بورھان شێخ ڕەئوف
٢٥ ئەیلولی ٢٠١٧ سەرەڕای نیگەرانیە ناوخۆیی و دەرەکیەکان ھەر لە وڵاتانی دراوسێ وە بگرە تاوەکو ئەمریکاوھاوپەیمانەکانی و نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجوومەنی ئاسایشیشەوە نەیانتوانی سەرکردایەتی کورد قایل بکەن لە پاشگەزبوونەوە لە ڕیفراندۆم یان دواخستنی سەرەڕای فشارێکی یەکجار زۆر و چەند بژاردەوە ئەڵتەرنەتیفێک .
ئێستا لەدوای ڕاپرسی وسەرکەوتنی بەرەی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی سەرەڕای ھەموو تێبینی و سەرنجەکان لەسەر کۆی پرۆسەکە, باشووری کوردستان بووەتەڕۆژەڤو سەردێڕی ھەواڵەکانی جیھان کاردانەوەکانی ئێران و تورکیا لەلایەک و کاردانەوەی کاربەدەستە عەرەبەکانی عێراق بە ھەردوو باڵی شیعەو سوونە لە ھەمووی توندتر بە ئازاراترە وەکو ئەوەی عێراق ھیچ کێشەو قەیرانێکی تری نەبێت جگە لە سەربەخۆ بوون و جیابوونەوەی ماڵی کورد کە لە دەیان ساڵی ڕابردووی پێکەوە گرێدانی کورد بە عێراقەوە پڕە لە لاپەڕەی ڕەش و خوێنڕژتن وکارەساتی خوێناوی و جینۆساید کە بە پێویستی نازانم لێرەدا جارێکی بیانخەمە ناو دووتوێ ی ئەم وتارەوە ئەوەندەی مەبەستمە بە دراوسێ عێراقیەکان بڵێم خۆتان تەرخان بکەن بۆ چارەسەری کێشەکانی خۆتان کە ھەموو جومگەکانی عێراقی گرتووەتەوە ئێستا بەغداد یەکێک لە خراپترین پایتەختەکانی جیھانە حکومەتی عێراق لە رێزبەندی یەکەمی حکومەتە گەندەڵەکانی جیھانە .
قەیرانەکانی پەروەردەو فێرکردن و تەندروستی و ئاسایش و بێکاری و بڵاوبوونەوە مادە ھۆشبەرەکان و فرۆشتنی چەک وتەقەمەنی لە بازاڕەکانی مەدینەی سەدروشارەکانی تری عێراق گەندەڵی لە ھەڵبژاردنەکان و فرۆشتنی پۆستەباڵاکانی حکومەت بە ملێۆنەھا دۆلار دامەزرانی دەیان تاقمی میلیشیای چەکدارو نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی وەکو ئاوی پاکی خواردنەوە کارەبا سەرەڕای خەرجکردنی ٤٠ ملیلر دۆلار بۆی جگە لە بنیاتنانەوەی ناوچە ئازادکراوەکان لە دەستی داعش کە ملیارەھا دۆلاری گەرەکە ھەموو ئەمانە دەخوازن کاربە دەستانی عێراق کۆڵ لە کورد بدەن و پەند لە کارەساتەکانی مێژووی کورد لە عێراق و حکومەتە یەک لە دوای یەکاکانی وەربگرن و سەرقاڵی ماڵی خۆیان بن .
کاردانەوە ئیقلیمیەکان
کاردانەوەکانی ئێران و تورکیا لە پێش ھەموو لایەنەکانی ترەوە دێت لە بەرئەوەی بوونی ڕێژەیەکی زۆری کوردە لە وڵاتەکانیان کە نایشارنەوە دەترسن لە دروست بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە باشووری کوردستان دەبێتە ھاندەرو ڕێخۆشکەر بۆ ئەوەی کوردەکانی ڕۆژھەڵات و باکوور ھەمان ھەنگاو بنێن یان داوای مافە دیموکراسی و نەتەوایەتیەکانیان بکەن .
کاردانەوەی عەرەبی
بڕیاری عەرەبی بە یەکگرتوویی ڕاگەیەنرا لە کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی کە دژ بە ئەنجامدانی ڕاپرسی بوو کە ئەمینداری گشتی کۆمەڵەکە ( ئەحمەد ئەبو غەیس ) سەردانی بەغداو ھەولێریشی کرد بەڵام نەیتوانی ڕێ بگرێت بە ئەنجام نەدانی پرۆسەکە ھەرچەندە لە ڕابردوویشدا چەند دەنگێکی کەمی عەرەبی داوای ئەوەیان لە وڵاتەکانیان دەکرد کە ھاوکارو پشتیوانی کورد بن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بۆ ئەوەی ئیسرائیلێکی تر دروست نەبێت لە ناوچەکەدا بە قەولی ئەوان .
کاردانەوە ستراتیجیەکان
١. ھەندێک لە چاودێرانی ناوچەکە لەو بڕوایەدان دروستبوونی دەوڵەتی کوردی ڕێگردەبێت لە ھەوڵەکانی ئێران بۆ دروستکردنی ھیلالی شیعی لەعێراق و سوریا ولوبنان و لە ھەمان کاتدا دەبێتە پێگەیەک بۆ بەگژاچوونەوەی ئێران لەکاتی ڕودانی گرژی زیاتر لە نێوان ئەمریکاو ئێران و بەرگرتن بە ھەژموونی ئێرانی لە ناوچەکەدا .
٢. لەلایەکی ترەوە ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان دەرگای ھاوکاری و ھەمانگی زیاتر لە نێوان ھەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا دەکاتەوە ھەروەکو سەرەتاکەشی دەرکەوتووە لە کۆبوونەوە دووقووڵیەکانیانەوە لە ھەموو ئاستەکاندا بە تایبەتی سەربازی بە ھۆی دەستکەوتو سەررکەوتنەکانی کورد لە عێراق و سوریا و چۆنیەتی ڕووبەڕوو بوونەوەی و لە قاڵبدانی کە ئەمەش کوردی باشوور ھاندەدات کە پەیوەندی و ھەماھەنگی لە گەڵ ولاتانی عەرەبی وەکو عەرەبستانی سعوودیەو ئیماراتی عەرەبی بکەن .
٣. ڕاپرسی باشووری کوردستان بوار بۆ دابەشبوونی عێراق دەڕخسێنێت و بە تایبەتی سوونەکانی عێراقیش بیر لە دامەزراندنی ھەرێمی سەربەخۆو دەوڵەت دەکەنەوە .
٤. لەوانەیە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی تووشی قەیرانێکی دارایی قورستر لەمەی ئێستا ببێتەوە ئەگەر تورکیا ھەڕەشەکانی جێبەجێ بکات و بۆڕی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جیھان ڕابگرێت لەکاتێکدا حکومەتی ھەرێم ئێستا بڕێکی زۆر پارە قەرزدارەو و ئەگەر یارمەتی کۆمەکەکانی ئەمریکاش بوەستێت .
دەستکەوتەکانی ڕاپرسی بۆ عەرەبی عێراق
عەرەبەکانی عێراق بە ھەردوو باڵی شیعەو سوونەوە لە دوای ٢٠٠٣ ەوە تا ئێستا وا یەکگرتوو نەبوون لە ھەڵوێستەکانیاندا دژ بە کورد کە ھەندێ نووسەری عەرەب بە دەستکەوتێکی مەزنی دەبینن .
لێرەدا جێ ی خۆیەتی بپرسین ئەوەتا عەرەب ھەمو یەک دەنگ و یەک ھەڵوێستن تورکیاو ئێران دوو ڕکابەری مێژوویی ناوچەکە لە سەر کورد ھەماھەنگن ئەی ھەموو ئەمانە ناخوازن لە کورد کە ململانێ و ناکۆکیەکانیان وەلاوە بنێن و ھەڵسپێرن تاکاتی گونجاوتر ؟؟؟؟؟
ماوەتەوە بڵیێن سەرەڕای ھەڕەشەو نیگەرانی وڵاتانی ئیقلیمی وجیھانی لەوەناچێت ھەڕەشەکان بچنە بواری جێبەجێ کردنەوە و بەتایبەتی ئێران تورکیا ناتوانن ئەو سزانە بسەپێنن چونکە خۆیان زەرەر مەندی یەکەم دەبن .