توانا حەمە
١٥/٩/٢٠١٤
مەرزییە گەروویەکی زێڕین، شۆڕەژنێک پڕ لە کاریزما، دایکێکی میھرەبان، ژنێک پێشمەرگە و چەک لە شان، ژنێک ھاوڕێی پێدەشت و چیاکانی کوردستان بۆ ئازادی و ڕزگاری نەتەوەیی و ژنە ھونەرمەندێک خەرمانێ لە گۆرانی و ئاوازی کوردی.
ئەو ناوی تەواوی: مەرزییە شەھاب عەبدوڵایە. لە ساڵی ١٩٥٨ لە مەریوانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی ھەر لە مەریوان تەواو کردووە. دواتر لە کۆتایی ساڵانی ١٩٧٠ دا دەچێتە شاری سنەو ئامادەیی خوێندنی بوون بە مامۆستایی تەواو دەکات. ھەر دوای تەواوکردنی خوێندن وەک مامۆستا لە گوندێکی نزیک شاری مەریوان دەست بەکار دەبێت و دواجار لە ساڵی ١٩٧٨ لە گەڵ ھونەرمەندی ناسراوی کورد ( ناسڕی ڕەزازی) ژیانی ھاوسەری پێک دەھێنیت. مەرزیە و ڕەزازی بە ھۆی بارو دۆخی ڕامیاری ئێران، ھەر زوو ڕۆژھەڵاتی کوردستان جێدەھێڵن و ڕوودەکەنە چیاکانی کوردستان و دەبنە پێشمەرگە. دواجار ھەر لە چیاکانی کوردستانەوە ژیانی سەخت و ویِستگەکانی پڕ تێکۆشانی مەرزییە دەست پێدەکات. گەرچی خەباتی شاخ و ئەو سەردەمە بۆ ژنە ھونەرمەند و مامۆستایەک زۆر سەخت بوو، بەڵام ئەو زۆر سەرسەخترانە بەگژ ڕۆژە دژوارەکانی ژیاندا دەچێتەوە و ھەر لە چیاکانەوە دەنگی پڕ نەعرەتەی لەگەڵ ڕەزازیدا بە (سڵاوی گەرمی دڵی پڕ ئومیدی دڵ پێشکەش، ئەی ھەڤاڵی پێشمەرگە…) بۆ جۆشدانی برا و کڵپە سەندنی شۆڕش و ھاندانی ھاونیشتمانانی ھەڵدا. ویستگەی ژیانی مەرزییە و خێزانەکەی لە ساڵی ١٩٨٥دا لە چیاکانی کوردستانەوە ڕوودەکاتە ووڵاتی پڕ غوربەتی سوید و ژیانێکی دوورە ووڵاتی لەگەڵ ھاوسەرێکی پڕ ئەوین و مندالەَکانی ( دڵنیا، ماردین، کاردۆ) بە سەردەبات.
ژیانی ھونەری مەرزییە
وەک ئەوەی خانەوادەکەی دەیگێڕنەوە، سەرەتای دەستپێکی ژیانی ھونەری مەرزییە لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە دەست پێدەکات، کە کاتێک لە چالاکییە ھونەرییەکانی قوتابخانەکەیندا وەک گۆرانی بێژ بەشدار دەبێت. دواتر لە ساڵی ١٩٧٧ لە قۆناغەکانی خوێندنی مامۆستایدا لە گەڵ (کۆڕی موزیکی ڕادێوی سنە)دا چەندین جار لە سەر تەختی شانۆ گۆرانی چڕیوە. پاش خەباتی شاخ و بەجێھێشتنی ووڵات و لە سوید نیشتەجێ بوون، بە ھۆی سەقاڵی بە دایکایەتی و ژیانی سەختی ئەوروپاوە، ساڵانێک لە ھونەری گۆرانی ووتن دادەبڕێت.
دواتر ھونەری مەزرییە لە ساڵی ١٩٩٤ دا بە گۆرانی گووتن و لەگەڵ ڕەزازی ھاوسەریدا تۆمارکردنی چەند بەرھەمێک دەستدەکاتەوە. لەم ساڵانە بەدواوە چرای ڕوناکی ھونەری مەزرییە بە جۆرێکی تر و پڕ شەوقتر دادەگرسێت و بە بەردەوام لە بزاوتی ھونەری موزیک و گۆرانی کوردیدا دەبێتە سمبولی ژنە کوردێکی ھونەرمەندێک و لە پاڵ ئەوەشدا دەبێتە نموونەی ژنە شۆڕشگێرێکی نەتەوەیی و داکۆکی کارێکی سەرسەختی سەربەخۆ و دوور لە کۆمەڵە و حیزبایەتی بۆ داکۆکی کردن لە مافی ژنان و منداڵان و چالاکانە لە چەندین چالاکی جۆراو جۆری ئەم بوارەنەدا بەشدار ئەبێت.
مەرزییە توانایەکی بێ وێنەی لە شێوازی گۆرانی چڕیندا ھەبوو، ئەو لە سەر چینە دەنگی ئاڵتۆ دەیخوێند، بەڵام زۆر بە باشی دەیتوانی خۆی لە چینە بەرزەکان بدات، زۆر بە جوانی گەمە بە تۆنە موزیکیەکان بکات و ئاوێتەی ئاواز و تێکستی گۆرانییەکانی بێت. مەرزییە زۆر کارامەبوو لە سەر تەختی شانۆ، ھیچ دوودڵی و دڵە ڕاوکێک لە بەرنامە زیندووەکانی تیڤی و کۆنسێرتەکانیدا لە گەرویدا بەدی نەدەکرا، لە گۆرانییە فۆلکلۆری و ڕیتمیکیەکانیدا پێدەکەنی بە ڕووی ھەوادارنیدا، لە گۆرانییە غەمەنگیزەکانیدا چاوەکانی دادەخست. ئەو ھەمیشە وەک ھونەرمەندێکی بە ئەزموون و پڕ ئیستاتیکای و ژنە ھونەرمەندێکی بەرگ کوردی، بۆنە نیشتمانی و جیاوازەکانی دەڕازاندەوە. بە زۆرینەی شێوەزارەکانی کوردی گۆرانی دەگووت، ئەو ھونەرمەنێکی نیشتمانی خۆی دەنواند. ئەوەی مەرزییە جیادەکاتەوە لە ژنە ھونەرمەندەکانی تر ئەو لۆژیکەیەتی کە ھەیبوو بۆ گۆرانی ووتن، ئەو نەھات لە ھەستی ھونەرمەندانی پێشخۆیەوە دەست پێبکاتەوە، ئەو لە سەردەمی خۆیەوە دەستی پێکرد و ھەمیشە گوزارشتی لە ھەستە ناوەکییەکانی خۆی دەکرد، ھەمیشە ھەوڵی ئەدا ڕەنگێکی تر لە موزیکی کوردیدا بەرھەم بھێنێت، خۆی لە ئاوازدان دەدا، ھەمیشە دەیویست ھونەری سەردەمیانەی موزیکی کوردی پێشکەش بکات، جیاواز لە دەنگە نێرینەکانی پێشخۆی. ئەو دەیویست (زیرەک و ماملی و دیلان) خۆیان بن و مەرزییە فەریقی ناسنامەی مەرزییەی بە بەری بەرھەمەکانی بکات، خاوەن مۆرک و تایبەتمەندی خۆی بێت. ئەو بەڕاستی گوزارشت و سمبولێک بوو بۆ ھونەری ژن و ھەستی ژنان لە موزیکی کوردیدا. ناسڕی ڕەزازی لە ھەشتەمین ساڵیادی کۆچیدا دەڵیت: < من خۆم زۆر ھاوکاریم دەکرد، ئاوازم بۆ دادەنا، تەنانەت فێرم دەکرد چۆن ئاوازدابنێت، بەڵام کێشەیەک ھەبوو کە ئەو سەردەمە زۆرینەی شاعیرەکانمان پیاو بوون، گەرچی چەند ژنێک دەرکەوتن بەڵام نەیاندەتوانی ھەستی ژنانە دەربڕن، کێشەی مەرزیە ھەمیشە ئەوە بوو کە دەی گووت: من ئەگەر بمەوێت گۆرانی دروستکەم ئەبێت بگەڕێمەوە بۆ دیوانی شاعیرە پیاوەکان > ]ڕەزازی، پەیوەندی: ٢٠١٣. [ لەمەوە دەردەکەوێت کە مەرزییە ھەمیشە چاوی لە دروستکرنی ھونەری موزیکی ژنانە بووە، وەک لەوەی دووبارەکرنەوەی ھەستی پیاوانە لە زمانی ژنەوە. گەرچی ڕەزازی ھاوڕێی و ھاوسەر و ھاوسەنگەری بووە، کەچی کاریگەری شێوازی گۆرانی گوتنی ڕەزازی بە سەر مەرزییە بەدی ناکرێت و مەرزیە ھەروەک چۆن (ڕەزازی) خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی، ئەویش بە ھەمان شێوە خاوەنی ڕەنگ و دەنگ و ھونەری تایبەت بە خۆییەتی. بەڵام ئەوەی جێی ھەڵوەستەکردنە لە گۆرانییە دویتانەی کە پێکەوە دەیان خوێند، ئاوێتە بوونێکی زۆر سەیر لەم دوو دەنگەدا بەدی دەکرا، بە جۆرێک دەنگی مەرزییە و ڕەزازی دەبوونە ڕەنگێکی چێژێکی تر لە موزیکی کوردیدا. ھونەری مەرزییە ھێندە قوڵە کە کە پێویستی بەلێکۆڵینەوەی وورد و تایبەت بە خۆیەتی، کە لە نێویدا ھەم ئازارەکانی نەتەوەی و ھەم ھەستێکی غەمگینی ژنانە تیدا پەخشانە. مەرزیە زۆر بە سەرکەوتوانە لە ماوەیەکی کورتی تەمەندا زۆرێک لە ژانرا و ستایلە موزیکیە باوەکانی کوردی و ئەو سەردەمەی تاقی کردەوە، کە بڕوای من لە زۆرینەیان سەرکەوتوو بوو. توانا ھونەری و دەنگییەکانی مەرزییە ھێندە زۆر بوون گەر تەمەن ڕێگەی بدایە دەیتوانی کاری زۆر ناوازەتر پێشکەش بکات. بە بڕوای من مەرزییە زۆر قوڵتر بوو، خاوەنی زۆر زیاتر بوو لەوەی بینرا و کە پێشکەشی نەتەوەکەی کرد. بە داخەوە لە لووتکە و ھەڵکشانی باڵای ھونەری گۆرانی مەرزیەدا، بە ھۆی ھەڵەی پزیشکەوە لە ساتی نەشتەرگەریدا لە ڕێکەوتی ١٨/٩/٢٠٠٥ دا لە نەخۆشخانەی کارولینسکا ی ستۆکۆڵَمی پایتەختی ووڵاًتی سوید گیانی پڕ بەخششی ھونەری و شۆڕشی لەدەستدا. کۆچی مەرزیە کۆچی مرۆڤێکی ئاسای نەبوو، بۆیە باوەڕکردن بە وەستانی گەروی زێڕینی مەرزیە زۆر سەخت بوو بۆ خێزانەکەی و نەتەوەکەی. بۆ یە لە ساتی گەڕانەوەی تەرمەکەیدا بۆ باشووری کوردستان، ھەر چوار پارچەی کوردستان ڕەشی پۆشی و عاشورایەک لە باشوور، باکور، ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای کوردستاندا بۆ مەرگی ناوادەی سازکرا. مەرزییە زۆر بە زووی بە تەنیا سڵاوێک لە پێشمەرگە بوو بەھاوڕێی و ھاوسۆزی نەتەوەکەی، بەڵام زۆر نەمایەوە و زۆر زوو ماڵئاوایی لە ھونەر و نەتەوەکەی کرد.
تیبینی:
• دەربارەی تەمەن و ژیانی زانیاری لە (خانەوادەی فەریقی، بە تایبەت داروین ئەحمەدی) وەرگیراوە.
• بەرنامەی کێلەشین، تەلەفزیونی نەورۆز: ٢٠١٣.