ئاکۆ عارف : ئەوەی ھونەرمەند زەکەریا عبدواللە لە ھونەری گۆرانی کوردیدا کردی وەرچەرخانێکی گەورەبوو ، زەکەریا لەیەکەم ھەنگاویدا توانی بەرێژەیەکی زۆر ھۆگرانی گۆرانی لەگەڵ شعر و ئاواز و گۆرانی کوردی ئاشتبکاتەوە ، ئەوە لە کاتێکدا لەو دەمەدا کە زەکەریا بەدەنگی ھاتەکایەکەوە ، ھۆگرانی گۆرانی کوردی بەتایبەت گەنجان کەم تا زۆر لەگۆرانی کوردی تۆرابوون و ژوانیان لەگەڵ ئاواز و دەنگی بێگانە بەتایبەت (عەرەبی و تورکی ) دەبەست .
زەکەریا کە بەنەمزانی و بگەرێوە دەستی پێکرد و بەچەندە جوانی و ئاگر کەتیە دڵی من نیشتمانێکی نوێی لە گۆرانی بۆ دروستکردین ، ھەرزوو نەک ھۆڵەکان بەڵکو یاریگاکانیشی پڕکرد لە عاشقانی گۆرانی ، کۆنسێرتی زەکەریا ساڵی ٢٠٠١ لە یاریگای سلێمانی لەکەرنەفاڵێک دەچوو ، کەرنەفاڵێک و ژوانێک بۆ گۆرانی و ئاوێتە بوون لە شعر و ئاوازی نوێ، دواجاریش زەکەریا گەیشتە لاپەرەی سپی و ئەو بەرھەمەشی لاپەرەیەکی نوێتر بوو کە بەستایلێکی جیاوازتر نۆتەکانی لەسەر نوسرابوونەوە .
رۆژنامەو پێگە رۆشنبیری و ھونەریەکانی سەر تۆڕی ئینتەرنێت ھەواڵی ئەوەیان پێداین کە زەکەریا عبدوللە ژمارەیەکی نوێی پێوانەیی لەرووی جەماوەری بونەوە تۆمارکردووەو لە پێگەی تایبەتی خۆیدا زیاتر لە ١٠٤ ھەزار ھەواداری ھەیە ، ئەمە بە دیوێکدا مژدەبەخشە بەدیوێکی تریشدا بەرپرسیارێتیە ، مژدەبەخشە بەوەی عاشقانی گۆرانی پەرۆشی دەنگە کوردیەکانن ، بەرپرسیارێتیشە چونکە زەکەریا سەرلەنوێ دەخاتەوە بەردەم ئەوەی کە بە کاری جوانتر و چاکتر ، بەپێز و ڕەسەنتر بەرھەمی تازەو سیدی تازەتر پێشکەش بکات .
لەگەڵ دەنگی زەکەریا ھەمیشە لە ژوان داین ، ئێستا دەنگی ئەو وەک دەنگی زۆرێک لە ھونەرمەندان و گۆرانی بێژانی کورد پردی گەیشتن و پەرینەوەو پەیوەندی کردنی رۆح و جەستەیە بەدنیای خەیاڵ و کەناری ئارامی و ئاسودەبوونی رۆح ، ئێستا وەک گۆرانی زۆرێک لە ھونەرمەندان ، نەمزانی و بگەرێوە ، چەندەجوانی و گوڵی سور ، تیلیناز و ھتد پەلکەزێرینەکانی ژیان و ھونەری کوردی جواتنر دەنەخشێنن .