زانا دڵشاد دزەیى : ژاکان، تەمەن 17 ساڵ، کچى هەردوو ئەکتەرى ناسراو حەمەعەلى خان و شلێر کۆییە و حەز دەکات لە داهاتوودا ببێتە گۆرانیبێژێکى سەرکەوتوو و هەموو ساڵێک ئەلبووم بڵاوبکاتەوە، بەڵام دەڵێت “لە دەنگى ئێستام ڕازى نیم و هێشتا زۆرم ماوە”.
ژاکان خان، ئەمساڵ لە قۆناخى سێى پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى سلێمانى، بەشى مۆسیقا دەخوێنێ، لە ساڵى 2008 بەشدارى لە پرۆگرامى (کوردستار)ـى کەناڵى کوردسات کرد، کە پرۆگرامێکى بێشبڕکێى دەنگى بوو، توانى لەگەڵ دوانزە بەهرەمەند تاقۆناخى کۆتایى پرۆگرامەکە سەربکەوێت، ژاکان بە(سڤیل)ـى راگەیاند، “ئەوکات کە بەشداریم لە پرۆگرامى (کوردستار) کرد، لەدەنگى خۆم ڕازى نەبووم، کە لە دواى بەرنامەکەش هیچ گۆرانییەکى تایبەت بەخۆم تۆمار نەکردووە، هۆکەى ئەوەیە، کە پێم وایە هێشتا زۆرم ماوە گۆرانى تایبەت بەخۆمم هەبێ، رووم لە پەیمانگاى هونەرە جوانەکان کردووە، بۆئەوەى راهێنانى دەنگ بکەم و ببم بەکەسێکى مۆسیقى، ئینجا گۆرانى تایبەت بەخۆمم هەبێ”. ژاکان خان، ئەندامى گروپى کۆرالى کچانى سلێمانییە، ئەگەرچى دایک و باوک و خوشکەکەى شانۆیان هەڵبژاردووە، بەڵام ژاکان دەڵێ مەرج نییە لە خێزانێکەماندا هەموومان ببن بە ئەکتەر، “حەزمکرد مۆسیقا و گۆرانى هەڵبژارم، باوکم پێیگوتم: تۆ دەنگت خۆشە، باکەسێک لە ئێمە مۆسیقا و گۆرانى هەڵبژێرێ”. ژاکان بڕیاریداوە، دواى دەرچونى لە پەیمانگا هونەرە جوانەکان، ببێتە گۆرانیبێژ، دەڵێت “حەزدەکەم لە داهاتوودا ببم بە کچە گۆرانیبێژێکى سەرکەوتوو و هیوادارم بتوانم هەموو ساڵێک ئەلبوومى تایبەت بەخۆم بڵاوبکەمەوە، کە ئەوە ئاواتى هەموو گۆرانیبێژێکە”.