له‌وانه‌یه به‌لاتانه‌وه سه‌یر بێت کاتێک منی ژن باس له‌ترسنۆکی ولاوازی ژن ئه‌که‌م ، ئاخر من له‌ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌و ئه‌زمونی تایبه‌تی خۆم به‌رامبه‌ر به‌ژیان گه‌یشتومه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که هه‌ندێک ژن بونه‌وه‌رێکی ترسنۆکه تاسه‌ر ئێسقان چه‌ن به‌هێزیش بێت سه‌د ئه‌وه‌نده لاواز‌و بێتوانایه له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی پیاودا،فه‌رموو ئه‌وه‌نیه ڕۆژی سه‌دان ژن ئه‌بنه کۆیله‌ی ژیانێکی سه‌پێنراوی نه‌ویست،من نازانم ئه‌و ترسه پێکهاتێکی سروشتییه له‌پێکهاته‌کانی ژن،وه‌ک پێکه‌نین و گریان و ئازار یان سیفه‌تێکی بۆماوهییهولهگهڵ بونیدا دێته دونیا‌و له‌گه‌ڵ گۆی مه‌مکی دایکیدا دهخرێتهناو ده‌می کچه‌که ؟
ئه‌وی جێگه‌ی نیگه‌رانی و ئازاردانی منی ژنه ئه‌و ترسه‌یه که‌وه‌ک ته‌وقێک له‌گه‌ردنمان کراوه،هه‌رگیز هه‌وڵی جدی(رژدانه) ناده‌ین بۆ پساندنی، ئێمه ته‌نها ئه‌گرین و به‌ده‌م هیچمان نه‌هێشتووه و که‌دێینه سه‌ر دۆخی ڕاسستی ڕووداو‌و به‌سه‌رهات هه‌ریه‌که‌مان له‌وی دیکه لاوازتر‌و ترسنۆکترین خۆ گه‌ر واش نه‌بێت ئه‌وا له‌ترسی ئه‌و سنوره‌ی بۆمان دیاریکراوه خۆمان ده‌نێینه کونجێکی تاریکه‌وه و به‌بێده‌نگی ناخی خۆمان ئه‌خۆینه‌وه،ئێمه هه‌میشه دژی پیاو سالاری خیتاب ئه‌ده‌ین و بانگه‌شه‌ی ئازادی و یه‌کسانی بونمان به‌گوێێ هه‌موو که‌سێکدا ئه‌ده‌ین،کاتێکیش یه‌کێک له‌خۆمان ئه‌بێته دایک سالار له‌دڕنده‌ترین پیاوی سه‌ر ڕوی زه‌مین دڕندانه‌تر مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌کات،کاممان گوێ بیستی چیرۆکی ئه‌و ژنانه نه‌بووین که‌دایکیان وه‌ک دوژمن مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌کدا کردون،یان ئه‌و خهسوانهی بوکیان یه‌خسیر ئاسا به‌ند کردووه‌و بونه‌ته هۆی نائومێدی و زۆرجاریش هۆکاری له‌ناو بردنیان .
باشه‌ئه‌گه‌ر ئه‌و ژنه ته‌مه‌ن بیستوسێ ساڵه دوای ده‌مانگ له‌زیندانه‌که‌ی ( خه‌جه ) ی خه‌سووی ههڵنههاتایهئهبوو ئێستا چی به‌سه‌ر بهاتایه؟؟
کاتێک من به‌ته‌له‌فۆن قسه‌م له‌گه‌ڵ کرد زۆر خۆشبه‌خت بو وه‌ک ئه‌وه‌ی مژده‌یه‌کی خۆشی پێبێت باسی له‌ژیانی ئه‌و دهمانگهی خۆی کرد له ئه‌منه سوره‌که‌ی ( خه‌جه‌ی ) خه‌سووی ، لێم پرسی چۆن ڕزگارت بوو؟ به‌ده‌م قاقای پێکه‌نینه‌وه ووتی : هه‌ڵهاتم .
دایکی فرمێسک به‌م شێوه‌یه چیرۆکی خۆی گێڕایه‌وه ..
پێش دو ساڵ له‌مه‌و به‌ر له‌ڕۆژی شه‌کراو خوردنه‌وه‌ی برایهکما ماڵی خه‌زوری منیان بینی و زۆر منیان به‌دڵا چوو،به‌تایبه‌ت برایه‌کی بوکه‌که‌مان که‌منی بینیبو هه‌ر دوای ته‌واو بونی ئاهه‌نگی شهکراوهکهبڕیاری داب‌و کهبنێڕێته داخوازیم،دوای چه‌ند ڕۆژێکی که‌م هاتنه داخوازیم به‌ڵام باوکم و ماڵه‌وه‌مان ڕازی نه‌بوون له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من کچی بچوکیانم و خوێندکاری پۆلی شه‌شی وێژه‌یی بوم و داخوازی کاریش دوانزه ساڵ له‌من به‌ته‌مه‌ن تر بوو ، ئه‌وان له‌ڕێگه‌ی کچه‌که‌یانه‌وه کهبوکی ئێمه‌یه توانیان کار بکه‌نه سه‌رم و زور به‌گه‌رمی هاتوچۆیان ئه‌کردین و زۆریش به‌ماڵێکی خاوهنزاده خۆیان نیشان ئه‌دا،هه‌تا وای لێهات په‌یوه‌ندییه‌کی خۆشه‌ویستی له‌نێوانمان دروست بوو، له‌به‌ر هێندێ منیش پێم خۆش بو که‌ئه‌م کاره سه‌ربگرێت چونکه کوڕه‌که زۆر بێده‌نگ و که‌سێکی هێمن دیار بو هه‌روه‌ها که‌سێکی ئه‌کادیمی بوو،به‌م شێوه‌یه توانیان ماڵه‌وه‌مان ڕه‌زامه‌ند بکه‌ن و شوم پێ‌کرد به‌ڵام هه‌ر له‌کاتی ده‌زگیرانیدا بۆم ده‌رکه‌وت که‌دڵی پیسه،به‌ڵام من هه‌موو شتێکم بهقسهئهکرد( چونکه نه‌گبه‌تی من له‌وه‌دایه من هه‌تا بڵێی بێده‌نگ و گوێرایه‌ڵم و دڵی که‌سم پێناشکێت ) ته‌نانه‌ت ڕێگه‌ی خوێندنی لێگرتم و
نه‌یهێشت چیتر بخوێنم،له‌هه‌مان کاتیش‌دا خوشکه‌که‌ی ئه‌و لای براکه‌م خوێندنی ته‌واو کرد.
له‌راستیدا پاش ماوه‌یه‌کی که‌م ئیتر من له‌تواناما نه‌ما ڕۆژێک ئاڵتونه‌کانم بۆ نارده‌وه‌و بڕیارم دا زه‌ماوه‌ند نه‌که‌ین و چوم له دادگا داوای جیابونه‌وه‌م کرد‌و ماڵهوشمان به‌توندی پشتیان گرتم و پارێزه‌ریان بۆ دابین کردم و هه‌ر له‌یه‌که‌م دانیشتنی دادگادا جیابوینه‌وه .
دایکی فرمێشک ووتی : نههامهتێکان لێره‌وه ده‌ستی پێ‌کرد .. ووتم چۆن ؟
درێژه‌ی بهقسهکانیداو ووتی: ئه‌وان ده‌ست به‌رداری من نه‌بوون و جارێکی تر که‌وتنه‌وه هاتوچۆو هه‌وڵدان بۆ یه‌کخستنه‌وه‌مان،ئه‌وه‌بو پاش ماوه‌یه‌ک ڕازی بوم و جارێکی تر پێکهاتینه‌وه، به‌ڵام له‌و کاته‌وه ماڵه‌وه‌مان لێم نیگه‌ران بوون و ووتیان ئێمه هه‌قمان نییه ، براکانیشم پێیان ناخۆش بوو به‌ڵام چونکه چاره‌نووس کردبوی هه‌ر ئه‌بو من ئه‌م نههامهتیهبچێژم،ئه‌مه‌سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌وان ئه‌و بڕه ئاڵتونه‌ی یه‌که‌م جاریان نهدامهوهکهئهو ده‌مه‌ی پێم دانه‌وه ( هاوسه‌ره‌که‌م به‌هۆی کارکردنی له‌ته‌ک به‌رپرسێکی بالا ده‌ستدا له‌به‌غدا باری ئابوری و گوزه‌رانی زۆر باش بوو) ووتیشی من ئاهه‌نگت بۆ ناکه‌م تاقه‌تی ئاهه‌نگم نییه دوای گواستنه‌وه چیت بوێت بۆت ئه‌که‌م،ئه‌و شه‌وه‌ی گوێزرامه‌وه ته‌نها خوشکه‌که‌م وخوشکهزایهکم لابو،ماڵه‌که‌مان وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆڵی مردوی به‌سه‌ردا کرابێت وابو،به‌ڵام من له‌و که‌سانه‌م کهخهم و ئازار له‌دڵ و ناخی خۆمدا حه‌شار ئه‌ده‌م و لای هیچ که‌سێک نایدرکێنم، به‌م شێوه‌یه چیرۆکی من ده‌ستی پێ‌کرد هه‌ر ئه‌وه‌نه‌م خۆشی بینی هه‌تا نه‌چوبومه ئه‌و ماڵه، هاوسه‌ره‌که‌م دوای سێ ڕۆژ به‌جێی هێشتم و گه‌ڕایه‌وه بۆ به‌غداد، من ماڵی خۆم بۆ کرابو له‌قاتی خواره‌وه‌ی ماڵی خه‌سوم ناوماڵێکی جوان به‌دڵی خۆم هه‌بوو که‌چی خه‌سوم نه‌یئه‌هێشت له‌ماڵه‌که‌ی خۆمدا بگوزه‌رێم .. هاوسه‌ره‌که‌م دوای دوو مانگ گه‌ڕایه‌وه ئیتر خه‌سوم که‌وته فیتنه‌و قسه هه‌ڵبه‌ستن، به‌جۆرێک پێێ ئه‌ووتم( تۆ ژنی منیت ) من چیم ووت ئه‌وه‌یه هاوسه‌ره‌که‌شم هێنده که‌سایه‌تی لاواز بوو وه‌ک منداڵێکی شیره‌خۆره له‌به‌رده‌م دایکیدا ده‌له‌رزی و به‌رد بهاتبایهتهگۆ ئه‌و نهدههاتهگۆ، به‌یانی ئه‌چووه ده‌ره‌وه هه‌تا دووی شه‌و به‌سه‌رخۆشی ئه‌هاته‌وه‌و پاشان وه‌ک دڕنده بهرئهبووه جه‌سته‌م ،کاتێکیش له‌تێرکردنی خۆی ته‌واو ئه‌بوو ئینجا ئه‌که‌وته لێدانم هه‌تا من توانا‌و هێزم تیا نه ئه‌ما لێی ئه‌دام. به‌بێ هیچ هۆیه‌ک، من وه‌ک زیندانیه‌ک وابوم خه‌سوم یاساوڵ بوو نه‌یئه‌هێشت که‌س ببینم، قسه له‌گه‌ڵ که‌س بکه‌م، ئه‌گه‌ر که‌سێکی خۆم به‌ته‌له‌فۆن بانگی بکردمایه ئه‌یووت لێره نیه،نه‌یئه‌هێشت بچم بۆ ماڵی باوکم،هه‌ر به‌یانی سه‌عات حه‌وت هه‌ڵی ئهسانم هه‌تا شه‌و ئه‌بوایه من وه‌ک کاره‌که‌ر ههڵسوڕامایه جگه له‌وه‌ی ڕۆژی هه‌زار جنێوی سارد‌و سوکی پێئه‌دام که‌سه‌گ بێزی نه‌ده‌هات بۆنی پێوه‌بکات،ته‌نانه‌ت قسه‌ی به‌ماڵی باوکیشم ئه‌ووت من خۆم ئه‌کرد به‌که‌ڕ و پێم ئه‌ووت به‌س ئاگات لهزهختهکهت بێت ،ژیانم زۆر ناخۆش بو هاوسه‌ره‌که‌م کهئهڕۆی هه‌تا ئه‌هاته‌وه تێلی بۆ نه‌ئه‌کردم، وه‌ک ئاژه‌ڵێک وابو،ته‌نها خه‌سوم بکردو بکوژو ببڕ خۆی بوو که‌س نه‌یئه‌وێرا فزه بکات،وام لێهات هه‌رکه‌س له‌خێزانی ئه‌وان
منی ئه‌بینی دڵی بۆ من پڕ ئه‌بوو،کێشم به‌شێوه‌یه‌ک دابه‌زیبوو ببوو به‌چل وپێنج کیلۆ،
به‌جۆرێک لهژیهن بێزار ببووم خۆزگه‌م به‌مردنی خۆم ئه‌خواست…….،
لێم پرسی ئه‌یچۆن ده‌رباز بویت له‌و ژیانه ؟ دایکی فرمێسک ووتی شه‌وێک تۆزێک جل و پێویستی خۆمم خسته عه لاگهیهکی ڕه‌شه‌وه‌و تابه‌یانی نه‌خه‌وتم که‌هه‌ستام بۆ ماڵ پاککردنه‌وه بردمه به‌رده‌رگا به‌بیانوی خۆڵه‌وه و ههرئهوهنهم زه‌حمه‌ت بو هه‌تا ده‌ستم کرد به حهوشهشتن سۆنده‌که‌م جێهێشت و ڕامکرده کۆڵان پڕم دایهعلاگهکهو هه‌ڵهاتم بۆ سه‌رجاده،ته‌کسییه‌کم گرت‌و چووم بۆ ماڵی خوشکه‌زاکه‌م، هێشتا به‌یانی زوبوو، کهوتمهدهرگا کوتین که‌هات نه‌یوێرا ده‌رگاکه‌م لێبکاته‌وه چونکه ده‌مانگ بوو منی نه‌بینیبو نه‌یناسیمه‌وه هاوارم کرد بیکه‌ره‌وه من ( .. ) م هه‌ر که‌ده‌رگاکه‌ی کرده‌وه‌هه‌ر هێنده‌م پێکرا بڵێم جارێ (دهدینارم بۆ بێنهتاوهکو بیده‌م به‌شۆفێری ته‌کسیه‌که) پاشان چومهژوورهوهو هه‌موو ڕاستییه‌کانم بۆ باس
کرد‌و شه‌و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی چوین بۆ ماڵی باوکم.
باشهئهوان(خهسووتو هاوسه‌ره‌که‌ت)چیان کردوو هه‌ڵوێستیان چی بوو…..؟؟؟
ئه‌وان هێنده تاوانبار‌و سه‌رشۆڕن هه‌تا ئێستا له‌منیان نه‌پرسیوه که‌وا نزیکه‌ی ساڵێکه من له‌ماڵی باوکمم ته‌نانه‌ت دوای گه‌ڕانه‌وه‌م هه‌ستم کرد که‌سم هه‌یه،ئێستا کچێکی جوانم هه‌یه‌و ناوم ناوه(…..).
داوای کچه‌که‌یان نه‌کرد..؟
نه‌خێر کاتێک گه‌رامه‌وه ماڵی باوکم پارێزه‌ریان بۆ دابین کردم و خۆم چومم بۆ لای و هه‌موو شتێکم بۆ باسکرد خۆشبه‌ختانه هاوڕێی هاوسه‌ره‌که‌م ده‌رچو، پێشم ووت من سکم هه‌یه ئه‌و ووتی من ئه‌و مناڵه‌م ناوێت ( حاکم لێێ توڕه‌بوو پێی ووت ئه‌مه مناڵی تۆیه‌و هه‌تا مردن ئه‌بێت به‌رپرس بیت به‌رامبه‌ری ) ، من هه‌ر یه‌که‌م دانیشتنی دادگا داوای جیابونه‌وه‌م کرد، وازم له‌هه‌موو ماف و ماره‌یی و ته‌نانه‌ت شتی شه‌خسی خۆشم هێنا به‌س ڕزگارم بێت چونکه هه‌ستم ئه‌کرد ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه ئه‌گه‌ر خۆشم نه‌کوژم ئه‌وا ده‌ردی خه‌سوم و ئازار ئه‌مکوژێت،خۆشبه‌خت بوم کهحاکم بڕیاری ده‌رکردو ڕزگاری کردم،به‌لام تائێستا که‌سیان هه‌وڵی بینینی مناڵه‌که‌یان نه‌داوه،ته‌نانه‌ت براژنهکهشم که‌کچی ئه‌وانه و دهبێتهپوری مناڵه‌که‌م تائێستا نه‌هاتووه بۆ ماڵی باوکم و ڕوی نایه‌ت چونکه ئه‌زانێت ئهولهچ ژیانێکدایهو دایکم وباوکم وئێمه چه‌ن ڕیز لهبوکهکانمان ئه‌گرین و براکه‌م چه‌ن باشه .
ئێستا دایکی فرمێسک له‌گه‌ڵ کچه جوانه‌که‌ی له‌ماڵی باوکی ئه‌ژی و وه‌ک جاران خهندهگهڕاوهتهوهسهر لێوه‌کانی و خه‌ریکی ته‌واو کردنی خوێندنه.
چی به‌هاوسه‌ره‌که‌ت ئه‌ڵێی..؟
ئه‌ڵێم باکه‌مێک خاوه‌نی هه‌ڵوێست و که‌سایه‌تی خۆی بێت، نه‌ک هه‌ر ئه‌و به‌ڵکو هه‌موو پیاوێکی نه‌خۆش به‌ده‌ردی مه‌شروب خواردنه‌وه‌و لاواز‌و دڕنده‌و دڵ پیسی ئه‌بێت هۆی له‌ناوبردنی خێزان.
ئه‌ی بهخهسووت؟
پێی ئه‌ڵێم : ژن زۆر له‌وه گه‌وره‌ترو به‌رزتره که‌ئه‌و لێی تێگه‌یشتووه و وام لێهاتووه له‌سه‌ر دڕنده‌یی وبێبهزهیی ئه‌ودا بڵێم باقه‌ت ژن سالار نه‌بێت ئه‌گینا ڕۆژی سه‌دانی وه‌ک من به‌ده‌ستی خه‌سوو ژیانیان تاڵ ئه‌بێت.
دوا ووته‌ت بۆ کچان؟
تکایه هه‌رگیز به‌ڕوکه‌ش و ڕواڵه‌تی که‌س هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن و ترسنۆک و لاواز مه‌بن بۆ ئاسوده‌یی و مسۆگه‌ر کردنی ژیانتان،هێڵی سوور ببه‌زێنن.
به‌ڵێ به‌ڕێزان ئه‌مه چیرۆکی ( .. ) که‌به‌ده‌ستی ژنێک ژیانی ببوو به‌دۆزه‌خ و پیاوێکی لاواز‌و ده‌روون نه‌خۆش له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا به‌دڕنده‌ترین شێۆه ئازاری ئه‌دا و کچێکی ته‌مه‌ن چوار مانگ ته‌نها تاوانی ئه‌وه‌یه که‌کچی پیاوێکی هه‌تا سه‌رئێسقان نامرۆڤهو نه‌نکێکی دڕنده‌یه.
له‌به‌ر تایبه‌تمه‌ندێتی زۆر له‌قسه‌کانی(…..)م بڵاو نه‌کرده‌وه.
دایکی فرمێسک ؛ ناوێکی خوازراوه
فرمێسک ؛ ناوێکی خوازراوه
خه‌جه : نازناوی خه‌سوی (..) ه دوای ده‌وڵه‌مه‌ند بونیان،چونکه به‌داخه‌وه هه‌ندێک که پاره ئه‌بینن یه‌که‌م شت ناو‌و ستاییلی خۆیان ئه‌گۆڕن و ناوه‌ڕۆکیشیان به‌تاڵ و پووچ.
من لێره‌دا نامه‌وێت هیچ ژنێک به‌هه‌ڵه له‌من بگات ئه‌مه ڕاستییه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره ئێمه‌ی ژن هه‌مه‌یشه بۆ خه‌ڵک ئه‌ژین، بۆ خه‌ڵک به‌رگ ئه‌پۆشین و له‌ترسی قسه‌و باس و قالهو به‌لا پێ ئه‌نێینه سه‌ر دڵی خۆمان گه‌ر لهدۆزهخیشا بژین قه‌بوڵمان بێت ، له‌ترسی ئه‌وه‌ی که‌س پێمان نه‌ڵێت ( ژنێکی خراپه ) چونکه هه‌میشه کۆمه‌ڵگه تاوان ئه‌نێته گه‌ردنی ژن ، ته‌نانه‌ت نزیکترین که‌سی خۆمان پشتگیرمان ناکه‌ن،به‌و هیوایه‌م هه‌موو ژنێک ژیانی وه‌ک ( .. ) لهدۆزهخدایه ده‌رگای زیندانه‌که‌ی بشکێنێت و خۆی دهربازو ئازاد بکات، ژیان زۆر له‌وه جوانتره بۆ ئه‌به‌د له ناو ئازار‌و چه‌وساندنه‌وه‌و سوکایه‌تی پێکردندا بگوزه‌رێت ، به‌هه‌موو ژنێک ئه‌ڵێم وه‌رن با له‌ترس یاخی ببین و هێڵی سووری ترس ببه‌زێنین هه‌ریه‌که‌مان له‌پێناوی گه‌یشتن به‌ئامانجێک خۆمان ئاسوودهبکهین و به‌پیاو بڵێین ( نا ) با ڕاستگۆبین له‌گه‌ڵ خۆمان، به‌سه ئه‌م هه‌موو کوشتن و سوکایه‌تی پێ کردنهبهسهخۆسوتاندن و ڕۆژی ده‌یان جار مردن به‌ده‌ست پیاوێکه‌وه.
که‌ژاڵ أسماعیل – هۆڵه‌ندا
26 / 8 / 2007
چیرۆکی دایکی فرمێسک