کچە شاعیری شاری سۆران (ژوان تاقانە) یەکێکە لەو قوتابیە بەھرەمەندانەی ماوەیەکە شیعر دەنوسێت و تیکەڵ بە دونیای شیعر بووە کۆمەڵێک شیعری ناسک و جوانی لە گۆڤارو رۆژنامەکان بڵاوکردۆتەوە، بەمەبەستی ئاشنا بوونی زیاتر بەم شاعیرە ، بە پێویستمان زانی ئەم دیمانەیەی لە گەڵ ساز بکەین .
دیمانە / یاسین
R_xarand@yahoo.com
لە سەرەتادا بەم شێوەیە خۆی بە ئیمە ناساند و وتی ” من ناوم شەوگار ئازادە لە ساڵی ١٩٩٠ لە شارۆچکەی دیانا لە دایک بوویمە ناسراوم بە ژوان تاقانە ئەم نازناوەشم لە منداڵیەوە لە لایەن خزمێکمەوە بۆ ھەڵبژێردرا ، چونکە خۆشم تاقانەم ھەر بەو ناوەش کۆمەڵیک نووسین و شیعرم بڵاوکردۆتەوە و ئێستاش ھەر لەو شارۆچکەیە ژیان بە سەردەبەم وقوتابی پۆڵی دوازدەیی ئامادەییم. دەربارەی چوونی بۆ نێو دونیای شیعر ، وتی ” دەتوانم بڵێم لە ساڵی ٢٠٠٧ بە تەواوەتی چومە نێو دونیای پڕ بەرائەتی شیعر ، دونیای پڕ لە سۆزو پڕ لە جوانی و خۆشەویستی و پر لە دونیای راستەقینە دونیایەک پڕ لە خۆزگەو مانای بەھادار ، ئەویش دونیای شیعر بوو ، ئەو شیعرانەی دەمنووسین بە ژمارە کەم بوون دواتر لە چەندرۆژنامەو گۆڤارێک شیعرم بڵاوکردۆتەوە ئەمەش وایکرد زیاتر بۆ لای ئەم بوارە بچم و خۆشم بوێت و ئێستاش لە گەڵ شیعر ئاوێزانم ناتوانم لێ دوورکەومەوە.
دەربارەی ئەو کەسانەی ھاندەری بوینەو ھاوکاری شەوگاریان کردووە ، وتی ” تاکە ھاندەری من لە ژیانی شیعرم کە بووە ھۆی ئەوەی نەمامی شیعرم چرۆ بکات مامۆستا (یاسین برایم ) بوو زۆر ھاوکاری کردم و رێگای شیعری نیشان دام و فێری ئەوەی کردم دونیای شیعر دونیایەکی گەورەیە ، پەلەکردنی ناوێت و دەبێت بەردەوام بە دوای فێربوون و گەڕان بە نێوکوچەو کۆڵانەکانی شیعر بگەرێیت و خۆت پیبگەینیت .
بێجگە لە شیعر حەز لە بواری ڕاگەیاندن دەکات و لەم بارەیەوە دەڵێت ” بێجگە لە شیعر حەز لە ڕاگەیاندن دەکەم ، حەزدەکەم لە بواری راگەیاندن بخوێنم و لە دوارۆژدا ببم بە بێژەرێکی سەرکەوتوو لە بواری راگەیاندن تا بتوانم خزمەت بە کۆمەڵگای کوردەواری بکەم ، چونکە ھەر لە منداڵیەوە حەزم لە کاری بێژەرییەو بەڵام بە داخەوە ئەو دەرفەتەم بۆ نەرەخساوە.
سەبارەت بەو پرسیارەی ئاخۆ شیعرەکانی گوزارشت لە چی دەکەن وتی ” شیعرەکانم زیاتر گوزارشت لە خۆشەویستی و بابەتە کۆمەڵایەتیەکان دەکات ولە ئایندەش ھەولدەدەم شیعرەکانم ھەموو بوارەکان لە خۆی بگرێت و تا سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا سوود لە شیعرەکانم وەربگرن.
لە کۆتایی دا ژوان تاقانە وتی “ئێستا بە ھۆی سەر قالبوونم بە خوێندن کەمتر بۆلای شیعر دەچم و بڵاویان دەکەمەوە ، بەڵام یەکێک لە حەزە ھەرگەورەکانی من ئەوەیە بتوانم شیعرەکانم لە نامیلکەک چاپ بکەم ، تا بتوانم وەک کچە شاعێرێکی سۆران شیعرەکانم بگاتە ھەموو شوێنێک بە ئاسانی دەستیان بکەوێت .