بورھان شێخ ڕەئوف
مستەفا کازمی سەرۆکی دەزگای ھەوڵگری نیشتمانی عێراق سێ یەم کاندیدە بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵی ٢٠٢٠ ەوە تا ئێستا کە سەرۆک کۆماری عێراق بەرھەم ساڵەح ڕایبسپێرێت بۆ پێکھێانی کابینەی نوێ لە دوای شکستھێنانی پارێزگاری پێشووی نەجەف عەدنان زرفی بۆ پێکھێنانی حکومەت و پێشتریش موحەمەد عەلاوی بە ھەمان شێوە شکستی ھێنا .
کازمی لە تویتێکدا لە ٩/٤/٢٠٢٠ نووسیبوی بە ھەرچوارزمانی عەرەبی و کوردی و فارسی و ئنگلیزی ( بەڵێن بە گەلەکەم دەدەم کە حکومەتێک پێکبھێنم ئامانج و ئاوات و خواستەکانی ئەوان لە پێشینەی کارەکانم بێت , پاراستنی سەروەری نیشتمان و پاراستنی مافەکان و کاربۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان وپێشخستنی ڕەوڕەوەی ئابووری بۆ پێشەوە , ھەروەھا دەبێت چەک بە ھەموو جۆرەکانیەوە بە دەستی دەوڵەتەوە بێت .
ئاماژەکان وا پیشان دەدەن کە مستەفا کازمی متمانەی نوێنەران بە دەست بھێنێت لە ئەنجومەنی نوێنەران , بە پێچەوانەی دووانەکەی پێش خۆی , چونکە لە مەراسیمی ڕاسپاردنەکەی دا سەرۆکی فراکسیۆنە گەورەکانی شیعە ئامادەبوون , جگە لەوەش کۆدەنگیەکی گەورەھەیە لە سەر دەنگدان بە کابینەکەی لەلایەن کوردو سوونەیشەوە , ھەرچەندە ئەرکەکەی کازمی ھێندە ئاسان نابێت و پێوستی بە ھەوڵ و دیالۆگی جدی ھەیە لە گەڵ فراکسیۆنە جیاوازەکاندا بۆ دیاریکردنی وەزیرەکان .
ئالەنگارییەکانی بەردەم کابینەکەی کازمی
١. داخوازی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانەکانی شارەکانی بەغداد و باشووری عێراق کە ئێستا بە ھۆی مەترسی کۆرۆناوە چوونەتە ماڵەو ە کە ٧٠٠ کوژراو ٢٥ ھەزار بریندارو ھەزاران کەسیان لە زینداندان و ھەڕەشە دەکە کە بە نەمانی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەڕێنەوە سەر شەقامەکان تا بە دیھاتنی داخوازییەکانیان .
٢. چارەکردنی کێشەی دابەزینی نرخی نەوت کە ئەمە کێشەی تازەیە و پێشتر نەبوو , کورتھێنانی گەورەیە لە بوودجەی عێراقدا .
٣. بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی نەفرەتی کۆرۆنا کە ھەموو جیھانی گرتۆتەوە و ژیانی ئیفلیج کردووە .
٤. چەکی دەستی میلیشیا کان کە ئەمەش قەیرانێکی گەورەیە بوونی ھەیە و ھەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیری عێراق دەکات , مێژووش پێمان دەڵێت لە ھەرکوێی ئەم جیھانەدا حوکمی میلیشیای چەکدار ھەبوو بێت بەربەست بووە لە پێشکەوتن و ئارامی .
ئێران و کازمی
ھەرچەندە کاتی کوژرانی قاسمی سلیمانی و ئەبومھدی موھەندیس ھەندێک تاقم گروھە شیعەکانی نزیک لە ئێران بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە سەرۆکی یەکێک لە دەزگا ئەمنیەکانی عێراق بەشدارە لە و ئۆپەراسیونەدا کە مەبەستیان کازمی بوو , بەڵام ئێستا باس لەوە دەکرێت کە کازمی لە لایەن ئێرانیەکانەوە پشتیوانی گەرمی لێدەکرێت بە حوکمی ئەوەی سیاسەت و ھەڵسووکەوتەکانی لە دەزگای ھەواڵگری ھاوسەنگ بووە و توانیوویەتی ھاوسەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا ڕابگرێت .
ئەمریکا و کازمی
ئەمریکاش خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیووە بۆ کاندید کردنی کازمی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق , تەنانەت لێکۆڵەرێکی ئەمریکی لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژھەڵاتی دوور ( مایکڵ نایتس ) دەڵێت : کازمی کەسایەتیەکی نیشتمانی بەھێزە و , بیرمەندە , ھەربۆیە ئەگەر بکرێت بە سەرۆک وەزیران ئەوا ڕووبەرێکی فراوان دەخوڵقێت بۆ دیالۆگ لە نێوان عێراق و ئەمریکادا سەبارەت بە بابەتەکانی کۆمەکی ئابوری و چاوپۆشی لە سزاکان و ھاریکاری سەربازیش .
لە کۆتاییدا ھەرچەند کابینەکەی کازمی کاتیەو بۆ ساڵێکە و دەبێت سەرکردایەتی ماوەی ڕاگوزەر بکات و خۆئامادەکردن بۆ ھەڵبژاردنی پێشووەختە کە لە وتارو تویتەکانیدا ئاماژەی پێ نەدا , پێشبینی ئەوە ناکرێت گۆڕانکاری گەورەو کاریگەر بکات , بەڵام ئومێدی ئەوەی لێدەکرێت کە ببێتە کلیل و ھەنگاو بۆ سەردەمێکی نوێ کە جیاواز بێت لەمەی ئێستا .