ئەنتۆن چیخۆف
لە فارسیەوە/ ئازاد نەجم : کوڕیژگەیەکی تەمەن نۆ ساڵەیان بەنێوی (ڤانکا ژۆکۆف) ، لەسێ مانگ لەوەوبەرەوە بە شاگردی ناردبوە لای (ئەلیاخین) ی سەڕاف. لەشەوی سەری ساڵی لەدایک بونی مەسیحدا خەوی لێ نەدەکەوت. چاوەڕوانبو تا وەستاکەی لەگەڵ ژن و منداڵ و کرێکارەکانیدا ، بۆ نزای شەوی جەژن لەماڵێ وەدەرکەوتن و چونە کلیسا. دوای ڕۆیشتنی ئەوان شوشەیەک مەرەکەب و قەڵەم و سەر قەڵەمێکی ژەنگگرتوی وەستاکەی دەرھێنا و کاغەزێکی نوشتاوەی لێک کردەوە و بەرلەوەی دەست بەنوسین بکات ، بەحاڵەتێکی تێکەڵ بەترسەوە سەرنجێکی دایە دەرگاو پەنجەرەکان و چەندجارێک لەو شەمایلەی – کە لە نێوان دو تاقچەی پڕ لەقاڵبی پێڵاو – بەدیوارەکەوە ھەڵواسرابو، ورد بۆوە و ئاھێکی قوڵی پڕ لەخەمی ھەڵکێشا و لەسەر ئەو پارچە کاغەزەی کە لەسەر نیمکێتەکە پانی کردبۆوە و خۆشی لەسەر زەویەکە چۆکی دادابون و بەسەریدا نوشتابۆە ، دەستیکرد بەنوسین: (باپیرەی خۆشەویستم کۆنستانتین ماکاریچ! ئەم نامەیە بۆ تۆ دەنوسم ، جەژنی لەدایک بونی مەسیحت پیرۆز بێت ، خودا ھەمو ھیوا و ئارەزوەکانت بەدیبێنێ ، خۆ من نەباوکم ھەیە نەدایک! تۆ ھەمو کەسێکی منیت! ).
لە پەنجەرە تاریکەکە – کە بڵێسەی ڕوناکایی مۆمەکە بەسەریەوە سەمای دەکرد – وردبۆوە و لەودەمەدا ، ڕوخسار و شێوەی (کۆنستانتین ماکاریج) ی باپیری – کەشەوانە ئێشکی لە ماڵی (ژیوارۆف) دەگرت – ھێنایە بەرچاوی خۆی.
باپیری ڤانکا ، پیرەمێردێکی شەست و پێنج ساڵەی کورتەباڵا و ڕەقەڵە ، بەڵام لەھەمان کاتدا گورج و بەڕاپەر بو، چاوانی خومار و ھەمیشە دەم بەخەندە بو. شەوانە ، ئێشکی لەماڵی (ژیوارۆف) دەگرت و بەڕۆژەوەش لە ئاشپەزخانەکە دەنوست ، یان سەری دەخستە سەر کارەکەرەکان و دەیکردە گاڵتە و پێکەنین.
شەوانە ، باڵتۆیەکی لەچەرم دروستکراوی دەڵبی لەبەر دەکرد و بەدەوری باخچە و خانوەکەی ماڵی ژیوارۆفدا دەخولایەوە و بە (دار خەبەر*) ەکانی دەستی ، دەنگە دەنگ و تەقە تەقێکی زۆری وەڕێ دەخست.
دو دانە سەگ ، کەیەکێکیان پیر بوو و نێوی (کاشتانکا) و ئەوەی تریان کە سەگێکی ڕەش و درێژ بوو و ھەرکاتێ مرۆڤ چاوی پێبکەوتایە جانەوەری (ڕاسۆ*) ی وەبیردەھاتەوە و بەو ھۆیەوەشەوە نێویان لێنابو (ڤیۆن) ، ھەمیشە بەدوایەوە بون.
ڤیۆن ، سەگێکی بەوەفا و گوێڕایەڵ بو ، لەگەڵ کەسانی نامۆ و غەریبەشدا بەھەمان ئەندازەی خۆمانەکان ، گوێ لەمست بو. ھەربۆیە ھیچ کەس نرخ و بایەخێکی ئەوتۆی بۆ دانەدەنا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەتوێی ئەو گوێڕایەڵی و میھرەبانیەیدا ، چەپەڵی و حەرامزادەییەکی شاراوە ، بەدی دەکرا. ھیچ سەگێک بەئەندازەی وی نەیدەتوانی لە کات وساتی خۆیدا ، دزانە ھێرش بەرێ و گاز لەقاچ و قولی خەڵک بگرێ ، یان شتێک لە گەنجینەی ماڵێ بڕفێنێ ، یان مریشکی موژیکێک بدزێ. ، چەند جارێک دارکاریەکی باش کرابو ، ھەفتە نەبو نەکەونە گیانی و تا نیوە گیان دەبو تێڵا تڕێنی نەکەن ، بەڵام دوبارە گیانی وەبەر دەھاتەوە و برینەکانی ساڕێژ دەبونەوە و سەرلەنوێ قیت دەبۆوە.
ڤانکا ، شێوە و ڕوخساری باپیری ھێنایەوە بەرچاوی خۆی: لەنزیک دەروازەی باخچەکە ڕاوەستاوە و بەچاوانی خەواڵوەوە دەڕِوانێتە پەنجەرە سور و درەوشاوەکانی کلیسای گوندەکە ، چەکمە لبادیەکانی ئاڵوگۆڕ دەکات ، سەرمایەتی و لەگەڵ کارەکەرەکاندا کەوتۆتە گاڵتە پێکەنین ، کەشێکی خۆشی خوڵقاندوە و دارخەبەرەکانی بەکەمەریەوە کردون و لەسەرمان دەستەکانی لێک دەسوێ و پیرەمێردانە لەقاقای پێکەنین دەدا و جار جار کارەکەرەکە و جار جاریش ژنی چێشت لێنەرەکە ، دەاتە بەر تانە و توانج و پیرەمێردانە لەقاقای پێکەنین دەدات. ئەمجا توتنەکەی دەنێتە بەرلوتی ژنەکان و دەڵێ: تۆزێک بۆنی ئەم توتنە بکەن گەرم دەبنەوە. ژنەکانیش بۆنی دەکەن و دەکەونە پژمین. باپیرەش شاگەشکە دەبێ و لەقاقای پێکەنین دەدات و ھاوار دەکات: ورچ زا. دواتر قتوی توتنەکەی دەخاتە بەرلوتی سەگەکان و کاشتانکا پژمین دەیگرێ و لمۆزی وەردەگێڕێ و بەڕەنجاویەوە لەباپیرە دوردەکەوێتەوە. بەڵام ڤیۆن بەھۆی بەوەفاییەکەیەوە بەر بەپژمینی خۆی دەگرێ و تەنیا ھەندێک دەمولمۆزی ڕادەوەشێنی. کەش و ھەوایەکی خۆشی ھەیە ، دونیا ساف و ئارام و ساردە ، شەوێکی تاریکە و درەختەکان بە بەفر داپۆشراون ، سەرانسەری سەربانی خانوەکانی گوندەکە ، بەفر دایپۆشیون و دوکەڵ لە لولەی سۆبەکانەوە بەباقە دێنە دەرێ و پێچ دەخۆن و بەرەوە ئاسمان ھەڵدەکشێن. ئاسمان ، یەک پارچە ئەستێرەیە و بەشادیەوە دەتروسکێنەوە. ڕێگای کاکێشان ، ھێندە ڕونە دەڵێی بەر لە جەژنی کریسمس ، بەبەفر شوشتویانە و وەبریسکەیان خستوە …
ڤانکا ، ئاھێکی ھەڵکێشا و سەری قەڵەمەکەی لەمەرەکەبەکە ھەڵکێشا و دەستی کردەوە بەنوسین: (دوێنی لێیاندام ، خاوەن کارەکە بەپرچ ڕایکێشامە نێو حەوشە و بە قامچیەکی چەرم ھەمو لەشی شین و مۆر کردمەوە ، تەنیا تاوانم ئەوە بو بەدەم ڕاژەندنی لانکی منداڵە پیسەکەیانەوە ، خەوم لێکەوتبو. ھەفتەیەک لەمەوبەریش ژنەکەی پێی گوتم ماسی بۆ خاوێن بکەمەوە و منیش نەمزانی و لەکلکیەوە دەستم بە پاککردنەوەی کرد ، ئیدی ئەوەبو ماسیەکەی لەدەستم دەرھێنا و کێشای بەسەرمدا. شاگردەکانیش سەر دەنێنە سەرم و گاڵتەم پێدەکەن. دەمنێرن ڤۆدکایان بۆ بکڕم و زۆرم لێدەکەن لەماڵی وەستاکەمان خەیارشۆریان بۆ بدزم. وەستاکەشم ، بەھەرچیەکی بکەوێتە بەر دەستی دەستم لێناپارێزێ و دەکەوێتە وێزەم. نان و ژەمەکانیش ئەوە ھیچ! بەیانیان پارچەیەک نان ، نیوەڕۆیان شیربرنج ، دوا نیوەڕۆیانیش پارچەیەک نان ، باسی چای و ئاو گۆشتیش ھەرمەکە! ئەمە تەنیا خواردنی خۆیانە و خۆیان قوزەڵەقورتی دەکەن. شەوانە جێگام لەداڵانەکە بۆ ڕادەخەن. کاتێ منداڵەکەیان دەگری ، دەبێ بچمە سەری و لانکەکەی ڕاژێنم. خەوم ھەر نیە! بابەگەورە تو خودا بەزەییت پێمدا بێتەوە و بمبەرەوە بۆ گوندەکەی خۆمان ، بمبەرەوە بۆ ماڵ ، ئیدی لەتوانامدا نەماوە … قاچەکانت ماچ دەکەم! تکاکارم لەخودا ئاگادارت بێت ، لێرە ڕزگارمکە ، دەنا چیتر لەتوانامدا نەماوە و دەمرم).
ڤانکا ، بە بەری دەستە ڕەش و چڵکنەکەی ، چاوەکانی پاک کردنەوە و ئاھێکی ھەڵکێشا و بەدەم ھەنیسکی گریانەوە ، درێژەی بەنوسیندا: ( توتنت بۆ ورد دەکەم ، نزات بۆ دەکەم ، ئەگەر کارێکی خراپم کرد ، تادەتوانی لێمدە! ئەگەر پێشتوایە لەوێ کارێکم وەگیر ناکەوێ ، دەچمە لای پێشکارەکە و بەخودا و بەمەسیح سوێندی دەدەم تا پێڵاوەکانی بۆ بۆیاغ بکەم ، یان لەبری (فیدکا) دەچمە لای شوانەکان و لە لەوەڕاندنی مەڕەکاندا یارمەتیان دەدەم. بابەگەورەی خۆشەویستم! ئیدی من توانام نەماوە … خەریکە دەمرم … جاری وایە دەڵێم بڕۆم ھەڵێم و خۆم ڕزگارکەم و خۆم بگەیەنمەوە گوند ، بەڵام پێڵاوم نیە ، زۆر لەو سەھۆڵبەندان و بەستەڵەکەش دەترسێم ، ھەرکاتێ گەورەش بوم وەڵامی ئەم چاکەیەت دەدەمەوە و بەخێوت دەکەم و ناھێڵم کەس ئازارت پێبگەیەنێ. دوای مردنیشت نزای بەخێرت بۆ دەکەم ، وەک ئەو نزایانەی کە بۆ پێڵاگێیای دایکم دەیانکەم. ئەگەر لەبارەی مۆسکۆشەوە دەپرسی ، مۆسکۆ زۆر گەورەیە ، تەواوی خانو و باڵەخانەکانی ئاغایانەن. ئەسپێکی یەجگار زۆری لێیە ، بەڵام مەڕت بەرچاو ناکەوێ. سەگیشی زۆر لێن ، بەڵام بێ ئازارن و گاز لەکەس ناگرن. لێرە منداڵان لەشەوی جەژندا بۆ کۆکرنەوەی پارە بەکۆڵاناندا ناگەڕێن. لەنێو کلیساشدا غەریبەکان بۆیان نیە خۆیان تێکەڵی گروپی ئاواز خوێنەکان بکەن. ڕۆژێکیان لێرە ، لەپشتی شوشەی دوکانێکەوە جۆرە قولابێکی ماسی گرتنم بینی بە دارەکەیەوە دەیانفرۆشت کە بۆ گرتنی ھەمو جۆرە ماسیەک دەشیا ، بەھێز و قایم. تەنانەت قولابێکم بینی کە دەکرا ماسی (ئەسبێلا) ی سێ مەنیی پێبگریت. دوکانی واشی تێدایە جۆرەھا تفەنگی فرۆشتنی تێدا دەفرۆشرێ. تەنانەت تفەنگی وەک تفەنگەکانی ئاغای دێیەکەی خۆشمانی لێیە. کە لەوانەیە نرخی ھەریەکێکیان سەد ڕۆبڵ بێت … لەدوکانی گۆشت فرۆشەکانیشدا ھەرچی گۆشتێکی تۆ دەتەوێ لێیەتی ، لەگۆشتی کەڵەشێری قەرەجە گەڕۆکەکانەوە بگرە تا گۆشتی سوێسکە و کەروێشک ، بەڵام گۆشت فرۆشەکان شوێنی ڕاوکردنیان بەکەس ناڵێن … بابەگەورەی خۆشەویست ، کاتێ درەختی جەژن لەماڵی ئاغا دەڕازێننەوە ، بیرت نەچێ گوێزێکی زێڕین لەدرەختەکە بکەرەوە و لە سندوقە سەوزەکەی خۆَتدا بۆم بشارەوە. بەخانمە بچکۆلە (ئۆلگا ئیگناتیۆڤنا) بڵی کە ئەو گوێزەت بۆ منە).
ڤانکا ، ئاھێکی خەمناکی ھەڵکێشا و جارێکی تر چاوی بڕیە پەنجەرەکە و بیری کەوتەوە کە ھەمو جارێ باپیری بۆ ھێنانی درەختی کریسمس دەچوە نێو جەنگەڵ و ئەویشی لەگەڵ خۆیدا دەبرد. چ ڕۆژگارێکی خۆش بو! ھەم دەنگی باپیرە دەبیسترا و ھەم بەفر لەژێر پێیدا دەکەوتنە قرچەقرچ ، ھەم ڤانکاش لەخۆشیان ھاواری دەکرد. باپیرە بەرلەوەی دار کاژێک بۆ درەختی کریسمس ببڕێتەوە ، قەنەیەکی ساز دەکرد ، ماوەیەک بۆنی بەتوتنەکەوە دەکرد و پێکەنینی بە ڤانکا دەھات – کە لەسەرمان دانەچۆقەی پێکەوتبو. کاژە تازە ھەڵچوە بەبەفر داپۆشراوەکان ، چاوەڕوانبون ئاخۆ لەونێوەدا کامەیان بەزەویدا دەدرێ و دەبڕدرێتەوە. لەناکاو کەروێشکێک لەپەنایەکەوە لەنێو ئەو بەفرەدا دەردەپەڕی و … بابەگەورەش دەیکردە ھاتوھاوار بەدوایدا: بیگرە … بیگرە … ئەی شەیتانی کلک بڕاو!
دواتر دارکاژە بڕاوەکەی بەڕاکێش ڕاکێش دەھێنایەوە ماڵی ئاغا و دواتر دەکەوتنە ڕازاندنەوەی. ئۆلگا ئیگناتیۆڤناش – بونەوەرێک کە ڤانکا لەھەموان زیاتر ھۆگری ببو – لەھەموان زیاتر بە جوانکردنی درەختەکەوە ماندو دەبو. ئەو کاتەی کە ھێشتا دایکی ڤانکا نەمردبو و لەماڵی ئاغادا کارەکەری دەکرد ، ئۆلگا ھەمیشە ئاونەباتی دەدایە و ھەر لەو سەروبەندەشدا بو لەبەر بێکاری ، فێری نوسین و خوێندنەوە و ژماردن ھەتا سەد و تەنانەت فێری سەمای کادریشی کرد. ئیدی ئەوەبو دوای مردنی دایکی ، ڤانکایان بۆ ژوری خزمەتکارەکان ، بۆ لای باپیری ڕەوانە کرد و دواتریش لەوێوە ڕەوانەی لای ئەلیاخینی سەڕافیان کرد لە مۆسکۆ …
ڤانکا ، دەستی بەنوسین کردەوە: ( باپیرەی خۆشەویست ! توخوا وەرە بۆ ئێرە و ڕزگارمکە! تۆ پیرۆزیی مەسیح وەرە و ڕزگارمکە! بەزەییەکت بەمنی ھەتیوی کەساسی بەدبەختدا بێتەوە ، ڕۆژ نیە دارکاریم نەکەن! خەریکە لەبرسان دادەھەزێم! ئەوەندە دڵم پڕە لەباسکردن نایەت ، بەردەوام دەگریم! لەم ڕۆژانەدا وەستاکەم قالبێکی پێڵاوی کێشا بەسەرمدا ، کەوتمە سەر زەوی ، ئاگام لەخۆم بڕا ، بەزۆر چاوی خۆمم کردەوە. ژیانم زۆر ناخۆشە، ژیانی سەگ زۆر لەژیانی من خۆشترە … سڵاوم بگەیەنە بە (ئێلینا) و (یۆگۆرکا) ی یەکچاو و گالیسکەڕانەکە. مەھێڵە کەس دەسکاری ئۆکۆردیۆنەکەم بکات. نەوەی خۆت / ئیڤان ژۆکۆڤ. توخودا زوتر وەرە و ڕزگارمکە).
ڤانکا ، دوای ئەوەی نامەکەی نوسی ، قەدی کرد و نوشتاندیەوە و کردیە ناو ئەو زەرفەی کە ڕۆژی پێشتر بەکۆبیکێک کڕیبوی … دوای کەمێک بیرکردنەوە ، سەری قەڵەکەی تەڕ کرد و ناونیشانەکەی لەسەر نوسی: بگاتە خزمەتی بابەگەورەم لەگوند … دوای ئەوەی ھەندێک سەری خوراند و ھەندێک بیری کردەوە ، لێی زیاد کرد: کۆنستانتین ماکاریج.
زۆر خۆشحاڵ بو لەوەی کە ھیچ کەسێک لەکاتەدا نەھات و نەبوە ڕێگر لەبەردەم نوسینی نامەکەی.
دواتر کڵاوەکەی کردە سەری و بێ ئەوەی باڵتۆکەی لەبەرکات ، بەکراسێکەوە ، تا لای نزیکترین سندوقی پۆستە ڕایکرد …
شەوی ڕابردو ، پرسیاری لە شاگردەکانی قەسابەکەی سەری کۆڵانەکە کردبو و ئەوانیش وەڵامیان دابۆوە و گوتبویان دەبێ نامە بخرێتە سندوقی پۆستەوە و پاشان چەند تەتەرێک سندوقەکان دەکەنەوە و بەسواری (ترۆیکا*) ی زەنگوڵەدارەوە ، ئەگەر تا ئەوسەری دونیاش بێت ، نامەکە دەبەن و دەیگەیننە دەستی ئەو کەسەی کە بۆی ڕەوانەکراوە.
ڤانکا ، بەرەو یەکەمین سندوقی پۆستە ڕایکرد و نامە بەنرخ و خۆشەویستەکەی لەدرزی سندوقەکەوە ئاودیو کرد …
کاتژمێرێک دواتر ، بەئاوازی لایلایەی ئومێدێکی شیرینەوە ، چوە نێو خەوێکی قوڵەوە…
لەخەونیدا: بابە گەورە لەسەر کوانویەکی بەخشتی سور دروستکراو ، دانیشتبوو و قاچە ڕوتەکانی شۆڕ کردبونەوە و نامەکەی ئەوی بۆ کارەکەرەکان دەخوێندەوە … ڤیۆنیش بەتەنیشت کوانوەکەدا دەھات و دەچو و کلکی دەلەقاند…
(دار خەبەر*) دارێکە لەشێوەی کەوچک ، پاسەوان و ئیشکچیەکان ، جار جار شەوانە دەنگە دەنگێکی پێ دروست دەکەن.
(ڕاسۆ*) مشکی خورما ، گیانەوەرێکی گواندارە ، لەمشکی ماڵ گەورەترە ، ڕەنگی خۆڵەمێشیەکی تێکەڵ بەزەردە ، دەم و لمۆزێکی باریک و درێژی ھەیە ، لەئاسیا و ئەفریقا و بەتایبەتی ھیندستان زۆرە.
(ترۆیکا*) خێشکێکە بە سێ ئەسپ ڕادەکێشرێ.
سەرچاوە / مجموعە اسار چخوف / داستانھای کوتاە / ترجمە سروژ استپانیان / انتشارات توس.