یەکێک لەو تێکۆشەرانەی کوردستان ئایشە گوڵ دایکی هەردوو شەهید[محەمەد حەلاق و بەشدار]ە.
ئایشەگوڵێ شێرەژنێکی بەناوبانگی ئازا و چاونەترس بوو ، هاورێ یەکی ماندوو نەناسی حزبی شیوعی بوو . هەر لە سەرەتای شۆڕشی ١٤ ی گەڵاوێژی ١٩٥٨ هەتا گرتن و ئەشکەنجەدان و شەهید کردنی باوەڕ نەگۆڕ و قسە نەدرکێن و چاونەترس و دڵسۆزی حزب و گەلەکەی بوو . هاوسەری ژیانی ناوی حەمەد ئەمینی سەرتاش بوو پیاوێکی هێمن و رەوشت بەرز و دیار بوو ، هەتا کۆچی دوایی دۆستی بە وەفای حزبی شیوعی بوو.
ئایشەگوڵی تێکۆشەر ساڵی ١٩٨٨ کاتێک خەریکی ئەنجامدانی کارێکی نهێنی حزبی بوو لە شاری هەولێر دەستگیردەکرێ و بەعس هەوڵ دەدات پەیوەندی بە حەمەی حەلاق بکات کە ئەگەر هاوکاری یان بکات ئەوا دایکی ئازاد دەکەن ، بەڵام محەمەد حەلاقی تێکۆشەر لەبڕی هاوکاری لە رێگای کۆیە و هەولێر لەگەر هاورێ یەکانی زەربەی گەورە لە لەشکری بەعسی خوێری دەدات و تا وای لێکردن لەترسان رێگای خۆیان بگۆڕن . لە دوای ڕاپەڕین بەڵگەنامەکانی دام و دەزگای ئەمن و موخابەراتی بەعس کەوتنە دەست و باس لەچۆنیەتی ئەشکەنجەدانی ئەو ژنەشێرە دەکەن و چۆن شەهیدیان کرد و چۆن بەعس شەرمەزار بووە و تا دواهەناسەی نەیانتوانیووە یەک نهینی نێو دڵە گەورەکەی ببەن و سەرشۆڕی بۆ دوژمنان ماوەتەوە .
ئایشەگوڵ هەر لەسەرەتای ژیانی دا هەستی کرد میللەتەکەی دەبێت تەکانێک بەخۆی بدات بۆ ئەوەی لەژیر دەستی ڕژیمی فاشی بەغدا رزگاری بێت ، بۆیە شان بەشانی هاوڕێ یەکانی لە تێکۆشاندا بوو تا ئەو ڕۆژەی خۆی کردە قوربانی میللەتەکەی . ئایشەگوڵ ژیانی پێشمەرگەی شار و شاخی پێکەوە گری دا و بووە یەکێک لەو ژنە پاڵەوانەی پۆستی حزبی لە شاخ بۆ شار و لە شار بۆ شاخ دەگواستەوە . هەر ئەو باوەشە گەرم و شۆڕشگێرەبوو کە دوو ڕۆڵەی بەوەفای بۆ نیشتمان پەروەردەکرد و ئەوانیشی کردە قوربانی بۆ رزگاری و بەختەوەری کوردستان . هەردوو جگەرگۆشەی محەمەد و بەشدار کردە پێشمەرگە و خوێنیان تێکەڵاوی خوێنی شەهیدی کوردستان بوو . هەرچەند باسی ڕۆڵی ئایشەگوڵ بکرێت هێشتان ناتوانین ئەو داستانانەی بخەینەسەر کاغەز کە چۆن ژیانی خۆی دەخستە مەترسی بۆ ئەوەی میللەتەکەی بەسەربەرزی بژیت ئەو تێکۆشەرانە زۆرن کە ئێستاکەش شایەدی دەدەن چۆن ئایشەگوڵ رزگاری کردوون یان نامەی بۆ بردوون . شایەدی قسەکانمان ئەو ڕۆژەبوو کە چۆن تەرمەپیرۆزەکەی ئایشەگوڵ لە هەولێرەوە گۆزرایەوە بۆ شاری حاجی قادر و هەیبەت سوڵتان ، بە هەزاران خەڵکی وەفاداری کوردستان بەشداریان کرد بۆ ئەوەی لە ناشتنی ژنەتێکۆشەر لەدوا مەنزڵی بەشداری بکەن و بەیەکجاری ماڵئاوایی لیبکەن ئا ئەوڕۆژە بووە کەرنەڤاڵی بەخاک سپاردنی شەهیدی ژن ئایشەگوڵ . هەر بۆ ئەو وەفایە دەروازەی شاری شاعیران کۆیەی سەربەرز پەیکەرێکی جوان کە شایستەی ئایشەگوڵ بێت و نەوە دوای نەوە ژن و کچانی کوردستان هەمان ڕیباز بگرنەبەر بۆی دانرا بەڵام بەداخەوە لەلایەن چەکداری کۆنەجاش و بەعس رەفتار پاش ماوەیەک تەخت کرا و ئەو مەدالیایە لەسینگی کوردستان کرایەوە و هەتا ئەمڕۆکە هەرسێ حکومەتی سلێمانی و هەولێر و بەناو یەکگرتووەکەی هەرێمی کوردستان ، تاقە قوتابخانەیەک یان شەقامێک یان نەخۆشخانەیەک یان باخچەیەکیان بەناوی ئەو ژنەشەهیدە ڕەوانەبینی و ڕۆژێک یادی یان نەکردەووە . یەکێتی یەکانی ژنان و رێکخراوە ئافرتەکان ڕۆژانە بۆ چاڵاکی حزبی قون بادان و سەما دەکەن بەڵام بۆ ئەوەی ئەو قوتابخانەی تێکۆشان بەردەوام بێت لەناو ژن و کچی کوردستان هەر ئاوڕیش لە ئایشەگوڵ نادەنەوە و لە ڕۆژی شەهیدبوونی چەپکێک گوڵ ناخەنە سەر گۆڕی پیرۆزی . خەباتی ئایشەگوڵ هەردەم لە مێژووی ژنانی کوردستان بە سەربەرزی و سەرفرازی دەمێنیتەوە . بنوو دایکی کوردستان زۆرن ئەوانەی لەبیریان ماوە چۆن ژیانی خۆت کردە قوربانی نیشتمان .
فەهد گردەوانی 15/8/2012ستۆکهۆڵم
کورتەی ژیانی شەهیدی هەردەم زیندوو
هاوڕێ عائیشە قادر یونس ناسراو بە ئایشە گوڵێ
لە ساڵی 1934 لە شاری کۆیە لە دایک بووە .
خاوەنی 6 کوڕ و 4 کچە . دوو لە کوڕەکانی شەهید کراون .
محەمەد حەلاق لە دەروازەی کۆیە لە 2/11/1995 و بەشدار لە سەدەی بێخمە لە ساڵی 1986 شەهیدکراون .
ئایشە گوڵ لە 16/8/1988 شەهید کراوە بە گوێرەی ئەو دیکومەنتانەی دەزگای ئیستخباراتی هەولێر .