هونەرمەندى دەرهێنەر ئەمیر تەها دوابەدواى ئەوەى فیلمێکى دیکۆمێنتى دەربارەى لەیلا قاسم و مشکۆ بەرهەمهێنا، لە ئێستادا خەریکى بەرهەمهێنانى فیلمى “کامەیە خانەوادەکەم” کە فیلمێکە دەگەڕێ بەدواى ژیانى عەلى هەڵەبجەیی. دەربارەى ئەو فیلمە ئەمیر تەهاى دەرهێنەر گوتى: کامەیە خانەوادەکەم، فیلمێکى دیکۆمێنتیە سەبارەت بە کوڕێک کە ناوى ئێستاى عەلییە، کەسێکى تەمەن 21 ساڵانە دواى زانینى ئەوەى کە لە کارەساتى کیمیابارانى هەڵەبجەدا تەمەنى دوو مانگ بووە و لە خانەوادەکەى دابڕاوە و لەلایەن ئافرەتێکى ئێرانى بەخێو کراوە بڕیارى هاتنەوە بۆ کوردستانى دا بۆ ناسینى خانەوادەکەى و گەڕانەوە بۆ باوەشى نیشتیمان، لە ئێستادا خەریکى کارکردنم لەو فیلمە.
فیلمەکە بە شێوەیەکى تۆمارى بەدواى رووداوەکان کەووتووە و تا ئێستا لە وێنەگرتن بەردەوامین گەیشتینە ئەوەى خوێن لە سەرجەم خانەوادەکان و عەلى وەرگیراوە و نێردراوە بۆ پشکنینى (dna) سەرجەم خانەوادەکان لە فیلمەکەدا باسى کوڕى خۆیان دەکەن کە چۆن لە کاتى کیمیابارانەکە لێیان بزر بووە و سۆراخى نازانن، فیلمەکە پەنجە لەسەر قۆناغەکانى ژیانى عەلى دادەنێ و پەنا بە خوا لە ماوەیەکى نزیکدا تەواو دەبێ و نمایش دەکرێ.
جێی ئاماژە دواى دراماى بێسەرپەرشتان ئەمیر تەها ئەوە چوارەمین فیلمى دیکۆمێنتە کە بەرهەمى دێنێ.