کتێبێکی دیکەی سەدیق سەعید ڕواندزی بە ناوی ( ڕوانگە ناوێکی زێڕین لە سەردەمێکی زێڕیندا ) چاپ و بڵاوکرایەوە. ئەم کتێبە، لە بنەڕەتدا وەڵامە بۆ کتێبێکی (عەبدوڵا عەباس) کە چەند مانگێک لەمەو بەربڵاوکرایەوە و تیایدا بزووتنەوەی ڕوانگەی بە ناوی زل و دێی وێران ناو بردبوو. ڕواندزی لەو وەڵامەی خۆیدا، بە شێوەیەکی بابەتیانە و مێژوویانە، وەڵامی نووسەری داوەتەوە و ڕوونی دەکاتەوە کە ڕوانگە نەک ناوێکی زل نەبووە، بەڵکو بزووتنەوەیەکی گرنگی شیعریش بووە، کە لە سەردەمی ڕێکەوتننامەی یانزەی ئازاردا، کە قۆناغێکی زێڕین و درەوشاوەی مێژووی کوردە، ڕاگەیێندراوە . ڕوانگە کە لە سەر دەستی (جەلالی میرزا کەریم ، کاکە مەم بۆتانی ، شێرکۆ بێکەس، جەمال شارباژێری ، حوسێن عارف) ڕاگەیێندرا ، توانی گۆڕانکاریەک لە سەر ئاستی فەرھەنگی و کولتووری کۆمەڵگەی کوردی بێنێتە ئاراوە و گڕو تینێک بە گۆمی مەنگی ڕۆشنبیریی و ئەدەبی کوردی بدات، کە لە دوای گۆرانەوە بە خۆیەوە نەیبینیبوو. ئەو فەزا سیاسییە ئازاد و کراوەیەی بە ھۆی ئاشتەوایی شۆڕشەوە ھاتە ئاراوە، دەرفەتی لە بەردەم ھزر و کارکردنی ئازاد و نوێگەرییانە ڕەخساند، بۆ ئەوەی بیر لە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ئەزموونی شیعری کوردی لە دوای گۆرانەوە بکرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ، ئەم پێنچ ئەدیبە، توانیان مانفێستی ڕوانگە ڕابگەیەنن و بانگەشەی ئەی قەڵەمە نەترسەکان یەکگرن بکەن. لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا، ڕوانگە توانی نێوەندی ئەدەبی کوردی، بە دیالۆگی ھزریی و ڕەخنەیی دەوڵەمەندتر بکات، بە جۆرێک کە بە درێژایی سێ ساڵ، ئەو گفتوگۆیانە بەردەوامیان لە سەر ڕووپەری ڕۆژنامە و گۆڤارەکان ھەبوو. سەدیق ڕواندزی لە کتێبەکەیدا، کە پشتی بە پەنجا و یەک سەرچاوە بەستووە، بە وردی باس لە کاریگەریەتی ڕوانگە و ئەو بزووتنەوە زێڕینە دەکات و ڕوونی دەکاتەوە کە ڕوانگە دێی وێران نەبووە، وەک ئەوەی عەبدوڵاعەباس لە کینەوە ڕقەوە دەیڵێت، بە پێچەوانەوە بەڵکو گۆڕانێکی جۆریش بوو، لە مێژووی ئەدەبی کوردی و شیعری کوردیدا و توانی شاعیرێکی وەک شێرکۆ بێکەس و چیڕۆکنووسێکی داھێنەری وەک حوسێن عارف دروست بکات. نووسەر لە کتێبەکەیدا، وەڵامی ھەموو ئەو ڕەخنە و سەرنجانەی عەبدوڵاعەباسی داوەتەوە و بە بەڵگە دەریدەخات کە ناوبردنی ڕوانگە بە دێی وێران، ھیچ ئەرگۆمێنتێکی مێژوویی و بابەتی نییە و بەڵکو چونکە خۆی بەشێک نەبووە لە دامەزرێنەرانی ڕوانگە، ئیدی دوای پەنجا ساڵ دەیەوێت ئەو مێژووە لینگەو قوچ بکاتەوە و بە ئارەزووی خۆی بینووسێتەوە، بە تایبەتیش کە دەزانێت بە داخەوە چوار لە دامەزرێنەرانی ڕوانگە مردوون و لە ژیان نەماون ، تاکو بەرگری لە خۆیان بکەن . بۆیە بە ھیچ پاساوێک نابێ ڕێگە بدرێت، کەسانێک دەستکاری مێژوو لە بەرژەوەندی خۆ بە پاڵەوانکردنی خۆیان بکەن. لەو سۆنگەیەشەوە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی و فەرھەنگی، ئێمە بەو کتێبە وەڵامی کتێبەکەی عەبدوڵا عەباسمان داوەتەوە. شایەنی ئاماژەکردنە سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی ١٩٧٢ لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایک بووە، دەرچووی بەشی کوردی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی ھەولێرەوە ئێستا لە گوندێکی سنووری ڕواندز، وانە بە منداڵە چاوگەشەکان دەڵێتەوە و خاوەنی ھەڤدە کتێبی چاپکراوەوکتێبێکی دیکەشی لە بارەی شەوی یەڵدا ئامادەیە و خوا یاربێت لەو بەروارەدا بڵاو دەبێتەوە، کە تیایدا نووسەر لەو کتێبەشدا بە بەڵگە دەیسەلمێنێت شیعری شەوی یەڵدا ھی نالییە و ھیچ پەیوەندی بە مستەفا بەگی کوردییەوە نییە.
Discussion about this post