هۆگر عەتا شەمێرانی:
بەهۆی نەبوونی پلانی گونجاوو چاودێری و سستی کارەکانی(وەزیرو وەزارەتی بەناو ڕۆشنیری!)حاڵی حازر زۆربەی زۆری کەناڵەکوردییەکان(بەبینراو بیستراوخوێندراو)یەوە، بوونەتە مایەی هەڵتەکاندنی بنەماپەروەردەییەکان لە کۆمەڵگای کوردیدا.زیان و کارەساتی ئەو کەناڵانە هێندە زۆرن،لەباسکردن نایەت و لێرەدا جێگایان نابێتەوە.بێ هیچ شک وگومانێک ئەتوانم بڵێم ئەوەندەی کەناڵە کوردییەکان زیانیان بە(تاک وکۆمەڵگا)ی کوردی گەیاندووە،لەڕابردووی دووریشدا هیج ڕژێمێکی سیاسی نەیتوانیوە بەو کارە هەستێت و ئەو زیان و کارەساتە دەروونیانە بخولقێنێت.
ئەو جۆرە بەرنامە بێ ناوەرۆکانەی کەهەندێک کەناڵی کوردی ناویان لێناوە(هونەرو شانۆ)جگە لەبێحوورمەتیکردن بەژانری هونەری هیچ پێناسەیەکی تر هەڵناگرێت.ئاخر کەی ڕەوایە بەڕۆژ چاودێری نەخرێتە سەر ناوەرۆکی ئەو جۆرە بەرنامانەو بەشەویش دەرخواردی خێزان ومناڵانی کورد بدرێن؟؟ لەکوێی دونیادا کەناڵەکانی تەلەفزێۆن سەرچاوە مادی ومەعنەوییەکانی خۆیانیان تەرخانکردووە بۆ بڵاوکردنەوەی ژەهرو ڤایرۆسی کوشندە؟!
نامەوێ وەک هەمیشە باسی بێ پلانی وەزارەتی ڕۆشنبیری بکەم چونکە دەستم لێ شتوون.بەس ئەمەوێ بڵێم ئەو دایک و باوکانەی کە هێندەی گەردیلەیەک هەست بەبەرپرسیارێتی ئەکەن نابێ ڕێگا بدەن لەماڵەکانیاندا ئەو جۆرە بەرنامانە نیشانبدرێت،نابێ دایک وباوکەکان لەگەڵ مناڵەکانیاندا دانیشن بەدیار جنێوو سوکایەتی وقسەی بازاڕی ئەو جۆرە بەرنامانەوە.نابێ باوک و دایکەکان بەدەستی خۆیان ئاگر لەچارەنووس وداهاتووی مناڵەکانیان بدەن.نابێ هیچ دایک وباوکێک ڕێگە بدات مناڵەکەی فێری ئەو قسە قۆڕانە ببێ کە شەوانە هەندێ کەناڵی تەلەفزێۆنی لەڕێگای دیالۆگی کۆمەڵێ خەڵکەوە بەناوی(هونەرو شانۆ)وە پێمان دەفرۆشن .من لێرەدا باسی ئەو دەستەواژە ناشیرینانە ناکەم کە لەو گفتوگۆیانە بەکاردێن ..تۆزێک لەخەمی ڕەووشت وئاکاری مناڵەکانتانا بن.
نوقتە سەری دێڕ