چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی : نوێترین بەرھەمی ئەو گۆرانییەک بوو تایبەت بە کوڕان بەزمانی کرمانجی بەناوی “لاوێ من”، دەڵێ من کچم دەبێ گۆرانی بۆ کوڕ بڵێم، ئەگەر کوڕیش بوایە گۆرانی بۆ کچ دەگوت، بەڵام ڤینا لەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ (سڤیل)
رەتی دەکاتەوە ئەو گۆرانییەی لەسەر خۆی گووتبێ و دەڵێت “من ئەڤیندار نیم، ھێشتا بچووکم و گرنگی بەخوێندنەکەم دەدەم”. ڤینا فەرشید یەکێکە لەم کچە گۆرانیبێژە لاوانەی ھەوادارێکی زۆری ھەیە، بۆیە چەندین ئەکاونتی لەتۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەناوی ئەو کراوەتەوە و چەند جارێکیش فەیسبووکە تایبەتییەکەی خۆی ھاک کراوە.
لەبارەی ئەم گۆرانییەی کە لەدوو مانگی رابردوو بەناوی “لاوێ من” بڵاوی کردەوە و بەرھەمھێنانی ڤین پرۆدکشن بوو، ڤینا ئاماژەی بۆ ئەوە دەکات لەبەرئەوەی ئەو کچە حەزی کردووە بۆ رەگەزی بەرامبەر گۆرانی بڵێت، دەڵێ ئەگەر کوڕیش بام گۆرانیم بۆ کچ دەگوت، ھەر سەبارەت بەم گۆرانییە باسی باوکی دەکات، ھونەرمەند (فەرشید نورانی) کە ماوەیەکە وەکو ھونەرمەندێک لەکاری ھونەری دابڕاوە و دەڵێت “باوکم سەبارەت بەوەی گۆرانی بەسەر کوڕ بڵێم رایەکی زۆر نۆرماڵی ھەبوو، ھیچکات لەھیچ کارێکی مندا رێگر نەبووە، نە باوکم نە دایکم، وەڵڵا ھەمیشە دەستخۆشی لێکردووم لەم کارانەی کە من کردوومە”.
ڤینا تەمەنی خۆی بە بچووک دەزانێ بۆ ئەڤینداری، بۆیە رەتی دەکاتەوە گۆرانییە ئەڤیندارییەکەی بەسەر خۆیدا گوتبێ، ڤینا وەک خۆی دەڵێت “جارێ فکر لە ئەڤینداری ناکەمەوە و نامەوێت ئەڤینداری کەس بم، خەریکی خوێندنی خۆم و کاری ھونەریم جارێ، وابزانم تەمەنی من ماویەتی”. ڤینا ئێستا لەقۆناخی نۆی بنەڕەتی لەشاری ھەولێر دەخوێنێ و لەبەرنامەیدا دوای ئەوە بڕواتە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان میوزیک بخوێنێ.
بە ئەسڵ خەڵکی کوردستانی رۆژھەڵاتە، ساڵی ١٩٩٧ لەھەولێر لەدایکبووە و گەورە بووە، بەڵام زۆر حەز لەدھۆک دەکات، ئەگەر بەویستی خۆی بێت حەزدەکات لەوێ نیشتەجێ بێت، نوێترین گۆرانیشی بەزمانی بادینی بوو، ڤینا دەڵێت “لەبەرئەوەی زۆربەی ھاوڕێکانم لە دھۆکن، لەگەڵ ئەوەشدا بەلای منەوە دھۆک شارێکی خۆش و دڵرفێنە، کەش و ھەواکەی خۆشە، نەک دھۆک بەڵکو ھەموو شارەکانی کوردستان بەلای منەوە خۆشە”.
چەند ئەکاونت لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەناوی ڤینا کراوەتەوە و سەرەڕای ئەوەش چەندینجار فەیسبووکە تایبەتییەکەی خۆی لەلایەن چەند کەسانێکەوە ھاک کراوە، ئەوە ڤینای نیگەران کردووە، ھەر ئەوەشە وایکردووە فەیسبووکە تازەکەی بەناوی خۆی نەکات، ئایا ئەو کەسانە لەھەواداری خۆیەتی یان نا، ڤینا گوتی “راستە چەند جارێک فەیسبووکم ھاک کراوە، بەڵام ئیستا فەیسبووکی من بەناوی خۆم نییە، ھەموو ئەو کەسانەش ئاگادار دەکەمەوە کە ئەو فەیسبووکانەی ڤینا ھی من نینە، بەڵام خۆشم نازانم لەلایەن کێوە ئەم کارانە دەکرێت و فەیسبووکم ھاک دەکرێت، ئەو کارە ھیچ سوودێکی بۆ ئەوان نییە جگە لە نیگەران کردنی ھونەرمەندان، ھیوادارم واز لەم کارە بێنن”. ڤینا ھەروەھا گوتیشی “حەزم دەکرد فەیسبووکەکە بەناوی خۆمەوە بوایە، بەڵام لەبەرئەوەی چەند جارێک ھاک کرام، بۆیە فەیسبووکە تازەکەم بەناوی خۆمەوە نەکردووە، چونکە فەیسبووک پردێکی مۆدێرنە لەنێوان ھونەرمەندان و ھەواداران، بەڵام بەداخەوە ھەندێ کەس وایکردووە ھونەرمەندان نەتوانن سوود لە فەیسبووک وەرگرن”.
ڤینا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پڕۆژەیەکی ھونەری ھەیە، بەڵام ھێشتا دەستی پێ نەکردووە و دەڵێ ئێستا سەرقاڵی خوێندن و ھەندێ شتی ترم، بەڵام ئینشاڵڵا بەم نزیکانە دەست بەجێبەجێکردنی پڕۆژە ھونەرییەکەم دەکەم.
سێ ساڵە ڤینا دەستی بەگۆرانیگوتن کردووە، بەڵام تائێستا ئەلبوومی تایبەت بەخۆی نەکردووە، خاوەن سێ ڤیدیۆ کلیپە، ئەو ھۆکارەکەی بۆ نەبوونی مادی دەگەڕێنیتەوە و دەڵێت “لەبەرئەوەی من ھیچ ھاوکارییەکم نییە، نە مادی، نە وەکو تر، ئەگەر ھاوکاریم ھەبێ دەیکەم، بەڵام ئێستا من لەگەڵ ڤین تیڤی گرێبەستم ھەیە، بەپێی ئەم گرێبەستەیە دوو گۆرانی سینگلم ماوە بۆم بکەن، پێم خۆشە ئەلبووم بکەم، ئینشاڵڵا دەیکەم”.
راستە ئەو تەمەنی بچووکە بۆ ئەڤینداری، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەماڵەوە کابانێکی دەست رەنگینە و خۆیشی لەوبارەیەوە دەڵێت “لەچێشتلێنان زۆر باشم، دەزانم ھەموو چێشتێک دروست بکەم، تەنیا دۆڵمە نازانم”.