کاروان کامیل: ئێمەی هونەرمەندانی گۆرانیبێژی بادینان هەریەکەمان لە ئاستی خۆی و بەپێ ی توانای خۆی توانیومانە هەنگاوی زۆرباش و جوان بهاوێژین !!
– ئەگەر کارێکی درامی تەلفزیۆنی هەبێت، زۆرم پێخۆشە بەشداریی لەکارێکی نواندن بکەم !!
– دووبارە کردنەوەی ئەو گۆرانییەی هونەرمەندی کۆچکردوو (کاروان عوسمان) لەلای من گۆرانییەکی جوان بوو، ئەگەر بە شێوەیەکی باش نەمگوتنبێ یەکەم ئەزموونم بوو لە گوتنی گۆرانی سۆرانی !!
هونەرمەندی گۆرانیبێژی لاوی شاری دهۆک (کاروان کامیل)، ماوەی چەند ساڵێکە وەک گەجێکی بەهرەمەند لە بواری گۆرانی گوتندا توانیویەتی، لە رێگەی چەند ئەلبومێکی گۆرانی و چەند بەرهەمێکی دیکەی گۆرانی کە بەشێوەی کۆنسێرت و ئاهەنگ پێش کەشی هەوادارانی گۆرانی کوردیی کردووە، (کاروان) لەکاتی سەردانێکی دا بۆ شاری هەولێر، لە نزیکەوە کردمان بە میوانی خوێنەرانی هەفەتەنامەی “هونەری هەولێر”ـو لە نزیکەوە تیشکی خستە سەر چەند لایەنکێک لەکارە هونەرییەکانی و هەروەها ئاماژەی بۆ ئامادە کارییەکانی لە ئێستادا، بۆ بەرهەم هێنانی ئەلبومی تازەی گۆرانی خۆی خستە روو.
لە سەرەتادا لێم پرسی لە دوای ئەو ئەلبومەی کە لە ساڵی (2008) بڵاوت کردەوە، ئێستاکە چ کارێکی دیکەی هونەریی لە بەردەستت دایە..؟ لەوەڵامدا گوتی : “دوای ئەوەی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا سەردانی وڵاتی تورکیام کرد و لە شاری ئەستەبوڵ بەشداریی ئاهەنگێکی فراوانم کرد، کە بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی (2010) سازکرابوو، منیش وەک گۆرانیبێژێکی کورد بە چەند گۆرانییەک توانیم بەشداریی بکەم، لەدوای ئەو ئاهەنگەش لە پلانم بۆ ئەوە دانەوە، کە یەکێک لە گۆرانییەکانی ئەلبومی رابردووم کاری کلیپی بۆ بە ئەنجام بگەینم”.
هەروەها (کامیل) گوتی : “جگە لەوانەش خەریکی کۆکردنەوە و ئامادە کردنی چەند گۆرانییەکم، بۆ ئەوەی لەئەلبومێکدا بیهێنمە بەرهەم، لەو ئەلبومەدا بە نیازم (2) گۆرانی یاخوود (3) گۆرانی بە شێوە زاری سۆرانی بەرهەم بهێنم، چونکە پێم وایە ئێمەی هونەرمەندانی گۆرانبێژی سۆرانی و بادینان پێویستە ئەو تێکەڵییە بکەین لە شێوەی بەرهەم هێنانی گۆرانییەکانمان ئەو دوو زارەوەیە زیاتر لەیەکتر نزیک بکەینەوە و لە بەرهەم هێنانی ئەلبومی گۆرانییەکانمان ئەو دوو شێوە زارە رەنگدانەوەی هەبێت لە جۆری گۆرانییەکانمان، بۆیە من ئەلبوم دوای ئەلبوم لە هەوڵی ئەوەدام ژمارەی گۆرانییە سۆرانییەکان زیاتر بکەم، بەو ئومێدەم لە ئەلبومی داهاتوومدا بە شێوەیەکی باشتر کار لە سەر گۆرانییە سۆرانییەکان بکەم، لەگەڵ ئەو گۆرانییانەش کە بە شێوەی بادینی دەیانڵێم”.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆچی ستایلی (ئارابێسک) زیاتر رەنگدانەوەی هەیە لەسەر گۆرانییەکان رەنگدانەوەی هەیە..؟ لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا (کاروان کامیل) گوتی : “ستایلی (ئارابێسک) ستایلێکی فراوانە بۆ ئەوەی هونەرمەندی گۆرانیبێژ بتوانێ بە چاکی کاری تێدا بکات، جگە لەوستایلەش لەسەر جۆری دیکی گۆرانیش گۆرانییم گوتووە، بەڵام لە کارەکانی داهاتوومدا ئارەزوو دەکەم، ستایلی (پۆپ) بەکار بهێنم، چونکە من نامەوێ هەموو کارە هونەرییەکانم لە سەر یەک رێچکە و یەک جۆر گۆرانی بڵێم، بەڵکو دەمەوێ کار لە دوای کار بەرهەمەکانم گۆرانکاری و تازەگەری پێوە دیار بێت”.
دەربارەی گۆرانی (دوێت)ـیش، کە لەرابردوودا لەگەڵ چەند خانمێکی گۆرانیبێژ کاری کردووە، هونەرمەند گوتی : “من کە لەرابردووی کاری هونەرییمدا کاری گۆرانی دووانە یاخوود (دوێت)ـم لەگەڵ هەریەک لە خانمانی گۆرانیبێژ (چۆپی و باخان) گوتووە، مەبەستم ئەوە بووە ئەو گۆرانیانە وەک خزمەتێکی تازە بێت بۆ جەماوەر و قۆناغی گۆرانی کوردی، کە پێم وایە ئەو دوو گۆرانییەش لە گەڵ ئەو خانمە گۆرانیبێژانە لەلای جەماوەر جێگای خۆی گرتووە، هەروەها لە کاری داهاتووشمدا بە نیازم کارێکی دیکە بە شێوەی (دوێت) لەگەڵ خانمێکی گۆرانیبێژ بە ئەنجام بگەینم، بەڵام جارێ کە ناوەکە ناهێم چونکە کارە هێشتا نەگەیشتۆتە قۆناغی کۆتایی”.
هەروەها لە میانەی پرسیارێکی دیکەدا، ئەوەشی روونکردەوە، کە جگە لەگۆرانی کوردیی حەزی کردووە بە زمانی عەرەبیش گۆرانی بڵێت و گوتی : “من لە ئەلبومی (2004)ـدا یەکێک لە تراکی گۆرانییەکانم بە زمانی عەربی گوت، واتە ئەو ئەزموونەم تاقی کردەوە، بەڵام بەشێوەیەکی باش نەچووە لای جەماوەر و نەناسرا، بەڵام پێم وایە هونەرمەند ئەگەر بتوانێ بە زمانی دیکەش جگە لەزمانی کوردیی شتێکی باشە و خراپ نیە تۆ سەرنجی جەماوەری وڵاتانی دەورو بەر بەلای خۆی دا رابکێشێت”.
(کاروان کامیل) دەربارەی ئاستی گۆرانیبێژانی ناوچەی بادینان گوتی : “ئێمەی هونەرمەندانی گۆرانیبێژی بادینان هەریەکەمان لە ئاستی خۆی و بەپێ ی توانای خۆی توانیومانە هەنگاوی زۆرباش و جوان بهاوێژین، ئەوەشیان من ناتوانم هەموو بڕیارێکی لەسەر بدەم، بەڵکو کەسانی پسپۆر لە بواری هونەریی و جەماوەری هونەری دەتوانن ئەو بریارە بدەن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی هونەری گۆرانی کوردی نەک هەر لەو پارچەی کوردستاندا، بەڵکو لەهەرچوار پارچەدا هونەرمەندی زۆر باش لێهاتوومان هەیە و رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو پێش دەچێت، دەکرێ گەشبین بین کە هونەری گۆرانی کوردی بەرەو ئاستێکی باشتر و جوانتر دەڕوات”.
دەربارەی شێوازی بەرهەم هێنانی کلیپی گۆرانییەکانی (کامیل) گوتی : “من تائێستا کلیپێکم نەکردووە بە گوێرەی حەز و داواکاری من بوو بێت، بەڵکو هەموو ئەو کلیپانەی کە بەرهەم هاتوون، هەموویان هەڵدانێک بووە و بەس، چونکە لە کوردستان کارەکان هەمووی لە چوار چێوەیەکدا دیاری کراون، بۆ نموونە من چەندیین جار داوام لە وێنەگر و دەرهێنەرەکان کردووە، داوام کردووە کلیپی ئەو گۆرانییە بەو شێوەیە بێت، بەڵام کە دەستمان کردووە بە کاری وێنەگرتن و بەرهەم هێنانی سەیرم کردووە، کارەکە بەو شێوەیە دەرنەچووە کە من مەبەستم بووە، بۆیە لەمەودوا بڕیاڕمداوە ئەگەر کلیپێک بە ویستی خۆم نەهێتە بەرهەم، ئامادە نیم چیتر گۆرانی کلیپ بکەم”.
ئەو هونەرمەندە لە دوایین ئەلبومی گۆرانی خۆی دا، گۆرانییەکی هونەرمەندی کۆچکردووی شاری سلێمانی (کاروان عوسمان)ـی دووبارە کردۆتەوە، دەربارەی ئەو گۆرانییە و ئایا بە شێوەیەکی باش و سەرکەوتوو توانیویەتی دووبارەی بکاتەوە ؟ (کاروان کامیل) لەم بارەیەوە گوتی : “دووبارە کردنەوەی ئەو گۆرانییەی هونەرمەندی کۆچکردوو (کاروان) لەلای من گۆرانییەکی جوان بوو، بەڵام ئەو گۆرانییە یەکەم ئەزموونم بوو، لە گوتنی گۆرانی سۆرانی دا، چونکە پێًشتر هیچ گۆرانییەکی سۆرانییم نەگوتووە، بۆیە ئەگەر لە رووی فۆنەتیکەوە بەباشی ووشەکانم دەرنەبڕیبێت، ئاوا دوای لێبوردن لەجەماوەر و هونەر دۆستان دەکەم”.
هونەرمەندی گۆرانیبێژ (کاروان) لە میانەی وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، دەربارەی ئەوەی جگە لە کاری هونەری گۆرانی گوتن، حەز بەچ بوارێکی دیکەی هونەریی دەکات ؟ لەوەڵامدا گوتی : “من زۆر حەزم لەکاری نواند کردووە، چەند جارێکیش دەرفەتی ئەوەم هاتۆتە پێش و داوام لێکراوە بەشداری لەکاری نواندندا بکەم، بەڵام کارەکانم بەدڵ نەبووە و زۆر جاریش وا رێکەوتووە دەرفەتم نەبووە بڕیاڕ لەسەر کاری نواندن بدەم، وە ئەگەر کارێکی درامی تەلفزیۆنی هەبێت زۆرم پێخۆشە بەشداریی لەکارێکی درامی دا بکەم”.
لە کۆتایی دا هونەرمەند (کاروان کامیل) گوتی : “ئەلبومێکی تازەی گۆرانییم ئامادەیە، لەدوای چەند مانگێکی دیکەدا بڵاو دەبێتەوە، نزیکەی (12) گۆرانی لە خۆی گرتووە، لەدوای بڵاو کردنەوەی ئەو ئەلبومەدا بڕیاڕمداوە دوو کۆنسێرت لە هەولێر و سلێمانی ساز بکەم، چونکە دەمێکە من ئارەزوومە کۆنسێرت لەو دوو شارە ساز بکەم”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا