ھەندرێن خۆشناو: ھەروەک ئاشکرایە ھونەری کاریکاتێر ھونەرێکی کاریگەر و زیندووە، و کاریگەری خۆی ھەیە لەسەر ھەموو بوارەکانی ژیاندا جیا لە ھونەرەکانی تر. یەک لەو بوارانەش کە کاریکاتێر کاریگەری خۆی ھەیە لەسەری بواری کۆمەڵایەتیە، بەتایبەتیش لەسەر پەیوەندی نێوان ژن و پیاودا.
ھونەری کاریکاتێر پەیوەندیەکی یەکجار زۆری ھەیە لەسەر پەیوەندی نێوان ژن و پیاودا، روخسارەکانی پەیوەندی ژن بە پیاوەوە راگیردەکات، لە رووی توندوتۆڵی و راکێشان بەلای یەکتریدا و دەسەڵاتداریەتی و خۆسەپاندن و چاودێری کردن و سەرداری کردن و ھەروەھا ملکەچی و خۆبەدەستەودان لەلایەن ھەردوو رەگەزەوە.
چەندین توێژینەوەی زانستی ئەو کاریگەرییەی ھونەری کاریکاتێریان وەدەرخستووە و سەلماندووە لەسەر پەیوەندی نێوان ژن و پیاوەوە، جا بە ئەرێنی یان نەرێنی بێت. کاتێ کە بزانین لە رێگای ئەو ھونەرە زیندووە کە ھونەری کاریکاتێرە، رۆژنامەگەریی دەتوانێت وێنەیەک یان چەند وێنەیەکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی لە خەیاڵ و ئەندێشەی ھەردوو رەگەزدا بچەسپێنێت لە ئایندەدا.
زۆر جار بیستوومانە کەوا وێنەیەک کاریگەریی زیاترە لە نووسین، ئەوەشمان بیستووە کە وێنەیەک جێشوێنی ھەزارەھا ووشە دەگرێتەوە، نەخاسمە ئەو وێنەیەش تابلۆیەکی کاریکاتێریی بێت. کە یەکێک لە خەسڵەتەکانی کورتی و چڕی لە مانا بەخشینە، و توانج و تەشەری گاڵتەجاڕیی ھاوشانی وێنە کاریکاتێریەکە و چەندین ھۆکاری تری سەرنجڕاکێش و کاریگەریی ئەم ھونەرە لە ھەموو جیھاندا وەدەردەخات، بە تایبەتی لەنێو ئەو کۆمەڵگە و گەلانەی کە حەزیان لە نوکتە و گاڵتەجاڕی و تەنزە، ئەم ھۆکارانەش بەکاردێنن بۆ دەربڕینی ئەو ھەستانەی کە ناتوانن راشکاوانە دەریانببڕن.
پیشاندانی مەسەلەی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو لە روانگەی ھونەری کاریکاتێرەوە، توانی سەرنجی بینەران بە توندی رابکێشێ بۆ خەسڵەت و سیفەتەکانی ھەردووکیان بە تایبەتی ژن، بۆ نمونە توێژینەوەیەک لەسەر ھەمان بابەت، لە وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا و وڵاتەیەکگرتووەکاندا ئەنجامدرا، ئەوەی وەدەرخست لەو کۆمەڵگایانەی کە ئەو ژنانەی دەیانەوێ سەد دەر سەد وەک پیاو بن، و لە ھەموو شتێکدا لاسایی پیاو دەکەنەوە، تەنانەت لە جلوبەرگ و قژتاشین و جگەرەکێشانیشدا، کاریکاتێریستان ژنانیان وا نیشاندەدا، کەوا خاوەن ماسوڵکەی گەورە و پتەون و موودارن و ورگن و ناشیرین و زمانیان توندە و خۆویست و خۆسەپێنەرن بەسەر پیاوان و ھاوسەرەکانیاندا، ھەورەھا زۆرجاریش بە مادی و پوڵەکی و حەز لە خەرجکردنی پارەی پیاوەکانیان دەکەن بە شێوەیەکی رادەبەدەر، لە بەرامبەریشدا پیاو لە کاریکاتێرەکاندا وا بەدەردەکەوتن کە ملکەچن و گوێڕایەڵی داخوازی ژنەکانیانن و لە ژنەکانیان دەترسن و رۆمانسین و فیداکار و خۆنەویستن لە پێناو ھێنانەدی ئامانجی ژنەکانیان، تا رادەی گێلی و دەبەنگی، بەڵام لەلایەکی تریشەوە لە بەرامبەر ئەو خەسڵەتانەی ژنەکانیان، پیاوان چاو لەدەرن و دەستبازی و چاوبازی لەگەڵ ئەم و ئەودا دەکەن، تەنانەت لەگەڵ خزمەتکارەکانیشیان پەیوەندی دەبەستن.
ئەو توێژینەوانە ئەوەشیان وەدەرخست کەوا ھونەری کاریکاتێر وەک مادەیەکی ھونەریی و بیروڕا دەربڕین، وێنەیەکی ھزری و زرنگی وا پیشاندەدات، بەھۆی دووبارەکردنەوە و نمایشکردنی رۆژانە لە رۆنامە و گۆڤارەکاندا، ئاراستەکانیشی رووەو کەرتێکی گەورە و کاریگەریی کۆمەڵگە برەودەکات، ئەویش ئافرەتە بە شێوەیەکی گشتی و ھاوسەر و خێزانیش بە شێوەیەکی تایبەتی، ھەروەھا کاریکاتێر وێنەیەکی ناشیرین بۆ پیاوانی ئەو کۆمەڵگایانەش دەنەخشێنێت، کە وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر ئەو خەسڵەتانەی ژنانی ئەو کۆمەڵگایانە کە ھەیانە، ئەمەش وایکردووە ھەردوولا لە شێواز و روخساری سروشتی خۆیان دەرچن و لادەن. تەنانەت ئەمە ئەگەر بۆ گاڵتەجاڕی و کۆمیدیاشەوە بێت، ھەر رووە خراپەکانی ئەو پەیوەندیە گرنگەی نێوان ژن و پیاو دەخاتەروو کە لەم کۆمەڵگایانەدا ھەیە، بەھۆی پێچەوانەبوونەوەی دۆخەکان، ئەمەش بۆتە ھۆی ئەوەی کە بە زەقی لە ھونەری کاریکاتێردا رەنگ بداتەوە.
رەنگدانەوەی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو لە ھونەری کاریکاتێردا، ھاوڕا و ھاوشانە لەگەڵ ئەنجامی توێژینەوە کۆمەڵایەتیەکان کە تێکچوونی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو وەدەردەخەن لە کۆمەڵگادا، و رێژەیەکی مەترسیداریشیمان نیشان دەدەن لە دیاردەی تەڵاقدان و دەست لەیەک بەردان تا رادەی زیاتر ٤٠%، تەنانەت ئەگەر بزانین لەم کۆمەڵگایانەدا پیاوان باجێکی زۆر دەبەخشنە ژنان لەکاتی تەڵاقداندا، کەچی ئەمەش نەبۆتە رێگر لەبەردەم زیادبوونی ئەم دیاردەیە لەم کۆمەڵگە پێشکەوتووانە لەرووی تەکنەلۆژیاوە و دواکەوتوانەش لەرووی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانەوە.
کەس ناتوانی ھونەری کاریکاتێر تۆمەتباربکات بە پیشاندانی ئەم بوارە گرنگە، ئەویش پەیوەندی نێوان ئافرەتان و پیاوانە، بەڵکو ئەو پەیوەندیە ناسروشتیەی نێوان ئافرەتان و پیاوانی ئەم کۆمەڵگایانە، وایان کردووە کەم بوارە زۆر بەزەقی لە ھونەری کاریکاتێردا بەرچاوبکەوێت.