مەسعودى مەلا هەمزە :وەک هەوڵێکى دڵخۆشکەر و بۆ خزمەتکردن بە منداڵانى کورد لە باخچەى ساوان، نووسەر و هونەرمەند هەڵمەت تاهیر کتێبێکى ئەلف و بێی کوردی تایبەت بە باخچەى ساوایان بڵاوکردۆتەوە و لە ئێستادا خەریکە چاپی دووەمى بکاتەوە.
لەبارەى ئەم کتێبەوە هەڵمەت تاهیر ئامادەکارى کتێبەکە گوتى:”ماوەیەکى زۆر بوو خەونى ئەوەم هەبوو خزمەت بە منداڵانى کورد لە باخچەى ساوایان بکەم، لەو پێناوەشدا کتێبێکم ئامادەکرد بەناوى “ئەلف و بێی کوردی- تایبەت بە باخچەى ساوایان” کە ئەم کتێبە پێشوازییەکى زۆر باشی لێکراو بووە جێی دڵخۆشی شارەزایان و سپۆڕانى ئەم بوارە.
هەڵمەت تاهیر ئاماژەی بەوەشدا دڵخۆشە بەوەى ئەم کتێبە پێشوازییەکى باشی لێکراوەو لە ئێستادا خەریکە چاپی دووەمى دەکاتەوەو وەک خۆشی ئاماژەى پێدا دڵخۆش دەبێ بەوەى ئەم کتێبە وەک میتۆدێک لە باخچەکانى ساوایانى کوردستان بخوێندرێ.
شایانى باسە لەم کتێبەدا نووسەر بە شێوەیەکى زۆر جوان و ئەکادیمى کارى لەگەڵ پیت و وشە کوردییەکان کردووەو منداڵان دەتوانن سوودێکى باشی لێوەربگرن.