سەدیق سەعید ڕواندزی
مرۆڤ کاتێ ڕوانگە و جیھانبینی بە شێک لە فەیلەسوفانی دنیا، بۆ پرس و بابەت و بوون و ژیان دەبینێت، سەیری پێ دێت، فەیەلەسوفێک ھەبێت، ھێندە بەکەم و بێ بەھاییەوە بڕوانێتە ژن وەک مرۆڤ، کە تەواوکەری ڕەگەزەکەی ترە. بەو مانایەی فەلسەفە، کە زانین و مەعریفە وھزر لە خۆ دەگرێت، دەبێ ھزریش بکرێتە پێوەر بۆ خوێندنەوە و ڕاڤەکردنی دیاردەکانی ژیان، لەوەی ئەزموونی شکستخواردووی ژیانی فەیلەسوفێک خۆی. فەیلەسوفەکان، نابێ ژیان تەنھا لە یەک دیدگاوە ببینن و ئیدی ئەم دیدگایە بگشتێنن بە سەر ژیانی مرۆڤەکان ھەموویان، چونکە مرۆڤەکان لە ڕووی سایکۆلۆژیی و فیزیکی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەوە، جیاوازن لە یەکتری و ئەم جیاواز کەوتنەوەیە، بواری ئەوە بە مرۆڤ نادات، کە تەنێ ئەزموونی ژیانی خۆی ئەگەر فەیلەسوفیش بێت، بکاتە پێوەر بۆ ھەڵسەنگاندن و بینینی ژیانی مرۆڤەکان. یەکێک لەو فەیلەسوفانەی سمبولی ڕەشبینی بە دژە ژن ناسراوە شۆپنھاوەرە. ئەم فەیلەسوفە، لە کتێبی (ھونەری ڕەفتار لەگەڵ ژنان) ژن وەک کاڵاو کەرستەیەکی بێ بەھا دەبینێت و ڕوانگەیەکی زۆر سادە و جەماوەرییانەی بۆ ژن ھەیە. ئەم ڕوانینە بۆ ژن، وەک ئەوەی دەگوترێت، پەیوەندی بە ژیانی ئەم فەیلەسوفە خۆی ھەیە، کە ناکۆکی و جۆرێک لە تووڕەیی و گرێی دەروونی لەگەڵ دایکی، لە سۆنگەی پشتگوێخستنی باوکییەوە ھەبووە، بەڵام ئایا ئەمە مانای وایە، دایکانی ھەموو دنیا وەک دایکی ئەون؟
لەم کتێبەدا، شۆپنھاوەر بە جۆرێک دەڕوانێتە ژن، مرۆڤ شۆک دەبێت کە ئەمە دیدی فەیلەسوفێک بێت، کە بەردەوام لەلایەن بەشێکی زۆر لە نووسەرانی ئێمە، پیرۆز دەکرێت. لەم کتێبەدا، ڕوانگەی ئەم فەیلەسوقە بۆ ژن، ھیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەو ڕوانگە میللی و خێڵەکی و جەماوەریەی کە بڕوایان وایە ژن پلەیەک لە خوار پیاوەوەیە، بۆیە لە کتێبەکەیدا ژنان بەکەم ئاوەز، مراوی وقاز، درۆزن و بەرژەوەندیخواز، سادە و ھیچ نەزان دەناسێنێت و ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەم فەیلەسوفە ھەڵگڕی ئەقڵێکی پەتریاکی و بووەوە لای ئەویش ژن، ھەمان ئەو ژنەیە کە لە تێڕوانینی گشتی کۆمەڵگەدا ھەیە کە تەنھا ماڵداریی و بایەخدان بە ڕوالەت و جەستە و دەزانن و شیاوی ئەوە نین ھاومافی پیاو بن و وەک ئەوان ببینرێن. شۆپنھاوەر لەو کتێبەدا دەڵێت:_( کاتێ دایکی مرۆڤ قاز بێت و باوکیشی مراوییەکی شەلی خەواڵوو ئەگەر لە شەش زانکۆش خوێندنی تەواو کردبێت، ھەرگیز ئەو کەسە نازانێ بنووسێت ئیلیاد ل ٥٧) ئەم فەیلەسوفە، کاتێک دایکی مرۆڤ وەک قاز دەبینێت، ئەوە لەلایەکەوە گاڵتەکردنە بەو گۆڕانە فسیۆلۆژیەی لە دەرەنجامی دووگیانبوونەوە ڕوودەات لەلایەکی دیکەشەوە ناڕاستەوخۆ دەیەوێت ئەوە بگەیەنێت کە ژنان بیریان تەنھا لای گەدە و خواردن و بایەخدانە بە جەستەیانە، ئەمەش پەیوەندی بەو ڕق و گرێ دەروونییە ھەیە کە بەرانبەر ژن ھەیەتی. دەنا مانای چییە، کەسێک شەش زانکۆی تەواو کردبێت و نەزانی وشەیەک بنووسێت؟ بەڕاست ھیچ فەلسەفەیەک لەو دەربڕینە بێ مانایە دایە؟
ئەم فەیلەسوفە، چونکە ئەزموونێکی تاڵ وشکستخواردووی لە ژیاندا لەگەڵ دایکی بردۆتە سەر، ئیدی بڕوای وایە دایکەکان چەند جەستەیەکی گەورە و جوان و بەھێزی وەک قازیشیان ھەبێت، ئەوا ھەر ناتوانن منداڵێک پەروەردە بکەن کە فێری زانست و خوێندەواری بێت. ھەر لەو کتێبەدا، کە ڕاستییەکەی من وامزانی ئەم فەیلەسوفە فێری ئەوەمان دەکات چۆن ڕەفتاری مرۆییانە لەگەڵ ژن بکەین، ھەر سەبارەت بە ژن دەڵێت:_( ھەر خەریکی تاس و لووسو کەیف و سەفان ئەمەیە عەشقی ژنان . ل ٨٣) بە ڕاست ھەموو عشق لەو چەند دێڕە سادەیە دایە وەک ئەوەی ئەو فەیلەسوفە دەیڵێت؟ دیسانەوە لە شوێنێکی دیکەی کتێبەکە ئەمجارەیان دەڵێت:_( نابێ بە ھیچ شێوەیەک دان بە ژنان و قەشەکاندا بنرێ . ل ٨٨) ھەروەھا دەڵێت:_( کارەکەیان جۆرێک لە مەیمون ئاسایە و تەنھا بۆ خۆ دەرخستنە . ل ٨٩) چەندین نموونەی دیکەی لەو شێوەیەش کە باسکراون و گوایا ئەم فەیلەسوفە لەو کتێبەیدا، دەیەوێت فێری ئەوەمان بکات چۆ مامەڵە لەگەلچ ژن بکەین، لە کاتێکدا ئەو ژنان بە درۆزن و لاپرەسەن و بێ ئاوەز و قازو مراوی دەچوێنێت ! ئەم کتێبە نەک شتێکی تێدا نییە، شیاوی ئەوە بێت مرۆڤ لێیەوە فێر بێت، بەڵکو ھیچ بەھایەکی ھزریی و فەلسەفیشی نییە، ئاخر جیاوازی چییە لە نێوان فەیلەسوفێک و پەتریاکێک کە ھەردووکییان بڕوایان وایە ژن ھاوتای پیاو نییە و کەم ئاوەزە و کارەکەی تەنھا نێو ماڵ و ماڵدارییە؟ ئێمە چونکە کەمترین بواری ئەوەمان بۆ ڕەخساوە بە ناو تێزە فەلسەفییەکانی بەشێک لە فەیلەسوفانی دنیا بە زمانی کوردی بخوێنینەوە، ئیدی بڕوامان وایە ھەرچییەک ئەوان گوتبیتیان ئەوا مەعریفە و فەلسەفەیە، وەک ئەو ئیدیۆمی کوردییەی زۆرجار بۆ شۆخی و ڕوونکردنەوەی فەلسەفە دەگوترێت ھێلکە لە مریشکە یان بەپێچەوانەوە؟ بۆیە مەرج نییە ھەرکێ فەیلەسوف بوو، ڕوانگەو بۆچوونیشی فەلسەفیانە بێت و دەبێ پیرۆز بکرێت ! شۆپنھاوەر لە کاتێکدا بەم شێوەیە گاڵتە بە ژنان دەکات، بەڵام ھەر خۆشی پەیوەندی لەگەڵ ژنان ھەبووە کە ئەمەش دوو ڕووی ئەو فەیلەسوفە و بەشێکی زۆر لە پیاوانمان بۆ بەرانبەر بە ژنان بۆ دەردەخات!
خوێنەری کورد بە گشتی، چونکە بواری ئەوەی نییە بە زمانەکانی تر بخوێنێتەوە و تەنھا کوردی دەزانێت (کەخۆم یەکێکم لەو خوێنەرانە) ئیدی ھەتا بەرھەمی بە ناو فەلسەفی بەشێکی زۆر لە فەیلەسوفان نەخوێنێتەوە، نازانێت چ جۆرە بەناو فەلسەفەیەکیان ھەبووە. من تا ئێستا، سەدان وتارم لە سەر ھایدگەر، کە زۆرینەی نووسەرانی کورد لەگەڵ نان و ئاویش دەیخۆن و بەردەوام لە سەر خوانەکانییانە، خوێندۆتەوە. کەچی نەمزانیبوو ھایدگەر نازییە، ھەتا کتێبەکەی ھاوڕێ نووسەرم (سەلام عەبدوڵا )** م نەخوێندەوە! دەرکەوت کە نەک ھەر نازی بووە، بەڵکو لە ڕێکخراوێکی دژە جوولەکەش زۆر چاڵاک بووە ، بگرە پشتیوانی ھیتلەریش بووە ! بە ڕاست فەیلەسوفێک ڕەوایەتی بداتە کوشتن و بە سابوونکردنی مرۆڤەکان، فەیلەسوفێک بە ھزر و دنیابینی نازی بێت، فەیلەسوفێک لەگەڵ کارەکانی ھیتلەر دابێت، دەبێ فەلسەفەیەکی ھەبێت لە خزمەت مرۆڤایەتی دابێت !
* بڕوانە: ھونەری ڕەفتار لەگەڵ ژنان، ئارسەر شۆپنھاوەر، وەرگێڕانی ، محمود عومەر باوزێ، بڵاو کراوەی کتێبخانەی فێربوون _ھەولێر _٢٠٢١.
** خوێنەران دەتوانن بگەڕێنەوە سەرکتێبەکەی ھاوڕێی نووسەرم (سەلام عەبدوڵا ) بە ناوی ( بەختیار عەلی شکستی ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیر ) کتێبەکە بە پی دی ئێف، لە بەشی کتێبی ماڵپەڕی دەنگەکان بەردەستە و دەتوانن دایبەزێنن.
Discussion about this post