مەسعودی مەلا ھەمزە: لەدرێژەی چالاکییەکانی شەشەمین فێستیڤاڵی ئازادی ھەولێر و وەک نەریتێکی ساڵانە بۆ ئەمساڵیش بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر بە ھەماھەنگی پارێزگای ھەولێر و بە بەشداری ھونەرمەندی ناسراوی بواری کۆمیدیا “ئەیام ئەکرەم- شەمۆ” شانۆگەری گوڵێ و ھیوایەکی نوێ نمایش دەکرێ.
شانۆگەری گوڵێ و ھیوایەکی نوێ لە نووسینی عەبدولکەریم بەرشید و ئامادەکردن و دەرھێنانی ھیوا سوعادە و ھەریەک لە ھونەرمەندان “ئەیام ئەکرەم- شەمۆ، دلڤین موحسین” وەک ئەکتەری سەرەکی لە کارەکە بەشدارن و بڕیارە لەمیانی چالاکییەکانی شەشەمین فێستیڤاڵی ھەولێر “ئازادی و نەورۆز نمایش بکرێ”.
لە لێدوانێکی تایبەتدا ھیوا سوعاد دەرھێنەری شانۆگەرییەکە گوتی”وەک نەریتێکی ساڵانەو ئەمساڵیش بەبۆنەی یادەکانی راپەرین و نەورۆزەوە بە شانۆگەرییەکی کۆمیدی دێینەوە خزمەت بینەران و شانۆکاران، ئەویش بە نمایشکردنی شانۆگەری “گوڵێ و ھیوایەکی نوێ”.
ھیوا سوعاد گوتیشی”بڕیارە ئەم شانۆگەرییە لە کاتژمێر ٥ی شەوانی ١٧و١٨و١٩/٣/٢٠١٢ لە ھۆڵی گەلی شاری ھەولێر نمایش بکرێ.