ڕاگەیاندکار و ڕۆژنامەنووسی بەشی ھونەری ڕۆژنامەی ھەولێر (کارۆخ مەلا ئەسعەد) بە ھۆی ڕۆچوونی بە قوڵایی کاری ھونەرییەوە لە تەک کاری ڕۆژنامەنووسی و لە دەستپێکێکی تازە و کارێکی ناوازەدا خۆی لە ھونەری گۆرانی وتندا بینییەوە، لە ماوەیەکی نزیکدا یەکەمین بەرھەمی گۆرانی خۆی بە شێوەی کلیپ لە کەناڵە ئاسمانی و لۆکاڵییەکاندا لە ژێر ناونیشانی “ھەموو ڕۆژ” بڵاودەبێتەوە.
لە بارەی ناوەڕۆکی ئەو کارە تازەیەوە (کارۆخ) دەڵێت: “ستایل و ڕیتمی ئەم بەرھەمە کارێکی دەگمەنە لە کوردستان و بە تەنیا خۆی لە یەک شێوازدا نەبینیوەتەوە و کارێگەری ھونەری ڕۆژئاواییش لە بەرھەمەکەمدا ڕەنگدەداتەوە.”
ناوبراو کە پێتشر ئەزموونی کاری ڕاگەیاندنی ھونەری لە تیڤییەکانیش ھەبووە گوتیشی: “ئەم گۆرانییە لە ئاوازی ھونەرمەند (ڕەوەند سەڵاح) و تێکستەکەیش بە ھاوبەشی لە نێوان (ڕەوەند سەڵاح) و شاعیر (فەرید مەخموور)ـیەوە ئامادە کراوە، کاری دابەشکردنی میووزیکیش لە ستۆدیۆی (ڕۆژ) لە لایەن (ڕێناز کورداخ) جێبەجێ کراوە.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو گوتیشی: “وا بڕیارە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا لەگەڵ ستافێکی پڕۆفیشناڵی ھەولێر کلیپێک بۆ ھەمان گۆرانی بە شێوەی سیناریۆیەکی تازەو مۆدێرن ئەنجام بدەم”
ئاریان دەرگەڵەیی