“تارا رەسووڵ.. شنەیەک بۆ ھونەری کوردی” ناوی ئەو کتێبەیە و لەلایەن وشیار ئەحمەد ئەسوەدەوە ھاتووەتە نووسین کە لە چەند بەشێک پێک ھاتووە و زیاتر کتێبەکە لە رووی رۆژنامەوانییەوە کاری تێدا کراوە..
جیا لە پێشەکی.. بەشی یەکەم “کورتەیەک لە ژیانی” کە تێیدا تارا ھەر لە دایکبوونیەوە تا ئەوکاتەی گەیشتووەتە سوێد، باس دەکات.. ھەروەھا چۆن بەگەورەیی بووەتە گۆرانیبێژ. بەشی دووەمیش “دیمانە”یە.. لەوێدا بەدرێژی وەڵامی زۆر پرسیاری داوەتەوە و ھەمووی پێوەندیی بەھونەرەوە ھەیە. بەشی سێیەمیش “شنەیەک بۆ ھونەری کوردی” ھەڵسەنگاندنی نووسەرە بۆ ئەو خاتوونە ھونەرمەندە.. دوا بەشیش پێوەندیی بە دایکی تاراوە ھەیە. دایکی بە کورتی رای خۆی لەبارەی تاراوە باس دەکات.
بەڕێز “ئاکار جەلیل کاکەوەیس” نەخشەسازیی کتێبەکەی کردووە و لە چاپخانەی “شەھاب” لە ھەولێر ھاتووەتە چاپکردن. ئەم کتێبە لەسەر ئەرکی “ھەفتەنامەی باس” ھاتووەتە چاپکردن.
نووسەری کتێبەکە وشیار ئەسوەد دەڵێت: بێگومان تارا رەسووڵ ھونەرمەندێکی چالاک و بوێرە و زۆر شت ھەیە دەھێنێ قسەی لەسەر بکرێ، بۆیە ئەم کتێبەم لەسەر نووسیوە، لەلایەکەوە ئافرەتە و گەنج و نابینایە، لەوەش زیاتر گۆرانیبێژێکی پڕۆفیشناڵە، دوای ھەموو ئەمانە ئەو ھاوڕێیەکی خۆشەویستی منە و پێم خۆش بوو لە رێگەی ئەم کتێبەوە خزمەتی بکەم.. بێگومان ھونەرمەندی گەنج و بەتوانا زۆرن ئەگەر بمانەوێ قسەیان لەسەر بکەین و بچنە خانەی کتێبەوە، بۆیە رەنگە ئەگەر تەمەن یارمەتیم بدات، ئارەزووم ھەیە چەند ھونەرمەندێکی تریش لە گەنجان لە کتێب جێیان بکەمەوە.