ھونەرمەندی گەورە شەماڵ سائیب لە سەدەی ڕابردوودا وەک: موزیکژەن، گۆرانیبێژ، مامۆستا و ئەکادیمی، بێژەر و نووسەر لە ساتەوەختێکی زۆر دژواردا دەرکەوت. کە ئەوکات کۆمەڵگای کوردی و ھونەر بەگشتی و موزیکی کوردی بە تایبەتی، بە ھۆکاری باری کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ژێردەستەیدا لە ئاستێکی نەخوازراودا بوو.
ئەو ناوی تەواوی شەماڵ جەلال سائیبە، لە ساڵی ١٩٣١ لە خانەوادەیەکی ڕۆشنبیری شاری سلێمانی لە دایک بووە، لە تەمەنی پانزەساڵیدا ڕوودەکاتە دونیای ھونەری موزیک و یەکەم ھەنگاوی بە بەشداری کردنی لە خولێکی ھاوینە لە ساڵی ١٩٤٧ دەستپێدەکات، کە دائیرەی مەعاریفی بەغداد لە شاری سلێمانی سازی کردبوو. خولەکە بۆ ماوەی مانگێک و بە شێوازی زانستی وانەکانی پراکتیکی و تیوری موزیکی لە لایەن چەند مامۆستایەکی بەڕەگەز عەرەبی پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی بەغداوە بەڕێوە چووە. دوای ئەم خولە و لە ھەمان ساڵدا ڕوودەکاتە پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی بەغداد دەوامی ئێواران، تا فۆناغی چوارەم بەردەوام دەبێت. دواتر دەبێتە خوێندکاری بەشی مێژووی لە کۆلیژی ئادابی زانکۆی بەغداد و لە ساڵی ١٩٥٥ بۆ ١٩٥٦ بڕوانامەی بەکالۆریوس لەمێژوودا لە زانکۆی بەغداد بەدەست دەھێنێت.
لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٠ دا ڕوو دەکاتە وولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بڕوانامەی ماستەر لە مێژووی موزیکدا لە زانکۆی ئیندیانا بەدەست دەھێنێت. لە ساڵی ١٩٦٨ دەستدەکات بە خوێندنی دکتۆرا بەڵام لە ھەمان ساڵدا بە ھۆی دامەزراندنی زانکۆی سلێمانیەوە، داوای گەڕانەوەی لێدەکرێت و ئەویش دەست بەرداری خوێندنەکەی دەبێت و لە زانکۆی سلێمانی وەک مامۆستای زانکۆ لە ھەردوو بواری ئەکادیمی و ھونەردا لە خزمەتەکانی بەردەوام دەبێت. دواتر لەگەڵ گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی بۆ ھەولێردا، ھەر وەک سەرجەم مامۆستاکانی ئەو زانکۆیە ڕوودەکاتە شاری ھەولێر و لەوێ نیشتەجێدەبێت. شەماڵ سائیب وێزگەی ھونەری ئەو لە شاری سلێمانی لەگەڵ کۆمەڵیک ھاوڕێی وە گەورە ھونەرمەندان ( قادر دیلان، ڕەفیق چالاک، حەساڵح دیلان، بەھجەت سەعاتچی…ھتد) دەست پێدەکات و بە ھۆکاری خویندنەکەیەوە ھونەری ئەو لە شاری بەغداد گەشە دەکات و پێدەگات.
دواتر لە ساڵانی ١٩٤٨ بە دواوە وەک یەکێک لە عود ژەن و گۆرانی بێژە بە تواناکانی ئیزگەی کوردی بەغدا لەکارە ھونەرییەکانی بەردەوام دەبێت و چەندین ئاواز و گۆرانی بۆ خۆی کۆمەڵیک لاوی ھاوتەمەنی خۆی دادەنێت، زۆر جاریش بەوەوە نەوەستاوە وەکو وەک کۆرسی گۆرانی ڕۆڵی گێڕاوە، بەتایبەت لە ھەندێک لەو ئاوازانەی کە خۆی دایناون. بە ووتەی زۆریک لە ھاوڕێیان و ھاوسەردەمانی، ئەو نەک تەنھا لە کوردستان بەڵکو لە تەواوی عیراقدا خاوەنی گوێگرێکی زۆر بووەو، زۆرێک لە گوێگر و ھەواداری نەتەوەی عەرەبیشی ھەبووە، کە زۆر بەباشی گۆرانیەکانی (شەماڵ)یان ئەزبەریان بووە و لە زۆر بۆنەی کوردیدا بەزمانی کوردی ھاوشانی کوردانی دانیشتووی بەغدا چڕیویانە. شەماڵ سائیب لە ڕۆژگاری خۆیدا بە ھۆی کاریگەری موزیکی عەرەبی و بە تایبەت سەرسامی بۆ (فەرید ئەترەش) کە بە ئاشکرا لاسایکردنەوەیەکی زەق لە شێوازی چڕینی گۆرانی ووتنیدا بەدیدەکرا، تاوەکو لە ژیانیشدا بووە نکۆڵی لێنەکردووە و دانی بە سەرسامیەکانی و لاسایی کردنەوەی ئەو ھونەرمەندەدا دەنا. بەھۆکاری ئەوە لەلایەن ھەندێک لە ڕەخنە گران و ھونەرمەندانی ئەو ڕۆژگارە ڕەخنەی زۆری ئاراستە دەکرا، بەڵام ئەو لەسەر ئەو ستایلەی خۆی کە خۆی باوەڕی پێبووە بەردەوام بووە. بەبڕوای من ئەوەی گرنگە بۆ قسەکردن لە سەر ھونەری شەماڵ سائیب ئەوەیە، ئەو توانیویەتی لە ڕۆژگاری خۆیدا ڕەنگیکی تر و چێژێکی تر لە موزیکی کوردی بێنێتە بوون، کە لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی واقعی ژیانی تایبەتی خۆی و ئەو ڕۆژگارە بووە کە تێیدا ژیاوە. ناتوانرێت نکۆڵی لەوە بکرێت کە ئەو سەردەمە تەوژم و کاریگەری موزیکی میسری نەک تەنھا بەسەر کوردانی باشووری کوردستانەوە بووە، بەڵکو بە سەر تەواوی ئەو ووڵاتانەدا زاڵ بووە کە دەکەونە نێو بازنەی نەتەوەی عەرەب و بە ئاشکرا ڕەنگی داوەتەوە لە شێوازی داڕشتن و چڕین و ژەنینی موزیکی زۆرێک لە نەتەوەکانی ڕۆژھەڵاتی نەوەڕاستیشدا. ھەر بۆیە دەبینرێت کاریگەری موزیکی عەرەبی بە تەنیا لە کارەکانی (شەماڵ)دا ڕەنگی نەداوەتەوە، بەڵکو لە زۆرینەی گۆرانی بێژانی ئەو ڕۆژگارەی وەک عەلی مەردان و تایەر تۆفیق و خاڵە سێوە….ھتد، ھەست بە ھەمان گرفت و ئەو کاریگەریانە دەکەین. جگە لەو ھۆکاری دیکە ئەوەیە ژەنیارانی ئەوکاتی ئیزگەی کوردی لە بەغداد ھەموویان بە ڕەگەز عەرەب بوون و لە ھەمان کاتدا بە ھۆی ئەوەی نابینا بوون و زیاتر پشتیان بە گوێ و ھەستی بیستنیان و ئەندێشەیان لەکاتی ژەندندا بەستووە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەو خۆ و چێژی موزیکی عەرەبی بە گۆرانیەکانەوە بە جێ ھێشتووە، بۆیە دواجار لەجێی موزیکێک تەواو عەرەبی، میکسێک یان موزیکێ:ی دوڕەگ لە موزیکی عەرەبی و دەنگیکی کوردی بەرھەم ھاتووە. بە بڕوای من لەگەڵ ھەموو ئەم تیبینیانەشدا، ناتوانرێت بگوترێت: ئەو ئاوازانەی شەماڵ یاخود ھونەرمەندانی ئەو سەردەمە کە دایانناون، خاڵین لە موزیک و ھەست و چێژی کوردی. گەرچی شەماڵ لە ڕووی ستایلەوە تەواو جیاوازە لە و ھونەرمەندانەی کە ئەماژەیان پێدرا، بەڵام شەماڵ سائیب بە ھۆی لاسایی کردنەوەی (فەرید ئەترەش)ە وە زۆر بە ئاشکرا مۆرکی عەرەبی بەزەقی بە دانراوەکانیەوە دیارە ھەر بۆیە ڕەخنەکان تۆختر بەری دەکەون. بە بۆچوونی من ئەشێت لەو ڕۆژگارە شەماڵ سائیب دڵسۆزانە ئەو شێوازەی موزیکەی بە شێوازیکی نوێی و پێداویستیەکی باوی سەردەمیانە بۆ ئەوکاتی موزیکی کوردی زانیبێت و ویستبێتی (فەرید)ێک بەزمانی کوردی بۆ نەتەوەکەی بخوڵقێنێت!؟
ئەوەی لێرەدا جێی تێڕامانە و گرنگە شیکاری لەسەر بکرێت ئەوەیە، ھەرچی ئەو ئاوازانەی کە دایناوە ئەگەر لەلایەن ژەنیارانی کوردەوە جارێکی دی بژەنرێتەوە، زۆر بە ئاسانی ڕۆحە کوردەواری و موزیکی شارنشینی کوردی دەکرێتەوە بە بەبریدا. پرسیار: ئەگەر لەو سەردەمەدا موزسیانی کوردی بە توانا بوونیان بە پێی پێداویستی ئەو سەردەمە و ھاوتای نەتەوەکانی تر ھەبوایە (سائیب) ئەم ستایڵەی ھەڵدەبژارد و بەو جۆرە گۆرانی دەگووت؟؟ ھەر بۆیە بە بڕوای من لە ئیستادا ناکرێت ئەو ئاوازانەی کەدایناون بە بیرێکی ناسیۆنالستی و بە چاوێکی بێگانەوە سەیر بکرێت و فەرامۆش بکرێن وەک بەشێک لە میراتی فەرھەنگی گۆرانی کوردی ئەو سەردەمە ھەژمار نەکرێت. لە کۆتایدا ئەوە ماوە بڵین شەماڵ سائیب جگە لەوەی کە گۆرانی بێژو موزسیان و کەسێکی تەواو ئەکادیمی بوو، ئەو خاوەنی زنجیرەیە ووتاری گرنگە دەربارەی موزیک کە لە ڕۆژنامەی ژین و گەلاوێژی ئەو سەردەمەدا بڵاوکراونەتەوە کراوە. ھەروەھا وەک بێژەرێکی سەرکەوتوو توانیویەتی بە سازدانی بەرنامەیەک بەناوی (باخچەی مۆسیقا) لە ئیزگەی کوردی دەیان بەرنامەی و لێدوان لە سەر موزیک بەگشتی و بەتایبەت موزیکی کوردی ئامادە بکات و خودیی خۆشی وەک پێشەکەش کاری بەرنامەکە کاری تێدا بکات. جگە لەوە
لەگەڵ دەرکەوتنی تەلەفزیونیشدا وەک یەکەمین ھونەرمەندی کورد توانویتی کلیپ بۆ گۆرانیەکانی بکات، ئافرەت بەدەنگ و ڕەنگ ڕۆڵ بگێرێت لە کارەکانیدا، کە ئەمە بۆ ئەو ڕۆژگاری کۆمەڵگای کوردی و موزیکی کوردی شتێکی نوێ و ھەم نەخوازراو بووە. ناسراوترین گۆرانیەکانی زۆرینەیان لە ئاواز و ھۆنراوەی خۆی بووە، ئەو کۆمەڵە بەرھەمەی ھێندە ساکار و جوانن کە محاڵە بە ئاسانی لە میمۆری ھیچ تاکێکی کوردا بسڕیتەوە نموونە لەو گۆرانیانە : ” ئەرە لەیلێ، ھەی بەردە بەردە، زلیخا، پێم بڵێ پێت دەڵێم، ھاوار سەد ھاوار، وەرە وەرە توخوا وەرە، بۆ تۆیە دڵ…ھتد” کەزادەی ڕۆژگارێکن ئەم سەردەمەی موزیکی کوردی درێژکراوەیەکی ئەو زەمەنەیە. بەداخەوە شەماڵ سائیب ھەروەک ھونەرمەندانی ھاوسەردەمی خۆی بە کولەمەرگی ژیا و دواجاریش بە کولەمەرگی و بەنەخۆشی لە ٨/١١/١٩٨٦ لە بارو دۆخێکی ناھەمواردا کۆچی دوایی ئەکات و تەرمەکەی لە زێدی خۆی لە شاری سلێمانی، لە گردی سەیوان بەخاک دەسپێردرێت و دوای خۆی دووکوڕ بە ناوەکانی ژیمۆ و تیشکۆ و خەرمانێک لە ئاواز و گۆرانی بۆ نەتەوەکەی بەجێدەھێڵت.
linki am babata la raxnai chawder zhmara 444 blaw botawa
تیبنی: بۆ نووسینی ئەم وتارە سوودم لە کتێبی: ( شەماڵ سائیب، ژیان و ھونەر، ئەحمەد سالار، ژیمۆ شەماڵ سائیب، چاپی یەکەم ھەولێر، بڵاوکراوەی ئاراس_ژ:٩٤١، ساڵ ٢٠١٠).
ھەرەوەھا لە ئەنجامی تویژینەوەیەکی چاپ نەکراوم دەربارەی موزیکی کوردی دەیان چاو پێکەوتنم ئەنجامداوە لە پرسیارەکانمدا دەربارەی ڕۆڵی شەماڵ سائیب گەلێک زانیاریم دەستکەوتووە.
ن/ توانا حەمە ٢٠١٣