ئەحمەد سەنگاوی: لە سەرەتای سەرھەڵدانی تۆپی پێ مەشق و ڕاھێنان نەدەکرا، تەنھا ئەوە گرنگ بوو ھەردوولا بەر لە دەستپێکردنی یاری رێک دەکەوتن لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی یاریزان بەسەر ھەردوو تیپدا لە نێو یاریگا، لەم دۆخەدا قورسترین بەرپرسیارییەتی دەکەوتە ئەستۆی کاپتنی تیپەکان لە چۆنیەتی ئاراستەکردنی یاریزانان و دەگەڕان باشترین و بەئەزموونترینی تیپیان ھەڵدەبژارد وەک رابەر بۆ ئاراستەکردن و نەخشەدانان و پابەندکردنی یاریزان بە شوێن و جێگای یاریکردنەوە، بە پێی ئەو ئەزموون و شارەزاییەی کە لە بوارەکەدا ھەیەتی.
ئێستا با بپرسین جیاوازییەک ھەیە لەنێوان راھێنەر (المدرب) و بەڕێوەبەری ھونەری (المدیر الفنی)؟ ئاخۆ لەم سەردەمی تازەگەرییەی نێو تۆپی پێدا زاراوەی بەرێوەبەری ھونەری شیاوتر نییە؟ وەک لە دەستەواژەی راھێنەر؟ کۆی ئەم لقانەی لە خوارەوە باسی دەکەین لەژێر فەرمانی بەڕێوەبەری ھونەریدان، بەڕێوەبەری ھونەری لە نموونەی مۆرینھۆ،گواردیۆلا و… تاد.
-راھێنەری گشتی: ئەرکی مەشق و ڕاھێنانە بە تیپەکە، بە تایبەت ئەو پێداویستییانەی کە گرنگی ھەیە بۆ گەشەکردنی ئاستی یاریزان، ھەر لەڕووی ھونەریی و بەھێزکردنی توانای جەستەیی و مەشقپێکردن بە تۆپ و بە بێ تۆپ و دانی زانیاری بە یاریزانان و وتنەوەی وانەی تێوری پراکتیی پێیان و جێبەجێکردنی، ھەموو ئەم ئەرکانە لەژێر فەرمانی بەڕێوەبەری ھونەریدا بەڕێوە دەچێت.
-یاریدەدەری راھێنەری گشتی: زۆربەی جار راھێنەرێکی لاو دەستنیشان دەکرێت بۆ لەئەستۆگرتنی ئەم ئەرکە، بە تایبەت ئەو یاریزانانەی واز لە یاریکردن دەھێنن بۆ پەیداکردنی ئەزموونی زیاتر، بۆ وێنا پێشووتر (گواردیۆلا، لویس ئەنریکی) ئەم قۆناغەیان ئەزموونکردووە و لێرەوە دەستییان پێکرد، بۆ سوودوەرگرتن لە تەجرووبەی راھێنەر و دروستکردنی بنەمایەکی گرنگ لە کاری راھێنەرایەتیدا.
– راھێنەری گۆڵچی: ئەرکی بنچینەیی بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەری ھونەری مەشق و راھێنانکردنە بە گۆڵپارێز و بە شێوەیەکی چاک ئامادەی دەکەن بۆئەوەی بە باشی بتوانێت بەرگری لە دەریڤەی تیپەکە بکات.
– پسپۆڕی پزیشکی: تەرخانکراوی تیپە بۆ چاودێریکردنی پێکرانی تاک بە تاکی یاریزانان ئەنجامدانی پشکنین بە بەردەوامی، بۆ نموونە یاریزانێک تووشی شکاندن و پێکران، دەبێت ئەم پسپۆڕە ماوەی دوورکەوتنەوەی ئەو یاریزانە لە یاریگا دیاری بکات، ھەروەھا دەبێت زۆر شارەزا و لێھاتوو بێت لە چارەسەرکردنی خێرای یاریزاناندا و پێویستیشە ئامادەکاری تەواو بۆ یاریزانان بکات.
-پسپۆڕی دەروونی: پێکھێنەرێکی گرنگە بۆ یاریزانان لە چارەسەرکردنی گرفتی دەروونی، یارمەتی یاریزانان دەدات بۆئەوەی ڕزگاریان بێت لە گرێکوێرەی دەروونی و شێواندنی باری دەروونی. گرنگترین کارێک پسپۆڕی دەروونی ئەنجامی بدات ئامادەکردنی یاریزانە بۆ دۆخێک کە تێیی دەکەوێت، بۆ نموونە تیپێک لە دەستپێکی یارییەکەدا گۆڵیان لێدەکرێت یان یاریزانێک دەرفەتێکی زێڕین لە دەست دەدات یان ھەوادارانی دژبەر تانە و تەشەر لەو یاریزانە دەدەن، یاخود یاریزان لە دەرەوەی یاریگا گرفتێکی دێتە پێش، پێویستە لەسەر پسپۆری دەروونی یاریزانەکە بگەڕێنێتەوە دۆخی ئاسایی.
– وتە بێژەی فەرمی : ئەرکی وتەبێژ ئەوەیە کە ببێتە پردی پەیوەندی نێوان دەستەی ھونەری و یاریزانان، لەلایەکی دیکەوە دەبێت تەماھیەکی پتەوی ھەبێت لەگەڵ بەڕێوەبەرانی یانەکەدا، گرنگە ئەو کەسایەتییەی وەھا ئەرکێکی پێدەسپێردرێت خاوەنی کەسێتیەکی بەھێز بێت و سەنگ و قورسایی ھەبێت و ڕێز لە بڕیارەکانی بگیرێت. گرنگە لە کاتی بەرێِکردنی ئیش و کارەکانی یانەکەدا بەھەماھەنگی لەگەڵ بەرپرسی یانە و بەڕێوەبەری ھونەریدا گرێبەند لەگەڵ یاریزاناندا واژۆ بکەن. گرنگە کارامە بێت لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندن و بەوپەڕی لێزانییەوە ڕوونکردنەوەی پێویست بدات لەبارەی بیرو بۆچوونەکانی راھێنەر و یاریزانانەوە، بەتایبەتی ئەو کاتانەی یاریزان یان ڕاھێنەر باس لە نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکان دەکەن. ھەروەھا چەندین ئەرکی دیکەی ھەیە، لەوانە ئاشکراکردنی یاریزانی نوێ و تازەپێگەیشتوو و دۆزینەوەی ئەستێرەی نوێ لەیانەکانی دیکە لەسەرجەم کیشوەرەکان. ئەم وتەبێژانە کاری سەرەکییان دۆزینەوەی لاوی بەھرەدارە، کە ئومێدی ئایندەیەکی ڕۆشنی لێدەکرێت وەک دۆزینەوەی بەھرەداری (میسی) و چەندانی دیکە.
ھەموو ئەم بەرپرس و راھێنەر و پیسپۆڕ و بزیشکانە لەژێر کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەری ھونەریدایە. بەکورتی ئەوەی لە ئەمڕۆدا پێی دەوترێت راھێنەر دوورە لەراستییەوە و دەستەواژەیەکی ناتەواوە.
لە ھەفتەنامەی : ئاوێنە بڵاو کراوەتەوە.
تێبینی: ئامانجی سەرەکیم لە نووسینی ئەم وتارە, تەنھا ڕاستکردنەوەی زاراوەیەکە کەبە ھەڵە ڕۆیشتووە ئەگەر نا, تازە ناوەکە ھەر بە ((ڕاھێنەر)) ڕۆیشتووە, وەک چۆن (بارسیلۆنە). کراوە بە (بەشەلۆنە), (سیڤیلیا) یان (سیڤییا), کراوە بە(ئیشبیلیا), (زاراگۆزا), کراوە بە(( سەرە قەستە)), بەھەمان شێوەیش ((بەڕێوەبەری ھونەری)) ش, کراوە ((بەڕاھێنەر))