حەیدەر عەبدولڕەحمان : کی نوێ ئەزموونێکی نوێیە بۆ ھونەرمەند بە دەر لە ئاستی بەرزی و نزمی بەرھەمەکە , چونکە ھونەرمەند دەتوانێت ئەزموون لە فەشەل ھێنانی خۆشی وەربگرێت , بەڵام خۆ ئامادە کردن بۆ بەرھەمی نوێ و خستنە رووی دوا ئەزموونت وەک ھونەرمەندێک , رەنگە بتخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورە , کە زۆر جاران تێیدا سوود مەند دەبیت و زۆر جاریش زەرەر مەند , ئەگەر ھونەرمەند بە دیدێکی ھونەرییانەو بوێرانە لە گەڵ خود دا لە خۆی بپێچێتەوە ,
نرخ و بەھای زەرەرو زیانە ھونەرییەکانی لە نرخ و بەھای سوود مەندییە ھونەرییەکانی کەمتر نابێت بۆ ئایندەی ھونەری , بەڵام ئەگەر دوور لە نەرگزیەت دەسەڵاتی ئەوەی بە سەر خۆیدا بشکێ مەودایەک لە ھزری خۆیدا بۆ لۆژیک بەجێ بێڵێ و بڕوای بەوە ھەبێت کە مەرج نیە ھونەرمەند لە ھەموو تاقیکردنەوەیەکدا سەرکەوتن بە دەست بێنێ وەک ئەوەی ئاواتی بۆ دەخوازێ .من پێم وایە داھێنان بە مانای بەردەوام بوون و ئیسپات وجود نیە وەک ھەندێک بۆی دەچن , بەڵکو داھێنان وەک راسل گوتەنی بە مانای تێپەڕاندنە لە خۆ جوینەوەو تەقلیدیەت و ئاشکرا کردنی گەنجینەیەکی دیکەیە لە ناخ و لە ھزرو تواناو فانتازیای مرۆڤدا , دەرھێنەر دۆزینەوە نوێکان ھەرتەنھا بۆ تەقاندنەوەی دەسەڵات و تواناکانی خۆی ناکات لە بەرھەمێکدا , بەڵکو لەوانەشدا کە کاری لە گەڵدا دەکەن و لە لابووری خۆیدا وایان لێ دەکات کە بە دوای ئەو وزانەدا بکەڕێ کە تا دوا لەحزە لێی بزرە و توانای بەرجەستە کردنیانی نیە , کە زۆر جاران وا رێ دەکەوێت کە بە درێژایی تەمەنێکی دوورو درێژیش تامیان ناکات , بەڵام دواتر لە سەر دەستی دەرھێنەرێکی بە دەسەڵات ئەو نھێنیانەی خۆیانیان بۆ ئاشکرا دەبێت , کە پێشتر لێیان بزر ببوو .
کەواتە دەرھێنەر بونیاتنەری بنەڕەتی شانۆگەرییەکە بە ھەموو پێکھاتەو دەرھاوێشتەکانی … لەوانەش ئەکتەرەکانی کە ئەو دەیانکات بە ئامرازێکی ئەکتیف بۆ گەیاندنی ئەوەی دەیەوێت لە رێگەی ئەو ئامرازە زیندووە بەرجەستەیان بکات ..
مەبەستم لەو بەراییە کورتە ئەوەبوو بڵێم کە کاروخ ئیبراھیم وەک شانۆکارێکی گەنج خەونی خۆی ھەیە لە دنیای شانۆدا , بۆ بەدی ھێنانی ئەو خەونانەش بڕوای بە خۆی ھەیە , بەڵام دیسان بڕوا بە خۆ بوون و خەون بینینیش بە تەنھا توخمی زامن بوونی داھێنان نین ئەگەر کاروخ سوود لە ئەزموونەکانی رابووردووی خۆی وەرنەگرێت و ستایلی خۆی بەرەو ئەو ئاقارە نەبات کە تێیدا بەرھەمەکانی ناپروکێن …
گرنگترین گرفتە ھونەرییەکانی کارۆخیش بریتین لە :
١. لاوازی تێکست و درێژە دادڕی لە دیالۆگی ساردو سڕو مردوو , کە خارین لە ریتمی گەرم و ئاوازی وشەو دەستەواژەی وروژێنەر, کە تێیدا سادەترین خەسڵەتەکانی تێکستییان تێدا ون دەبێت وچمک و بەھا ھونەرییەکانی تێکست لە دەست دەدەن , لە ھەمان کاتیشدا وەرگر دووچاری فشارێکی سەخت و ئاڵۆزی مێشک دەبێتەوە کە وایان لێ دەکات نەک ھەر تەنھا لە رووی دەروونییەوە لە ژیر ئەو فشارەدا لە شانۆ دادەبڕێت و باوێشک بدات , بگرە کەسایەتییەکانی شانۆگەرییەکەشی لە بەرچاو لاواز دەبێت کە ھیچێکییان رەحمی پێ ناکەن و ھەناسەیەکی پێ نابەخشن . . وێڕای ئەو کاریگەرییە نەگەتیفەی سەر بینەر ئاسەواری ئەو دیالۆگە مردووانە لە سەر ئەکتەر زۆرترە چونکە من دیقەتم دایە ئەکتەرەکانی .٤. ھەموویان لە ژێر جەختی ئەو دیالۆگە لاستیکییانەدا ھاوسەنگی خۆیان لە دەست دابوو ,
لە دیالۆژی لاستیکی دا توخمەکانی وروژاندن نامێنن چ لای بینەر چ لای خودی ئەکتەر , چونکە ئەکتەر زۆر جاران ریتم و ھێزی نواندنەکانی لە ھێزی دیلۆگەکانەوە وەردەگرێت , وەرە ئەکتەرەکانی چیخەق ببینە لە فەزای دیالۆگە رۆمانسییەکاندا چۆن دەتھەژێنن , تراژیدییە پڕ لە رووداوەکانی شکسپیر ببینە چۆن لە نێو رستە چڕو پڕەکاندا سڕت دەکەن .. ئەو کات دەزانی کە سەرچاوەی داھێنانی ئەکتەرەکان لە کوێوە سەر ھەڵدەدەن ..
لەو پێو دانگانەوە دەڵێم کارۆخ با تێڕوانینی گەنجانەی جوانی ھەبێ بۆ شانۆ , بەڵام رەنگە ھەمان ئەو دەسەڵاتەی نەبێت لە تێکست نووسیندا , ئەم دیاردەیە بۆشاییەکی بەرفرەوانی لە شانۆگەریەکانی کارۆخ دا دروست کردووە .
٢. ناھاوسەنگی لە نێوان شێوەو ناوەرۆکدا :
کارۆخ لە شانۆگەرییەکانی دا سەنگی خۆی دەخاتە سەر شێوە پتر لە ناوەرۆکدا , مەبەستیشم لە شێوە سینۆگرافیای شانۆیی و دیکۆرو رووناکی و جلو بەرگ و ئیکسسواراتی دیکەی شانۆییە , لە ناوەرۆکیش بە پلەی یەکەم مەبەستم لە تێکست و ئەکتەرو ھێڵی درامی و ستایلی دەرھێنانە ,راگرتنی ھاوسەنگی پێکھاتە شانۆییەکان لە سەر شانۆدا پەیوەستە بە دەسەڵاتی دەرھێنەر لە سەر توخمەکانی شانۆو گەیاندنی وەزیفەی ھەر یەکێکییان بۆ وەرگر وەک پێویست . ..
ئەکتەر
ئەوەندەی کارۆخ بایەخ بە دیکۆر و سینۆگرافیای شانۆیی دەدات نیو ئەوەندە بایەخ بە ئەکتەرو نواندن نادات , بۆیە ھەمیشە زۆر لە ئەکتەرەکانی بە لاوازی دەبینین , ھەست دەکەین کەمتر سوود لە جەستەی ئەکتەر وەردەگیرێت و ئەکتەر دەبێتە پێکھاتەیەکی لاواز لە پێکھاتەکانی شانۆ , ئەم ھاوکێشەیەش تەواو پێچەوانەی بنەماکانی شانۆی نوێیە کە تێیدا ئەکتەر دەبێتە توخمی بنەڕەتی و ھەموو پێکھاتەکانی دیکە لە خزمەت ئەکتەر دا دەبن .
لە شانۆگەری ٠٤٠ دا ھیچ نواندن و ئەدایێکم لە ھیچ ئەکتەرێکدا ھەست پێ نەکرد کە سرنجم راکێشێ , بەڵکو نواندنێکی زۆر تەقلیدیم دەبینی کە لە شانۆگەرییە واقیعییەکانی ساڵانی حەفتاکان و ھەشتاکان لاواز تر بێت , ئەوەتا ئەکتەری سەرەکی شانۆگەرییەکە سەباح عەبدولڕەحمانە کەچی نواندنی سەباح عەبدولڕەحمان لە شانۆگەری ( بە زۆر کراوە بە دکتۆر) لە ھەشتاکاندا لە نواندنی ئەم شانۆگەرییەی بەھێز تر بوو لە رووی تەعبیرو ئەداوە .
سەباح نە ھیچ ھەناسەیەکی بە خۆی بەخشی لە ژێر کاریگەری نواندنێکی گرژو ئاڵۆزدا , نە ھەناسەیەکیشی بە ئێمە بەخشی کە بتوانین چێژ لە ئەدایێک , بێدەنگیەک , ئیلقایێکی جوان وەربگرین .. من لە لای خۆمەوە دڵم بە سەباح دەسووتا کە دەسەڵاتەکانی ئیفلیج ببوون , کەسایەتی خۆی لێ ون ببوو , نەیتوانی نە بەرجەستەی دکتاتۆرێکی دەبەنگ بکات کە بە ھەڵسوو کەوتە شێتانەکانی ببێتە گاڵتەجارو مایەی پێکەنینی بینەران یاخود بیکات بە دکتاتۆرێکی ستەمکارو وا لە بینەر بکات کە رقی لێ بێتەوە , بۆیە نەک ھەر تەنھا سەباح بەڵکو ھیچ ئەکتەرێکی دیکە نەیانتوانی ببن بە پاڵەوانی شانۆگەرییەکەو جۆرێک لە وروژاندن لای بینەر دروست بکەن ..
سەباح پێی وابوو ئەگەر لە گەڵ دەرھێنەرێکی گەنج کاربکات , ئەوە تەوازوعی خۆی نیشان دەدات و دەتوانێ بیسەلمێنێ کە توانای ئەکتەرە پیرەکان ئاوێتەی توانای گەنجەکان دەبێت و بینەر دەتوانێ بەراوردی توانای نواندنی ھەردوو لا بکات , کاروخیش پێی وابوو بە ئاوێتە کردنی ھەر دوو نەوەی شانۆیی دەتوانێ دوو ھێز پەیدا بکات و ئەزموونێکی نوێ لە ئاوێتە کردنی نەوەکان نیشان بدات , بەڵام لە ئاکامدا مەزەندەی بینەر ھاوکوف نەبوو لە گەڵ مەزەندەی ھەردوو لاو بینەر پێی وابوو ھەموو نەوەکان لە سەر دەستی دەرھێنەرێکی لاوازدا ئیفلیج دەبن .لە ھاوکێشەی شانۆگەرییەکەدا دەر دەکەوێت کە ئەکتەر توخمی دووھەمی لاوازی شانۆگەریەکەیە , لە ھەر شانۆگەرییەکیشدا ئەکتەر روخا تەواوی شانۆگەریەکە دووچاری داھێزران دەبێت و شانۆگەریەکە وەک کەسێک دەبینی کە رەنگی تالاسیمای پێوە بێتو دووچاری کەم خوێنی ھاتبێت .
دەرھێنان
کارۆخ لە گۆڕینی ستایلدا خاوەو قەدی بە شێوازێکی دیاری کراودا گرتووە و لە شانۆگەرییەکانیدا دووبارەیان دەکاتەوە , ئەوەتا ئەگەر بینەر ستایلی شانۆگەرییەکانی بە تێکڕایی بیر بێتەوە ئەوە ھەست بە نزیکی ستایلەکان دەکات و کەمتر گۆڕان دەبینێ کە نیشانە بێت بۆ خۆ رزگار کردن لە تەقلیدییەت , لەو ستایلەشدا بینەر درک بەوە دەکات کە شانۆگەرییەکان کەمتر تەعبیرین و توخمی ھێمادارییان تێدا لاوازە , بەمەش دەرھێنەر دەیەوێت شانۆگەرییەکە بە سپی کراوی بداتە دەست بینەر , یان دەرفەتێک بۆ فانتازیابە جێ نەھێڵێ بۆ بینەر کە بە دوایدا بگەڕێت , لێ سەندنەوەی دەرفەتی فانتازیاش لای بینەر بە مانای لێ سەندنەوەی دەرفەتی چێژە , ناکرێت دەرھێنەر بە زمانی دیالۆگ و شێوە قسە لە گەڵ بینەردا بکات , ئەگەر زمانە شاراوەکانی دیکەی شانۆی تێدا بەرجەستە نەکرێت , ئەوەندەش درکم پێ کردبێت زمانی دیکۆرو موزیک و ھەتا رووناکیش زمانێکی لاواز بوون , کەمتر دەیانتوانی بەرجەستەی شانۆگەرییەکە بکەن و لە پاڵ پێکھاتەکانی دیکەی شانۆ رۆڵی خۆیان ببینن , کاتێک شانۆ دەتوانێت وەزیفەی خۆی بە تەواوی ببینێ کە ھەموو پێکھاتەکانی ھەر یەکەو ببێت بە دەمارێک لە دەمارەکانی جەستەی شانۆ , ئەگەرنا بینەر ھەست بە ئیفلیج بوونی ئەو توخمانە دەکات کە لە سەر شانۆ بە مردوویەتی دەبیندرێن .
کپی ( ێمت ) لە شانۆدا وەک ھاوکێشەیەکی شانۆیی لە بە دەنگەوە ھاتن کەمتر نیە ئەگەر زێتر نەبێت , چونکە لە کپیدا توخمەکانی دیکە دەبزوێن و سەر ھەڵدەدەن و جوانی خۆیان دەبەخشن , لە کپ بووندا بینەر بواری دروست بوونی فانتازیای بۆ دەڕەخسێ و ھەناسە دەدات و شانۆ ئامادە دەبێت بۆ وەرگرو ریتمەکان نرخی خۆیان دەردەخەن .. بەڵام لەو شانۆگەرییەی کارۆخدا کپی ون بوو , بۆیە بینەریش دەرفەتی چێژ وەرگرتنی کەمتر بۆ مایەوە .
ریتم
کارۆخ لە گۆڕینی ستایل دا سستە , درک بەوە ناکرێت کە ھەوڵی زێدە کردنی تەعبیریەت بدات و زمانی شانۆ بکاتە زمانێکی ھێمادار , چونکە زمانی شانۆ تەنھا دیالۆگ نیە , دەرھێنەر دەبێت ھەموو کەرەستەکانی شانۆ بکاتە زمان و خوێنەر بە دوای خوێندنەوەیاندا بگەڕێت , ئەگەر لە دیکۆر و ھەندێ سینۆگرافیای شانۆییدا ھەوڵێکی لەم بابەتەی دابێت , ئەوە ھەوڵەکانی ھەڵپڕوکاون , بە تایبەت لە دیکۆردا , کە وێنەی دوو ئەسپی سەقەتی لە لای راست و چەپی شانۆگەرییەکە کێشاوە کە ھێمایێکی تەقلیدی سواون و لە گەڵ ستایلی شانۆگەرییەکە ناگونجێن .
کارۆخ ھەندێ جار خۆی دووبارە دەکاتەوە بێ ئەوەی درک بەوە بکات ئەو خۆ دووبارە کردنەوانە چەندبە گران لە سەر ئاستی ھونەری ئەو رادەوەستێت , ھەر بۆ نموونە لە ھەموو شانۆگەرییەکانیدا لە لای راست و چەپی دەرەوەی تەختەی شانۆ , شانۆیێکی بچووکی لاپەڕ دروست دەکات بۆ ھەردوو لا بە ئامانجی فرەوان کردنی فەزای شانۆیی , بەڵام ئەم ستایلە دەکرێت بۆ شانۆگەرییەک بە کار بھێندرێت تەنھا , نەک بکرێتە مۆرک بە سەر شانۆگەرییەکانی ئەو , نەک ھەر لاپەڕەکانی شانۆ , بە ھەمان شێوە فەزای ھۆڵەکەو بە کارھێنانی رووناکی و دروست کردنی زەغرەفەی رووناکی لەو فەزایەی ھۆڵەکەدا , بە ھەمان شێوە دووبارەن , ئەوە وێڕای ئەوەی ئەگەر ئەو رووناکییە بۆ خزمەتی شانۆگەرییەکە تەوزیف نەکراو مەبەست ھەر تەنھا ھەڵخەڵەتاندنی چاوی بینەر بێت ئەوە خزمەت بە شانۆگەرییەکە ناکات , بەڵکو لەکەداری دەکات .
ریتمی شانۆگەرییەکانی کارۆخ ریتمێکی خاوەو ماوەکەشی کە ھەندێ جار دەگاتە کاتژمێرو نیوێک کاریگەرییەکی دەروونی نەگەتیفانە بە سەر بینەردا بە جێ دێڵێ , دیارە کە چەند ئەوەندەی کات درێژ بێت ئەوەندە بوار بۆ دروست بوونی بۆشایی دەڕەخسێ کە تێیدا بینەر دووچاری مەلەل بێت , ھەر کاتێکیش بۆ یەک لەحزەش بینەر لە شانۆدا دابڕا, ئەوە دەستی لە شانۆگەرییەکە بەر دەبێت و بە سەختی دەتوانێ جارێکی دیکە ئاوێزانی بێتەوە , بێگومان مەبەستیشمان لە ریتم ھەر تەنھا ریتمی روداوەکانی شانۆگەرییەکە نیە , بەڵکو ھەر پێکھاتەیەکی شانۆیی ریتمی خۆی ھەیە , ھەر لە ریتمی دیالۆگ و نواندنی ئەکتەرەوە بگرە , تا دەگاتە ریتمی دیکۆرو موزیک و ریتمی رەنگەکان و ریتمی رووناکی , کە ئاستی ریتمی ھەر یەک لەوان بە پێی پێویست لە دیمەنەکاندا بەکار دەھێندرێت , بەڵام بەرزی و نزمی ئەو ریتمانە لە شانۆدا دەبێت بە شێوەیەکی ھاوسەنگ بە کار بھێندرێت کە من ئەو ھاوسەنگیە لە شانۆگەرییەکەی کارۆخدا وەک پێویست نابینم .
کارۆخ لە کۆتایی ھاتنی دوا دیمەنی شانۆگەرییەکانیدا ھەوڵی ئەوە دەدات کە ریتمەکان بە تێکڕایی بەرەو بەرز بوونەوە بەرێت بە تێکەڵ کردنی ریتمی بزووتنەوەی ئەکتەرو ریتمی رەنگەکان و ریتمی موزیک و رووناکی , ریتمی دەروونیی بینەریش لە ژێر کاریگەر بوونی ریتمەکان بەرەو بەرز بوونەوە بچێت , لە وێوە کۆتایی شانۆگەرییەکەی بە بینەران بسپێرێ , ەڵام ئەم بەرز بوونەوەیە مەرج نیە ھەر تەنھا بکەوێتە کۆتایی شانۆگەری , خۆ دەرھێنەر دەتوانێت لە شانۆگەرییەکەیدا چەند جارێک بەم شێوەیە ریتمی شانۆگەرییەکەی بەرەو ترۆپک بەرێت , رەنگە ئەم زێدە بوونە لە ژمارەی بەرز بوونەوەی ریتمەکان زیندوویەتییەکی زێتر بە رۆحی شانۆگەرییەکە ببەخشێت ..