توانا تەھا : ئێلفرێدە ژێلینێک- ئەو ژنە فێمێینستە نەمسایییەی ٢٠٠٤ نۆبێڵی لە ئەدەبدا وەرگرت دەڵیێت ” (ژن قوربانی دەستی ئەو پیاوە نییە کە لێی دەدات، تەنانەت قوربانی دەستی ئەو پیاوەش نییە کە ئەتکی دەکات، ژن قوربانی دەستی کولتووری بابسالارییە، ئەو کولتوورەی ھەرگیز چاوەڕێی شتێکی باش لە ژن ناکات).
دەمێکە کاتی ئەوە ھاتووە پرسیاری ئەوەبکەین، تاکەی لەکوردستان ئەم سیتەمە سەرمایەدارییە بازرگانی بەجەستی مرۆڤ دەکات، تاکەی دەبێت بەشێکی مرۆڤەکان لەم وڵاتەی ئێمە کۆیلە بن و بەشێکیان ببنە قوربانی و بەشێکیان وەکو کالایەک تەماشا بکرێن، ئایا کاتی ئەوەنەھاتووە ژنان، خەم و ئازار و ناڕەزایەتییەکانیان لە دڵ و دەروونیان نەھێڵنەوەو راستییەکان دەرخەن و ھیچی لێ نەشارنەوە، تاکەی لە ژێر پیکەنین و نەرموونیانیی رووکەش ھەموو راستیەکانی ناخیان ئەشارنەوە، ئێمە لە کاتێکدا کە کۆڵێک خەم و پەژارە لە نێو دڵمان گرمۆڵە بووە و کە ھەناسە ھەڵدەکیشین بۆن کڕووزی لێدێ بۆچی وا نیشان بدەین کە ھیچ کەموکوڕییەکمان نییە؟!ئایا ئەم بێدەنگەی ئێمە ئەوەدەگەینێت کە ھیچ گرفتێکمان نەبێت، ئەمە چییە پێمان دەڵێت ھەموو رۆژێک وەھا بژی، وەکو ئەوەی ئەم رۆژە یەکەمین رۆژی ژیانی مرۆڤ و دواھەمین رۆژی بێت، زۆرکەس ھەن بەتەنیا رۆیشتن، کەسێک نەبووە قسەبکا.
من دەپرسم کاتی ئەوە نەھاتووە ئەوەی لەناخماندایە بەبێ ترسی باسی بکەین، ھەرچەندە رۆژ بەرۆژ جۆرێک لە ھۆشیاری بڵاو دەبێتەوە، بەڵام دیمەنە جەرگ بڕەکان ھەر دووبارە دەبنەوە، ھەر رۆژ کوشتن و بەردبارانکردن و چەکۆ، گوللە، خنکاندن، سووتاندن، تاوانەکانیش ئەخرێنە ئەستۆی پەرێمزو تەباغ، ئەرێ ھەر بەڕاست ئەم دوو ئامێرە خزمەت بەمرۆڤایەتی ئەکەین یان مرۆڤایەتی لەناو ئەبەن! ژنان کەلەماڵی باوکیانن بە دەیان ترس رووبەڕوویان دەبێتەوە، کە ھاوسەرگیریییشان کرد ترسی ئەوە دەست پێدەکا نەوەک ماڵ و مێردێیان لێ تێکبچێ و منداڵەکانیان بێ سەرپەرشت بمێنەوە، من وەک گەنجێک بۆ ھەر شوێنێک چووبم ھەستم بە بێزاریی ژنانکردووە، کە بەتەنیام نازانم چی لەگەڵ شەقامەکان بڵێم، لە ژوورەوەم نازانم چی لەگەڵ دار و دیوار بڵێم، سەیری تیڤی دەکەم ئەویش کۆمەڵێک سیناریۆمان پیشان دەدا، سەیری بڵاوکراوەکان دەکەم وەک کاڵا سەیری ژن دەکرێت، گوێ لەھەندێک گۆرانی دەگریت لەو پەڕی سووکایەتیدایە بەژن، سەیری ئینتەرنێت دەکەم لەوێش سەرم گێژ دەخوا لە دەست ئەو ھەموو نەھامەتییانەی کۆمەڵگەکەمان، بیرلەعەداڵەتی کۆمەڵایەتی دەکەیتەوە دووچاری سەرسوڕمان دەبیت، سەر بەھەرکوێیەک دابگریت خەمە. ئەم چەشنە لە توندووتیژییە بنەماڵەییەکان، کەسییەکان، دامەزراوەکان، چەشنی جۆرەکانی دی زیاتر لە لایەن پیاوانەوە بەرامبەر بە ژنان بەکار دەبرێن. توندووتیژیی دەروونی ھەم زۆر ھەستیارە و ھەم زۆر بەربڵاو و لە زۆر رووگە و رەھەندەوە دەکرێ دەروونی ژنان بکرێتە ئامانجی ئەم جۆرە زەبر و زەنگە. توندووتیژیی دەروونی کە زۆرجار توندووتیژیی رۆحیشی پێدەگوترێ کۆی ئەو قسە و رەفتارانە دەگرێتەوە کە پیاو بۆ ئازاردانی ژن کەڵکی لێوەردەگرێ. ئەم ئازار دانە یان زمانی و ئاخاوتنییە وەکوو جنێودان، سووکایەتی پێکردن، ھێنانە زمانی عەیب یان کەم و کوڕییەکی سیما و رواڵەتی ژن، یان دەستدرێژی، و ماندووبن و ئەرکی سەرشانی زیاترو و یان نواندنی ئاکارێکە کە دڵ و دەروونی ژنی پێ ئەژاکێ وەکوو رەشبینی، دڵپیسی، خیانەت “کە ئەمە لە ژیانی ھاوسەرێتیدا ھەیە”، یان ئەو پیاوانەی لەبەر چاوی ژنەکەیان بە ژنێکی دیکەدا ھەڵدەدەن. یان ژنان لەدەروەی ماڵیش رووبەڕووی دەیان دیمەنی نەشیاو دەبنەوە، چەند ھاوڕێیەکی ژنم ھەیە لەپلەی باڵان دەیان جار سکالای دڵی خۆیان لام باسکردووە کە لەکارەکانیاندا زۆر بەکەم رەچاوی کارو ماندوبوونیان دەکرێت لەوەی زۆرتر سەیری قاچ و لێو سنگیان دەکرێت، ئەمەش ھزرێکی ژەنگاویەو دەچێتە خانەی بێ ئەخڵاقی. چونکە ئەو ئامارانە پێمان دەڵێن نیگەرانییەکی زۆر ھەیە.
ئەوەی گرنگە رێکخراوەکان و سەنتەرەکانی تایبەت بەپرسی ژنان ھەنگاوی جددی بۆ بھاوێژن، پێویستە ھەوڵبدەن بۆ نەھێشتنی چوارچێوەی جنسیەتی و بارھێنان و فێرکردنی ھەموو کۆمەڵگە بە ئینسانگەرایی بە جێی رەگەزگەرایی کە ئەوکات پێناسەی ئینسانەکان لە ھەڵپەسێردراو بوون بەرەو پێناسەی سەربەخۆ و سەربەست دەگۆڕێت. دەبێت واتێبکۆشن شێوازی کاری ئێستایان بگۆڕن و فۆرمێکی دیکەی ھۆشیاری وەربگرن بۆ کۆمەڵگە، دەبێت مرۆڤی والێبکرێت وەکو تاک بژیت، مرۆڤ خۆی بێت.
بەو ئومێدەم رۆژێک بێت کە مرۆڤ، سەرلەنوێ جێ و پیێ راستەقینەی خۆیان لەھەموو شوێن ببینەوەو دەمارگرژی و بێ ئاگایی جیاوازی لە رەگەزی نەمینێت و ھەموو کەس وەکو مرۆڤ سەیر بکرێت.