دایکم
لاواز لاواز لەدووری من
ماڵەکە هەراسان ئەکات
هیچ نابینێ لە بێ منی زیاتر
پێنوسێک لەباران قەرز ئەکات
تیانوسێک لەهەنسکی نەبڕاوە ئەهێنێت
پێش هەمووشت
گوێ لە گمەی یادگارییەکان ئەگرێ
سەیری دەرگای حەوشە ئەکات
لەناو چیمەنەکەدا ئەوەستێ
سەرێک بۆ ئاسمان هەڵئەبڕێ
کەمێک گەنم بۆ کۆترەکانم ڕۆدەکا
لەسوچێکی حەوشەکەدا دائەنیشێ
ئینجا دەست ئەکات بە نوسین
نوسینێک ورتتر لە ئینجیل
درێژتر لە تەزبیح
جوانتر لەناوی خۆی
دەست ئەکا بە نوسینەوەی فرمێسکی خۆی
بە سوتانی چاوەڕوانی
بە نوسینەوەی خەمەکان
بە هەڵقرچانی نائومێدی
بە شکانی شوشەی تەنیایی
بە باسی گەڕەکە کۆنەکەمان
بە شەڕە بەفری جاری جاران
ئەنوسێت و هەر ئەنوسێ
هیلاک ئەبێ
دەستێک ئەخاتە ژێر چەنەی
شارە زەردەواڵەی یادگاری ئەوروژێ
چرای چاوەڕوانی ئەکوژێتەوە
ئاوێنەی ئومێدی ئەشکێ
دیسانەوە دەست ئەکاتەوە بەنوسین
گەڵای تەمەنی من ئەبژێرێ
ساڵانی دوور لەمنی ئەهۆنێتەوە
باسی بێکەسی خۆی ئەنوسێ
بەدەم نوسینی هەردێڕێکەوە
سەیرێکی مەتبەخەکەش ئەکا
لەگەڵ قوڵپە قوڵپی کتلییەکە
کوڵانی دەرونی خۆی بیر دێتەوە
هەڵدەستێت و سۆندەی ئاوەکە ئەگۆڕێ
کەمێک بۆنی گوڵە مێخەکەکان ئەکات
دیسانەوە قەڵەمەکە هەڵدەگرێت و
بۆم دەنوسێ
درنگە بۆ گەڕانەوە کەی دێیتەوە نوری چاوم
بۆم دەنوسێ
چۆن شەوانە پێخەفی گوڵم بۆ دائەخا
هەتا درەنگ چاوەڕوانی هاتنی من ئەکا
حیکایەتی ئەستێرەکانم بۆ دەکا
چیرۆکی حەوتەوانەو ئەکوانی دێوم بۆ دەکا
هەربەخەیاڵ ئەم خەوێنێ
بۆبەیانیش دوای شەڕی زۆر
لەخەو خەبەرم ئەکاتەوە
جلەکانم بۆ ئەگۆڕێ
ڕۆژانەکەم ئەخاتە ناو گیرفانمەوە
جانتاکەم ئەکاتە کۆڵم
تا دەرگای حەوشە لەگەڵم دێ
بۆی بەڕێم کات بۆ خوێندنگا
دەست ئەبات و چاوی ئەسڕێ
هەر بەدەم هەنسکەوە بۆم ئەنوسێ
خۆزگە هەر بەجاری جاران
ڕێباز عوسمان عزیز
ستۆکهۆڵم
۲۰۱۲