سەرنجێک لە بارەی پرۆژەکەی پەیمانگای پەرە پێدانی ئەمنی وکارگێڕی لە ھەنبەر پرسی یەکسانیدا
سەدیق سەعید ڕواندزی
لەگەڵ گواستنەوەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، لە قۆناغی کۆمۆنەی سەرەتاییەوە، بۆ کۆیلایەتی و دواتر دەرەبەگایەتی و پاشانیش سەرمایەداری، وەک دوا فۆڕمی پەرەسەندنی ژیاریی و کۆمەڵایەتی و سیستەمێکی سیاسی و کارگێڕی کە ئێستا لە جیھاندا باڵادەستە، مرۆڤایەتی گەلێک پێشکەوتنی شارستانی بە خۆوە بینیوە. مرۆڤە سەرەتایەکان، لە ئەشکەوتەکان دەژیان و پشتیان بە ڕاوکردن بۆ درێژەدان بە ژیانییان دەبەست، بەگەڵای دارەکان و پێستی ئاژەل، خۆیان لە سەرما دەپاراست، پاشان ئاگریان دۆزییەوە، لەگەڵ دۆزینەوەی ئاگر، لە ئەشکەوتەکان ھاتنە دەشت و قەراغ ڕووبارەکان و ئەو ھەڵومەرجە سەرەتاییە نوێیە، ناچاریکردن شوێنێک بۆ مانەوەی خۆیان لە ڕووداوە سرووشتتیەکان و خۆپارێزیان دروست بکەن و دواتریش دەستیان کرد بە زەوی داچاندن و گوندی چەرمووی ناوچەی چەمچەماڵی ھەرێمی کوردستان، یەکەم گوندی دیرۆکی و شوێنەوارییە، کە مرۆڤایەتی بۆ یەکەم جار کشتوکاڵی تیادا کردووە.
ھەموو ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و مرۆیانە، ھەڵومەرجێکی تازەیان لەگەڵ خۆیان ھێناوەتە ئاراوەو دینامیکییانە ژیان گۆڕاوە لە قۆناغێکی سەرەتاییەوە، بۆ قۆناغێکی ئاڵۆزی وەک ئێستا. مرۆڤە سەرەتایەکان، دوای ئەوەی لە شێوەی کۆمەڵ کۆمەڵ، بە یەکەوە دەستیان کرد بە ژیانکردن و کارکردن، فۆڕمێکی کۆمەڵایەتییانەی تازە بە ناوی خێزان، ھەروەھا گوندی گەورەترو شارۆچکە ھاتنە ئاراوە. بەمەش مرۆڤایەتی لە قۆناغی سەرەتاییانەی بەیەکەوە بوونەوە پەرت و بڵاوبوونەوە و ھەریەکەیان، شوناسێکی جیاوازتری لەوان وەرگرت. نەتەوە و گەلانی جیاواز بە درێژایی مێژوویی مرۆڤایەتی دەرکەوتن و ئەو گەشەکردنە ڕەگەزیی و سرووشتییە، ھەم پێداویستی زۆرتری ھێنا ئاراوە، ھەمیش فۆڕمێکی دیکەی جیاوازی لە ژیانی ئاسایی نێو گوند و شارە سەرەتاییەکان ھێنا ئاراوە، کە ئەویش شارە بە مانا مۆدێرنەکەی. شار، بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی جوگرافی، ئەتنیکی، کولتووری، پیشەسازیی و بازرگانی دەناسرێتەوە، کە ھەڵگری جۆرە ھارمۆنیایەکی کۆمەڵییە و ھەموو پێکھاتەکان لە شاردا بە جیاوازی ڕەگەزیی و ناسنامەیان یەکدەگرنەوە، بە پیچَەوانەی گوند کە پارێزگاری لەو مۆرکە خێڵەکیە گوندییەی خۆیان دەکەن. لە شاردا، جۆرە ونبوونێکی ناسنامەیی ھەیە، کە ئەوی جیاواز و تاک لە نێو کۆی شاردا دەتوێێتەوە دەبێتە بەشێک لە کۆی ناسنامەی گشتی ئەم گۆڕانکارییە ھەر تەنھا شەقام و باڵەخانە و سیمای ژیاریی و سەرخانی شار ناگرێتەوە، بەڵکو لە ئاستی پێکھاتەی کۆمەڵایەتی و مرۆیی و کرانەوەی ھزریشدا دەگرێتەوە. بە جۆرێک کە جیاوازی ڕەگەزی، ئازادییەکانی ژن، ئازادییە کەسی و گشتییەکان، گەشەی زۆریان بە خۆوە دیوە. بێگومان ئەو پێشکەوتنانە، دەرەنجامی گەشەی ژیاری و شارستانی کۆمەڵگەن و بەشێکن لە پێشکەوتنەکانی جیھان و لەگەڵ ھەر جۆرە پێشکەوتنێک، ئیدی شوناسی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و پرسی ماف و ئازادییەکانیش پێشدەکەون و گۆڕانیان بەسەر دادێت، وەلێ پرسێکی مرۆیی گەورە، کە دەکرێ وێرای ئەو ھەموو پێشکەوتنانەی کە مرۆڤایەتی تا ئێستا بە خۆیەوە بینیویەتی، ھێشتا نەتوانراوە وەک پێویست گۆڕانکاری تێدا بکرێت، پرسی جیاوازی نێوان ھەر دوو ڕەگەزە، بە تایبەتیش لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا.
گەرچی ژنان، ماف و دەسکەوتی گەورەی زۆریان، ھاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ژیان وەدەست ھێناوە، وەلێ ھێشتا لە ھەزاران شوێن و جێگە و سووچی ئەم دنیایە، ژنان ھاوتای پیاوان نین. سەرمایەداری، کە وەک دوا مۆدی کۆمەڵایەتییانەی ژیان، لافی ئەوەی لێ دەدات، کە دوای کۆمۆنێزم، ئیدی ژیان دەکاتە بە ھەشت، قەیرانەکانی ئەوەندی دیکە قووڵکردنەوە، بە جۆرێک لەو سیستەمەشدا، ھێشتا ژنان مافخوراو یەکسان نین لەگەڵ پیاوان. بۆ نموونە تا ئێستاش لە مێژووی درێژی ئەمەریکادا، بەو ھەموو دیموکراسییەت و لیبرالییەت و کرانەوەیە، ژنێک نەبۆتە سەرۆکی. ھەتا ئەم ساڵانەی دوایی لە وڵاتانی کەنداو، ژنان ماقی شۆفێری کردنیان نەبوو، بێگومان ئەگەر لەم وڵاتانە ژنان بەوشێوەیە بێبەش بکرێن لە مافەکانیان، دەبێ لە کۆمەڵگەی ئێمەدا چۆن بن؟ پرسی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا لە کۆمەڵگەی ئێمە، پرسێکی کۆمەڵایەتی، خێزانی و کولتووریی و پەروەردەیە. کێشەیەکە، ڕەگێکی درێژی مێژوویی ھەیە و بووە بە نۆڕم و تێگەیشتنێکی میللییانە کە ھەرگیز پیاو و ژن ھاوتای یەکتری نین و نابن. بەو پێیەی لەلایەکەوە شەریعەتی ئیسلام وا دەڵێت، لەلایەکی دیکەشەوە ڕەھەندی جەستەیی و فسیۆلۆژی ژن، دەکرێتە پاساوێک بۆ ئەو لێک جیاکردنەوە و پلە بەندییە کۆمەڵایەتییە بەو مانایەی ژن سووڕی مانگانەی ھەیە، منداڵی دەبێت، ڕۆمانسیتر و بەسۆزترن، لەوەی ئەقلانیتر بن. ئەمە وێرای ئەوەی کە گەورەترین مەترسی لە سەر ئەو بەیەکسانکردنە ھەیە، کە ئەویش مەسەڵەی بەستنەوەی شەڕەفە بە ژن و لە ژنیش بە عەورەتی و لە عەورەتیشی بە دڵۆپە خوێنێک. بۆیە بەردەوام بە شێوەیەکی ڕەھا، لە جیھانبینی پیاودا، ئەو سنوورە دەبێتە خاڵی جیاکەرەوەی ھەردووکیان لە یەکتری. لە ڕاستیدا، پرسی یەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا، بە تەنھا کاری ڕێکخراوێکی فێمێنیزمی، ژنە چاڵاکوانێک، دامودەزگای بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی خێزان و ئافرەت نییە، ئەو پرسە پەیوەندی بە بیرکردنەوە و ئەقڵیەتی کۆمەڵگە بە گشتی ھەیە، بۆیە دەبێت کاربکرێت لە سەر ھەڵگێڕانەوەی ئەو تێڕوانینە.
من سەیرم پێ دێت، وەختێ دەبینم ژنێک قەڵغانی مرۆیی و دەیان خەڵاتی ڕێز لێنان لە پێنا و کارکردنی لە سەر پرسی یەکسانی پێ دەدرێت! مەگەر ئەو پرسە بە تەنھا ھی یەک کەسە؟ لە دوای ڕاپەڕینەوە، گەرچی کرانەوە و پێشکەوتنێک لەم ڕووە ھاتۆتە ئاراوە، بەڵام ھێشتا وەک پێویست نییە و دەزگاو ڕێکخراوەکانی ئەو بوارە و بگرە حکومەت و فێمێنیستەکانیش، بە ئاگایی و خۆپارێزییەوە کار لەسەر ئەو پرسە دەکەن، چونکە دەزانن دەرەنجامەکەی چی دەبێت؟ پرسی یەکسانی پەیوەندی بە سیاسەتی یەکسانی، بزاڤی ڕێکخراوەیی، ھەوڵی فێمێنستانە بە تەنھا نییە، بەڵکو پرسێکی گشتییە و پەیوەستە بە ئەقڵی گشتی کۆمەڵگە و تاکەکانەوەو دەبێ لەوەدا ھوشیار ببنەوە، کە یەکسانی چییە و چەند بڕوایان پێیەتی، نەک لە ڕێگەی پەیام و گوتارێکی کورت مەودا، ئەو پرس و بابەتە بکرێتە گەنگەشەی کۆمەڵایەتی و دوانریش شوێنی خۆی نەگرێت. (سیاسەتی یەکسانی لە نێوان ئاقرەت و پیاودا)، ناونیشانی بڵاوکراوەیەکی (پەیمانگای پەرەپێدانی ئەمنی و کارگێڕی و تەکنەلۆژیای زانیاریی) سەر بەوەزارەتی ناوخۆیە و تیایدا لە بارەی سیاسەتی یەکسانی ، ماف و ئەرک و ئازادییەکانی نێو ئەو دوو ڕەگەزە، دەرفەتی کارکردن ، چەند پرسێکی دیکە، باس لە چۆنییەتی بەرجەستەکردنی ئەو سیاسەتە دەکات. ئەم بڵاوکراوەیە، گەرچی پێ دەچێت ناوەڕۆکەکەی پەیوەست بێت، بە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆوە بەتەنھا بەڵام چونکە بەشێوەیەکی گشتی لە بارەی یەکسانی ئافرەت دەدوێت، ئیدی پرسەکە پەیوەست دەبێتەوە بە ھەموو کۆمەڵگەوە. لە دەسپێکی ئەو بڵاوکراوەیەدا، پێناسەی سیاسەتی یەکسانی کراوە، بەڵام گەر سەرنج لە ناوەڕۆک و شڕۆڤەی ئەو چەمکە بدەین، دەبینین خودی پێناسەکە، پارادۆکس و دژ واتایی وڵێلی و ناڕوونیەکی زۆری تێدایە و بەڕاشکاویی و بە ڕوونی و بێ سڵەمینەوەی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و خێزانی، پێناسەی چەمکی یەکسانی ناکات ، گومان دەکەم ئەوانەی پێناسەکەیان کردووە، لەڕوانگەی خۆپارێزیی میللی و کۆمەڵایەتییەوە، مەبەستیان نەبووە پێناسەکە ڕوونتر بکەنەوە و بە کردەیی دەریبخەن کە یەکسانی چییە و چۆنە.
لە پێناسەکەی پەیمانگای پەرەپێدانی ئەمنی و تەکنەلۆژیای زانیاریی ھاتووە:_( یەکسانی لە نێوان ئافرەت و پیاو، بریتییە لە فەراھەمکردنی ماف، بەرپرسیاریەتی و دەرفەتی یەکسان لە نێوان ئافرەت و پیاو کچ و کوڕ، یەکسانی نەک بەو مانایەی دەبێ ئافرەت و پیاو وەک یەکیان لێبێت، ھەروەھا مەبەست لە یەکسانی ئافرەت و پیاو بریتی نییە لە بوونی کێشەی ئافرەت . لا ٧ ) ھەڵبەتە ناتوانرێت لە ڕووی بایۆلۆژییی و فسیۆلۆژییەوە، ئافرەت ھاوتای پیاو بکرێت، بەڵام نابێت ئەم جیاکارییە ژێندەرییە، ببێتە فاکتێک، بۆ ئەوەی دەرفەتی تەواوەتی یەکسانی، بە پاساوی ئەوەی ناتوانرێت وەک یەکیان لێبکرێت، نەدرێتە ئافرەت. بۆیە ئەم پێناسەیە، جۆرێک لە پارادۆکسی تێدایە و بە تەواوەتی پرسی یەکسانی لە نێوان ھەردووکیان ناھێنێتە ئاراوە. بە تایبەتیش کە پێناسەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نە کێشەی ئافرەت ھەیە، نە دەشتوانرێت ئەو دوو ڕەگەزە ھاوتای یەکتری بکرێن، لە ڕاستیدا نکۆڵیکردن لە بوونی کێشەیەک بە ناوی کێشەی ئافرەت، بە مانای ئەوە دێت، کە لە بنەڕەتدا کێشەیەک بە ناوی یەکسانی نییە، تاکو سیاسەتێکی بۆ دابنرێت، لە کاتێکدا پرسی ئافرت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، لە کێشە ھەر ئامادە و زیندووەکانە، بە بەڵگەی ئەوەی سەدان ڕێکخراوی تایبەت بەو بوارە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی، بزاڤی فێمێنستی و تاکەکەسی، لە پێناو نەھێشتنی ئەو جیکارییە لە خەبات و چاڵاکیدان. ئیدی نازانم چۆن کێشەیەک بەو ناوەوە نییە؟ ھەڵیەتە کە کێشەیەکیش نەبوو، ئیدی مانای وایە، ھیچ چارەسەریەک بۆ کێشەکە پێویست نییە. تاکو ئێستاش لە ھەرێمی کوردستاندا، لە ڕوانگەی ھەندێک خێزانەوە، کوشتنی ژنان بە پاساوی شەڕەفەوە ڕەوایە، ئافلرەتان بەتایبەتیش لە گوندەکاندا، مافی خوێندن و کارکردنیان نییە، بێگومان کرانەوە و پێشکەوتنێکی یەکجار زۆر لەم ڕووەوە ھەیە، بەڵام وەک کێشەی تاکایەتی و خێزانی، ئەم پرسە بوونی ھەیە. بۆیە دەبێ جەخت لەوە بکرێتەوە کە نەک دەبێ ئافرەت و پیاو وەک یەکبن، بەڵکو ھەر جۆرە جیاکارییەک لە ڕووی ڕەگەزەی، ماف و ئەرکەوە، نابێ بوونی ھەبێت. لەو سۆنگەیەشەوە پێویستیمان بە پەیامێکی ڕوون، سیاسەتێکی دیار و ڕاشکاو، بۆ پیادەکردنی یەکسانی لە نێوان ھەردوو ڕەگەزەکەدا دەبێت، نەک بە ناڕوونی باسی ئەو پرسە بکەین بە تایبەتیش دەبێ تایبەتمەندی ئافرەت لە ڕووی فسیۆلۆژییەوە لە بارچاو بگیرێت.
لە کۆمەڵگەی کوردیدا، گرفتەکانی ئافرەت ھەر تەنھا لە بوونی کار و ئابوورییەکی سەربەخۆ، ئازادی کارکردن و ڕەخساندنی زەمینەی کۆمەڵایەتی بۆیان کۆتایی نایەت، بەڵکو دەبێت لایەنی خێزانی و فسیۆلۆژی ئافرەتیش لە بەرچاو بگیرێت. بۆ نموونە: ئافرەتان وێرای ئەرکی ماڵ و ماڵداریی، بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵ، پیشەیی و کار، ڕێکخستن و کاری ڕۆژانە و چەندان وردەکاری دیکە، ماندووەتی زیاتر دەبینن و پێویستیان بەوەیە دەرفەتی پشووی زیاتریان لە ئەرک پێ بدرێت. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ھۆکارەکانی حەسانەوە، پشوودانی دوای ماندووەتی تاقەت پروکێنی کارکردن، گەشت و سەیران و چەندان ئامرازی دیکەی خۆشگوزەرانی بۆ پیاوان ڕەخساون و ھەن، وەلێ ئافرەت چەند ماندووش بێت، ھەر دەبێ ڕۆژەکانی بەگشتی وەک زیندانییەک لە چوارچێوەی ماڵدا بباتە سەر، کە ئەمەش دیسانەوە دەبێتە جیاکارییەکی دیکە لە نێوان ھەردوو ڕەگەزەکەدا. لێرەوەش دەبێ دۆخی کارکردنی ھەردوولایان لەڕووی پیشەیی، سەفەرکردن، بەشداری و ئامادەیی لە دامو دەزگاکان لە بەرچاو بگیرێت و مافیان پێشێل نەکرێت، بەوەی بە زۆر ناچار بکرێن، کارێک دوور لە خواستی خۆیان بکەن وەک بەشداری خول و سەفەرکردن.
لێرەدا، گرنگە ئاماژە بەوە بدەین کە باس لە یەکسانی نێوان ئەو دوو ڕەگەزە دەکرێت، واتا یەکسانی لە ھەموو ڕووەکانەوە و ئەمەش بەو مانایە نییە کە مافی یەکێکیان لە پێناو دەستەبەری مافی ئەویتر بخورێت. بەداخەوە ساڵانێکە لە نێو ئێمەدا، لە پەراوێزی خەباتی ڕێکخراوەیی و فێمێنیزمی، بەشێک لە ژنان دەیانەوێت پرسی مافی خۆیان، بەپێشێلکردنی پرسی مافی پیاو ببەستنەوە، کە ئەمەش دیسان نایەکسانی ڕەگەزی دێنێتە ئاراوە؟ لەو بڵاوکراوەیەدا، لە بڕگەیەکی دیکە سەبارەت بە ھەڵبژاردن ھاتووە:_ ( ئەگەر ھاتوو بەربژێرێکی پیاو و بەربژێرێکی ئافرەت لەچاوپێکەوتن دەرچوون، ئەوا پێویستە پێشینەیی بدرێتە ئافرەتەکە و وەکو بەربژێر دیاری بکرێت. لا ١٥ ) ئەم بڵاوکراوەیە، گەرچی لەبارەی پرسی یەکسانییە، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان لە بری ئەوەی یەکسانی بێنێتەدی، بە بڕوای من، ئەوەندەی تر ئەو جیاکارییە قووڵتر و زەقتر دەکاتەوە. ئەگەر پیاوێک لە چاوپێکەوتنێکدا، وەک بەربژێر سەرکەوت و ھەموو تایبەتمەندییەکانی ئەو بوارەشی تێدا بێت، دەکرێ بڵێین بە پێی کام یاسا، ئەو مافەی لێ زەت دەکرێت و دەدرێتە ئافرەتێک؟ ئەمە یەکسانییە لە ئەرک و مافدا؟ یاخود بە پێچەوانەو؟ ئەگەر ئافرەتێک بە لێوەشاوەیی و لێھاتوویی خۆیەوە وەک بەر بژێر سەرکەوت، بۆچی دەبێت لە پێشینەیی بدرێتە پیاوێک؟ مەگەر ھەردووکیان مرۆڤ نیین؟ وەک یەک ماف و ئەرکیان نییە؟ نابێ مافی یەکێکیان، لە پێناو مافی ئەویتردا، پێشێل بکرێت، چونکە ئەمە جۆرێکی دیکەیە، لە جیاکاریی لەڕووی ماف و پیەییەوە. لەبرگەیەکی دیکەی ئەو بڵاوکراوەیەدا، لەبارەی پۆست و بەرپرسیاریەتی ئافرەتان لە کایەی سیاسیدا ھاتووە:_(لە پۆستە باڵاکان، یەکسانی لە نێوان ئافرەت و پیاو، یەکێکە لە میکانیزمە گرنگەکان، بۆ ڕێکخستنی دام و دەزگاکە) گەر سەرنج لەو بڕگەیە بدەین، بە دیاریکراوی دەستەواژەی (پۆستە باڵاکان)ی دیاری نەکردووە، کە مەبەست کام پۆستە و لە چ پلەیەکی کارگێڕی دەست پێ دەکات؟ بۆچی ئەو پۆستانە، بە ناونیشان و پێگەی سیاسیی، بە ئاشکرا ڕووننەکراونەتەوە، کە ئەمەش بەبڕوای من، جۆرێکی دیکەیە لەوەی کە ئافرەتان، ناتوانن تا پۆستی باڵای ئەم ھەرێمە، بڕۆن و ھەرتەنھا، لە پێگەیەکی دیاریکراو دەمێنەوە. دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، کە بەشێک لە پێناسە و بڕگەکانی ئەو بڵاوکراوەیە، پێویستیان بە داڕشتنەوەو پێناسەکردنەوە ھەیە، بۆ ئەوەی بە ڕوونی دەربکەوێت، کە مەبەست لە سیاسەتی یەکسانی و چۆنیەتی پیا دەکردنی لە کۆمەڵگەی کوردی و دامودەزگا کارگێڕییەکان چییە؟!
پەراوێز:_ سیاسەتی یەکسانی لە نێوان ئافرەت و پیاودا، لە بڵاوکراوەکانی : وەزارەتی ناوخۆ_پەیمانگای پەرە پێدانی ئەمنی و کارگێڕی و تەکنەلۆژیای زانیاری، زنجیرە (٩)، چاپی یەکەم _ ٢٠١٩.
*ئەم بابەتە لە ھەفتەنامەی ڕێگای کوردستان ژمارە (١٣٧٨) لە ٢٠/٢/ ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post