سەدیق سەعید ڕواندزی
بێگومان مافی ھەموو کەسێکە چۆن و لە کوێدا ئارەزوو دەکات بژیت. ئەمە بەشێکە لە ئازادییەکانی تاک و لە جارنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤیشدا چەسپێنراوە. چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و عەوداڵی بەختەوەرییە، بۆیە لە پێناو بەختەوەری خۆی و گەیشتن بە ژیانێکی بەختەوەرانە، ئامادەیە ھەموو قوربانییەک بدات و ئەوسەری گەردوون، تا ئەوسەری تەی بکات. لەو ڕوانگەیەشەوە، لە دوای ڕاپەڕینەوە تاکو ئێستاش، لێشاوی کۆچکردن و جێھێشتنی نیشتمان، لای مرۆڤی کورد بوونی ھەیە و بەردەوامیشە، بە مەبەستی گەیشتن بە بەھەشتی ئەوروپا. بەشێکی زۆر لەوانە، ئامادەنە پشت بکەنە نیشتمان و ھەموو شتێک و ھەرچی لە نیشتمان ھەیە، بە ناشیرین و قێزەوەن نیشانی بدەن. یان ئامادەن ھەموو ڕووشاندنێکی کەسی، وەک گۆڕینی ئایین و نەتەوە و زمان و کولتووری نەتەوەییش قبول بکەن، تەنھا لە پێناو پارچە کاغەزێکی بێ ھاو بێ ئەرزش، کە ناوی مافی مانەوەیە. ئەمە وێرای ئەو ھەموو تێھەڵدان و شکانەوە و ریسواکردنە بەدەستی پۆلیس و سنوورداشکردنەوە. بێگومان تا ئێرە ئاساییە و بەشێکە لە تێگەیشتنی خۆیان و ئازادی کەسی خۆیان، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە و دەبێ ڕەت بکرێتەوە ئەوەیە، کە تۆ بێیت چیڕۆکی ھەڵاتن و سەوداسەریت لەگەڵ قاچاخچی و جێھێشتنی ئازیزان و سووکایەتی پۆلیسی وڵاتان و ھەموو شکانەوەیەکی دیکە، ناوبنێیت داستان. وەک ئەوەی مێژووێکی تازەت لە قارەمانییەتی و خۆڕاگریی و داھێنان تۆمار کردبێت. چ ئازایەتی و جوامێرییەک لەوەدایە، کەسانێک شەق و تێھەڵدانەکانی پاسداران و ژەندرمە و پۆلیسی وڵاتان، بە داستان بزانن؟ نازانم ئەو کەسانە ئەو بوێریەیان لە کوێ ھێناوە، لە کاتێکدا بە ئارەزووی خۆیان و بە خواستی خۆیان، ئەو ڕێگەیان ھەڵبژاردووە. کتێبی ( داستانی سەفەر) نەک ڕۆمان، وەک ئەوەی نووسەرەکەی شوناسی ڕۆمانی داوەتە پاڵ، کتێبێکە لە بارەی کۆچکردن بۆ ھەندەران و ڕووداوە دڵتەزێنەکانی ئەم ڕێگەیە دەدوێت. ئەم کتێبە، دەکرێ بڵێین جۆرێکە لە یاداشتی ڕۆژانەی ئاسایی، کە نووسەرەکەی لە ڕێگەی سەفەر بینیویەتی و ڕۆژانە تۆماری کردوون.
ئەم سەفەرە، لە ساڵەکانی شەڕی ناوخۆ و سەرەتای نەوەدەکانەوە لە ھەولێرەوە دەست پێ دەکات و بە ئێران و تورکییا و یۆنان دەڕوات و دواتریش بە ئەوروپا کۆتایی دێت. نووسەر، دوای ئەوەی لە ڕێگەی کۆچ بەرە و ھەندەران، لەگەڵ چەندانی تر بە یاساغ سنوورەکان دەبڕێت، ئیدی چەندین نەھامەتی و سەختی دەبینێت. ئەوان ناچارن، شیری بەراز بخۆنەوە، شەڕاب بنۆشن، گوێرەکە بدزن، لەم دێ بۆ ئەو دێ لە ترسی پۆلیسی وڵاتان ھەڵبێن، تەنانەت کەسانێک ڕابواردن و گەمەبازیشیان لەگەڵ ژن کردووە، ئەمانە و چەندین ڕووداوی دیکەش، کەچی کۆمێدیاکە لەوە دایە، نووسەری بە ناو ئەو ڕۆمانە، ئەمە بە داستان دەزانێت. بگرە دوورتریش دەڕوات و دەنووسێت:_(ھیچ پارتیزانێک وەک ئێمە نەبوو) چ شەرمەزارییەکە، ڕۆیشتنت بە خواستی خۆت لە نیشتمان، بەراورد بکەیت بە پارتیزانەکان، کە ھەموو چرکەیەکییان، نێوانی مەرگ و ژیان بووە. چ نەنگییەکە، کەسێک جێھێشتنی نیشتمان، بە پارتیزانی بەراورد بکات، کە لە پێناو ئامانجێکی گەورە و دۆزێکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆیی گەورە، شەڕی مەرگییان کردووە. یاخود دەنووسێت:_( وەک ئەوەی لە جەنگێکی گەورە دابین) بێگومان کەس نییە لە ئێمە نەزانێت، کە چوونە ھەندەران بە ڕێگەی قاچاغ، چەند سەختی و نەھامەتییی تێدایە، کە زۆرجار بە مەرگی کەسەکە خۆی کۆتایی دێت. لەوەدا ھاوسۆزین، بەڵام دەبێ بزانین ئەم کۆچکردنە، بە ھیچ شێوەیەک شایەنی ئەوە نییە ناوی لێبنێیت داستان.
گومان دەکەم نووسەری ئەو کتێبە بزانێ داستان یانی چی، دەنا بوێری ئەوەی نەدەکرد ئەو ڕووداوە بێ ئەرزشانەی خۆیان لە ڕێگەی چوونییان بۆ ھەنداران ناوبنێت داستان. چونکە ئەو سەفەرەی ئەو، نە بەھایەکی سیاسی، نە بەھایەکی شۆڕشگێڕیی، نە بەھایەکی نەتەوەیی و مێژوویی نییە. بەڵکو ئەزموونێکی تاکەکەسیانەی خۆیەتی و ھیچ شتێک لە مێژووی ئێمە ناھێنێتە ئاراوە. ئەوانەی داستان تۆمار دەکەن، ئەوانە نین کە بە خواستی خۆیان و لە ڕێی ناسنامەی ساختە و سەوداسەریان لەگەڵ دنیای قاچاغدا، نیشتمان جێدێڵن. بەڵکو داستان ئەوانە تۆماری دەکەن، کە بە بێ مووچە و بە لوولەی تفەنگەکانییان، لە بەرامبەر ھێزێکی تاریکپەرستی وەک داعش وەستانەوە و دەوەستنەوە. داستان ئەوە نییە سووکایەتی و تێھەڵدانی پۆلیسی وڵاتانی ئەوروپی قەبول بکەیت، تەنھا لە پێناو گەیشتن بە بە ھەشتی ئەوروپا. ئەگەر داستان ئەو کارە سادە و تاکەکەسی و بێ بەھایانە بووایە، ئێستا نیوەی گەنجی کورد دەبووە داستاننووس.
نووسەری بە ناو ئەو ڕۆمانە، لە کاتێکدا وەک کۆچبەرێک ئەو ھەموو ناخۆشی و شکانەوەیەی لە ڕێگەدا بە دەست پۆلیسەوە بینەوە، کەچی ھێشتا لە دەیان شوێنی کتێبەکەی، بە توانجەوە باسی کوردستان و نیشتمانەکەی دەکات و ھەوڵدەدات وێنەیەکی ناشرین و بێ بەھای بۆ بتاشێت. یاخود بە گاڵتەجارییەوە باس لە کردەوە و ڕەفتاری ھاو زمان و ھاونەتەوەکانی دەکات، وەک ئەوی جانەوەرو مرۆڤی نێوجەنگەڵەکان بن. چ کۆمیدیایەکە، شەق و تێھەڵدانەکانی پۆلیسی وڵاتان بە داستان بزانیت و نیشتمانەکەشت بەبێ بەھا سەیر بکەی و گاڵتە بە ھاو زمان و ھاونەتەوەیەکانت بکەی! چ شەرمێکە، کۆچی خۆت بکەیتە کتێبێک و بوێری ئەوەشت ھەبێت ناوی بنێی داستان.لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی ئێمەدا، بە ھەزاران قارەمان لە زیندان وشاخ و شۆڕش و ژیانی پێشمەرگایەتیدا، جوامێریی و قارەمانییەتی ئەوەندە گەورەیان نواند، کە بە گیانی خۆیان تەواو بوو، کەچی ھیچ کامییان ناوی ئەو قارەمانییەتییەی خۆیان نەناوە داستان. کە چی نووسەری ئەو کتێبەکە، زۆر بە شانازییەوە، چیڕۆکی دەرچوونی لە نیشتمان، ناوناوە داستان و کردوویەتی بە کتێب. بەڵام کتێبێک، کە ڕەنگە بۆ خۆی مانایەکی ھەبێت. دەنا بۆ خوێنەر، بوون و نەبوونی وەک یەکە.
دواجار وەک خوێنەرێک کاتێ لە خوێندنەوەی ئەو کتێبە نە ک (ڕۆمان) بوومەوە، پرسیارێک کە لە خۆمم کرد ئەوە بوو،کە نووسەری ئەو کتێبە، چ کارێکی گەورەی مێژوویی و نیشتمانی و کەسی، بۆ خۆی و نەتەوەکەی کردووە، تا ناوی بنێت داستان؟ ئایا جێھێشتنی نیشتمان و سەوداسەری لەگەڵ قۆڵبرو قاچاخچییەکان و سنوورداشکردنەوە و تێ ھەڵدانەکانی پۆلیس و مانەوە لە نێو پیسایی و ئاوەڕۆی وڵاتان، شایەنی ئەوەن ناو بنرێن داستان؟ نەنگییەکی زۆرە نووسەرێک ئەم ڕووداوە کەسی و تایبەتییانەی ژیانی خۆی، بە داستانی بزانێت. ھیودارم لە چاپەکانی داھاتوو، وشەی داستان لە ناونیشانەکە لابەرێت، یاخود بیکاتە سەفەری جێھێشتنی نیشتمان وگەیشتن بە ئەوروپا، ئەوکات منی خوێنەریش ھیچ سەرنجێکم نابێت.
*پەراوێز: داستانی سەفەر، نووسینی: باھۆز مستەفا، بڵاوکراوەی خانەی کولتوور، ٢٠٢٠.
*ئەم بابەتە لە ھەفتەنامەی ڕێگای کوردستان، ژمارەی ڕۆژی ٢٠/٤/٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە………