ڕانانی/سەدیق سەعید ڕواندزی
لەدوای ساڵانی دووھەزارەوە،ڕاگەیاندنی کوردی بە تایبەتیش میدیای بینراو،پێنگاڤێکی گەورەی بەخۆوە بینی ئەویش لە ڕێی کردنەوەی چەندین کەناڵی ئاسمانی کە کوردستان تیڤی یەکەمیانە و زۆرجار بەدایکی کەناڵەکان ناو دەبرێت.بێگومان کردنەوەی ئەو کەناڵانە، قۆناغێکی دیکەی لە کاری ڕاگەیاندن و ڕووماڵکردنی ھەواڵ ھێنا ئاراوە کە بەرپرسیاریەتییەکی گەورەی فەرھەنگی ڕۆژنامەوانیشی دەگرتەوە. چونکە ئەگەر تا ئەو کات ھەواڵ تەنھا بۆ بینەری نێوخۆی وڵات جێگەی بایەخ و بینین بووبێت، ئەوا لە کەناڵە ئاسمانییەکان، ھەواڵ و ڕوومالکردنی ڕووداوەکان بۆ دنیای دەرەوە بوو. کە سەدان ھەزار بینەری دەگرتەوە. ئەم واقیعە نوێیەی کاری ڕاگەیاندن، بەرپرسیاریەتی و میتۆدی نوێی کارکردنی ھێنا ئاراوە. بۆیە زۆر گرنگە لە ڕوانگەیەکی ئەکادیمی و لە ژێر ڕۆشنایی کاری ڕۆژنامەنووسییەوە، لە بایەخی ئەو کەناڵانە و ڕۆڵیان لە کایەی ڕاگەیاندنی کوردی بکۆڵدرێتەوە.لەو ڕوانگەیەوە کتێبی(پەیوەندی نێوان سیستەمی کارگێڕی لە کەناڵە ئاسمانییەکان وکارکردنی ڕاگەیاندکاران)*یەکێکە لەو سەرچاوانەی بە شێوەیەکی شیکاریی و ئەکادیمی، لە بەشێکی کاری ئەو کەناڵانە دەدوێت. ئەم کتێبە کە(دلشاد باڵەکی)نووسیویەتی، لە بنەڕەتدا نامەیەکی ماستەرە و وەک بەشێک لە پێداویستییەکانی وەرگرتنی ئەو بڕوانامەیە،پێشکەشی بەشی ڕاگەیاندنی کۆلیژی ئەدەبیات لە زانکۆی سەلاحەددین کراوە. ئەم کتێبە بەگشتی لە سێ پاژی سەرەکی پێکھاتووە، بەڵام ھەریەک لەو بەشانە،چەندین بابەت و ناونیشانی دیکەی جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە کە دواجار ھەموویان لە کاری کەناڵە ئاسمانییەکان یەکدەگرنەوە. لەڕاستیدا، ڕەنگە نەتوانین ھەموو بابەتەکانی ئەو کتێبە بەخوێنەرانی ڕۆژنامەی ھەولێری خۆشەویست بناسێنین، چونکە ئەمە ھەم کاتی زیاترو ھەمیش ھەڵسەنگاندنی زۆرتری دەوێت، وەلێ دەکرێ ناوەڕۆکی ئەو باسە ئەکادیمییە لە چەند خاڵێکی گرنگ چڕبکەینەوە، کە ڕەنگە بۆ خوێنەران و ڕاگەیاندکارانیش بەگشتی، بایەخی خۆی ھەبێت. لە دەسپێکی ئەو کتێبەدا، توێژەر لە ژێر ڕۆشنایی چەندین سەرچاوە پێناسەی(ڕاگەیاندکار) دەکات و لە ڕوانگەی ئەو(کەخۆشی ڕۆژنامەنووسە) ڕاگەیاندکار ھەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە دەزگایەکی ڕاگەیاندن کاردەکەن بە پیشە و ئەرکی جیاوازی وەک:_(بێژەر_ھەواڵساز_وێنەگر_پێشکەشکار).بە بۆچوونی خۆم وەک خوێنەرێک، ڕەنگە گونجاو نەبێت شوناسی(ڕاگەیاندکار) بە ھەموو کارمەندانی نێو دەزگایەکی ڕاگەیاندن بدەین، بەڵکو پۆَڵینیان بکەین دروستترە. چونکە نابێ ئەوەمان بیر بچێت کە ڕاگەیاندکار لە ڕاگەیاندنەوە ھاتووە.واتە گەیاندنی ھەواڵێک یان ڕووداوێک،بێگومان کاری گەیاندنی ھەواڵ و ڕووداوێکیش،پەیوەندیدار نییە بە ھەموو کارمەندێکەوە، بۆنموونە: کارمەندێکی بەشی مۆنتاژ، یان ڕێکخەری بەرنامەکان،کاری گەیاندنی ھەواڵێک نییە، بەڵکو ئەوەی مەیدانییەن ڕووداوەکە ڕووماڵ دەکات و دەیگەیەنێت، ئەوە ڕاگەیاندکارە کە ڕۆژنامەنووسان بە پلەی یەکەم دەگرێتەوە، بۆیە دەکرێت ئەو کارمەندانە ھەریەکەیان بە پیشەی کاری خۆیانەوە بناسرێن وەک:_(مۆنتێر_دەرھێنەر_سیناریست_بەڕێوەبەری ھەواڵ_داڕێژەری ھەواڵ_کۆنترۆل_کامێرامان) و گەلێک کاری دیکەش. ھەرلە درێژەی ئەو بابەتەدا، نووسەر باس لەو فشارو کاریگەریانە دەکات کە دەخرێنە سەر ڕاگەیاندکاران و بە چەند جۆرە فشارێک دیارییان دەکات. ئەوانیش:( فشاری دەروونی_یاسایی_ژووری ھەواڵ_کارگێڕی_ کۆمەڵایەتی_ئابووری و سیاسی).بۆھەریەک لەو فشارانەش، بەشێوەیەکی شیکاری دواوەو ڕایگەیاندووە کە ڕاگەیاندکارانیش وەک ھەر مرۆڤێکی دیکەی ئاسایی، دەکەونە ژێر فشارەجۆراوجۆرەکان و زۆرترین جۆری ئەو فشارانەش، فشاری ژووری ھەواڵەکانە. لەباسێکی دیکەی نێو کتێبەکەدا، نووسەر باس لە پەیکەری کارگێڕی کەناڵە ئاسمانییەکان و شێوازی بەڕێوەبردن و باربۆ کارکردنیان دەکات. نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ ئەوەی بەڕێوەبردنێکی سەرکەوتوو وپڕۆفیشناڵانە ھەبێت،پێویستە ڕەچاوی سێ بنەمای سەرەکی لە کارکردن و بەڕێوەبردندا بکرێت کە ئەوانیش:(پلاندانان و ڕێکخستن و بەدواداچوون)ە. پلاندانان، نەخشە ڕێگەی کارکردنی ئەو دەزگایانە بە ئاراستەیەکی بەڕێوەبردنێکی سەرکەوتووانە دەبات، چونکە لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پلانەوە، میتۆدی ھەڵبژاردن و کارکردن دا ئەنرێت. بێگومان ھەر کارکردنێکیش بە پلان نەبێت، ئەوا جۆرێک لە بێ بەرنامەیی و ناکارگێڕی تێدەکەوێت و سەرەنجام ئەزموونێکی سەرکەوتووی کارکردنی دەزگاکان نابێت.بەڵام بەدواداچوون، لە ھەر دوو بنەماکانی دیکە پێویسترو گرنگترە. چونکە بەدواداچوون دەبێتە ھۆی ڕاستکردنەوەی کەموکوڕییەکان و دەرخستنی کێشە و کێماسییەکان، بۆ ئەوەی ئەزموونێکی سەرکەوتووتر پێشەکەش بکرێت. دواتریش نووسەر باس لە دووجۆری شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو کەناڵانە دەکات، کە ئەوانیش بەڕێوەبردنی(ناوەندی)و(ناناوەندی)یە. لە بەڕێوەبردنی سێنترالیزمیدا، ھەموو بڕیارو ڕاسپاردەیەک بۆ بەڕێوەبەری دەزگاکە دەگەڕێتەوە وبڕیار لای ئەوە، لەم جۆرە بەڕێوەبردنەدا، ڕەنگە ڕۆژنامەنووسان وڕاگەیاندکاران نەتوانن وەک پێویست بە سەربەستانە گوتارو پەیامەکانیان بگەیەنن. بەو مانایەی ڕادەسپێردرێن کە پەیوەست بن بە بەرنامەو نەخشە ڕێگەی کارکردنی کەناڵەکە. بەڵام دیوی ئەرێنی ئەو کارکردنە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کە ڕێگە بەھیچ جۆرە فەوزا و دەرچوونێک نادات لەو گوتارەی کەناڵەکە ئاراستەی دەکات. بە تایبەتیش ئێمە نابێ ئەوەمان بیربچێت کە بەشێک لە کەناڵە ئاسمانییەکان، گوزارشت لە گوتاری سیاسی حزبێک و ڕێکخراوێک دەکەن و ڕەنگە ھەر ھەڵەیەک و پێشێلکارییەک، کاریگەریەتی نەرێنی بکاتە سەر پێگەی جەماوەریی وگوتاری سیاسی ئەو حزبە.بەڵام دێوێکی دیکەی نەگونجاوی ئەو کارکردنە کە ھەموو دەسەڵاتەکان لە ناوندێتی کۆدەکاتەوە ئەوەیە، کەزۆرجار خراپ سوود لەو بەڕێوەبردنە وەردەگیرێت و بۆ مەرامی تایبەتی و کەسی بەکاردەھێنرێت. بۆنموونە: بە شێک لە کارمەندەکان باس لەوە دەکەن، کە زۆرینەی کاتەکان لەو کەناڵانە بەرپرسی بەشەکان لەسەر بنەمای ھاوڕێیەتی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و کەسی لەگەڵ بەڕێوەبەرو سەرپەرشتیاری کەناڵەکە دائەنرێن. دیارە لێرەدا ئەگەر دەسەڵاتی یەکەم و کۆتایی لەدەست بەڕێوەبەری کەناڵەکان نەبێت و ئەنجوومەنێکی بەڕێوەبردن بەو دیاریکردنە ڕابسپێردرێت، ئەوا کەسەکان لە سەر بنەمای کارامەیی و پیشەیی و پرۆفیشناڵی دائەنرێن. باسی سێیەمی ئەو کتێبە، خستنەڕووی چەند ئامارێکە کەپێشتر بە شێوەیەکی مەیدانی و لەڕێی ڕاپرسییەوە لە بارەی کەناڵە ئاسمانییەکان توێژەر ئەنجامی داوە. ئەم بەشەی کتێبەکە بە بڕوای من وەک خوێنەرێک، گرنگترین بەشی ئەو توێژینەوە ئەکادیمیەیە، چونکە چەندین زانیاری لە بارەی پەیکەری کارگێڕی کەناڵە ئاسمانییەکان و ڕێژە و جۆری کارمەندانی لە چەندین ڕووەوە تێدایە.لەو بەشەدا، نووسەر بەخشتە ژمارەی کارمەندان و ڕەگەزو تەمەن و چەند سیمایەکی دیکەشیان دیاری دەکات.بە پێی زانیارییەکانی ئەو کتێبە بێت، زۆرترین کارمەندی کەناڵە ئاسمانییەکان لە ڕەگەزی نێرن بەڕێژەی ٨٧%،ھەروەھا لەڕووی نێوەندی تەمەنەوە، زۆرترین کارمەندی ئەو کەناڵانە کە سامپڵیان وەرگیراوە، تەمەنیان لە نێوان ٢٦بۆ ٣٢ ساڵیدایە بە ڕێژەی ٤٦%، کە ئەمەش دەریدەخات وزە و توانای ئەو کەناڵانە، زۆربەیان لە توێژی گەنجانن. لەخشتەیەکی دیکەدا، بڕوانامەی ئەو کارمەندانەی لەو کەناڵانە کاردەکەن دەست نیشان دەکات، کە زۆرترینییان ھەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن بە ڕێژەی ٣٥%.ھیچ کامێکییان خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرانین. لەخشتەیەکی دیکەدا، تێکرای کاتژمێری کارکردنی کارمەندەکان لەو کەناڵانە دەخاتە ڕوو کە ماوەی کارکردنیان لە نێوان ٧بۆ ١١کاتژمێرە بەڕێژەی ٧٣%.لەڕاستیدا، ئەمە پێشێلکردنی مافی کارمەندەکانە. چونکە بەپێی یاسا نابێ ھیچ کرێکارێک لە ھەشت کاتژمێر زیاتر کاربکات، بێگومان ئەو ڕاگەیاندکارانەشی کە کار لەو دەزگایانە دەکەن ، بە دڵنیاییەوە لە ڕووی دەروونی و ھزری و جەستەییەوە ماندوو شەکەت دەبن، بۆیە نابێ بەدەر لەماوەی دیاریکراوی خۆیان کاربکەن، مەگەر ھەژماری کاری زیاتریان بۆ بکرێت.لە ڕووی ژمارەی کارمەندەوە، زۆرترین کارمەندی ئەو کەناڵانە ھەواڵسازن بە ڕێژەی ٢٦%. واتە بە پێی خشتەکە ئەوانەی ھەواڵ ئامادە دەکەن زۆرترین کەسی ئەو کەناڵانەن. سەیر لەوەدایە، وێرای ئەو ھەموو ھەواڵسازە، کەچی زۆربەی کەناڵە ئاسمانییەکانی ئێمە لە ڕووی ھەواڵەوە وێرانەن. چ لە ڕووی زمان و ڕێنووسەوە بێت، چ لە ڕووی ناوەڕۆکی ھەواڵەوە بێت. ھەرچی لە ڕووی پیشەییەوە بێت، زۆرترین ئەوانەی کاریش لەو کەناڵانە دەکەن، لە توێژی ھونەرمەندانن بە ڕێژەی ٣٦%. زۆرگرنگ بوو توێژەر لە پەراوێزی ئەو ئامارانەوە، ئەوەشی نیشانبدابا کە ئەو کارمەندانە بەگشتی چەندییان پسپۆڕایەتییان بواری ڕاگەیاندنەو دەرچووی ئەو بەشانەن. چونکە ھەموومان دەزانین کاری ڕاگەیاندن، پسپۆڕایەتییە و پێویستی بە پاشخانێکی ڕۆشنبیری گەورە ھەیە. ئەوانەی لەبوارەکەدا کاردەکەن، دەبێ لە ڕووی زمان و ڕۆشنبیری گشتی و گەیاندن و بگرە زمانی جەستەو دەربڕینیش، کەسانی بەتوانا بن. بەگشتی ئەم توێژینەوەیە، زانیاری وردی تێدایە کە بۆ ڕۆژنامەنووسان بەتایبەتی پێویستن. چونکە جۆری کارکردنی ئەو کەناڵانە و شێوازی کاری ڕاگەیاندکاران وئاماری وردی لە بارەی سیستەمی کارگێڕی کەناڵە ئاسمانییەکان تێدایە. بەتایبەتی زۆربەی ڕاگەیاندکارو ڕۆژنامەنووسانی ئێمە، کاری ڕاگەیاندن لە سەر بنەمای حەزو خولیا دەکەن، نەک بە شێوەیەکی زانستییانە و پرۆفیشناڵانە، بۆیە ئەم جۆرە سەرچاوانە گرنگن بۆ کایەی ڕۆژنامەنووسی ئێمە و دەستخۆشانە لەتوێژەر دەکەم…
*ناوی کتێب(پەیوەندی نێوان سیستەمی کارگێڕی لە کەناڵە ئاسمانییەکان و شێوازی کاری ڕاگەیاندکاران)نووسینی(دلشاد مستەفا سلێمان)_ ھەولێر ٢٠١٩..