حەمەسوار عەزیز : “وێرانە” تاکە نمایشی کوردستان بوو لەو فیستیڤاڵەدا کە لە پێشبڕکێی فیستیڤاڵدا بوو، ئەم نمایشە لە ئامادەکردن و دەرھێنانی کامەران رەئوف و نواندنی کامەران و بەکر مەعروف بوو.قسەکردن لەسەر ئەم نمایشە قسەکردن نییە لەسەر شایستەیی یا
ناشایستەیی ھونەرمەند کامەران رەئوف کە خەڵاتی باشترین ئەکتەری لەم فیستیڤاڵە بردەوە، چونکە لە کۆتاییدا کامەران ئەکتەرێکی زۆر بەتواناو داھێنەرە شایستەی ئەوەیە ڕێز لە ماندووبوون و داھێنانەکانی بگیرێت و ئەم خەڵاتەش زۆر شایستەیە بە کاروانی پڕ داھێنانی ئەم ھونەرمەندە گەورەیە کە نەوەکو ھەر لەسەر ئاستی کوردستان بەڵکو بە پشتڕاستکردنەوەی شانۆکارە گەورەکانی عێراق، کامەران یەکێکە لە باشترین ئەکتەرەکانی کوردستان و عێراق.
“وێرانە” چیرۆکی مامۆستایەکی مێژووە پاش ئەوەی بەبێ تاوان لەسەردەمی ڕژێمی سەدامدا ھەژدە ساڵ بەند دەکرێت، لە ساڵی ١٩٩٤ ئازاد دەکرێت و بەسەر ساتە گەرمەکانی شەڕی ناوخۆی کوردستاندا دەگەڕێتەوە و دەرھاوێشتەکانی ئەو شەڕە بەسەر خێزان و ماڵەکەییدا دەبینێت.
من حەز دەکەم قسە لەسەر تێگەیشتنی ماڵ بکەم لەم نمایشەو لە کۆمەڵگای رۆژھەڵاتی بەتایبەتی، لە کۆمەڵگای رۆژئاوایی ھەمیشە ھەوڵێک ھەیە بۆ دەربازبوون لە چەمکی ماڵ بەرەو ماڵێکی گەورەترو فراوانترو ئازادتر، کە نیشتمان یا پانتاییەکی گەورەترە لە جوگرافیای نیشتمان، چونکە لەوێدا لە ماڵە گەورەکە ئازادی و مافی مرۆڤ و مافی ئینتما مسۆگەر کراوە، لەوێدا لە کۆمەڵگای رۆژئاوایی ھەڵاتن لە ماڵ ھەڵاتنە لە ئازادییەکی سنووردار بۆ ئازادییەکی فراوانتر و ئینتمایەکی گەورەتر، بۆیە ھەمیشە ئەو ھەڵاتنە سیمای جیاکەرەوەی کۆمەڵگەی ئەوروپییە.
لەلای خۆمان ئەم تێگەیشتنە تەواو پێچەوانە دەبێتەوە، ھەمیشە خوڵیاو خەیاڵی گەڕانەوە بۆ ماڵ و دروستکردنی ماڵ بە مانا سادەکەی لەھزری تاکەکاندا ڕەنگدەداتەوە، ھۆکەشی ئەوەیە ئێمە لە ماڵە گەورەکە کە نیشتمانە ھەست بەو ئازادییەو ئینتمابوونە ناکەین کە دەکرێت لەنێو ماڵێکی سادەدا ھەستی پێبکەین.
لە ماڵی نیشتمان ھەست بەدڵنیایی و ئەمان و یەکسانی و دادپەروەری ناکەین و ھەمیشە وەک غەریبێک لەم نیشتمانە دەردەکەوین و ھەرگیز ڕێگەمان پێنادرێت کە تیاییدا ھەست بە بوون و ئینتما بکەین، بۆیە ھەمیشە ھەوڵی گەڕانەوە دەدەین بۆ ماڵە بچوکەکە، ئەو ماڵەی کە تیاییدا ھەست بە ئینتما دەکەین، ھەستدەکەین ئێمە بەشێکین لە سیستمی کارکردن و بەڕێوەچوونی ئەو چەمکە ئینسانییە و لە کاتی ناخۆشی و ئازارەکانیش دەرگایەکمان ھەیە کە لێیبدەین.
(نەوزاد_کامەران رەئوف) پاش ھەژدە ساڵ کە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ بەدوای ئەو ئەمان و ئینتمادا دەگەڕێت، پاشئەوەی دەبینێت لە ماڵە گەورەکە (نیشتمان) ئەو دڵنیایی و ئینتمایە لەژێر ڕێژنەی لولەی تڤەنگەکان وون بووە، ھەوڵدەدات لە ماڵە بچوکەکەی خۆی ئەو بەھەشتە بدۆزێتەوە کە ھەژدە ساڵە خەونی پێوەدەبینێت و ھەموو ئازارو ئەشکەنجەکانی زیندانی بەو ھیوایە بەڕێکردووە، بەڵام لەگەل ئەوەشدا کاتێ لە دەرگا دەدات ھیچ پەرۆشی و خۆشییەک بەڕوخساری نابینرێت، ڕەنگە ئەوە ئەو ترسە بێت کە تڤەنگە شەڕکەرەکان لە ناخی نەوزاددا دروستیانکردووەو دەترسێت لەو دیو دەرگاوە ئەو بەھەشتە نەبینێت کە چاوەڕوانیەتی.
لێرەدا کاریگەری ئەو شەڕەی کە نەوزاد خۆشی نازانی “کێ کێ دەکوژێ؟”، بەسەر ماڵەکەی نەوزاد و ماڵی ھەموو نەوزادەکان ڕەنگدانەوەی ھەیە، بۆیە ماڵ ھەموو تێگەیشتنە ئەفسوناوییەکەی خۆی لەدەستدات و دەبێتەوە زیندانێکی تر کە تیاییدا یادەوەری و ساتە بەسەرچووەکان ئازاری خاوەنەکەی دەدەن.
گەڕان بەدوای ماڵ و ئینتمای ماڵ بەردەوام دەبێت، ئەمجارە نەوزاد پاش ئەوەی لە ماڵەکەی خۆی بێئومێد دەبێت ڕوو لە ماڵی دایکی دەکات، ئەو دایکەی ھەمیشە لەنێو باوەشیدا سۆزو خۆشەویستی ئەمانی پێبەخشیوە، بەڵام دایک دەمێکە مردووە، لێرەدا نەوزاد تێگەیشتن و چەمکی ماڵ لەنێو گۆڕستان و لە باوەشی گۆڕەکەی دایکی دەدۆزێتەوە، ئەو دایکەی کە ئامادەیە نەوزاد بخاتە سەر سنگی و گوێ لە سکاڵا و شکاتنامەکەی بگرێت.
لەڕووی ئەداکردنەوە کامەران ئەکتەرێکی زۆر بەتوانایەو ھەمیشە دەتوانێت زۆر ببەخشێت بەو کاراکتەرانەی کە ئەدایان دەکات، بەڵام کامەران لەسەر شانۆ کەسێکی ئاسایی نییەو ناتوانین بەدەر لە باگکراوەندی پڕ داھێنانی ئەم ئەکتەرە تەقییمی ئەدای کامەران بکەین، بۆیە ھەمیشە وەک بینەر چاوەڕوانی زیاترمان لێی ھەیە، چاوەڕوانبووین لەم نمایشە کامەران لە فۆرمێکی تازەتر ببینینەوە کە تیاییدا فۆرماتێکی سەردەمیانەی ئەو ئەدا ستانسلافسکییانەی کردبێت و زیاترمان پێببەخشێت لە بیناکردنی فۆرمی کارەکتەر و ئاماژە شانۆییەکان، بەڵام ئەوەی زۆر بەڕوونی دەبینرا ئەو ئیحساسە پەنگخواردووە ناوەکییەی کامەران بوو کە نەیتوانی بەشێوەیەکی جوانکاری لەنێو جوولەو فۆرم و ئاماژەدا تەوزیفی بکات.
ئەوەی زیاتر بۆ من ناخۆش بوو ئەو تۆنە گریاناوییە بوو کە لەسەرەتاوە تا کۆتایی نمایشەکە بەسەر ئەداو دەنگی کامەراندا زاڵ بوو، تۆنێک کە دەیوست سۆزی ئێمەی بینەر بۆخۆی دەستەمۆ بکات و بمانخاتە ژێر کاریگەری ئیحساسە ھەڵچووەکانی ئەکتەر و عەقڵ و بیرکردنەوە بخاتە دەرەوەی پەراوێزی لێکدانەوەو بیرکردنەوە، بینەر تووشی گرژییەکی نەخواستراو بکات، ڕەنگە ئەم سیستمەی کارکردن بۆ ھەشتاکانی سەدەی ڕابردووی کوردستان باو و گونجاو بووبێت، بەڵام بۆ ئێستا و ئەو ڕەوشە تازەیەی بینەری کورد ھەرگیز جێگەی قەبوڵ نییە.
کامەران دەیتوانی بۆ ئەوەی ئەو ڕیتمە گریاناوییەی نمایشەکەی بشکێنێت پەنا بۆ کۆمەڵێک ساتی جیاواز ببات، بەگەڕانەوە بۆ کۆمەڵێک یادەوری جیاواز ئەو ڕیتمە بشکێنێت و فرەڕەنگییەک بە ئەداکردنی خۆی ببەخشێت کە دەیتوانی لەم ڕێگایەوە داھێنانی زیاتر لە ئەداکردنی ئەم کارەکتەرە بکات و ئێمەی بینەریش لەوحاڵەتە سایکۆلۆژییە دەرباز بکات کە خەریکبوو دەیکردین بەبەشێک لەو حاڵەتە پڕ ھیستیریایەی نمایشەکە.
نەوازد لەم نمایشە کارەکتەرێکی ماندووە و شەو و ڕۆژەکانی زیندان و دەنگی ڕێژنەی تڤەنگەکان زۆر ماندوویان کردووە، بەڵام ئەوەی من بینیم زیاتر ئەکتەرێکی ماندوو بوو نەوەکو کارەکتەرێکی ماندوو، ئەمەش ڕەنگە بۆ کۆمەڵێک فاکتەر بگەڕێتەوە کە وادەکات ئەکتەر نەتوانێت بەدروستی مامەڵە لەگەل کارەکتەر بکات و ھەر خەریکی ڕاکردن بێت بەدوای دیکۆر و موزیک و جلوبەرگ و ھەموو پێداویستییەکانی نمایش، ئەمە جگە لەوەی ھۆڵەکە بە ھۆی ژمارەی بینەرانی نمایشەکە زۆر گەرم خنکێنەر بێت چونکە ژمارەی بینەری ئەم نمایشە زۆر لە توانای جێکردنەوەی ھۆڵەکە زیاتر بوو.
بەکر مەعروف لەم نمایشە ئەگەر لەچەند کلاکێتێک دەردەکەوێت بەڵام وەک ئەکتەرێکی بەسەلیقە ئەدای ئەو سێ کارەکتەرە دەکات کە جیھانی کارەکتەری سەرەکی نمایشەکە دروستدەکەن و کاریگەری زۆر بەسەر بینای سایکۆلۆژی ئەو کارەکتەرە بەجێدێلێت، بە تایبەتی لە کارەکتەری خەزوور لە پانتاییەکی زۆر بچوکدا توانایەکی جوان نیشاندەدات و بەو موباڵەغە شیرینە کارەکتەری خەزوور ئاشناتر دەکات وکاریگەرییەکی جوان بەسەر نمایشەکە جیدەھیلێت.
تەوزیفکردنی سینۆگرافیا لەم نمایشە تەوزیفکردنێکی سادەیەو دەرھێنەر زیاتر ھەوڵدەدات پانتایی نمایش بە توانای داھێنەرانەی ئەکتەر ببەخشێت، ئەمەش زۆر لەجێگەی خۆیەتی بۆ دەرخستنی توانای داھێنانی ئەکتەر، بەڵام لەم نمایشە لە ھەندێ حاڵەت ھەست بە نامۆبوون دەکرێت لەنێوان ئەدایەکی واقیعیانەی ئەکتەرو سینۆگرافیای ناواقیعی نمایشەکە، ئەمەش ئەو ھاوکێشە دژوارە بوو کە دەرھێنەر ویستی لەیەکەی نمایش و لە دروستکردنی تێکستی نمایشدا تەوزیفی بکات، ڕەنگە جوانترین ساتەکانی دروستکردنی ئەم وێنەیەش لە کۆتایی نمایشەکە بێت کاتێک سینۆگرافیا وەک عەرەبانەو ڕێگا لە وێنەیەکی پڕجوانکاری ئاوێتەی جولەو ئەدای ئەکتەر دەبێت وفۆرمێکی جیاواز لە ئاوێتەبوونی ئەکتەرو سینۆگرافیا دادەڕێژێتەوە.