زانا دزەیی : لەبەر نەبوون و کەمی ئافرەت لەبوارە جیاجیاکاندا، ئافرەت لەو کۆمەڵگەی خۆماندا ئەگەر تۆزێک بوێر بێت پێی دەگوترێت داھێنەر! کە دەبوو ناونیشانی “دەستپێشخەر”ـیان پێدرێت نەک داھێنەر.. من باسی ئەم ئافرەتە راگەیاندنکارانە دەکەم کە لەم چەند ساڵەی دوایدا لەئەنجامی ئەم پێشکەوتنە خێراییەی لەکوردستان دروست بوون ئەوانیش دەرکەوتن.
ئەم رۆژەی پێشکەشکار خاتوو ناز عەبدوڵڵا لەلایەن سەنتەری رۆشنبیری مەستوورەی ئەردەڵانی وەک لاوی ساڵ ھەڵبژێردرا، من لەوێ پیرۆزباییم لە “ناز خان” کرد و ئێستا دووبارە پێی دەڵێمەوە پیرۆزە..
لە مەراسیمەکە کە من و کاک بێستوون نوری سەرنووسەری گۆڤاری (سڤیل) پێکەوە داوەتکرابووین، بە سەرنووسەرەکەی خۆم گوت “ناز عەبدڵڵا پێشکەشکارێکی زۆر جدی و چالاکە، بەڵام زۆریش کلاسیکە”. سەرنووسەرەکەشم گوتی “ئاخر ئەو کلاسیکە وایکردووە ناز زیاتر لەوانیتر مەقبوولتر بێت”. دەشێ ئەو قسەی کاک بێستوون سەد لەسەد راست بێت، ئەی ئەوە نییە لەزۆربەی فێستیڤاڵ و میھرەجان و بۆنە نیشتیمانییەکانییەکان ھەر بە “ناز”ی دەدەن پێشکەشی بکات، بەڵام ناز عەبدوڵڵا تائێستا لە دەستپێشخەریەکەی زیاتر ھیچ داھێنانێکی نەکردووە. وەکو گوتوونەی “ناز بە کلاسیکەوە جوانە” توانیوویەتی ھەموو ئەو کەسانە رازی بکات کە کلاسیکن و حەز بە ستایلی کلاسیک بکەن، لەخوا بەزیادبێ کۆمەڵگەی کوردیش بەرۆشنبیر و ھونەرمەند و سیاسەتمەدارەکانیشمانەوە ھەموویان کلاسیکن.
ئەڤین ئاسۆ کچێکی ئازادە، توانی لە کۆمەڵگەیەکی ژنکوژی داخراوی پیاوسالاری وەک کوردستان ئازادیەکی تەواو وەربگرێ و قەناعەت بە خانەوادەکەی بکات لەگەڵ پیاوێکی راگەیاندنکاری وەک “ئارامۆ” رێکبکەوێت و لەپێناو کاری راگەیاندن و پێشکەشکاری سەفەری چەندین دەرەوەی وڵات بکات. لەوێ چوو بۆ ئەوێ، پرۆپاگەندەی خەڵکی لەبارەی خۆیەوە بەلاوەنا و وەک ئەڤین ئاسۆ خۆی ھێشتەوە. زوو چاوەکانی خۆی کردەوە، ئەوە بەھێزترین خاڵی ئەڤین ئاسۆیە، جگە لەوە شتێکی بەھێزتری نییە شیاوی باسکردن بێت. دەنا لەماوەی تەمەنی پێشکەشکاری خۆیدا تائێستا ئەڤین لەبەرنامەکانیدا شتێکی وای نەوروژاندووە ببێتە باسی خەڵک و مشتومڕ دروست بکات، ئەو پێش تەمەنەکەی خۆی نەکەوت، پێشکەشکارێکی ئاساییە و بەرنامە و میوان داوەتکردن و پەیوەندی وەرگرتن و خواردن دروستکردنەکەیە، ئەمە ناچێتە قاڵبی داھێنان.
دەشنێ لەدەرکەوتنی بەرنامەی بێکۆنترۆڵ دەرکەوت، ئێستاش ھەر بە بەرنامەی بێکۆنترۆڵ لای خەڵک ماوەتەوە، دیاری خەڵک شتێکی نوێی بینی بیری ناچێتەوە، کچێکی ھەرزەکار بوو، دەیوست وێنەیەکی رۆژئاوا بەکوردستان نیشاندا. تەواو “بێشەرم” مەبەستم بوێرییەکەیە، کە پێش ئەو بەرنامەی لەم جۆرە و ئسلوبی پێشکەشکارێکی وەک ئەو نەبوو، من دڵنیام دەشنێ خۆی ئەو داھێنانەی دروست نەکردووە بۆئەوەی بیەوێت لەشاشە داھێنانێک بکات، بەڵکو سروشتی دەشنێ خۆی وابوو، ئەوەی لە بێکۆنترۆڵ بینیمان ئەوە دەشنێی قۆناغی راستەقینەی ھەرزەکاری ئەو بوو. کە لەبڵاوکراوەکان و تۆری ئینتەرنێت سەدان شت لەسەر بەرنامەی نوسرا کە زۆربەیان رەخنەبوون، بەڵام ھەمیشە شتێ نوێ بەر رەخنە دەکەوێت و بەتێپەڕبوونی کات دەبێتە داھێنان یان دەستپێشخەر.
بەڵام دەشنێ لەدەستپێخەری دەرچوو توانی داھێنان بکات، بێویژدانییە ئەگەر بڵێین دەشنێ داھێنانی نەکرد، بەبڕوای من ھەر دەرکەوتنی دەشنێ خۆی لەخۆیدا جۆرێک بوو لەداھێنان، دوای ئەویش لەلایەن چەند کەسێکی ترەوە ھەوڵی لەمجۆرە درایەوە، بەڵام وەک دەشنێ سەرکەوتوو نەبوون.
ئێستا دەبێ بڵێم بەداخەوە دەشنێ زوو لەداھێنانەکەی وەستا. مەبەستم پێشکەشکارییە، نەک کارە ھونەرییەکەی، ئەوەتا دەشنێ لەچاوپێکەوتنێک لەگەڵ سڤیل دەڵێت “من تەمەنم گەورە بووە و مێشکم گەشەی کردووە، وەک بەرنامەی بێکۆنترۆل نیم و وەک ئەویش دەرناکەومەوە”. ئەگەر دەشنێ بە ئسلوبی “شەپۆلەکانی ژیان بەردەوام” بەردەوام بێت و نەگەڕێتەوە دەشنێکەی جاران. ئەویش بای.
چونکە ٢٧ ساڵ تەمەنێکی ئەوەندە گەورە نییە دەشنێ لەزۆر شت خۆی قەتیس بدات و نەتوانێ وەک گەنجێک ھەڵسوکەوت بکات، بەپێچەوانەوە بە ئسلوبی بێکۆنترۆڵ دەشنێ دەتوانی زۆر شتی نوێتر و داھێنانی تر بکات. ئامۆژگاری من بۆ دەشنێ ئەوەیە بگەڕێتەوە ئسلوبی جاران، بەڵام بە ئامانجێکی تر.