جەمالى دەلاک : نەتەوەى کورد لەبوارى هونەرى میوزیک و گۆرانى کوردى گەلێک دەوڵەمەندە و خاوەنى گەلێک هونەرمەندى بەتواناو گەورەیە ، هەریەکەیان بە هونەرەکەیان لەهەربوارێکى هونەردا بێت خزمەتێکى گەورەیان بەم نەتەوەیە کردووە و ئەرشیفى هونەرى نەتەوەى کوردیان دەوڵەمەندکردووە ، گەورەیى و بەتوانایى ئەو هونەرمەندانە زیاتر لەو خاڵەدا بەرجەستە دەبێت کە زەمەن و کاتە کە ئەوانى تێدا ژیاوون ،
ئەو سەردەمەى ئەو هونەرمەندانە خزمەتیان بەهونەرى ئەم نەتەوەیە کردووە ،بارودۆخى سیاسى و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى زۆر دژواربووە و هەروەها نەبوونى یان کەمى بوارى تەکنیکى و زانستى تۆمارکردن ، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو گرفتانەدا ئەو هونەرمەندانە ، چ وەک گۆرانیبێژ یان میوزیکژەن ، خۆبەخشانە توانیویانە ئەو هەموو بەرهەمە جوان بەنرخانە تۆماربکەن تەنانەت باجیشیان داوە و زەحمەتێکى زۆریان چەشتووە تا ئەو بەرهەمەیان لەئیزگەکاندا تۆمارکردووە ، ئەمڕۆ بوونەتە ئەرشیف و هەتائێستاش کەبەرگوێمان دەکەون پڕیەتى لە کۆمەڵێک جوانى و لێوانلێو لەبەها جوانەکانى هونەر چ لەڕووى دەنگ و ئاوازو تەنانەت هەڵبژاردنى تێکستى گۆرانییەکان ، چونکە دەنگەکە و ژەنینى ئاوازەکە مۆرکى ڕەسەنایەتى تیادا بەدى دەکرێت هەرگیز نامرن و ڕۆژ بەڕۆژ خۆیان نوێ دەکەنەوە ، دەکرێت شانازیان پێوە بکەین و بیان کەینە ناسنامەى هونەرى نەتەوەکەمان ، ئەو هونەرمەندانە( گۆرانبێژ و میوزیکژەن ) گەلێک زۆرن لەتەواوى کوردستاندا بەگشتى و لە هەموو دیالێکتەکانى زمانى کوردیدا ، خەرمان بەرەکەت و ڕێزو حورمەت و خۆشەویستى بۆ ئەو هونەرمەندانە کەلەژیاندا ماون و دەستى ماندووبونیان دەگووشین ، ئەو هونەرمەندانەى کەلەژیاندا نەماون ڕووحیان شاد بێت و گڵکۆکانیان پڕبێت لە نوور ،
ڕۆژى (26/6) (38) ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کۆچى دوایى هونەرمەندێک ، بلیمەتێک مامۆستا لە گۆرانى کوردى هونەرمەندى کۆچکردوو (حەسەن زیرەک) ە ، ( ڕووحى شادبێت)
حەسەن زیرەک ئەو دەنگەى کە مێژوویەکى گەورەو بەنرخى هەیە لەئەرشیفى هونەرى میوزیک و گۆرانى کوردى ، خاوەنى ئەو دەنگەى بۆ هەردوو ڕەگەزو هەموو تەمەنەکان و چین و توێژەکانى کۆمەڵگاى کوردى ، حەسەن زیرەک ئەو هونەرمەندە مەزنەى هەر دەرفەتێکى بۆ ڕەخسابێت درێغى نەکردووە لە خوێندنى گۆرانى و ئیزگەى کوردى نەماوە ئەو هونەرمەندە خۆى نەگاندبێتێ و گۆرانى تۆمارنەکردبێت ،شارو شارۆچکەو گوندى کوردستان نەماوە ئاهەنگ و بەزم و خۆشى شادى بۆ کۆڕو کۆمەڵەکەى نەبەخشى بێت ،
لە گۆرانیەکانیدا جگە لە دەنگ و ئاوازەکەى سیناریۆیەکى ئامادەکردووە و دەیداتە گوێگر وەک لە گۆرانى
( شاییى دەگەڕێ ، کیژان دەچنە مێرگوڵان ، گەوهەرێ و کاکى جوتیار ، …تاد ) هەموو گۆرانیەکانى لەناخ و قوڵایى ژیانى کۆمەڵگاى کوردییەوە هەڵقوڵاون ، بەرهەم و کارە هونەرییەکانى حەسەن زیرەک دواى ئەو چەندین ساڵە ئێستاش پڕ فرۆشترین گۆرانیەکانى حەسەن زیرەک لە پێشەنگدایە ، لەبەر ئەوەى دەنگ و ئاواز و تێکستى گۆرانیەکانى کە زیاتر فۆلکلۆرن هێندە بەهەست و سۆزەو چڕیونى کاریگەریان لەسەر ناخى تاکى کورد داناوە ، نەک هەربۆ کەسانى ئاسایى بەڵکو دەنگى حەسەن زیرەک کاریگەرى لەسەر ئەو مرڤانەش داناوە کە پێیان دەوترێت شێت ، بۆ گەواهى دان بەم وتەیەم بەڵگەم هەیە و کە خۆم شایەتحاڵى ئەوەم ، لەم یادەوەرییەدا ، بیرەوەرییەک دەخەمە بەردییەى خوێنەر بۆ زیاتر ئاشنابوون بە بلیمەتیى و هونەرمەندى حەسەن زیرەک ،
خوێنەر دەگەڕێنمەوە بۆ ساڵانى هەشتاکانى سەدەى پێشوو ، دیارە هیچ شارو شارۆچکەیەکى کوردستان نیە کە خاوەنى شێتێک یان چەند شێتێک نەبێت کەهەریەکەیان مێژوویەکیان هەیەو خاوەنى خەسڵەتى جوانن ، بەڵام بەهۆى تێکچوونى بارى دەروونیەوە لە کۆمەڵگادا دابڕاون ، بێشک شارى سلێمانى یش بەدەرنیە لەنەبوونى ئەو مرۆڤە جوانانە کەهەریەکەیان بەشێوەکى تایبەتى خۆیان لاپەڕەکانى مێژووى سلێمانیان دەوڵەمەندکردووە ، لەو ساڵانەدا بەندە کارى سەرتاشینم دەکرد لەسەرتاشخانەى ( ئاوات ) لە سەنتەرى شارى سلێمانى لەگوزەرى سینەما سیروان و سینەما ڕەشید ، ئەو گورزەرە هەموو چین و توێژەکانى شارى سلێمانى ڕوویان تێدەکرد ، ڕۆژانە شێتەکانى شاریش وەک ( ێدیقە شێت ، حەمە شێت ، بەکرە شێت ، حەسەن ، فایەق ، سامانە شێت و قالە شێت …. و چەندینى تر ) دەهاتنە ئەو گوزەرە ئاشکرایە کەهەریەکەیان بەشێوازێکى جیاواز لەیەکترى هەڵس و کەوتیان دەکرد و ناسنامەیەکى جیاوازیان لەلاى خەڵک هەبوو ، ئەوەى مەبەستمە و پێوەندى بەدەنگى حەسەن زیرەکەوە هەیە ڕووحى شادبێت ( قالە شێتە) ئەم کەسایەتیە نەک خۆى بەڵکو خانەوادەکەشى ناسراو بوون ، قالە شێت یەکێکى باڵابەرز و قەڵەو بوو ،بەڵام بەداخەوە هەندێک کەسانى نەزان و حەزکردن بەئازاردانى مرۆڤ لەپێناو دامرکانەوەى حەزێکى کاتى و کەم بایەخ ئازارى قالە شێتیان ئەدا ، ئەم مرۆڤە لەبەر ئەوەى بارى دەروونى تەواو نەبوو ئەویش کاردانەوەى هەبوو لەبەرابەرداو زۆرجاران کارەساتى دەخوڵقاند و لە خەڵکى دەدا ، ڕۆژێک لە ڕۆژەکانى ساڵى 1983 کاتێک لەشوێنى کارەکەم کارم دەکرد ، قالە شێت هاتە ژوورەوە بەبێ ئەوى هیچ بڵێ دانیشت و لەئاوێنەکەوە لێم دەڕوانى دەستى گرت بەدەمیەوە بەبێ ئەوەى پێى بڵێى یەکێک لەگۆرانییەکانى حەسەن زیرەکى گوت ، دواى ئەوەى گۆرانیەکەى تەواوکرد وتى سەرم بۆچاک دەکەیت ، وتم قالە گیان بەسەر چاو با ئەم کاکەیە تەواو بکەم ،وتى باشە و دەستى کردەوە بەگۆرانى خوێندن ، بەڵام هەندێک لەو کەسانەى کە حەزیان بەئازاردانە هاتنە ناو دوکانەکەو هەندێک کارى ناشیرینیان بەرامبەر بەو مرۆڤە کرد ، چونکە پێشتر چەند جارێک بینیبووم سەرەتاى تێکچوونى بارى دەروونى هەردوو دەستى ئەلەرزى ، منیش بەو برادەرانەم ووت کاکە وازى لێبێنن بەڵام بێ سوود بوو ، قالە شێت هەردوو دەستى کەوتە لەرزین و هەستایە سەرپێ ، بەڕاستى منیش زۆرترسام ، بەڵام ئەوەندەم ئەزانى کەئەم مرۆڤە زۆر حەز بەدەنگى حەسەن زیرەک دەکات ، لەو کاتەدا کاسێتى گەوهەرێى حەسەن زیرەکم خستە سەر ڕیکۆردەرەکە ، قالە شێت لەلوتکەى هەڵچوون تێکچوونى دەروونیدا بوو ،کاتێک دەنگى حەسەن زیرەک کەوتە بەر گوێى ، چۆن ئاگرێک لەلوتکەى کڵپە سەندندایە و ئاوێکى بەزۆرو بەخوڕى پێدا دەکەیت ئەو ئاگرە کپ دەبێتەوە ، بەو شێوەیە دەنگى حەسەن زیرەک بوو بەتاڤگەیەک و هەڵچوون و نائارامى دەروونى قالە شێتى دامرکانەوە و لە جێى خۆیدا دانیشتەوە ، هیچ جوڵەیەکى نەکرد ، تا دیوى یەکەمى کاسێت تەواو بوو ، کەدەنگى حەسەن نەما وتى سەرم بۆچاک بکە و هەڵى گێڕەوە با دیوەکەى تریش بڵێ ،
بەهەرحاڵ سەر و ڕیشم بۆ تاشى و تەواو بووم لەکارەکەم ئەو هێشتا دانیشتوو لەنزیک ڕیکرۆدەرەکەوە تا دیوەکەى تریش کۆتایى هات ، ئینجا هەڵسا ڕۆیشت ، ئەمە ئەو یادەورییەکە دەنگى ئەو بلیمەتە نەمرە چەند کاریگەرى لەسەر هەست و سۆزو ناخى مرۆڤ هەیە ، هەروەها لەم ساڵیادەشدا ڕێزوو حورمەت بۆ هەموو ئەو ژەنیارانەى لەتەواوى بەرهەکانى ئەو هونەرمەندە نەمرەدا کاریان کردووە و هاوکاریان کردووە ڕوحى حەسەن زیرەک و قالە شێت و هەموو هونەرمەندانى کۆچکردووى نەتەوەکەمان شادبێت ،