مهاباد – دادگای شاری مهاباد حوكمی چوار ساڵ زیندانی بۆ ژنە ئەكتەرێكی كورد بڕییەوە.
ژنە ئەكتەرێكی كوردی خەڵكی مهاباد بە تاوانی رۆڵگێڕان لە درامایەكی تەلەفیزیۆنی لەلایەن لقی یەكەمی دادگای ئەو شارەوە (4) ساڵ زیندانی بهسهردا سهپێنرا.
“بەفرین حوجەتی” ژنە ئەكتەری خەڵكی شاری مهاباد بەهۆی دەورگێڕان لە درامایەكی تەلەفیزیۆنی و بڵاوبوونەوەی لە یەكێك لە كاناڵە تەلەفیزیۆنەكانی دەرەوەی وڵات، بەبێ ئامادەبوونی خۆی لەلایەن لقی یەكەمی دادگای شۆڕشی مهابادەوە بە ٤ ساڵ زیندان سزا در.
به پێی ئاژانسی كوردپا “بەفرین حوجەتی” له مانگی گوڵانی 2011 لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتەوە بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكومەت دەستبەسەر و پاش ٤ رۆژ بە دانانی بارمته بە شێوەی كاتی ئازاد كرا.
ئەو ژنە ئەکتەرە پاش ماوەیەك بەهۆی زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەكانی حكومەت بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشت.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش داوە “ئومید قادری ئەقدەم” هونەرمەندی دەرهێنەری ئەو دراما تەلەفیزیۆنیەش لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتەوە دەستبەسەر كراوە و ئێستا لە زیندان دایە.