شەوێك دێت بمرم، و
کەس بەمەرگم
نازانێ.
مەرگ دێ و
دوور لەئامێزی گەرمی تۆدا
هیلاکی ڕۆحکێشانم
دەکا
و وام لێدەکا
سەر بنێمە سەر تەنیاییم و
ڕۆحی پڕ لەسەرابم
شەتاڵ شەتاڵ بکا، و
دەمداتەوە دەستی چارەنووسێکی
نادیارەوە.
خوێندنەوەی ئەمخەیاڵەم
دەبێ بەهەستی سەبووری.!
لەنێوان لەت بوونی،
خەمە مەرگاوییەکانت، و
ڕۆچوونم لەنگای تۆدا
دڵم لەئامێزی
گڵی تێپەڕبوونی تەمەنماندا
نابینابووە نابینا!
بەوێنەی
نابیناکانی ڕۆژگاری شووم.
هەموو ساتێ
کاروانی ئەڤینداران
هەواڵی مەرگ دەپرسن،
لەڕۆشناییەکانی ژیانا
ئاسۆیەك بەدی ناکەم بۆ ئەوین
سۆز و عیشقی
تۆ!
بووە بەبەشێك لەتاوان، و
تاوانیش بووە بەبەشێك لەعیشقی ئەبەدی من
من، نازانم بۆچی لێرەدا
عیشق تاوانە؟
ئاخ خودایە
ئەو نازانێ،
کەنیگای ئەو بۆ من بووە بەشێك
لەدۆزەخ و
دۆزەخیش بووە بەبەشێك
لەماڵی هەمیشەیی من.
لەنیگای مندا
مەرگ بارانە و
لەنیگای ئەویشدا
دۆزەخم بۆ چێ کراوە.
من بەتاوانی
عیشق پەرستی
لەخاچ دەدرێم،و
تۆش بەتاوانی
مرۆڤ دۆستی.
ئەی عیشق تۆ لەکام پەناگەی
وا ڤیستیڤاڵی مەرگیان بۆ ساز کردوی
ئایدا بەرزنجی