سەدیق سەعیدڕواندزی
ھەموو دەقێکی ئەدەبی، زادەی زەمەن و شوێنێکی دیاریکراوە.ئەگەر دەق بەرھەمی بیرکردنەوە و دنیابینی نووسەربێت لە ھەڵومەرجێکی دیاریکراودا، ئەوا نووسەریش وەک مرۆڤێک لە زەمەن و شوێنێک دەژیت و لە بەریەککەوتندایە لەگەڵ واقیع و دەوروبەر. لەم ڕوانگەیەشەوە دیاردەکانی دەوروبەری دەبنە جێگەی تێڕامان و بیرکردنەوە کە دواجار ئەمەش لە دنیابینی نووسەردا ڕەنگدەداتەوە. لە بەشێکی زۆری دەقی ئەدەبیدا، دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و سروشتی ژینگەیی و پەروەردەیی کۆمەلگای کوردی، بە تایبەتیش لە ڕابردوودا دەبینرێت. کە تیایدا نووسەرانی ئێمە، وەک پەیامێکی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی، دەقی ئەدەبیان بینیوە و لەوێوەش ڕەخنەی ھەموو ئەو دیاردانەیان کردووە، کە ئەو کات بوونیان ھەبووە. ناتوانین دەقێکی ئەدەبی لە چوارچێوەی ئەو زەمەن و شوێنە داببڕین کە تیایدا نووسراوە، چونکە ئەودەقە، بەرھەمی ئەو زەمەن و ژینگە کۆمەڵایەتی و پەروەردەیەیە. بۆ نموونە: ھیچ شاعیرێکی قۆناغی بیستەکان، باسی فەیسبووکی نەکردووە ، چونکە بوونی نەبووە، بەڵام ھەمان ئەو شاعیرانە، سەدان جار باسی نەخوێندەواریی و جیاوازی چینایەتی و ستەمی ئاغا لە جوتیار و پەچەی ئافرەتیان کردووە. کەواتە لە بونیادی ھەردەقێکدا، واقیعێک بوونی ھەیە کە دەلالەتە لەوکات. بە ھەمان شێوە، ئێستا ھیچ لە شاعیرانی ئێمە باسی نەخوێندەواری ناکەن.بۆیە ناکرێت دەقێکی چیڕۆک یاخود ڕۆمان، بە میتۆد و دنیابینی ئەمڕۆ بخوێنینەوە. بە دەربڕینێکی تر، ناکرێ دنیابینی شاعیرێک و گوتاری شیعرەکانی بە نموونە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا، ببەستینەوە بە تێڕوانینی ئێستامان و لە پەراوێزییەوە ڕەخنەی ئەو دەقانە بکەین، یاخود ھەوڵی خوێندنەوەی دەقەکان بە کەرستە و چەمکگەلێک بدەین، کە ڕەنگە بۆ ئەو کات و قۆناغ ھەربوونیشی نەبووبێت. لەو ڕوانگەیەوە، لە کتێبی (ئایدۆلۆژست)دا، بەختیار عەلی، ھەوڵدەدات گوتاری شیعری کوردی و ئەزموونی شاعیرانی سەرەتای سەدەی بیست، ببەستێتەو بە چەمکی ئایدۆلۆژییاو لە پەراوێزییەوە ڕەخنەی توندوو ڕەت کەرەوە لە شیعری ئەو شاعیرانە دەگرێت. کە بە تێگەیشتنی ئەو، مەبەستییانە کەسیەتی تاک لە کەسییەتی کۆی جەماوەر بتوێننەوە و مانایەک بۆ سەربەخۆبوون و ئازادی تاکەکان نەھێڵنەوە، کە ئەمەش بە بڕوای ئەو، کارکردنە لە پێناو دروستکردن و بەرھەمھێنانی مرۆڤێکی ئایدۆلۆژست، کە دواجار لە خزمەت تێزێکی ئایدۆلۆژی دەبێت.بێگومان شیعری کوردی بە گشتی لە سەرەتای سەدەی بیستدا، شیعرێکە لە پێناوی کۆمەلگە و ڕیفۆرمکردنی تاکەکان و ھاتنەوە بەگژ ھەموو ئەقڵێکی میللی و دواکەوتوویی ئایینی و چینایەتی نووسراوە. کە لەم ڕووەوە ئەزموونی ھەریەک لە قانع و بێکەس دیار و بەرچاون. نووسەر لەو کتێبەیدا، دەیەوێت گوتاری شیعری ئەو قۆناغە، بە گوتارێکی ئایدۆلۆژی ڕووت و شاعیرانی ئەو سەردەمەش بە بکەر و دروستکەری ئایدۆلۆژییا بناسێنێت، کە بە بڕوای ئەو، ھەرچی نەھامەتی ئێمەیە، لێرەوە دێت و تەنانەت ئەو تیرۆرستانەی ئێستاش خۆیان دەتەقێننەوە، بەرھەمی شیعری (شێخ نوری و بێکەس و ئەحمەد موختارجاف) ن، کە ئەمە نەک ھەر ڕایەکی نالۆژیکییە، بگرە ترسناکیشە و دەبێت بە توندی لە دژی بوەستینەوە، چونکە پێناسەکردنی شیعری کوردی، لەو چوارچێوە فیکرییە ھەڵەیەدا، لە سەرێکەوە ئەو مێژووەی شیعری کوردی دەشێوێنێت و گومانی دەخاتە سەر، ھاوکات بە بڕوای من گەورەترین خزمەتیشە بە ھزری ئەوانەی خۆیان دەتەقێننەوە و خاوێن کردنەوەی پەرێزییانە کە ئەوان بەرھەمی سەید قوتب و ئیخوان و داعش و جوندلئیسلام و توندەڕەوە ئیسلامییەکانی کۆمەڵگەی ئێمە نین، بەڵکو بەرھەمی شیعری کوردی سەدەی بیستن. دیارە یەکێک لە سادەترین سیمای ئەدەبی بۆ ناسینەوەی ئەو قۆناغە و ئەو ئەزموونەی شیعری شاعیرانی کورد کە ئەو بە ئایدۆلۆژست ناویان دەبات ئەوەیە، کە شیعری ئەو شاعیرانە لە چوارچێوەی گوتارێکی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و ھوشیاریدایە، کە ئامانجییان ھوشیارکردنەوەی خودی تاک و کۆمەڵگەشە. ئەو شاعیرانە، کاتێ جەخت لەسەر ھوشیاربوونەوەی تاک و ڕەخنەکردنی مرۆڤی کورد و دیاردە کولتووریی و میللییەکانی کۆمەڵگە دەکەنەوە، مەبەستییان ئەوە نییە دواجار خۆیان ببنە ئایدۆلۆژست و لە بری ھەمووان بیربکەنەوە و قسە بکەن، یاخود ھەوڵی تواندنەوەی کەسیەتی تاک لە کەسییەتی دەستەجەمعی و کۆ بدەن، وەک ئەوەی بەختیار عەلی دەیڵێت، بەڵکو مەبەستییانە دواجار ئەو ڕەخنەکردنە، ببێتە ھەوڵێک بۆ ھوشیارکردنەوە و پێشکەوتنی ئەوانیش، ھاوشێوەی خۆرئاوا. کاتێ بێکەس لە شیعرێکیدا باسی ئەوە دەکات ئەوروپا پاپای تەمبێ کردو دەستی دایە عیلم و فەن، ئەوا مەبەستییەتی کە کوردیش وەک خۆر ئاواییەکان دژ بەو ئەقڵە لاھوتی و خورافییە بوەستێتەوە، کە بڕوای بە زانست و پێشکەوتن نییە. مەگەر ھیچ شاعیرێک ھێندەی فایەق بێکەس، ڕوانگەیەکی ڕۆشنگەریی و پێشکەوتنخوازانەی لە شیعردا ھەبووە؟ شاعیرێک کە ھانی یەکسانی نێوان نێر و مێ بدات، شاعیرێک کە دژی ڕوانینی خورافی و ئایینی بوەستێتەوە، شاعیرێک کە باس لە فڕێدانی پەچەی شەرم وکارکردن و پاشکەوتکردن و فەرقنەکردنی نێوان نێرو مێ دەکات، ئیدی دەکرێ بڵێین ئەمە شاعیرێکی ئایدۆلۆژستە نەک ڕۆشنگەر؟ مەگەر بێکەس لەو شیعرانەیدا، لە خزمەت ھیچ ئایدییاو ئایدۆلۆژییایەکی سیاسی بووە؟ کاتێ ئەم شاعیرە، لە بەرامبەر نوێنەری ئینگلیزەکان، باس لە بیست و ھەفت ساڵەی ڕەنجەڕۆیی خۆی دەکات، ئاخۆ خزمەتی ئایدۆلۆژییا دەکات، یان دژی سیاسەتی ئیمپریالییەکان دەوەستێتەوە. کاتێ ئەحمەد موختار جاف، خەون بە ڕاکێشانی ھێڵی شەمەندەفەر دەبینێت، زێوەر ھەموو ھەوڵێک دەدات لە پێناو خوێندەواریی و قانع دژی ئاغا و دەرەبەگ و کوێخاکان دەوەستێتەوە، دەکرێ بڵێین ئەمانە شاعیری ئایدۆلۆژست بوونە و لە خزمەت ئایدۆلۆژییا دابوونە یان دیدگایەکی مرۆڤدۆستی و ڕیفۆرمانەیان بە ئامانجی پێشکەوتن و کرانەوەی کۆمەڵگە ھەبووە؟ ڕووبەرێکی گەورەی شیعری کوردی لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، واتە ئەو شاعیرانەی نووسەر لە کتێبی ئایدۆلۆژست ڕەخنەیان دەکات و دەیانسڕێتەوە، تەرخانە بۆ دواندنی کۆمەڵگە و کارکردن لە سەر ھزر و ڕوانینی مرۆڤ بە ئاراستەی ھوشیاریی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و چینایەتی. ئەو شاعیرانە، تاکی کورد لە پێناو ئایدۆلۆژییادا نادوێنن، وەک ئەوەی بەختیار عەلی باسی دەکات، ئەو شاعیرانە، کار لە سەر ناسنامە و سەربەخۆیی تاک ناکەن، بۆ ئەوەی دواجار لە بۆتەی نەتەوە بیتوێننەوە، یاخود ناسنامە و سەربەخۆیی و خۆیان ون بکەن، بە پێچەوانەوە، بەڵکو بۆ ئەوە دەیاندوێنن تاکو درک بە ماف و ئەرک و پێگەیان بکەن. شاعیرێکی وەک قانح، کاتێ بەگژ ئەقلێ چینایەتی دادێتەوە، ئەوا گوتاری یەکسانی نێوان مرۆڤەکان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی وەک پەیامێک لە شیعردا بەرجەستە دەکات. بێکەس بۆچی دژی پاپا و ئەقڵی لاھوتی دەوەستێتەوە، ئەگەر شیعر وەک پەیامێک بۆ ڕۆشنبیرکردنی ئەوانیتر نەبینێت؟ڕەخنەکردنی ئەو شاعیرانە و ناساندنیان بە بکەری ئایدۆلۆژستی، دەلالەت لە دابڕان و ھیچ پەیوەستبوونێکی دەقی شیعر و قۆناغی شیعری و کۆمەڵایەتی لای نووسەری کتێبەکە دەکات، چونکە ئەگەر بە وردی مێژووی شیعری کوردی بخوێنینەوە، زۆر بە ئاسانی لەو ڕاستییە دەگەین، کە ئایدۆلۆژییا وەک چەمک، وەک تیمەی سیاسی، لە دوای نسکۆی شۆڕشی کورد و بە دیاریکراوی لە شیعری ناوەڕاستی ھەفتاکان، سەرھەڵدەدات و درێژ دەبێتەوە تاکو سەردەمی ڕاپەڕین. شیعری ئەو قۆناغە، کە دیسانەوە بەرمەبنای ئەو ھەڵومەرجە کۆمەڵایەتی و سیاسی و مرۆیەیە کە کورد تیایدا دەژیت، کە قۆناغی نائومێدی و ڕەشبینی و گەڕانە بە دوای فریادرەسێک، شیعریکە تەماھییەکی زۆری لەگەڵ ئایدۆلۆژییا دەبێت، بە تایبەتیش شیعری شێرکۆبێکەس، ئەزموونێکی ھەرە چڕو دیاری ئەو بە ئایدۆلۆژیکردنەی شیعرە. ئایدۆلۆژییا وەک چەمک، وەک میتۆدێکی سیاسی کە مرۆڤ بۆ بەرنامەیەکی سیاسی، ئایینی، نەتەوەیی، تەیار دەکات، چەمکێک نییە بێکەس و قانع و زێوەر دایان ھێنابێت. بەڵکو ئایدۆلۆژییا ئەو کاتە دەچێتە نێو گوتاری شیعری ئێمە، کاتێ لە مێژووی ئەدەبی ئێمەدا شاعیرانێک دەردەکەون، شیعر لەپێناو ڕێکخراوێکی سیاسی، کارەکتەر و سەرکردەیەکی حزبی، شۆڕشگێڕێکی ڕێگەی سیاسی دەنووسن کە ئەمەش زۆر ئاساییە، چونکە ھیچ کەسێک ناتوانێت و ئەو مافەی نییە، کە ڕەنگرێژی دنیابینی شاعیرێک بکات کە چۆن و بۆچی ئەو شیعرانە دەنووسێت. بە نموونە کاتێ ھەژار موکریانی شیعر بۆ بارزانی دەنووسێت، ئەو شیعر لە ڕوانگەیەکی حزبی و ئایدۆلۆژی نانووسێت، بەڵکو شیعر بۆ مرۆڤێک دەنووسێت، کە خەونی گەورەی ڕزگارکردنی نەتەوەکەیەتی. ئەو شیعر لە پێناو پڕۆژەیەکی ڕزگاری و نەتەوەییە، کە ئەویش خەونی گەیشتنە بە ئازادی. لێرەوەش گرفتی بەشێکی زۆری ڕۆشنبیرانی ئێمە لە نێویشیاندا (ڕەھەندییەکان) ی پێشوو ئەوەیە، کە ھەموو شتێک بە پێوەری سیاسی و ئایدۆلۆژی دەبینن. ئەوان بۆچوونیان وایە، چونکە سیاسەت کایەکی ناشرین و بێزراوە لە نێو ئێمەدا، حزبە سیاسییەکانی ئێمە نموونەیەکی جوانی کارگێڕیی و دیموکراسی و خزمەتگوزاریان نیشان نەداوە لەو چەند ساڵانەی دوای ڕاپەڕین، ئیدی کوردایەتی، ڕزگاری نیشتمانی، خەونی سەربەخۆیی و ئازادی، خەونی بچووک و بەتاڵ و بێ مانان. ئەو ڕۆشنبیرانە، بۆچوونییان وایە، وەک چۆن تاکێکی خۆرئاوایی، تاکایەتی خۆی دەژیت و نەتەوە و نیشتمان و سیاسەت و ئایین لە پەراوێزی ژیانیدان، ئیدی دەبێ تاکی کوردیش بە ھەمان ئەقڵیەتی ئەوان بیر بکاتەوە و بژیت، بێ ئاگا لەوەی کە ئێمە ھێشتا لە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی دەژین و وەزیفەی تاک زۆر جیایە لە وەزیفەی تاکێکی خۆرئاوایی، کەچی نووسەرلە لاپەڕە(١٤٩) ی کتێبەکەیدا دەنووسێت:_(لە قووڵایی قۆناغەکەدا،ھەوڵێکی گەورە ھەیە بۆ دروستکردنی جەستەیەکی دەستەجەمعی، پرەنسیپی مانەوە لەسەر تواندنەوەی تاک لە جەستەیەکی کۆمەڵایەتی گەورەدا، لە سەر شۆڕکردنی ئینسانەکان بۆ بەرزە منێکی ڕزگار کەر ئیش دەکات ھەموو ھەوڵەکان بە ئاراستەی گەورەکردنی جەستەی جەماوەرە کە بە کورد گوزارشتی لێدەکرێت) لە پەراوێزی ئەو بۆچوونەوە، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە نووسەر نەک ھەر بیروڕای سیاسی تاکەکان لە ئاستی نەتەوەییبوون ڕەت دەکاتەوە، بەڵکو پێی وایە سەر شۆڕیەکی گەورەشە لە شۆڕشدا، بەدوای ڕزگارکەرێکدا بگەڕێین. وەلێ دەکرێ لێرەدا ئەو پرسیارە بکەین، ئاخۆ مانایەک و ھەبوونێک بۆ جەستەی تاک لە ئاستی شوناس و ناسنامەدا ھەیە، ئەگەر جەستەیەکی نەتەوەیی بوونی نەبێت؟ ئایا وێرای ھەموو ئەو پێشکەوتنانەی سەردەم، کاڵبوونەوەی سنوورەکان، گلۆبالیزم و تێکڵبوونی چڕی مرۆیی و نەتەوەیی، ھێشتا مانایەک بۆ ناسیۆنالیزم و نەتەوە نەماوەتەوە؟ ئەو تێزەی نووسەر کە توانەوەی جەستەی تاک، لە جەستەی کۆ ڕەت دەکاتەوە، ڕەنگە بۆ خۆرئاوا، بۆ ئەو وڵاتەی ئەو لێی دەژیت، تێزێکی دروست بێت، وەلێ بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد، دۆخێکی ترە. نەتەوەییبوون و کوردایەتی وەک شوناس، لە پڕۆگرامی سیاسی حزبێکدا کورت ناکرێتەوە، تا نووسەر بۆچوونی وابێت ئەوانەی بە دوای ڕزگارکەرێکدا ئەگەڕێن، سەرکز، سەرشۆڕ و خاوەنی بوون و ناسنامەی خۆیان نین. ئێمە ھەر سێ ساڵێک لەمەو بەر، لەلایەن توندترین و جەنگەڵترین ڕێکخراوی تیرۆرستی ڕووبەڕووی پەلامار بووینەوە و ھەڕەشە کەوتە سەر ناسنامە و بوون و ژیانمان. بۆیە ئێستاو تا بە دەستھێنانی قەوارەیەکی نەتەوەیی، ماناکانی جەستەی نەتەوەیی ئێمە لە ئاستی بوون و مانەوەدا پێویستن. ھەڵەیەکی گەورەیە نەتەوەیەک لە نێوا دوژمنەکانیدا بژیت، بەردەوام لە ژێر ھەڕەشەی سڕینەوە دابێت، کەچی تۆ بۆچوونت وابێت، وەک چۆن تاکێکی خۆرئاوایی، سەربەرستی و شوناسی تاکانەی خۆی بەلایەوە ھەموو شتێکە، ئەویش بەو شێوەیە بیر بکاتەوە. ئێمە لە سەرەتا ئاماژەمان بەوەکرد کە بەشێکی زۆر لە ڕووناکبیرانی ئێمە، ھەموو کایەکانی ژیان، بە پێوەری سیاسەت دەبینن و دەخوێننەوە. چونکە سیاسەتیش لە میتۆدی کارکردنی حزبی سیاسی بچووک دەکەنەوە، ئیدی بۆچوونییان وایە کە ئەوە کوردایەتییە ھەر لە بنەڕەتەوە ناشرینە و نابێ بە ناوی شوناسی نەتەوەیی و کوردایەتییەوە، تاک، تاکایەتی خۆی لەجەستەی گشتی بتوێنێتەوە. گرفتێکی گەورەیە، تۆ بە میتۆدی کۆمەلگەیەکی خۆرئاوایی، کۆمەڵگەی خۆت بخوێنیتەوە. لە ڕاستیدا، بەشێک لە بۆچوونەکانی نووسەر بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ئەدەب و شیعری کوردییەوە ھەیە، جێگەی سەرسامین. خوێنەر کاتێ ئەو دیدە دەبینێت کە ئەو نووسەرە بە توانایە شیعری کوردی پێ ھەڵدەسەنگێنێت، دەکەوێتە پرسیار و شۆکێکی گەورە. بەوەی چۆن نووسەرێک، ڕایەکی لەو شێوەیە، بێ ھەبوونی ھیچ ئەرگۆمێنتێک دەردەبڕێت. بۆ نموونە: ئەو لەڵاپەڕە (١٣٧) ی کتێبەکەیدا، لەپەراوێزی ڕەخنەگرتن لە شیعری کوردی سەدەی بیستدا، بە تایبەتی شیعرەکانی (شێخ نوری) و(بێکەس) و(قانح) دا، دەڵێت:_(ئەم ستاییشەی مردن بە درێژایی سەدەی بیست و تا ئەمڕۆش لە ھەموو شوێنێک ھەڵدەقوڵێت ئەو تیرۆرستانەشی کە خۆیان دەتەقێننەوە، درێژکراوەی ئەو ھێڵە ستایشکردنەی مەرگن کە ئایدۆلۆژستەکان لە سەدەی بیست جێگیری دەکەن) با لەوە گەڕێین کە چۆن ئەو نووسەرە تیرۆرستێک و ئەوانەشی لە پێناوی نەتەوەدا خوێن دەڕێژن، لە تای تەرازووێکدا یەکسانییان دەکات، تەنھا دەپرسین لە کوێوەی شیعری شاعیرانی کوردی ئەو قۆناغەدا، ئەو پەروەردە تیرۆرستییە دەبینرێت؟ کام شاعیر و کام شیعر خۆتەقاندنەوە دەکاتە نەریت و بە مرۆڤی کوردی ئاشنا دەکات؟ دەکرێ مردنی تیرۆرستێک، بە مردنی ھەمان ئەو خۆبەختکارە بەراورد بکەین کە بە نموونە لە ڕێگەی شیعرێکی شێرکۆبێکەسەوە، ئامادەیە لە پێناوی نەتەوەکەیدا خۆی بکاتە قوربانی؟ ھەر خوێنەرێک ئاگاداری مێژووی شیعری کوردی بێت، بۆچوونی ترسناکی لەو شێوەیە دەرنابڕێت! ئاخر تیرۆرستان بەرھەمی شیعری شێخ نوری نین، بەرھەمی شیعری بێکەس نین، کە ئەو ئەقڵیەتە ڕۆشنگەرەی ئێستا کاک بەختیار و ھاوڕێکانی ھەیتیان، بێکەس ھەشتا ساڵ لەمەوبەر ھەڵگڕی بووە، بەڵکو بەرھەمی ئیسلام، ئیسلامی سیاسی ، جوندو ئەنساڕ و ئیسلامییە توندڕۆ و تیرۆستییەکانی داعشن ، کە شمێشریان بەلاوە پیرۆزە. کارەکتەری تیرۆرست، نەک ھەر کارەکتەرێکی بێزراو و نامۆ و قێزەوەنە لە فەرھەنگی کۆمەڵگەی ئێمەدا، بگرە تا سەرەتا دوو ھەزارەکانیش، مرۆڤی کورد نەیدەزانی تیرۆر و تۆقاندن و ملپەڕاندن بە شمشێر ھەیە، ھەتا مەلاکرێکارو تیرۆستانی جوند، سەری پێشمەرگەیان لە خیڵی حەمە نەبڕی. لە مێژووی کورددا، کوشتن بوونی ھەبووە، وەلێ کارەساتە تیرۆرست بە بەرھەمی کۆمەڵگەی کوردی و شیعری سەدەی بیست بزانیت. ئەو بۆچوونە ترسناکە، نەک ھەر دەبێ ڕەت بکرێتەوە، بەڵکو دەبێ لە دژیشی بوەستینەوە. ئەو بۆچوونە، لە دوو ڕەھەندەوە مەترسییەکی گەورەیە، لەلایەکەوە بە بڕوای من، پاککردنەوەی پەرێزی ئەوانەیە کە تیرۆریان بۆ یەکەمجار وەک دیاردەیەکی سیاسی ھێنا نێو کۆمەڵگەی کوردی، کە ھەموومان دەزانین کێن ئەوانە، لەلایەکی دیکەشەوە سڕینەوەی ڕیشەی مێژووی ڕۆشنبیریی و فەرھەنگی ئێمەیە، چونکە نابێ ئەوەمان بیربچێت، کە مێژووی ڕۆشنبیریی کوردی لە شیعرەوە دەست پێ دەکات. ئەو کاتەی خانی بە شێوەیەکی سەرەتایی پرەنسیپەکانی ناسیۆنالیزم لە مەم و زیندا بینا دەکات، چەمکێک نەبووە بە ناوی ناسیۆنالیزم، ئەو کاتەی بێکەس، دژی چەوسانەوەی ڕەگەزی دەوەستێتەوە، قانع خەون بە یەکسانی و دادپەروەری و نەمانی جیاوازی چینایەتی دەبینێت، ڕێکخراوێکی سیاسی نەبووە، بە میتۆدێک لە دژی چەوسانەوەی چینایەتی بوەستێتەوە. شاعیرانی کورد، منەوەرەکانی کوردن. ئەگەر کورد مێژووێکی ڕۆشنبیریی و فەرھەنگی ھەبێت، ئەوا ئەو سەرمایە ڕەمزییە گەورەیەیە کە شاعیرانی کلاسیک و سەدەی بیستیش، لە شیعردا بەرجەستەیان کردووە. شاعیرانی ئێمە بە تابەتیش قانع و بێکەس، کە بەختیار عەلی ڕەخنەی زۆری ئاراستەی ئەوانە، شیعر وەک پەیامێکی کۆمەڵایەتی، مرۆیی، نەتەوەیی و نیشتمان دەبینن. ھاندانی ئەوان لە شیعردا، ھەرگیز ھاندانێکی ئایدۆلۆژیی و ڕووت نییە، بە پێچەوانەوە قانع، بەو پەڕی ھەژاری و نەھامەتی ژیا، ئاشەوان بوو، وەلێ ھەرگیز ڕۆژێک لەو ھەژاریی و نەداریەی خۆی پەشیمان نەبوو. ،کەس ئەوەندەی قانع، شکۆ ناکاتە بەھایەک بۆ مرۆڤەکان، ئەو کاتێ دەڵێت لە تۆزی ئاشدا غەرقم لە بنی پێم تا تەوقی سەرم، بەلام بەختەوەرم کە ھەر خۆم بۆ خۆم ئامێرم، مانای وایە، مرۆ ڤەکان، فێری شکۆمەندی ، سەربەرزی، شکۆی کۆمەڵایەتی و بە ئامێرنەبوون دەکات. ئێمە چ سەرمایەکی ھزری، ڕۆشنبیریی، کولتووریمان ھەیە، کە ئاماژەیەک بێت بۆ ڕابردوومان جگە لە شیعر؟ کەواتە چۆن دەبێت نووسەرانی ئێمە لە ڕقی سیاسییەکان، بێن ھێڵێکی ڕاست و چەپ بە سەر شیعر، ئەدەبیات، شاعیران دابێنن کە مێژووی فەرھەنگی و سیاسی و نەتەوەیی ئێمە لە شیعرەوە سەریھەڵداوە بەتایبەتیش لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا، تا کۆتایی سەدەکە، شیعری کوردی شوناسی سیاسی و ئەدەبی و بەرگریی نەتەوەی کورد، لە باشووری کوردستان پێکدەھێنێت و لەو قۆناغەدا، ئەرکی شیعر لە ئەرکێکی وەسفییانە و ئایینی و کۆمەڵایەتییانە، کە گوتاری شیعری کلاسیک پێکدەھێنن، دەگۆڕێت و شیعری کوردی ڕۆڵێکی سیاسی و شۆڕشگێڕیی و پەروەردەیی، بە ئاراستەی کرانەوەو ھوشیاربوونەوەی نەتەوە و تاک دەبینێتز شیعری کوردی، بەدرێژایی دەیەکانی سەدەی بیست، ھەتا ڕاپەڕین، بە جیاوازی قۆناعەکانییەوە، شیعرێکە ھەڵگڕی گوتارێکی نەتەەیی، کۆمەڵایەتی و پەروەردەیە. ئەوانەی شاعیرانی سەدەی بیست بە شیعر کردیان، ئێستا لەکۆمەلچگای کوردی، بەو ھەموو نێوەندە زانستی و پەروەردەیانە ناکرێت، مەگەر کاتێ بێکەس لەگەڵ یەکسانی نێر و مێ دایە، ھەشتا ساڵ دوای ئەو تازە لەکوردستان ژنان فێری نیقاب و باڵاپۆشی ناکرێن؟ بۆیە شیعری کوردی سەدەی بیست، ئەزموونی ڕۆنگەرانە، کرانەوە ھوشیارییەو ھەرگیز تیرۆ و خۆتەقاندنەوە بەرھەمی ئەو شاعیرانە نین، کە دڵنیایین نووسەر بەمەبەست و لە سۆنگەی ئەوەی ھەمیشە ئەدەب و کولتووری کوردی ڕەت دەکاتەوە و بڕوای وایە ڕۆژھەڵات بەگشتی مەڵبەندی جەھالەتە ، ئەو بۆچوونە ترسناکانە دەر دەبڕێت، کە مایەی ڕەت کردنەوەن. دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، کە کتێبی ئایدۆلۆژستی بەختیار عەلی، لە چەندین ڕووەوە شایستەی ڕەخنە لێگرتنە. من چاوەڕوانی ئەوەبووم، نووسەران و ئەکادیمییانی ئێمە، ئەو دیدە ھەڵەیەی نووسەر ڕاست بکەنەوە، کە تیرۆر خۆتەقاندنەوە بە بەرھەمی شیعری (قانع و بێکەس ) دەزانێت، کەچی بە داخەوە ھیچ نووسینێکی ڕەخنەییم تائێستا، لە بارەی کتێبەکەکەوە (جگە لەنووسینێکی خوالێخۆشبوو نووسەر ستیڤان شەمزینی) نەبێت نەبینی. ئەوانیتر، ھەموویان ستاییشتنامە و پەسنی ئەو بەرھەمەن کە بەداخەوە ئەمەش ساڵانێکی زۆرە بۆتە باو لە نێوەندی ڕۆشنبیری کوردی و ھەر ئەمەشە وایکردووە نووسینەکانی ئەو نووسەرانە، لە سەرووی ڕەخنەوە ببینرێن. لە کاتێکدا، ھیچ نووسینێک، نابێ لە سەرووی ڕەخنەوە بێت. بە تایبەتیش بۆ نووسەرێک کە بەرداوام ڕەخنە لە تەوتەمکردنی کەسەکان و بە پیرۆزکردنی ھەمووشتێک دەگرێت و دژی دەوەستێتەوە،بەو مەرجەی دژی خۆی نەبێت !
*ئەم بایەتە لە ھزرو ھونەری ڕۆژنامەی خەبات ژمارە (٢٠٨) لە ٢٠/٣/٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە.
سەرنج: ئەم وتارە، بەشێکە لە پڕۆژەی کتێبێک لەسەر نووسینەکانی بەختیار عەلی بە ناوی (بێ گوناھان بۆچی بچنە دۆزەخ) کە خوا یاربێت، لە دەرفەتێکدا چاپ و بڵاوی دەکەینەوە.
Discussion about this post