وشیار ئەحمەد ئەسوەد: وا دەزانم لە سەرەتای ساڵانی نەوەتەکان بوو ئەودەم لە دیوێکدا گەرمەی دەرکەوتنی کۆمەڵە گۆرانییەکی نوێم بوو لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک، هاوکات زۆر بەڕژدی خۆم سەرقاڵی نووسینی ڕەخنەیی لە بواری هونەر و کاری ڕۆژنامەوانیش کردبوو، ئەوکات هونەرمەندی کاریکاتێریست عەلی دەروێش (بەمۆ)، لە بەردەم نەقابەی هونەرمەندانی عێراقدا پێشانگەیەکی تایبەتی کاریکاتێری کردەوە و لە یادم نییە ژمارەی ئەو کاریکاتێرانەی پێشانی دابوون چەند بوو، بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بەمنەوە هەبوو، هەرگیز لە یادی ناکەم کە یەک لە کاریکاتێرەکانی تایبەت کردبوو پێمەوە..
وێڕای ئەوەی ئەوکات گۆرانییەکانم لە کەرکووکدا دەنگدانەوەی باشیان هەبوو، بەڵام زۆربەی برادەرانم لە ڕۆشنبیرانی ئەوکاتی کەرکووک پێیان وابوو پتر لە نووسینەکانمدا سەرکەوتووترم وەک لە گۆرانیگوتن، بۆیە عەلی دەروێشیش لە کاریکاتێرەکەیدا بە وایەری مایکرۆفۆنەکەی دەستم، قەڵەمی پەنجەم و کتێب و کاغەزەکانی ژێر هەنگڵمی بەستبووەوە و تەواو گرێی دابووم، مەبەستیش تێیدا ئەوەبوو گۆرانیگوتن ڕێگەی نووسینم لێدەگرێت و باشترە پتر خۆم خەریکی خوێندنەوە و نووسین بکەم، ڕاستە تا ئێستایش لە گۆرانیگوتن دوور نەکەوتوومەوە، بەڵام بەپێی ئەو کاریکاتێرەی کاکە دەروێش، لەو کاتەوە تا ئێستایش ئەوەندەی بایەخ بەخوێندنەوە و نووسین لە بوارەکەی خۆمدا دەدەم، کەمتر بەلای گۆرانیگوتندا دەچم (ئەوجا چییە، چش، خوای دەکرد زمانم لاڵ دەبوو، بەڕاست قەڵەمەکەم لە مایکرۆفۆنەکە خۆشتر دەوێت).
تا ئێرە مەبەستم بوو بەو کەتوارەی خۆمی تێدا دەژیام باسی کاریگەریی هونەری کاریکاتێر بکەم.. لەوەیش واوەتر، ئەو کاتەی هونەرمەندی شێوەکار و کاریکاتێریست گرفتار کاکەییش لە دوای ڕاپەڕین لە هەولێردا پێشانگەیەکی تایبەتی کاریکاتێری کردەوە، لە ڕێگەیەوە زۆربەی بەرپرسانی ئەوکاتی ڕەخنە کردبوو، ئەوەیش بووە جێگەی سەرنج لای زۆربەیان، بەتایبەتیش برای ڕووناکبیر فەلەکەدین کاکەیی، چونکە گرفتار ئەویشی لە کاریکاتێرەکانیدا جێگە کردبووەوە، هەر لەبەر ئەوەیش بوو فەلەکەدین کاکەیی گوتی “گرفتار گرفتاری کردین”.. یەک لە کاریکاتێرەکانی دیکەیشی لەو پێشانگەیەدا، بووە هۆی بوورانەوەی هاوڕێیەکی شاعیرمان کە ئەوکات نەخۆشیی دڵیشی هەبوو، سڵاو لە ڕۆحی ئەو برادەرە ئێستا کۆچی دوایی کردووە.. هەموو ئەمانە پەیوەندییان بەکاریگەریی هونەری کاریکاتێرەوە هەیە.. کەچی سەیرە لە هونەری کوردیدا ئەم بوارە گرنگە بەسەیری کەوتووەتە پەراوێزەوە و زۆر بەدرەنگی یاخود خاوەخاوی کاری لەسەر دەکرێت، ئەمەیان تەنانەت لەلایەن خودی کاریکاتێریستەکانیشەوە.
کاریکاتێر جیا لەوەی پێوەستە بەهونەری وێنەکێشان و تا ڕادەیەکیش نیگارەوە، لەوە پتر پێوەستیی پتر لە بوارە ڕۆژنامەوانییەکەدا دروست دەکات.. من لە زۆر دەزگەی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە و گۆڤاردا کارم کردووە، لە زۆربەی ئەو شوێنانە بایەخی زۆرمان بەو بوارە دەدا، کەچی ئێستا لە زۆرترین ژمارەی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی لە کوردستاندا دەردەچن، کاریکاتێریان تێدا بزرە، بێگومان بەپاشکۆی “هونەری هەولێر”یشەوە کە دەبوو ئەم پاشکۆ هونەرییە لە هەموو ژمارەکانیدا کاریکاتێری لە ڕەخنەکانیدا بەبایەخ وەربگرتایە، یان ئەسڵەن یەک لە کارمەندەکانی کاریکاتێریست بوایە.
دارا محەمەد عەلیش کە یەک لە شێوەکارە ناسراوەکانی کوردە و لە هەولێر نیشتەجێیە، دیسان دەستێکی ڕەنگینی ئەو بوارەی هەیە و زۆر ئاسانیش نیشانەکانی لە ڕێگەیەوە دەپێکێت، جیا لە گرفتار و دەروێش، تەنانەت مامۆستا دارایش ئەم دیوەی لە هونەرە باڵاکەی خۆیدا خستووەتە پەراوێزەوە.. ئەوەی جێگەی سەرسڕمانیشە، لەگەڵ هەریەک لەو کاریکاتێریستانە و ئەوانی تریش کە توانای باشیان لە بوارەکەدا هەیە بکەوینە دیالۆگەوە، بەجۆرێک باسی بایەخ و گرنگیی کاریکاتێر دەکەن، بەپێی ئەو گرنگییە دەبوو زۆربەی کاتەکانی خۆیان بۆ ئەو بوارە تەرخان بکردایە و لانیکەم ساڵانە پێشانگەی تایبەتیان بکردایەوە، بەتایبەتی هیچ دەمێک ئەوەندەی ئێستا دەرگەی دەرفەت بۆ ڕەخنە واڵا نەبووە، دیارە کاریکاتێریش ڕۆڵی زۆر گەورە لە کاریگەرییەکانی ڕەخنەییدا دەبینێت.
پێموانییە هیچ یەکێک لەو کاریکاتێریستانە بیانووی تێچوو و خەرجیی کردنەوەی پێشانگەیان هەبێت، لە دیوێکدا لەبەر ئەوەی ئەگەر ڕوو لە هەر شوێنێک بکەن دەرگەکانیان بەڕوودا دەکرێتەوە، بێگومان بەوەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمیشەوە، بەدیوەکەی دیکەشیدا هیچ بوارێکی هونەری ئەوەندی کاریکاتێر کەمخەرجیی نییە، بەدیدی من تێچووی تەواوی وێنە کاریکاتێرییەکانی پێشانگەیەک، ناگاتە بڕی تێچووی دوو تابلۆی ڕۆنیی شێوەکارێک، کەواتە ئەو بیانووەیش مت بووە، بۆیە دەهێنێ لە ئێستا بەدواوە ئەم لایەنە گەش بکرێتەوە، ئەوەی بەرپرسی سەرەکیی گەشکردنەوەکەشیەتی، تەنیا کاریکاتێریستەکان خۆیانن.