سەدیق سەعید ڕواندزی
پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی لە نێوان زمان و کۆمەڵگەدا ھەیە و زمان ڕەنگدانەوەی ئەو ھەڵومەرجە سیاسی و ژیاریی و کۆمەڵایەتیەیە، کە کۆمەڵگە تیایدا دەژیت. زمان، بە پێی گۆڕانکارییەکانی سەردەم، پێش دەکەوێت و زمانی ئێستا وەک زمانی دوێنێ نییە و لەگەڵ ھەر دەرکەوتەیەکی ژیاریی و مرۆیی نوێدا، زمانیش گۆڕانکاریی بە سەردادێت. ئیدی ئەو گۆڕانکارییانە، کاریگەریەتییان لە سەر زمان و فەرھەنگی زمان دەبێت و لەو ڕوانگەیەشەوە ھەر سەردەم و قۆناغێک، زمانێکی تایبەت بە خۆی ھەیە، کە پەیوەستە بەو ئاگاییە ھزریی و فەرھەنگییەی لە کۆمەڵگەدا بوونی ھەیە. گەلێک جار ئەو گۆڕانکاریانە، چەمک و زاراوەی نوێ لەگەڵ خۆیان دەھێنن کە پێشتر بوونییان نەبووە. بۆ نموونە: تاکو کۆرۆنا وەک نەخۆشییەکی ڤایرۆسی دەرنەکەوت، وشەیەک بەو ناوە لە زمان و فەرھەنگی کوردی نەبوو، بەڵام ئێستا کۆرۆنا بۆتە بەشێک لە پێکھاتەی زمانەوانی فەرھەنگی ئێمە و بگرە نەتەوەکانی دیکەش. بە ھەمان شێوە سی ساڵ لەمەوبەر، لە کۆمەڵگەی کوردیدا، وشەیەک نەبوو بە ناوی ( ڕام ، گیگابایت، برۆسیسەر، ھارد) و گەلێک وشەی دیکەش، تەنانەت ئایتی و فەیسبووکیش، بەڵام لە ئێستادا، ئەمانە بە شێکن لە زمانی دەربڕین و ئاخاوتن و نووسین، ئەگەرچی وشەکان کوردیش نین. بێگومان ئەمە بۆ ڕابردووش ھەمان شتە، چونکە بە دەیان وشەی کۆن، کە ھێماو ئاماژە بوون بۆ سەردەمێک و ئامرازێک و کارێک، لە ئێستادا بوونییان نەماوە. کەوتا لە ھەموو بارێکدا، زمان ڕەنگدانەوەی سەرخانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەیە و کەس ناتوانێت لە دەرەوەی زمانی باوی سەردەم و لە دەرەوەی ئەو سەرخانە کۆمەڵایەتییە، زمانێکی دیکەی نوێ، کە ھەڵگڕی دەستەواژە و دەربڕینی نوێ بێت، دروست بکات و بێنێتە ئاراوە. زمان پەیوەستبوونێکی گشتی ھەیە و ڕەنگدانەوەی لایەنە ژیاریی و فەرھەنگییەکەی کۆمەڵگەیە. لەھەر قۆناغێکی کۆمەڵگەشدا، جۆرە زمانێک لە ئاستی دەربڕین و نووسین، گوتن و گوزارشت بوونی ھەیە، کە گوزارشت لە پاشخانی ھزریی و ڕۆشنبیریی سەردەمەکە دەکات. بۆ نموونە: زمانی شیعری سەردەمی کلاسیک، وەک ھی سەردەمی گۆران نییە و زمانی سەرەتای بیستەکان، وەک کۆتایی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو نییە، بەڵکو گۆڕانکاریی گەورەی لە ڕووی بونیادی ڕێزمانی و واتایی بە سەر ھاتووە، تا دەگاتە ئەو زمانەی ئێستا لە نێو ئێمەدا بەرکارە. بۆیە زمانی ھەر سەردەمێک، گوزارشت لە سەردەمەکە دەکات و لەگەڕانەوەمان، بۆ ھەر ِرووداوێکی سیاسی و مێژوویی و باسکردن لە ڕووداوەکانی ئەو کات، دەبێ ئەم تایبتمەندییە لە بەرچاو بگیرێت. لێرەدا، گرنگە دووبار لە یەکتری جیا بکەینەوە، کاتێ ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمێکی ڕابردوو، ڕووداوێکی سیاسی و مێژوویی و دەگێڕینەوە، دەشێ زمانی پەیڕەوکراوی گێڕانەوەمان، جیا بێت لە زمانی ئەو کات و سەردەم، چونکە بگێڕەوە لێرەدا کەسێکی دیکەیە، کە بە تێڕوانین و زمانی خۆی ڕووداوەکانی ئەو کات دەگێڕێتەوە و لە ڕوانگەی خۆیەوە دەیانبینێت. بەڵام کاتێ بکەرێکی نێو سەردەم و قۆناغەکە دەدوێت، یان کارەکتەرێکی ئەو کات، ڕووداوێک پەیوەست بەو زەمەن و قۆناغە دەگێڕێتەوە، بێگومان دەبێ زمانی گوزارشت و گێڕانەوەی یەکانگیر بێت لەگەڵ سەردەمەکە، چونکە لێرەدا بگێڕەوە لە دەرەوەی زەمەنی گێڕانەوەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو لە نێو زەمەنی ڕووداوەکەدایە، دوا جار ئێمە لە بەر دەم دوو بگێڕەوەی جیاواز داین، کە ھەر یەکەیان لە کات و سەردەمێک ژیاون و ھەریەکەیان بە زمانێک ڕووداوەکەمان بۆ باس دەکەن. لە ڕۆمانی پاشای گەورەدا، ڕووداوەکانی زەمەنێک دەگێردرێنەوە، کە پەیوەستە بە سەردەمی میرنشینی سۆران و دووسەد ساڵ زیاتر بە سەر ئەو قۆناغەدا تێپەڕیوە. کەواتا ئێمە بە تەنھا ناگەڕێینەوە سەر زەمەنێک و ڕووداوەکانی میرنشینێک، بەڵکو دەگەڕێینەوە سەر قۆناغێکی فەرھەنگی و کولتوورری، کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی، کە جیاوازە لە سەردەمی ئێستا. ئەدگارە کۆمەڵایەتی و کولتوورریەکان، زمان و فەرھەنگ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ڕووداوە سیاسییەکان، جیاوزن لە سەردەمی ئێستا، بۆیە کە دەگەڕێینەوە نێو ئەو قۆناغە، دەبێ تێڕوانین و زمان و وێناکردنمان بۆ قۆناغەکە، ڕەنگدانەوەی واقیعی سیساسی و کۆمەڵایەتی و مرۆیی ئەو کات بێت، نەک بە ڕوانگەی ئێستا ڕووداوەکانی ئەو کات ببینین و گوزارشتیان لێ بکەین، بە تایبەتیش کاتێ یەکێ لە کارەکتەرەگانی ئەو سەردەم، خۆی دەبێتە بگێڕەوەی ڕووداوەکان و کەسێکە لە نێو جەرگەی ڕووداوەکانی ئەو کات ژیاوە. بە درێژایی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانی پاشای گەورە، کە باسی سەردەمێکی مێژوویی کە سەردەمی دەسەڵاتی (میر محەمەد)ە دەکات، درک بەوە دەکەین کە ئەوەی ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، دەنگی زاڵی ڕۆماننووسە نەک ھی سەردەمە مێژووییەکە. بێگومان ئەمەش لە ڕێگەی زمانی کارەکتەرەکان و قسە و دەربڕینەکانییان دەردەکەوێت. لە ڕۆمانەکەدا، دەیان کارەکتەری وەک: ( پاشای گەورە، سەرۆکی دیوان، سەیدا، مەلابرایم ، مەلا عەزیز، میر مستەفا، میر یەحیا، عەلیە کتک و نەسرینە دۆم) و چەندان کارەکتەری دیکەش ھەن، کە چی زمانی ھەموویان بە ئەندازەیەک ھاوشێوە و لەیەک چووە، کە ھیچ جۆرە جیاواز کەوتنەوەیەکی پیشەیی، کەسی و ھزری لە نێوانیان دانەبێت. زمانی پیاوی ئایینی میرنشینەکە، وەک زمانی سەردەستە و فەرماندارە سەربازیەکانە، ھیچ جیاوازیەکییان لە ئاست وێنا کردن و دەربڕین نییە. بۆ نموونە: موفتی، پێگەیەکی بەرزی ئایینی ھەیە، دەبێ شارازایەکی گەورەی لە ھەر دوانزە عیلەمەکەوە ھەبێت، کە گوزارشت لە شوناسی ئەو بکات، فەرماندە و سەردەستەکان، ھیچ ڕاوێژ و سەرنج و پلانێکی سەربازیان نییە، بەڵکو گوێڕایەڵی فەرمانەکانی میرن، لە کاتێکدا مەرج نییە ئەوەی سەڕۆکی وڵات بوو، ئیدی لە ھەموو بوارێکی سەربازی شارەزا بێت. میر بە جۆرێک دەدوێت، وەک ئەوەی میرنشینی سۆران، ئێستا ھەبێت نەک لە ڕابردوو، میریش لە سەردەمی عەولەمە بژیت، چونکە زمانەکەی بە ھیچ جۆرێک گوزارشت لە سەردەم و قۆناغە مێژووییەکە ناکات. دەکرێ لێرەدا، نموونەیەک لە قسەکانی میر مستەفای باوکی پاشای گەورە بێنینەوە، کاتێ لە ڕێوڕەسمی دانانی میری کوڕەکەی لە جێگەی خۆی پێشکەشی دەکات، میر مستەفا دەڵێت:_ (دوای پرس و ڕاوێژێکی زۆر، بە لە بەرچاوگرتنی داب و نەریتی میرایەتی، بۆ بەرژەوەندی گشتی وڵات و دوا ڕۆژێکی باشتر کەسێکم دەست نیشان کردووە، کە لە زیرەکی و لێھاتوویی ودڵسۆزی و تواناکانی دڵنیام. لا ٥٨) گەر سەرنج لەو زمانەی میر مستەفا بدەین، دەبینین زمانێکی پەیڕەوکراوی دوو سەد ساڵ لەمەو بەر نییە، بەڵکو بە ھەموو پێوەرێک، لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆکەوە، زمانی ئێستایە و زمانی ڕۆماننووسە، لە سەردەمی میر دەیڵێت، چونکە میرەکان ھیچ کاتێک ھێندە ھوشیار و زمانزان و زمان پاراو نەبوونە، بەو شێوەیە قسە بکەن. بە ھەمان شێوە، کە سەرنج لە زمانی شازەمانی ھاوسەری میر مستەفا و دایکی میر محەمەد دەدەین، ھەمان شێوە ئاخاوتنی سەردەمیانە نەک مێژوویانە دەبینین، شازەمان دوای وەرگرتنی ڕوخسەت لە میر مستەفا، لە کاتی دانانی کوڕەکەی بە میری نوێ، دەڵێـت:_( ھەر چەندە من ژنم، بەڵام ھەمووتان دەزانن، کە لە وڵاتی ئێمەدا، ئەگەر تاک تاکەش بێت، ژنانێک ھەبوون، کە بتوانن لە ناو پیاواندا قسەی خۆیان بکەن، من بەو پێیەی ھاوسەری میر مستەفا و دایکی میر محەمەدم، ماف بە خۆم دەدەم لە بەرامبەر ئەو پایەدارە بەڕێزانە قسەیەک بکەم . لا ٦١) گەر سەرنج بدەین، ئاستی گوزارشتکردنانەی زمان لە نێوان ھەردووکیاندا ھاوشێوەن، لە کاتێکدا بە ئێستاشەوە لە کۆمەلگەی کوردیدا، دەرفەتی قسەکردنی ئازادانە بۆ ڕەگەزی مێ نییە، ئیدی نازانم چۆن لە سەردەمێکی دواکەوتووی وەک دەسەڵاتی میرنشینی سۆراندا، ژنێک ھەبووە بەو شێوەیە قسە بکات؟ ئەمە وێرای ئەوەی دەکرێ بپرسین شازەمان خان، چۆن لە بری ھەمووان قسە دەکات و دەڵێت ھەمووتان دەزانن، ئایا مەرجە لە نێو دەیان سەردەستە و پیاو ماقووڵ و ڕیشسپی و دارو دەستەی میر، ھەمووان ھەموو شتێک بزانن؟ دیسانەوە، گەر سەرنج لە زمانی پاشای گەورەش بدەین، ھەمان سیمای فەرھەنگییانەی زمان لە ڕووی دەربڕینەوە دەبینین. بۆ نممونە: کاتێ پاشای گەورە، لەگەڵ میرزا نیگار دەدوێت، دەڵێت:_( میرزا نیگار، لە ئەمڕۆوە، دەفتەرێکی نوێ بە دەستەوە دەگریت و لاپەڕەیەکی نوێ ھەڵدەدەیتەوە، بە خامە نوک ڕەنگینەکەت و بیرە تیژەکەت، ئەو ڕووداوانە تۆمار دەکەی کە شایستەی تۆمارکردنن. لا ٦٩) ئەو زمان و شێوە ئاخاوتنانەی لە سەرەوە وەک نموونە ھێناومانەتەوە، بە ھیچ شێوەیەک زمانی ئەو کات و سەردەم نەبووە، ئەو زمانە ھونەری و پەخشان ئامێزە، کە ھەڵگڕی چەندین وشە و دەربڕینی ھونەری و ئستاتیکین، زمانی میرەکان نییە، بەڵکو زمانی نووسەری ڕۆمانەکەیە، بەمەش ڕۆماننووس درکی بەوە نەکردووە، کە ئەو گەڕاوەتەوە سەردەمێک کە دووسەد ساڵی بە سەردا تێپەڕیوە و، دەبێ زمانەکە گوزارشت لەو کات و سەردەم بکات. لە ڕۆمانەکەدا، بەر دەیان چەمک و دەستەواژە دەکەوین، کە نەک ھی ئەو کات نین، بەڵکو ھەندێک لەو وشانە، لە دوای ھەفتاکانەوە دێنە نێو فەرھەنگی کوردییەوە، وشەکانی ( خامە ، دەفتەر، تۆمارکردن، لە بەر گرتنەوە، ماف، پایەدار، بەو پێیەی، بەرژەوەندی گشتی، وڵات، ڕاوێژ، زیرک، لێھاتوو، چەند دانەیەک، پارەی کاش، دەستدرێژی سێکسی، ڕێسا، ھەڵو مەرج، بڕیارێکی چارەنووسساز، واڵا، شکۆ، خوێندکار، نێردە، کەمپ) ئەمانە و گەلێک چەمک و دەستەواژەی دیکەش، گوزارشت لە سەردەم و ڕووداوێکی مێژووی ناکەن. بە بڕوای من، ڕۆماننووس بۆ ئەوەی نەکەوتایە ئەو ھەڵانەوە، دەکرا سوود لە زمانی شیعری کلاسیکی کوردی وەرگرێت و تێکھەڵکێشیەک لە نێوان زمانی ئەو کات و ئێستا دروست بکات. ھەر یەک لە نالی و حاجی قادر، ھاوسەردەمی میرنشینەکە بوونە، کەچی زمانی شیعرە کانییان، تەژییە لە وشە و دەربڕینی عەرەبی و تورکی و فارسی، نەک زمانێکی کوردییانەی پەتی وەک ئەوەی لەو ڕۆمانەدا، لە سەر دەمی میر و دارودەستەکەی گوێبیستی دەبین. لەلایەکی دیکەوە، دەکرێ بپرسین، ئەگەر پاشای گەورە، ھێندە کوردییانە بیری کردۆتەوە و دیدگایەکی ھێندە نەتەوەیانەی ھەبووە، بۆچی بە زمانی عەرەبی لە سەر لوولەی تۆپەکانی نووسیوە؟ دەبێت ئەوە بزانین، ھەرگیز دەرفەتێک بۆ بیرکردنەوەی نەتەوەیانە، لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی ئایینی نییە، بە تایبەتیش ئەگەر ئەو دەسەڵاتە، کار بە بنەماکانی خەلافەتی ئیسلامی و سوڵتان و خەلیفەکانەوە بکات و فەتوای مەلایەکی ناپاک، بتوانێت سەرلە بەری دەسەڵات ھەڵبگێڕێتەوە. ئیدی ئەو پەسنە مێژوویی و کوردانەی زیاد لە پێویست، ڕۆماننووس داویەتییە پاڵ میرنشینی سۆران و پاشای گەورە، لە ڕاستیدا لە خەیاڵ دەچێت، نەک باسکردنی سەردەمی مێژوویی میرێک، کە کەسە ھەرە نزیکەکانی لە پێناو دەسەڵاتی تاکڕەویانەی خۆی کوشتوە. ھەڵبەتە زمان ڕەنگدانەوەی بونیادی کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگەیە، ئیدی زمان بە پێی گۆڕانکارییەکانی سەردەم پێشدەکەوێت و چەمک و دەستەواژەی کۆن نامێنن وھی نوێ دێنە نێو زمان. با لێرەدا، نموونەیەک باس بکەین، لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بە ئێستاشەوە، بە تایبەتی لە ناوچە خێڵەکی و عەشائیرییەکاندا، کاتێ کچێک پەردەی کچێنی لە دەست دەدات، ناگوترێت لە کچێنییان خست، بەڵکو دەگوترێت ( بێ بنیان کردبوو، یان ئاوسیان کردبوو)، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی زیاتری زمان و کراونەوەی کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگە، ئەو وشە زەقە و ناشیرینانە، چیتر لە نێو زمانی کوردیدا، وەک فەرھەنگ بەکار نایەن، بەڵکو دەگوترێت ( لە کچێنییان خست، یان دەستدرێژی کراوەتە سەر) ھەردوو دەربڕینەکە، کە بۆ یەک باری بایۆلۆژی کچ بە کاردێن، ئاماژەن لە ڕووی زمانەوە، بۆ دوو قۆناغی ژیاری و کۆمەڵایەتی جیاواز، کە چی لە ڕۆمانی پاشای گەورەدا، ڕۆماننووس درکی بەو جیاوازییە فەرھەنگییانەی زمان نەکردووە. کاتێ ئافرەتێک بە توورەبوونەوە دەچێتە بەردەم پاشا، پێی دەڵێت:_( جەنابی پاشا، وامان دەزانی ئەنگۆ ئێمە لە دەست تورکە ستەمکارەکان ڕزگار دەکەن ، بەڵام مخابن لەشکرەکەی جەنابت ، لەوان خراپتر دەجوولێنەوە و ھەر دووێنێ دوو جەنگاوەری تۆ، لە کچێنییان خستم. لا ١٣١) دیسانەوە، کاتێ عەلیە کتک، بە ھەڵە دەستدرێژی دەکاتە سەر نەسرینە دۆم و وا دەزانێ ژنەکەیەتی و لەگەڵی جووت دەبێت، لە گێڕانەوەی ئەو ڕووداوەشدا، ڕۆماننووس گەلێک ھەڵەی کردووە، کە لە ڕووی مێژوویی و کۆمەڵایەتییەوە، بە ھیچ شێوەیەک گوزارشت لەو سەردەم ناکەن. چونکە کاتێ چیڕۆکەکە بە پاشا دەگات، ئەو سووک و ئاسان بە نەسرینە دۆم دەڵێت:_(لە ژێر سایەی دەسەڵاتی مندا ئەوەی بە سەرت ھاتووە، قەرەبووت دەکەمەوە، بە پاسەوانەکانی خۆشم دەتنێرمەوە لای دایک و باوکت، نەسرین پێکەنی و عەلییە کتکیش لە خۆشیان شاگەشکە بوو، پاشا گوتی کچم نەسرین تۆ بڕۆ عەلی تۆش بمێنەرەوە ، ھێشتا نەسرین لە دەرگا ئاوا نابێ فرمێسکەکانی شادی پاشا، لە بەر پێکەنین جۆگەڵە دەبەستن. لا ١١٣) سەرەتا دەبێ ئەو پرسیارە بکەین، ئەگەر کچێک، پەردەی کچێنی لە دەست دا، سووک و ئاسان دەنێردرێتەوە لای دایک و باوکی و پێدەکەنی؟ مەگەر بە ئێستاشەوە، لە کۆمەڵگەی ئێمە، بەو ھەموو کرانەوە و پێشکەوتن و ھوشیارییەوە، کاتێ کچێک دەستدرێژی دەکرێت سەر، لە داڵدەدانی ژنانیش، ھەست بە ئارامی و دڵنیایی دەکات؟ ئیدی نازانم چۆن دووسەد ساڵ لەمەو بەر، پاشا قسەیەکی وەھا دەکات؟ ئەمە مانای وایە، پاشای گەورە، بچووکترین شارەزایی لە لایەنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی خۆی نەبووە. دواتر کاتێ کچێک ڕووبەڕووی حاڵەتێکی لەو شێوەیە دەبێتەوە پێدەکەنێت؟ یان شۆک دەبێت و دەتۆقێت؟ لەوە سەیرتریش، پاشا بەو ڕووداوە پێدەکەنێت، کە ئەمەش مانای وایە، ھیچ باکی بە ئەتککردن و بێ بەھاکردنی ژن لە ژێر سایەی دەسەڵاتەکەی نەبووە. ئەم جۆرە گێڕانەوەیە، وێناکردنی سەردەمێک و کارەکتەرەکان، لە ڕووی مێژوویی و ڕەھەندی مێژووییانەی زمانەوە، ھەڵەی گەورەی تێدایە، چونکە ھەر ڕووداوێک، ڕەنگدانەوەی باری سەردەمەکەیە و بە پێی کات و شوێن، ئاستی ھوشیاریی و ژیری کەسەکان، لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، ئەگەر پاساوی ڕۆماننووس ئەوە بێت کە نەسرین دۆم بووە و دۆمەکانیش بە چاوێکی نزم لە کۆمەڵگەدا سەیر دەکرێن، ئەوا تێگەیشتنێکی ھەڵەیە، چونکە دوا جار نەسرینیش ھەر مرۆڤە. بە ھەمان شێوە، لە بە سەرھاتی سیامەندی برایمە قوت وگوڵخاتردا، ڕۆماننووس گەرچی ڕووداوێکی کۆنی مێژوویی دەگێڕێتەوە، بەڵام بە زمانی دەربڕین ڕووداوەکە گوزارشت لە ئێستا دەکات، چونکە باس لە وە دەکات کە سیامەند پێشتر (نێردەیەکی _مەندوب) ناردۆتە لای حەسەن بەگی باوکی گوڵخاتر کە خۆشەویستی بووە، بە بڕوای من، دەبوو ڕۆماننووس لە بری نێردە ( قاسید) بنووسێت، چونکە نێردە، دەربڕینێکی زمانەوانی زۆر سەردەمیانەیە و بە ھیچ شێوەیەک گوزارشتێکی مێژوویی نییە، لە کاتێکدا ڕۆماننووس مێژووی دەسەڵاتێک دەگێڕێتەوە.دیسانەوە کاتێ پاشا پرسیار لە سەیدا دەکات کە بۆچی ھاوینان ھەر لە شەقڵاوە دەبێت و نایەتەوە خەتێ؟ سەیدا لە وەڵامدا دەڵێ (خوێندکارم زۆرن. لا ٢٠٧) دەبوو بڵێت فەقێم زۆرن، چونکە سەیدا مەلا بووە. ھەر لە میانەی خوێنەوەی ڕۆمانەکەدا، لە پەراوێزی گێڕانەوەی ڕوواوەکانەوە، نووسەری ڕۆمانەکە لەگەڵێک شوێن کەوتۆتە ھەڵەوە و ساتمەی مێژوویی بردووە، یاخود ھەڵەی گوزارشت و دەربڕینی کردووە، کە لێرەدا ئاماژە بە ھەندێکییان دەەین:_
* لە لاپەڕە ١٧ا ڕۆمانووسس نووسیویەتی:_( ڕێک پایزێکی درەنگی ساڵی ١٩٦١ بوو، شەوێکییان لەعلیخانی دایکی سمایل بەگ بە دوای باوکمی دانارد وو گوتی سمایل بەگ کەل و پەلی مێژوویی بە نرخی لە پاش بە جێماون، من ھەست دەکەم بە ھۆی شەڕێکی نوێوە بارودۆخی کورستان تێکدەچێتەوە) دیارە لێرەدا، مەبەست ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلولە، بەڵام ئەگەر بە پێی ئەو گێڕانەوەیە بێت، ھێشتا بارودۆخەکە تێکنەچووە، ئەمەش ھەڵەیە، چونکە بارودۆخی کوردستان، لە سەرەتای پایزێکی زوو تێکچوو، کە ئەویش سەرەتای مانگی ئەیلول بوو، نەک پایزێکی درەنگ وەک ئەوەی ڕۆماننووس دەیڵێت.
* لا ٢١ نووسیویەتی:_( تیشکی مانگە شەو لە سەر لوتکەی چیای ھەندرێن ھەڵدێ) بێگومان مانگەشە و، ڕووناکی ھەیە تیشکی نییە، چونکە مانگ ڕۆژ نییە تا تیشکی ھەبێت، بۆیە ڕووناکی یان شەوق جوانتر بوو.
* لا ٩١ نووسیویەتی:_(چەند دانەیەکم لەبەر گرتنەوە) بە بڕوای من، نووسینەوە جوانترە لە لەبەر گرتنەوە، چونکە ئەوکات ئامێری کۆپیکرنەوە نەبووە.
* لا ١٢٩ نووسیویەتی:_(پاشا بەرە بەیان، دکتۆر ڕۆسی بە گەرمییەوە بەرە و بەغدا بەڕێکردەوە) لێرەدا دکتۆر ڕۆس پاشای جێھێشووە، کەچی لە لاپەڕەی دواتر دەنووسێت:_(تا دەرەوەی ئۆردوگای لەشکر، پاشا لەگەل دکتۆر ڕۆس چوو) ئەمەش مانای وایە ھێشتا ڕۆس نەرۆیشتوە و بەڕێ نەکراوە.
* لا ١٥١ نووسیویەتی:_( بەندەش پاشای ئەو ویلایەتە بم) بەڵام ویلایەت، والی ھەیە نەک پاشا.
* لا ١٦٨ نووسیویەتی:_( کابرا لە ناخی خۆشیەوە حەزی دەکرد ئەو نھێنییەی ئەو دەیزانێ بە ھەموو خەڵکی ڕابگەیەنێ) لێرەدا مەبەست لە گفتوگۆی نێوان خۆشبەز و ڕێبوارەکەیە کە لە سپیلک دەگەنە یەکتری. کەچی لاپەڕەیەک دواتر دەنووسێت:_( لۆت دەگێڕمەوە، بەڵام بە خوای گەورە سوێندت دەدەم کە نابێ لای کەسی باس بکەی) بێگومان ئەمەش دوو گوزارشتکردنی پێچەوانەی یەکترین.
* لا ٢١٢ نووسیویەتی:_( لەو لاپەڕەیەدا، کاتێ عەلییە پووت، ئەنوەر بەگ دەکوژێت، کە پیاوێکی پیس و چەوسێنەرو خراپ بووە، دەڵێت خەنجەرێکم لە دەندەرانی سینگی داو تەمەنی درێژی بۆ ئێوە بە جێھێشت) ئایا کاتێ مرۆڤێکی خراپ دەمرێت، کەس دەڵێت با تەمەنی درێژی بۆ ئەوانیتر بێت؟
* لا ٢٢٣ نووسیویەتی:_( لەگەڵ لەشکری جەنابتان چووە بۆ ئامێدی) بەڵام لە ڕۆمانەکەدا، پاشا چووە بۆ ئاکرێ نەک ئامێدی!
* لا ٢٥٥ نووسیویەتی:_( لە نزیکترین گەڕەکەکانی وەرتێ و نزیکترین گوندەکانی شاورێ) نووسەری ڕۆمانەکە، جیاوازی لە نێوان وەرتێ کۆن و نوێ نەکردووە، چونکە کێ دەڵێت وەرتێی کۆنی سەردەمی میرنشینی سۆران، گەڕەکی ھەبووە؟ مەبەست لە گەڕەکە، بە مانا مۆدێرنەکەی نەک ھەڵدانی ناوی شوێنەکان بە ناوە جوگرافیەکەیان.
ھەڵبەتە، ھێشتا زۆر سەرنجم ماون لە بارەی ڕۆمانەکە، وەک ئەوەی ڕۆماننووس زۆر پەسنی ئایینی ئیسلام و سەیداو سەلاحەدینی ئەیوبی دەدات، لە کاتێکدا ھەموومان دەزانین کورد بە زەبری شمشێر بووە بە ئیسلام و ھاوکات سەلاحەدینی ئەیوبیش، خزمەتی عەرەبەکانی کردووە نەک کورد. ھاوکات وێنەیەکی زۆر کۆمێدی و ھەمەجیانەی داوەتە پاشا، لە قسەی میللی و خێڵەکی، کەچی بە درێژایی ڕۆمانەکە باس باسی پاشایە. دواجار دەڵێم، میرنشینی سۆران، تەنھا ئەو ڕووە جوانەی نییە، کە ڕۆماننووس بە ئارەزووی خۆی دەیەوێت پیشانی بدات، چونکە لە سەردەمی ئەو میرەی کە ئەو زۆر پەسنی داوە، جینۆسایدی ئێزیدیەکان کراوە، کریستانییەکان چەوسێنراونەتەوە، پاشا کەسە ھەرە نزیکەکانی خۆی لە پێناو دەسەڵاتی تاکڕەویانە و ویستی شەڕانگێزیانەی خۆی کوشتوون، ئەمە مێژووە نابێ خۆمانی لێ ببوێرین، چونکە مێژوو ئەوەیە کە ڕوویداوە، نەک ئەوەی ئێمە بە ویست و ئارەزووی خۆمان پیشانی دەدەین!
پەراوێز: ڕۆمانی پاشای گەورە، نووسینی : ئارێز عەبدوڵا، ساڵی چاپ ٢٠٢٢.
*ئەم بابەتە لە دوایین ژمارەی گۆڤاری دیوان، ژمارە بیست شوباتی ٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post