ژەنیار ئاودێرمەحموود : لە کوردستان ھیچ ژنیارەکی چەلۆ نییە کەوا لە من بکات پێی سەرسام بم و لاسایی بکەمەوە
خاتوونی ژەنیاری بە توانای کوردستان (ئاودێر مەحموود) یەکێکە لەوژەنیارانەی کە شوێن پەنجەی لە نێو موزیکی کوردی دیار و بەرچاوە ..ئەو دەرچووی پەیمانگەی ھونەرجوانەکان و کۆلێژی ھونەرە لەگەڵ چەندین گروپ و تیپی موزیکی شاری سلێمانی و دەرەوەی سلێمانی کاری کردوە.. ئاودێر عەشقێکی شێتانەی بۆئامێری چەلۆیەکەی ھەیە ھەمیشە وەکو کەسێکی نزیک لە خۆی سەیری دەکات تێکەڵ بەرۆحی بووە. ئێمە بۆ ئاشنا بوون بەم خاتوونە ھونەرمەندە بە چەند پرسیارێک بەسەرمان کردەوە.
ئا- کامەران حاجی ئەلیاس
* سەرەتا خوێنەرانمان حەز دەکەن بزانن، ئاودێرخان چۆن ئاشنای جیھانی موزیک بوو؟
– ھەموو کەسێک حەزی لە موزیکە،بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت من لەسەرەتا تامەزرۆی موزیک نەبووم، بەڵام خێزانەکەم موزیکیان زۆر زۆر پێخۆشبوو.. بۆیە زۆر ھانی منیان دا لە ھەمان کاتدا پێیان خۆش بوولەم بوارە دا بخوێنم ،ئەم ھاندانی خێزانەکەم وای لێکردم بچمە پەیمانگەی ھونەرەجوانەکانی سلێمانی ئەگەر نا لەسەرەتادا ھیچ بیرم لەوە نەکردبووە فێری موزیک بم، ئێستاش موزیک بەجۆرێک تێکەڵ بەرۆحم بووە ناتوانم رۆژێک بەبێ موزیک گوزر بکەم.
*لە نێو ئەو ھەموو ئامێرە موزیکیانە بۆچی ئامێری چەلەتۆت ھەڵبژارد؟
-راستە لەسەرەتادا من تامەزرۆی موزیک نەبوو ،بەڵام پێش بچمەپەیمانگا حەزم لە ژەنینی ئامێری چەلۆ بوو ھەرچەندە پێشتر ھیچ ئەزموونێکم لەسەر ئامێرەکە نەبوو،بەڵام کاتێ لە تەلەفزیۆن ئەو ئامێرەم دەبینی تاکە ئامێر بوو سەرنجی راکێشام و زۆر حەزم لێیبوو لەپەیمانگاش بە ئامێری چەلۆ دەستم پێکرد تائێستاش بەردەوامم ھیچش پەشیمانیم لە ھەڵبژاردنی ئێستا ئەمێرەکە وەکو کەسێکی نزیکی خۆمی سەیر دەکەم ئەتوانم بڵێم تێکەڵ بەمن بووە .
* کامەن ئەو ژنیارانەی کەبەرێزتان بە ژنیان سەرسامیت وە کاریگەریان لەسەر ژنینی تۆدا ھەبووە؟
– لەسەرەتای دەستپێکردنی کاری ھونەریم ھیچ ژەنیارێک نەبوو لە ئامێرەکەی خۆما تا من پێی سەرسام بم ، ئەتواتنم بڵیم تائێستاش لە کوردستان ھیچ ژنیارەکی چەلۆ نییە کەوا لە من بکات پێی سەرسام بم و لاسایی بکەمەوە یاخود سوودی لێوەربگرم بەداخەوە من خەفەت دەخۆم کەتاوەکو ئێستا ژەنیارێکی والە کوردستان ھەبێت کە سەرنجی من رابکێشێت ..بەڵام من زۆر سەرسامم بە ژنیارە ئەورپییەکان بەجۆرێک ژەنیاری زۆر بە توانایان ھەیە بۆیە دەمێکە تێکەڵاوی زۆریانم زۆر سوودم لێ وەرگرتوون ھەندێکان کە ھاتوونەتەوە کوردستان وانەی تایبەتم لێوەرگرتوون ھەروەھا کاتێ خۆم گەشتی دەرەوەم کردووە لەوێ وانەی تایبەتم لەلایان وەرگرتووە.
* بەرێزتان لەگەڵ چەندین تیپی موزیک کارتان کردوە،تاچەند ئەو تیپانە ھاوکارت بوون بۆ پیشڤەچوونی ئەزموونی ھونەری تۆ؟
– من وەکو ژەنیارێکی چەلۆ ئەتوانم بڵیم لەگەڵ ھەموو گروپە موزیکییەکانی ناوشاری سلێمانی و دەتوانم بڵیم دەرەوەی سلێمانیش کارم کردوە،لە چەندین رووە سوودی زۆرم لێوەرگرتوون وەکو سەرەتا کارکردن لەگەڵ ئەو تیپ و گروپانە تۆ ئەزموون زۆر پیدادەکەیت لە ھەمان کاتدا ئاشنا دەبیت بە میوزیکەکانی تر وە ئاشنا دەبیت بە ستایلی جیاواز لەبەرئەوەی ھەرگروپەو بەشێوەیەک کار لەسەر موزیک دەکات ئەمانە ھەموو سوودی زۆری ھەیە بۆ کەسێک کە کەسەرەتا دەست پێبکات وەکو لایەنی ژەنیینش من سوودم لێبینیوە بەتایبەتی کەسەرەتا موزیکی کلاسیک دەخوێنێت بەڵام ئەو موزیکەی لە کەڵچەری ئێمە دا ھەیە لەموزیکی کوردیدا ھەیە جیاوازە لەگەڵ موزیکی کلاسیک بۆیە تۆ فێری ئەو شێوازە ژەنینانە دەبیت فێری شێوازی ئەو تۆنانە دەبیت کەلە موزیکی کوردیدا دەژنێرێت لەبەر ئەوە من سوودی زۆر لێوەرگرتوون.
* وەکو ژەنیارێک ،کامەیان زیاتر کاریگەری لەسەر وەرگر ھەیە (ئاواز یاخود تێکست یان شێوازی ئەدایەکە؟
– من وای دەبینم کەھەریەکەو کاریگەری خۆی ھەیە زۆر جار ئاوازەکە زۆر زۆر دەچێتە ناو خەڵکەوە بەجۆرێک ئاوازەکە کاریگەری لەسەری ھەبووە،ئەوەندە گرنگی بە ئادای گۆرنیبێژەکە یاخود تێکستەکە نەداوە زۆر جاریش بەپێچەوانە وەرگر ئەوەندە گرنگی بە تێکستەکە یاخود بەووشەکان دەدات بەلایەوە گرنگ نییە ئاوازەکە چۆن چۆنییە یان موزیکەکەی چۆنە بۆیە دەڵێم کاریگەریەکە دەگەڕێتەوە سەر وەرگر بەوەی کامەی زیاتر لە (ئاواز، یاخود تێکست ، یاخود وتنەکە) کاریگەری لێدەکات، لە ھەمان کاتدا کاریگەریەکە لە کەسێک بۆ کەسێکی تر جیاوازە.
* ئێوە لەپەیمانگا و کۆلێژی ھونەریت خوێندوە ،تاچەند گرنگە ژەنیار بەشێوەیەکی ئەکادیمی ئامێرەکەی بژەنێت؟
– من پەیمانگای ھونەرەجوانەکان بەپلەی یەکەم تەوا کردوە و کۆلێژی ھونەریشم بەپلەی یەکەم تەواو کردوە،شێوازی ژەنین بەشێوەیەکی ئەکادیمی زۆر گرنگە وەکو سەرەتا ھەرکەسێک دەست بەھەرکارێک بکات پێویستە شێوازە راستەکەی فێربێت ئیتر دوای ئەوەی قوڵ دەبێتەوە لە بوارەکەی داھێنانی تیا دەکات یان شێوازەکەی دەگۆرێت ئەمەیان جیاوازە بەڵام وەکو سەرەتا بۆئەوەی لە ئامێرەکە بەباشی فێربیت دەبێ بەشێوەیەکی ئەکادیمی فێربیت.
* کاریگەری موزیکی بیانی بە (ئەرێنی و نەرێنی) لەسەر شوناسی موزیکی کوردی چۆن دەبینت؟
– بەداخەوە لە کوردستان موزیکی بیانی کاریگەری زۆر نەرێنی ھەیە لەسەرتاکی ئەم کۆمەڵگایە بەجۆرێک بەھۆی کاریگەری موزیکی بیانی خەریکە موزیکی کوردی نانسرێتەوە ئەوەندە کاریگەری نەرێنی لەسەرە.. من پێم خۆشە سوود لە موزیکی بیانی وەربگرین بەشێوەیەک بەکار بێت کە موزیکی کوردی سوودی لێوەربگرین نەک بەشێوەیەک بەکار بێت کەبەرگێکی بیانی بکەیت بە موزیکی کوردی تا ئەورادەی نەناسرێتەوە.. زۆر بەداخەوە کەسانێک بەو جۆرە ئیش دەکەن جێگەی داخە کاتێ گوێ لەھەندێ گۆرانی یان لەھەندێ موزیک دەبێت کەسەکە کوردە ھەموو ئەوانەی کاریان لە کارەکەیان کردوە کوردن بەڵام ھیچ مۆرکێکی کوردی پێوەنییە ئەوەند مۆرکی بیانیان بەکار ھێناوە نازانیت ئەمە کارێکی کوردییە.
* ھەندێ لە گۆرانیایەکانی ئێستا تەنیا چەند رۆژێک گوێگریان دەبێت لە دواییدا ون دەبن ھۆکارەکەی ئاوازەکە یاخود تێکستەکە یان بۆ دەنگەکە دەگەڕێتەوە؟
– راستییەکەی ھۆکار زۆرن ئاواز کاریگەری خۆی ھەیە، تێکست کاریگەری خۆی ھەیە دەنگەکە کاریگەری خۆی ھەیە لە ھەمووشی گرنگتر ئەو ستایلە گۆرانیەی کە ھەندێ لە گۆرانیبێژەکان بەکاری دەھێنن ھەروەکو لەوەڵامی پرسیاری سەرەوە ئاماژەم پێدا بە داخەوە ھەندێ گۆرانی ئەوەندە کاریگەرە بە ستایلی بیانی ھیچی لە کوردی ناچێت کاتێ گوێ لێدەگریت ھیچ تام وچێژێکی نییە ئەوجا لە ئێستادا زۆر زۆریش بووە وەنەبێت کەسێک یان دووان بەوشێوازە کاربکەن زۆرێک بەو ستایلە کار دەکەن بۆیە گۆرانییەکە ھیچ رۆحییەتی تیا نەماوە کارەکان وەکو کارگەی لێھاتووە ھەرگۆرنی دەریدەکات تەواو دەریدەکات تەواو.. ھەندێ گۆرانیبێژ ھەیەمن ھەرنایانناسم کاتێ لە شوێنێک گوێت لە گۆرانییەک دەبێت لام سەیرە دەپرسم ئەوە کێیە ئەوە چۆنە !؟ چونکە گۆرانیبێژ زۆر بووە گۆرانی بڵاوکردنەوەش وەکو کارگەی لێھاتووە لەھەمان کاتداخەڵکیش نەئەوەندە کاتی ھەیە گوێ لە گۆرانییەکە بگرێت لەبەر ئەوەی تام چێژ لە گۆرانییەکە وەرناگرێت بۆیە تاقەتی ئەوەی نییە بەدوای ئەو گۆرانیانە بگەرێت.. خاڵکی تریش بۆتێکستەکە دەگەرێتەوە بە جۆرێک ھەندێ تێکست ئەوەند ناشیرینە مرۆڤ حەز ناکات گوێی لێبگرێت ئەمانە ھەمووی کاریگەری خۆی ھەیە بۆ ئەوەی گۆرانییەکان بە نەمری نەمێنەوە.
* باشەچۆن دەتوانین پارێزگاری لە شوناسی موزیکی کوردی بکەین؟
– لەو کاتە دەتوانین پارێزگاری لە شوناسی موزیکی کوردی بکەین کاتێ ھونەرمەندان کار دەن مۆرکی کوردی لە دەست نەدەن ، مادەم ئێمە کوردین دەبێ ھەر کارێک بکەین مۆرکی کوردی پێوە بێت ئەنجا شێوازی نووسینی موزیکەکە بێت بەکارھێنانی ئامێرە کوردییەکان بێت ھەروەھا لەرێگەی کلیپەکان کە بەداخەوە ھەندێ لە کلیپەکان زۆر ناشرینن تا ئەو رادەییەی حەزناکەیت مناڵەکشت ببینی چونکە ئەوەندە شتی نەشیاوی تیایە پێویستە ئەو کلیپانەی دەکرێن شتی سەرنج راکێشی کوردی بێت مۆرکی خۆی لە دەست نەدا.. ئێمەدەتوانین ھەم لە ئاواز ھەم لە تێکست ھەم لە ھەڵبژادنی لەو دەنگەی کەدەنگ دەبێژێت مۆرکی کوردی لەخۆ بگرێت لەم رێگەیەوە دەتوانین موزیک و گۆرانی کوردی بەرەو پێشەوە ببین وە دەتوانیین سوود لە شێوازی دانانی موزیکی ئەوروپی وەربگرین سوود لەلایەن زانستەکەیان وەربگرین بەڵام نابی مۆرکی ڕاستەقینەی خۆی لە دەست بدات.
Discussion about this post