فەریق مەحمود کاکەبرا
ئەدۆنیس لە گوتەیەکی بە نرخدا دەبێژێت: کاتێك کۆیلە بگاتە دەسەڵات، هەموو شتێك دەکەن بە کۆیلایەتی و کۆیلەو کۆیلەکردن. دەسەڵاتداری راستەقینە کەسانی ئازادن و تا سەرئێسقان دژی کۆیلایەتین.
چۆمسکیش دەنووسێت: رۆڵی ڕۆشنبیر بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتە، نەك خزمەتکردنی، ئەوانەش بە خزمەتکردنی دەسەڵات هەڵدەستن دانانرێن بە ڕۆشنبیری راستەقینە، بەڵکو کەسانی هەلپەرستن.
لە لایەکی ترەوە ئەلبیرکامۆ تەماشای ڕۆشنبیر دەکات بەوەی کە یەکەم کەسی بەرپرسیارە لەو دۆخە خراپانەی کۆمەڵگاکانی تێدەگەوێت، ئەگەر ئەوان خاوەن درك بن بەو واقیعە نالەبارانەی تێیدا دەژین، دەبنە پێسەنگ و خاوەنی هەڵوێست.
بەڵام بە داخەوە وەك لە کۆمەڵگا پاشکەوتووەکاندا هەیە گەر ڕۆڵی رۆشنبیر هەر لە کارمەندێکی میرییدا کورتبهێنێت کەواتە دەبێت چاوەروانی چ توێژێك بیت دۆخەکان بەرەو گۆڕانکاری بەرێت و وڵات پێشبخات؟
نکۆڵی لێ ناکرێت هەموو سیاسەتێك بریتیە لە زۆرانبازی لە پێناوی بەدەستهێنانی دەسەڵاتدا، لێرەوە دەسەڵات هەموو جۆرە ڕێگایەکی توندوتیژی و نامۆڕاڵی بەکاردێنیت بۆ مانەوەی لە هێزدا و بەکارهێنانی هەموو ڕێگاو تواناکانی بۆ قەڵەمڕەوی زیاتر و پێشلکردنی مافەکانی ئەوانی دی، کە لە دەرەوەی سنووری بازنەی حیزب و
دەسەڵاتدان.
لێتان ناشارمەوە وەکو چاودیرێکی رووپەڕی میدیای کوردی شۆك دایگرتم کاتێك وتاری(لووسکەنووسەرە خۆڵەمێشیەکان)م لە ماڵپەڕێکدا خوێندەوە، نووسەری بابەتەکە، کە خۆی ناوێکی تازەی سۆشیال میدیایەو دادەنرێت بە نەوەی دووەمی میراتی خەباتی شۆڕشی چەکداری کورد، وەك نووسەری سێبەر پلار دەگرێتە ئەو نووسەرە ئازادانەی دژی گەندەڵییەکانی دەسەڵاتی مافیاڕەفتار دەنووسن و چەندان ناوەناتۆرەیان بۆ دادەڕێژێت، کە ئەو وشانە کاتی خۆی هەر لە چەورەی بەر سینەماکان دەبیستران هێندە بە وشەی ئازاد قەڵسە کە نایەوێت هیچ وشەیەك لە دەرەوەی ئینتمای خۆی ببیستێت، تەنانەت ئەگەر لەسەر پانتایی سۆشیال میدیاش بێت، ئەو لە سەرەتای وتارەکەیدا ناسنامەی خۆی دیار دەخات و سەبارەت ئەو نووسەرە ئازادانەی بە لوسکە ناویاندەبات دەنووسێت: ” بەربوونەتە هەموو ئەو شتانەی وەک رەمز و سیمبولی نیشتیمانی و نەتەوەیی ساڵەهایە ئەم گەلە خێرلەخۆ نەدیوەی بە زیندوویی و یەکگرتوویی هێشتۆتەوە “.
سەیر لەوەدایە؛ وان کە خاوەنی داهاتی بنخان و سەرخانی کوردستانن، بەهەواو ئاویشیەوە، خاوەنی ئەو هەموو سیخووڕو بندیوارو چەکدارو داهاتە خەیاڵییەن، لە لایەکی ترەوە خاوەنی ئەو هەموو دەزگا زەبەلاحە میدیایی و کەناڵی سەتەلایت و دەزگای چاپەمەنی و ماڵپەڕو ڕۆژنامەو گۆڤارو دەزگاو بە ناو بنکە رۆشنبیرییەن ، جگە لە سوپایەك لە قەڵەمبەدەستی کۆپلە… بۆچی سەغڵەت دەبن بەو وتانەی کە نەوەی نوێی ئەم میللەتە خێرلەخۆ نەدیوە وەکو مافێکی ڕەوای تەعبیرکردن ، کە ٣٤ ساڵە بە دەسەت نادادییەکانی ئەو دوو بنەماڵەی دەسەڵاتەوە دەناڵێنن؟
کاکی کۆلکە نووسەر ئەوانەی بە دڵی ئەو نانووسن بە لووسکە ناودەبات، ئاست نزم و نانووسەرو نەفام و کارتۆنی و زیانبەخش و ناشرین ونابەجێ و شەڕەنگێز و توندوتیژو کاڵوکرچ و لاساییکارو چەندان وشەی سواو و نامۆڕاڵ، بە وێنەی جەللادێكی دەمپیسی پیاوانی دەسەڵات پیایاندا دێتە خوارەوە، چەشنی دووبارە کردنەوەی وێنەی ئەو شەقەی لە مامۆستای بە تەمەنی خۆپیشاندەر درا.
کاکی کۆلکە نووسەر دان بەوەدا دەنیت کە ئەو لوسکە نووسەرانە ئێستا بوونەتە زۆرینەو دەنووسێت:” تادێت هەژمونیان بەسەر رووبەری دونیای نووسیندا زیاتر دەردەکەوێ و لەهەموو پەیج و سەکۆو ماڵپەڕێکی مەجازی دەیانبینیەوە “. دەبوو بەر لەوەی ئەم راستییەی بنووسیایە، ئەو پرسیارەی لە خۆی بکردایە: بۆچی دەنگی ناڕازیی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوون و هەڵکشاندایە؟ وەك خۆی نووسیویەتی و بەگێرەشێوێن ناویان دەبات، ئایا لە بەر
بوونی دادپەوەریی و یەکسانی و دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیاندایە؟ یان بە پێچەەوانەوە؟
ئەم زۆرانە حەتمییەتێکی مێژووییەو هەر لە کۆنەوە وابووە، هەرچەندە گوریسی ستەم لە ئەستووریدا دەپچڕێت، یاسای گەردوونیش پێمان دەڵێت: هەموو دەسەڵاتێك سەرەتاو کۆتایی هەیە، بەڵام کۆتاییەك جیاوازە میللەت ئاخی بۆ هەڵبکێشێت و کۆتاییەکیش میللەت نەفرینی لێ بکات، سیناریۆکانی (بینۆشێ و چاوچیسکۆو قەزافی و سەدام و بن عەلیش…) دوا وشەی ڕۆمانێکن کە ویستی گەلانی ئازادیخواز و هۆشیاری ئەم سەردەمە نووسیانەوە، کاتێك میللەت هەست بە بوونی هیچ جیاوازییەك نەکات لە نێوان ئەو ژیانە کولەمەرگییەی دەژی و مردندا.


































































فەریق مەحمود کاکەبرا







Discussion about this post