سەدیق سەعید ڕواندزی
ئایا شیعر نووسین ئیلھام و سرووشە، یان وەک ھەر دەقێکی دیکە، پلان و ڕامان و بیرکردنەوەیە و بە بەرنامە دەنووسرێت؟ شیعر چۆن لە دایک دەبێت و لە چ ھەڵومەرجێکی دەروونی و کەسی و کۆمەڵایەتی دەنووسرێت؟ ڕەنگە تا ئێستا شاعیرانیش بە وردی و ڕەھایی نەیانتوانیبێت، گوزارشت لەو ساتە دەروونی و ڕوحیانەی خۆیان بکەن، کە شیعری تێدا دەنووسن. بەڵکو وەک پەشێو وتەنی (وەک شۆخێکی دوودڵ وایە، بە دەگمەن دێ یان ھەر نایە). بۆیە بە بڕوای من، شیعر نووسین دۆخ و سرووتێکی زۆر تایبەتی ڕوحیە و کردەی شیعر نووسین لە دەرەوەی ئەو زەمەنە فیزیکییە کە شاعیر تیایدا دەژیت و بەڵکو زەمەنی پەنھانی ناخ، ڕۆڵی بنەڕەتی لە نووسینی شیعردا ھەیە. ئەمە بەو مانایە نییە، کە زەمەنی دەرەکی، بەرکەوتن لەگەڵ واقیع و ڕووداوەکانی دەوروبەر، فاکتی نووسینی شیعر نەبن ، بەڵکو بەو مانایەی ھەر چییەک و ھەرچۆنێک بێت، دواجار شیعر نووسین کردەیەکی دەروونی سەخت و ئاڵۆزە و ئەوە نییە شاعیر بۆی دابنیشێت و ھەر ڕۆژە و شتێک بنووسێت و ھەر ڕووداوێک و دیاردەیەکی بینی، بیکاتە نووسین و دواتریش بە خەیاڵی خۆی ناوی بنێت شیعر، بەدەر لەوەی ئاخۆ لە تێڕوانینی ئەوانیتر ئەمانە شیعرن یاخود نا؟ بێگومان شیعر نووسین، پەیوەستە بە ھەردوو زەمەنی دەروونی و مێژووییەوە، شیعر لە ڕووی فیزیکییەوە، تەنێ پەیوەندی بە مێژووی نووسینی شیعرەوە ھەیە، ئەوەی وەک وزەیەکی شاراوەی شیعری دەمێنێتەوە لە پاڵ نووسینی شیعر، زەمەنی دەروونی شاعیر و ئەو بیر کردنەوە و ڕامان و سرووتە ڕوحیانەن، کە شیعری تێدا لە دایک دەبێت. دەشێ ئەم ئەزموونە جوانتر و بابەتیانەتر شاعیران لێی بدوێن و گوزارشتی لێبکەن، ئەو کات بە وەڵامی ئەو پرسیارە دەگەین، کە ئاخۆ شیعر بە بەرنامەی ڕۆژانە دەنووسرێت؟ ئایا ھەموو دەمێک، ھەموو ڕووداوێک، ھەموو کات و شوێن و بەرکەوتنێک دەبنە ھەوێنی نووسینی دەقێکی شیعری لای شاعیران؟ یان ھەڵومەرجێکی کەسی و خودی زۆر تایبەتە، کە دواجار شیعری تیادا لە دایک دەبێت. شیعر، ماتریالێکی دروستکراو لە قوڕ و بەرد نییە، تاکو شاعیرێک بتوانێت ڕۆژانە، لە جۆرەھا وێنە و دیکۆری جیاوازدا نماییشی بکات، بەڵکو پەیوەستە بەو بارە کەسی و ڕوحیەی شاعیر تیایدا دەژیت و ئەو بارە دەروونییەش لە پەیوەندی لە گەڵ واقیع و ڕووداوەکان دایە، بەڵام مەرج نییە ئەو پەیوەندییە، بەردەوام زەمینەی شیعرێکی نوێ بێنێتە ئاراوە. چونکە ئەوکات ئێمە لە بەردەم دروستکردنداین نەک نووسین، دروستکردنیش ڕاستە بیرۆکە و ڕامانی دەوێت، بەڵام کردەیەکی پراکتیکییە لەوەی زەینی و ھزریی بێت. وەختێ شیعر نووسین لای شاعیرێک دەبێتە کردەیەکی ڕۆژانە، بۆ نموونە وەک قاوە خواردنەوە و جگەرە کێشان و ھەرکارێکی دیکەی ڕۆژانەیی و ڕۆتینی، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئێمە لە بەردەم دەقێک نین کە ناوی شیعرە، بەڵکو تەنێ لە بەردەم گوتن و نووسین داین کە دەشێ ھەموو کەسێک بتوانێت ئەوە بکات. ئەگەر شیعر تەنھا نووسین بێت، ئەوا ئێستا زۆربەی ھەرە زۆرمان شاعیر دەبووین، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆ ھەموو کەس ناتوانێت شاعیر بێت؟ من لە ژیانی خۆمدا، خوێندنەوەم بۆ دەیان دەقی شیعری کردووە، لە ھەندێکییان ئەوەندە نزیک بوومەتەوە، تا ڕادەی چوونە نێو ئەو فەزا تایبەتە شیعرییەی کە شاعیر شیعرەکەی تیادا نووسیوە، بەڵام لە ھەموو ژیانم نەمتوانیوە یەک دێڕە شیعریش بنووسم. ئەمە بۆچی وایە؟ چونکە پەیوەندی بەو سرووتە تایبەتی و ڕوحی و دەروونییەوە ھەیە، کە شاعیر ھەیەتی و لای من بوونی نییە. لە ئەزموونی شیعری شاعیرانی ئێمەدا، نموونەی گەلێک شاعیر ھەن، نەک لە ماوەی ھەفتە و مانگ و ساڵێکدا، نەیانتوانیوە شیعرێک بنووسن، بگرە دوای تێپەڕبوونی دەیان ساڵیش، ئەو کات دەقێکی پێشووتریان تەواو کردووە. ئەحمەد ھەردی، شیعرێکی ھەیە لە ساڵی ١٩٤٦ نووسیویەتی و دوای سی و حەوت ساڵ لە ١٩٨٣ تەواوی دەکات. واتا دوای نزیکەی چڵ ساڵ. لێرەدا، زەمەنە فیزیکی و مێژوویەکە دەڕوات، بەڵام زەمەنی دەروونی و ناخەکی شاعیر، کە پەیوەستە بە زەمەنی نووسینی شیعر دەوەستێت، تا ئەو کاتەی جارێکی دیکە ئەو زەمەنە دەروونییە دەبێتەوە پاڵَنەری تەواوکردنی شیعرەکە. ئەگەر شیعر نووسین وەک کردەیەک بووایە، ئەوا دەبوو بە ماوەیەکی یەکجار کورت، ھەردی ئەو شیعرە تەواو بکات، بەڵام بۆچی دوای سی و ھەفت ساڵ تەواوی دەکات؟ بێگومان چونکە ئەو سرووتە ڕوحیە و ئەو فەزا دەروونییەی پێویستن بۆ نووسینی شیعر، ھێشتا ئامادەیان نەبووە. وەختێ شیعرەکەش تەواو دەکات، ھەست بە ھیچ جۆڕە دابڕانێک ناکەین کە ڕەنگدانەوەی لە سەر ناوەڕۆکی شیعرەکەوە ھەبێت، تەنانەت ھەستیش ناکەین ئەو دەقە، لەو ماوە دوور و درێژە نووسرابێت و تەواو کرابێت. ڕەفیق سابیر، کە لاوکی ھەڵبجەی نووسیوە و بووەتە ناسنامەی ئەو شارە، لە دوای کارەساتی ھەڵبجەوە شیعرەکەی نەنووسیوە، بەڵکو دوای زەمەنێکی درێژتر، ئەو کات ئەو کارەساتە لای ئەو دەبێتە شیعر، چونکە لە سەرەتادا ئەو سرووتە ڕوحیە، ئەو ھەژانە دەروونییە بوونی نەبووە، تا ماوەیەکی زۆر دوای کارەساتەکە. ھەر ڕەفیق سابیر خۆی، لە کتێبی ( ڕوانین بە نێو ڕووناکیدا) لە بارەی کردەی شیعر نووسینەوە قسەیەکی یەکجار جوان و سەرنج ڕاکێش دەکات و دەڵێت:_( من دەتوانم بە سوێدی بنووسم، بەڵام ناتوانم بە ھەستی سوێدیانە بیر بکەمەوە و دەرببڕم) ڕەنگە ئەمە گوزارشتکردنێکی ھزریی و ھەستی یەکجار بابەتی و جوانی ئەو ساتانە بێت کە شیعری تیدا دەنووسرێت. شێرکۆبێکەس لە دیمانەیەکدا دەڵێت:_( کە خاڵە شەھاب و ئەنوەر زۆراب و جەعفەر عەبدلواحید) سەرکردەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران دەستگیر کران، من شیعرێکی درێژم بۆیان نووسی، بەڵام ھەمان ئەو قارەمانانە کاتێ لە سێدارە دران، نەمتوانی یەک دێڕیشیان بۆ بنووسم. خۆ کردەی لە سێدارەدانەکە، تراژیدیترە لەگیرانەکە و ڕووداوی شەھید کردنەکەیان، سەد ئەوەندەی گیراانییان مایەی خەم و نیگەرانی و غەمگینی بووە، بەڵام بۆچی ھیچ شیعرێکییان بۆ نانووسێت؟ چونکە لە بنەڕەتدا، زەمەن و فەزای نووسینی شیعرێک کە ڕەنگدانەوە و زادەی ئەو ڕووداوە تراژیدیە بێت، لە خەیاڵ و سرووتی شیعرییانەی شاعیر بوونی نەبووە. لەو سۆنگەیەوە، وەک خوێنەرێکی شیعر، زۆر سەیرم پێھات و بۆم مایەی شۆخی بوو، کاتێ لێداونێکی قوبادی جەلی زادەم کەوتە بەرچاو، کە دەڵێت:_(لە ماوەی سەد و ھەفتاو یەک ڕۆژدا، سەدو ھەفتاو یەک دەقم نووسی و ئالینگاری ئەوانەم کرد، کە پێیان وایە، شیعر ئیلھام و پەیامە و دەبێ بۆ شاعیر بێت). قوباد، بە جۆرێک لە لە خۆڕازیبوون، داھێنان و خود شانازییەوە باسی ئەوە دەکات کە ڕۆژانە دەقێکی بە درێژایی سەدو ھەفتاو یەک ڕۆژ نووسیوە. بەڵام لە ڕاستیدا، ھەر کەسێک ئاشنای دنیای شیعر بێت، شیعری بەلاوە گەورە و پیرۆز و شکۆمەند بێت، دەبێ بەو کارەی قوباد کردوویەتی، نائومێد و ڕەشبین بێت، کە شیعر چەند سادە کراوەتەوە، چەند لە ھێزی شیعرییانە و ئستاتیکییانەی خۆی بەتاڵ کراوەتەوە و چۆن شاعیرانێک بەو پەڕی کەم نرخی و بێ بەھاییەوە دەڕواننە شیعر و دنیای شیعر نووسین. چونکە ئەو جۆرە لە نووسینی شیعر، نەک ھیچ داھێنانێکی تێدا نییە، بەڵکو لێدان لە شیعر، بێ بەھاکردن و سادەکردنەوە و بێ نرخکردنی شیعرە، تا ئاستی کردەیەکی ڕۆژانەیی و ڕۆتینی، وەک ھەر کارێکی دیکە کە ھیچ بوێریی و داھێنانێکی تێدا نییە. نە شیعر، نە ھیچ ژانرێکی دیکەی ئەدەبی، کاری ڕۆژانەیی و پیشەیی نین، وەک دارتاشی و نانەوایی تاکو ڕۆژانە کاریان تێدا بکەین، بەڵکو ھونەر و داھێنانن و پەیوەستن نین بە ھەموو کات و زەمەنێکەوە. سادەکردنەوەی کردەی شیعر نووسین بۆ کردەیەکی رٍِۆژانەیی ، نە داھێنانە، نە جیاوازکەوتنەوەیە لە شاعیرانی تر، بە پێچەوانەوە بگرە جۆرە تێگەیشتنێکی سادە و ڕووکەشیانەیە لە شیعر و دنیای شیعر. کاتێ شاعیرێک لە ماوەی سەد و ھەفتاو یەک ڕۆژدا، ئەوەندە شیعرە دەنووسێت، دەبێ بپرسین بیرکردنەوەی شیعرییانە، ڕامان و سرووتی ڕوحیانە و شیعرییانەی ئەو شاعیر چی و چۆنن؟ دەشێ بۆ ئەم شاعیرە، بەو پێیەی ژن وەک تیمەی شیعر دەبینێت، ئاسایی بێت ڕۆژانە شیعر بنووسێت، چونکە تا ژیان ماوە ، ژنیش ھەر دەمێنێت و تا ژنیش ھەبێت، سنگ و مەمک و سوخمەش ھەر دەمێنن! بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئەمانە لە تێڕوانینی خوێنەرانیشدا ھەر شیعر و دەقن، یان تەنھا لای خۆی؟ من ھاوڕێی شاعیرم ھەیە، پێی گوتوم کە لە ماوەی دە مانگدا، نەیتوانیوە شیعرێک بنووسێت، ئیدی نازانم چۆن شاعیرێک ئەو بویرَیەی ھەیە، بڵێت سەد و ھەفتا و یەک شیعرم لەماوەی سەدو ھەفتاو یەک ڕۆژدا نووسی؟ دواجار دەڵێم شاعیر، کارگە و فابریکا ی شیعر نییە، تاکو ڕۆژانە و بە بەردەوامی بەرھەمی شیعری ھەبێت. ئەگەر کردەی نووسینی شیعر، ھێندە سادە و ڕۆژانەیی بووەوە کە شاعیرێک ھەموو ڕۆژێک دەقێک بنووسێت، بە دڵنیاییەوە دەبێ گومان لە خۆی وەک شاعیر و لەو بە ناو شیعرانەش بکەین کە دەیاننووسێت !
پەراوێز: ئەمەی خوارەوە، لینکی وتەکەی قوبادی جەلی زادەیە.
https://wishe.net/details.aspx?=hewal&jmare=137332&Jor=5
Discussion about this post