ئەکتەری سینەما و شانۆ و تەلەفزیۆن پەخش کرا که بەم دواییە ماڵئاوایی لە ژیان کرد و به راگه‌یاندنی یه‌ک خوله‌ک بێده‌نگی ئاماده‌بووان؛ یاد و بیره‌وه‌ریی ئەم هونەرمەندە بەنرخە، به‌رز ڕاگیرا.
رێزگرتن له مامۆستا “محەمەد کەریمی”
لە بەشێکی دیکه‌ی ئەم بەرنامەیەدا، ڕێوڕه‌سمی رێزگرتن و یادکردنەوەی مامۆستا “محەمەد کەریمی”، یەکێک لە هونەرمەندە دێرینەکانی بواری سینەما و وێنه‌ی فۆتۆگرافی و شێوه‌کاری بەڕێوەچوو، هەروەها کلیپێک لە چالاکییەکانی چەندین ساڵەی ئەم هونەرمەندە نمایش کرا و به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت لە لایەن نووسینگه‌ی سکرتاریەتی فێستیڤاڵی “ئاسمان” و بەرپرسانی شارستانی مەهاباد ڕێزی لێ‌گیرا و خزمه‌ته‌کانی بەرز نرخێندرا.
نمایش کردنی کورتە فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌یی “حه‌وت سەمفۆنیای زاگرۆس”
لە کۆتایی ڕێوڕەسمی کردنەوەی نووسینگه‌ی سکرتاریەتی هەمیشەیی فێستیڤاڵی فیلم، سیناریۆی فیلم و وێنه‌ی فۆتۆگرافی “ئاسمان”، کورتە فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌یی و دۆکیۆمێنتاری “حەوت سەمفۆنیای زاگرۆس” لە دەرهێنانی “پەرویز ڕۆستەمی”، یەکێک لە بەرهەمە سەرکەوتووەکانی سینەمای به‌ڵگه‌یی و دیکۆمێنتاریی ئێران چووه سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما و لەم سینەماکاره بەناوبانگهی مەریوانی ڕێز گیرا.
ڕێبازی ڕاکێشانی گەشتیار، بە پێکهاتەیەکی جیاواز
یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی سه‌رئاوه‌ڵای دەرەوەی هۆڵی “ئاسمان” بە ڕێبازی ڕاکێشانی گەشتیاران و بە پێکهاتەیەکی جیاواز؛ لە لایەن دامه‌زراوه‌ی “لاوان فیلمی موکریان” بە سەرپەرشتی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی “ئیبراهیم سەعیدی” سینەماکاری شاری مەهاباد و ئەنجومەنی ئیسلامیی شار و شارەوانی مەهاباد و بە هاوکاریی ئیداره‌ی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی شارستانی مەهاباد لە مانگی خه‌رمانانی ساڵی ١٤٠٣ی هه‌تاوی ڕێکه‌وتی سێپتێمبه‌ری 2024ی زایینی لە شاری مەهاباد بەڕێوەدەچێت.
ڕاگه‌یاندنی گشتیی یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی “ئاسمان” لە مەهاباد.
Discussion about this post