سەدیق سەعید ڕواندزی
ئەگەرچی، لەکۆمەڵگەی ئێمەدا، بەردەوام ھەوڵی بە کولتووریکردنی خوێندنەوە و ئاشناکردنی مرۆڤ بە کتێب دەدرێت، وەلێ ھێشتا خوێندنەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، نە بۆتە کولتوورو بگرە لە پەروێزیشدایە.چونکە ئێمە خوێندنەوە، وەک پێداویستییەکی سەرەکی ژیان، ھاوشێوەی ھەر پێداویستییەکی دیکەی سەرەکی، کە بوون و ژیانمانی پێوە بەندە نابینین. کاتێ خوێندنەوەش نە بووە پێداویستییەک، ئیدی بەلای کەسەکانەوە گرنگ نییە بوونی ھەیە یان نا. ڕەنگی وەڵامی ئەو پرسیارە ئاسان بێت کە بۆچی خوێنەری کتێب لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، لە ئاستێکی یەکجار بچووک دایە، بێگومان وەڵامەکەی لە بەر ئەوەیە، ئەگەر مرۆڤ خۆی عەشقێکی گەورە و بێ سنووری بۆ کتێب وخوێندنەوە نەبێت، نابێتە خوێنەری کتێب. ئەوە خوێنەرە خۆی خۆی دروست دەکات و کتێب دەکات بەشێک لە شوناسی ژیانی.ھیچ ھێزێک ناتوانێت کتێب لای کەسێک خۆشەویست بکات، ئەگەر ئەوکەسە لە ناخەوە، عەشقێکی گەورەی بۆ کتێب نەبێت. خوێندنەوە، وەک کردارێکی ھزریی و کەسی و بەشێک لە ھوشیاریی مرۆڤەکان، پەیوەست نییە بە زەمەن و شوێن و ڕووداوێکەوە. ئەوە بۆیە خوێندنەوە نەبۆتە کولتوور لای ئێمە، چونکە لە پەراوێزی ژیانەوە دەیبینین. بڕوامان وایە، خوێندنەوە کات و ساتێکی دیاریکراویی ھەیە و دەشێ لەو کاتەدا، ھەموومان بخوێنینەوە و ببینە خوێنەر. زۆرکەسم بینیوە، باس لەوە دەکات کە ئەو خوێنەرێکی دیاری کتێب بووە، وەلێ دواجار دابڕاوە لە خوێندنەوە. لە ڕاستیدا، ئەوانە خوێنەر نین، چونکە خوێنەری کتێب، لە ژێر کاریگەریەتی ھیچ ڕووداو گۆڕانکارییەکی تایبەتی و گشتی، لە خوێنەوە دانابڕێت. بۆیە شتێک نییە بە ناوی خوێنەری ھەمیشەیی و خوێنەری دابڕاو.
خوێنەر،خوێنەرە، ئیدی باکی بەوە نییە زەمەن چ زەمەنێکە و شوێن چ شوێنێکە. زۆرم بینین لەوکەسانەی کە سەرەتا خوێنەری کتێب بوون، وەلێ دواجار بە ھۆی شووکردن، چوونە نێو ژیانی ھاوسەرگیریی، سیاسەت و حزبایەتی،سەفەر،کارکردن، لە خوێندنەوە دابڕان، کە لە بنەڕەتدا خوێنەری کتێب نەبوونە، بەڵکو ھەر لە سەرەتاوە کارەکتەری نێو دونیای خوێندنەوە نەبوون. ئینگلیزەکان دەڵێن:_(مانەوە لەلووتکە سەختترە لە گەیشتن بەلووتکە). خوێنەری کتێب لای من، ئەوکەسەیە کە بۆ ئەبەد لە لووتکەکەدا دەمێنێتەوە و ئەوێ دەکاتە زێدی ھەمیشەیی خۆی.لە نێوان کتێب و خوێنەری جددییدا، پەیوەندییەکی ڕوحی و ئۆرگانیکی وھەمیشەیی ھەیە.پەیوەندییەک، کە ھیچ گۆڕانکارییەکی ژیان کاری تێ ناکات. ئەوانەی خوێنەری ڕاستەقینەی کتێبن،بۆ کاتێکی دیاریکراو ناخوێننەوە، بەڵکو دەخوێننەوە بۆ ئەوەی بژین. من ھەمیشە دەڵێم: خوێندنەوە تلیاکە،ئەوانەی فێری دەبن، ناتوانن دەستبەرداری ببن. کاتێ کتێب دەبێتە خۆراکی ڕوحی مرۆڤێک و لەگەڵ پلازمای خوێنی تێکەڵاو دەبێت،مەحاڵە ھیچ ھێزێک بتوانێت بیوەستێنێت.ئەوانەی دەیانەوێت ببنە خوێنەری کتێب، دەبێ خوێندنەوە بکەنە خەمی سەرەکی ژیانییان، دەبێ خوێندنەوە وەک پێویستییەکی ژیان ببینن. لەکاروانی ژیانی خۆمدا، ھەژاری و نەھامەتی وسەختی یەکجار زۆرم بینی، کەوتن لە خوێندن و ڕەفزی کچان و شکست لە خۆشەویستی و عشقم بۆ ڕەگەزی بەرامبەربینی،لەدەست دانی ئازیزان و ھاوڕێیانم، کە بەشێک بوون لە ڕوحمبینی، دەمەقاڵێی وردوو گەورەی نێوان دایکم و باوکمم زۆر بینی، بێ پارەیی و نەبوونی و چەرمەسەری زۆرم بە ئێستاشەوە دیوە،وەلێ ھیچ یەک لەمانە، نەیانتوانی و ناشتوانن لە کتێب و خوێندنەوەم داببڕن. ئەگەر خوێنەوە و کتێب نەبوایە، ئەستەم بوو بتوانم بەرگەی ئەو گۆشەگیرییە و تەنھایە کوشندەیە بگرم کە تەمەنێکە تیایدا دەژیم. ئەو کاتەی قوتابی پەیمانگا بووم لە ھەولێرو لەگەڵ ھاوڕێی نووسەرم(نوری بێخاڵی)بە یەکەوە لە ژوورێک دەژیاین، ژوورەکەمان نانی تیا نەبوو، کارەبای تیا نەبوو، سووتەمەنی وسۆپای تیا نەبوو، ڕایەخ و بگرە سادەترین کەلوپەلیشی تیا نەبوو، بەڵام دەیان کتێبمان لەسەریەکتری کەڵەکە کردبوو بۆ خوێندنەوە. ئەوانەی بڕوایان وایە بە ھۆکارێکەوە لەخوێندنەوە دابڕاون، لە ڕاستیدا خوێنەری کتێب نەبوون، ئاخر کێ ھەیە دەستبەرداری شتێک بێت لە ژیان کە خۆگریەتی و خۆشی دەوێت.خوێنەری ڕاستەقینە، ھەرگیز لە خوێنەوە و کتێب دانابڕێت.ئەو بۆئەوە کتێب ناخوێنێتەوە تا کاتی کەرەنتینەی لە ماڵ تەواو بکات، ئەوبۆئەوە کتێب ناخوێنێتەوە چونکە کۆرۆنا لە ماڵ زیندانی کردووە، بە پێچەوانەوە دەخوێنێتەوە چونکە دەزانێت خوێندنەوە پێویستییەکی ھەمیشەیی و ڕۆژانەیی ھزریی و ڕوحی کەسەکانە. نابێ خوێندنەوە ببەستینەوە بە پێشھاتێکی دیاریکراو، بەو مانایەی چونکە ھەموومان ئێستا بە ھۆی قەدەغەی ھاتووچۆوە لە ماڵ ئاخنراوین، ئەوا دەبێ لە بەتاڵی کتێب بخوێنینەوە. بە پێچەوانەوە ھەموو شوێنێک و ھەموو زەمەنێک، ھی خوێنەوەیە.ئەوە بۆیە ناتوانین خوێندنەوە بکەینە نەریت، چونکە پێمان وایە کە بێ ئیش و دەست بەتاڵ بووین، باخۆمان بە کتێب سەرقاڵ بکەین. من دەزانم و دڵنییام وەک چۆن ئاسمان شینە، بەو شێوەیەش بە ھەزاران لەوانەی لە ئێستادا، لە ترسی و کۆروناو بە ھۆی قەدەغەی ھاتوو چۆوە کتێب دەخوێننەوە، دوای تەواوبوونی بارودۆخەکە، دەچنەوە سەر ڕیتمی ژیانی کلاسیکی ڕۆژانەیان و پشت لە کتێب دەکەن. ئەمانە نەخوێنەرن ،نە عاشقی خوێندنەوە. چونکە خوێنەر بێ کتێب، بۆ چرکە ساتێکیش ناژیت.وەک چۆن ئۆکسجین نەگاتە سییەکانی دەمرێت، بەو شێوەیەش کتێب نەخوێنێتەوە، شێت دەبێت. مەحاڵە بتوانین بە کۆرۆناو بە کەرەنتینە، خوێنەر دروست بکەین ئەگەر ئەو کەسە خۆی خوێنەری کتێب نەبێت. بۆیە کاتێ لە پەیجی ھاوڕێم(یاسین برایم) ئەو ئاگایینامەم بینی کە بە ناوی(کۆرۆنا خەڵوەتی خوێندنەوەیە)ڕایگەیاندووە، لە ڕاستیدا سەیرم پێھات. دەبوو ئەو ھاوڕێیەم بزانێت، کە ژیان پێویستە خەڵوەتی خوێندنەوە بێت نەک کۆرونا. کۆرونا تەواو دەبێت، بە تەواوبوونیشی، ئەو خەڵوەتەش ھەڵدەگیرێت، بەڵام خەڵوەتی ژیان بەردەوامە. ئەو کە خۆی خوێنەرو نووسەرە، دەبێ پەیامی ئەوە بێت کە ھەمیشە مرۆڤ بخوێنێتەوە، نەک تەنھا لە کاتی کورونا. من دەزانم ئەمە لە دڵسۆزیی و بەتەنگەوە ھاتنە، بەڵام باشیش دەزانم خوێنەرو عاشقانی کتێب بەوشێوەیە دروست نابن. لە ئەزموونی ژیانی خۆمدا، کەسانی زۆرم بینی کە خوێنەری کتێب بوون، بەڵام لە بەر سیاسەت، ژیانی تایبەتی، چوونە ھەندەران، کاروباری ژیان، پشتییان لە کتێب کرد. لای من خوێنەرێکی ڕاستەقینە و جددی، لە ھەزاران خوێنەری ساختە و دەم دەمی گرنگترە. زۆرکەس داوای کتێبییان لێ کردووم، کە ھێناویەتییانەوە، پێم گوتوون: کتێبەکەت خوێندەوە؟ دەڵێت:نەخێر نەمتوانی تەواوی بکەم. خوێنەری ڕاستەقینەی کتێب بە بڕوای من دەبێ کرمی کتێب بێت.کە کتێبێک بڵاو دەبێتەوە، ھەموو تاسەی من ئەوەیە چۆن بتوانم ئەوکتێبە دەست بخەم و بیخوێنمەوە. بۆ من وەک خوێنەرێکی ئاسایی، گرنگ نییە کۆرونا ھەیە یان نا، قەدەغەی ھاتووچۆیە یان ژیانی ئاسایی، شەڕە، یان ئاشتی، لەکام شارو وڵات و جێگەم، ئەوە گرنگە کە دەبێ بخوێنمەوە. چونکە ناتوانم بێ خوێندنەوە بژیم. لە ژیانمدا زۆر شتی تایبەتیم لەدەست داوە، وەلێ ھەرگیزازھەرگیز نەمتوانیوە کتێب و خوێندنەوە لەدەست بدەم. چونکە ئەوەی لە کتێبەکانەوە فێری بووم، لە ھیچ کەسێکی دیکەوە فێری نەبووم. شانازییەکی گەورەیە کە کوڕی کتێب بووم.کتێب پەنجەرەیەک بە سەر ژیانی مرۆڤ دەکاتەوە، کە لە ھەزار کڵاوە ڕۆژنەوە ژیانی تێدا ببینێت. من ھەرگیز باوەڕم بە خوێندنەوەی کاتی و خوێنەری کاتی نییە. شتێک نییە بە ناوی دابڕان لە خوێندنەوە، بەڵکو خوێندنەوە پێویستییەکی ڕوحی و ھزری مرۆڤە. وەک چۆن پێویستییە ماکییەکان پێویستن بۆ ژیان، بەو شێوەیەش دەبێ خوێندنەوە پێویست بێت.خوێنەربوون، بەرھەمی شەونخوونی و دەست لە ملانێیەکی دوورودرێژی کتێبە. خوێنەربوونی کتێب، بەرھەمی دە دوانزە ڕۆژی کەرەنتینە و قەدەغەی ھاتووچۆ نییە.ئەوانەی دەیانەوێت ببنە خوێنەری ڕاستەقینەی کتێب، دەبێ خۆیان بۆ کتێب یەکلایی بکەنەوە، دەبێ دەست بەرداری زۆر شت بن لە پێناو کتێبدا. ئەگەر نەتوانن ئەمە بکەن، پێویستە ڕێزی خۆیان و کتێبیش بگرن.
خوێندنەوە، یاریکردن نییە، ھەر دەمێک ئارەزوومان کرد، ھەڵیبدەینێ، خوێندنەوە سەفەرێکی ئەبەدیی و بێ کۆتاییە، سەفەرێکە ناکرێت لە نێوەی ڕێگادا بوەستیت. ئەوانەی لە نیوەی ڕێگەدا ھاوڕێکانییان جێدێڵن، لە پیرۆزیی وگەورەیی ھاوڕێیەتی نەگەیشتوون کتێبیش ھەروایە. بیرمە ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر و لەسەردەمی بەعسدا، کە کتێب وەک ئێستا بڵاونەبوو، شیعرەکانی عەبدوڵا پەشێوم لە ھاوڕێیەکم خواست و سەرجەمی شیعرەکانیم لە تێنووسێکدا نووسییەوە، کە ئێستاش ئەوتێنووسەم ماوە.ئەگەر خۆشەویستیم بۆ شیعر و عەبدوڵا پەشێو نەبووایە، سەلیقەی ئەوەم نەبوو بەدیار ھیچ شتێکەوە دابنیشم.ئەم نموونانە، بۆ ئەوە نییە فیزی پێ لێ بدەین، بۆ ئەوە نییە خود شانازیی پێوەبکەین، کە ھاوڕێیانم ئەوانەی من دەناسن، دەزانن چەند کەسێکی گۆشەگیرو دوورە پەرێزم کە ھەرگیز مەگەر بە دەگمەن، دەنا لە نێوەندە ڕۆشنبیرییەکە دەرناکەوم. بەڵکو بۆ ئەوەمە، گوزارشتێکی بچووک لە پەیوەندی خوێنەرێک و کتێبەوە بکەم کە خۆمم.ئەو ئەزموونە پێم دەڵێت، ئاسان نییە ببیتە خوێنەری کتێب، مەگەر خولیایەکی بێ سنوورت بۆ خوێندنەوە لە ناخدا نەبێت. کەم نین ئەو نووسەرو ھونەرمەند و شانۆکارانەی، خۆیان ڕۆشنبیرو خوێنەرو کەسانی بە توانان، بەڵام کوڕو نەوەکانییان، سەدو ھەشتا پلە پێچەوانەی ئەوانن و ڕقیان لە ھونەرو نووسین و خوێندنەوە و شانۆیە. ئەمە بۆچی وایە؟ چونکە خۆیان لە ناخەوە عاشقی کتێب و خوێندنەوە نین، ئەگەر کەسێکیش ئەو عشقەی لە ناخدا نەبێت، مەحاڵە بتوانین دروستی بکەین.بێگومان دەتوانین ھانی بدەین،زەمینەی بۆبڕەخسێنین، باسی بایەخ و گرنگی خوێندنەوەی بۆ بکەین، بەڵام ناتوانین بیکەینە خوێنەری ڕاستە قینەی کتێب. دروست وەک ئەوەی پزیشکێک چارەسەرێک بۆ نەخۆشێک دا ئەنێت و ھەموو بایەخی خورادنی چارەسەرەکەی بۆ باس دەکات، وەلێ ئەگەر خودی نەخۆشەکە، چارەسەرەکان بەکار نەھێًنێت، بێگومان لێرەدا، ھێزو ڕێنوێنی و تواناکانی پزیشکەکە، شوێنی خۆی ناگرێت و ھیچ بایەخێکی نییە. بۆ خوێندنەوەش ھەمان شتە.چ تێگەیشتنێکی ھەڵەیە پێمان وابێت، مادام لە ماڵەوەین و کەرنتینکراوین، مادام دەسەڵات قەدەغەی ھاتووچۆی ڕاگەیاندووە، ئیدی دەبێ کتێب بخوێنینەوە.ئەی پێش قەدەغە و دوای ھەڵگرتنی قەدەغە؟ ئەی دوای نەمانی کەرەنتینە و ئازادبوونمان؟ ئەو کات بگەڕێینەوە سەر ڕیتمی ژیانی کلاسیکی و ڕۆژانە و پشت لە کتێب و خوێندنەوە بکەین؟.
ڕواندز_نیسانی ٢٠٢٠