ئەحمەد سەنگاوی: چەندین شێوازی جوداجودا وجۆراوجۆر ھەیە لەپلانی ھێرش بردندا، تیپ ھەیە پشت بەپلانی ھێرشبردن دەبەستێت, ھەروەھا تیپیش ھەیە پشت ئەستوورە بە شێوازی بەرگریکردن.
ئێمە لێرەدا ھەوڵێکی متەوازیعانە دەدەین بۆخستنەڕووی ڕێگەچارەکانی دیکەی, پلانی ھێرشبردن وشیکردنەوەی بەشێوەیەکی ھونەری و خستەڕووی شێوە جیاواز جیاوازەکانی. شێواز ی ھێرشبردن چەندین ڕەھەندی ھەیە, بۆنموونە یەکێک لەم ناوانە ھێرشبردنی پێچەوانەیە ( دژەھێرش، ھێرشی پێچەوانە، ھێرشی ھەڵگەڕاوە، ھێرشی لەناکاو) ڕەنگە تائەندازەیەکی زۆر بەم پلانە ھێرشکاریە ئاشنابن، بۆنموونە چوار ھێرشبەر ڕووبەڕووی سێ بەرگریکار دەبنەوە, بەمە دەگوترێت(دژەھێرش),ئەم شێوەیە لەھەندێک باردا نووشوست دەھێنێت و لەھەندێک دۆخدا بەسەرکەوتووی ئەنجام دەدرێت, ھەمیشە ئەو تیپانە بایەخ بەم شێوەیە دەدەن جۆرەتیپێکە یان لەیارییەکەدا لەپێشەوەیە، یانیش تیپێکی لاوازە, بەردەوام ئەم جۆرە تیپانە پشت بەم ڕێگەچارەیە دەبەستن. لەھەندێک حاڵەتدا پشت ئەستوور بەم شێوەیەو گرنگی بەو تۆپە وەستاو و جێگیرانە دەدەن لەکاتی لێدانی گۆشە و لێدانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆدا. بەردەوام ئەم شێوە ھێرشبردنە گۆڵسازی سەرەکی بەشێوەیەک لە شێوەکان لەلاتەنیشتەکانەوە یاری دەکات و لەقوڵاییدا ڕاناوەستێت, ئەم شێوە ھێرشبردنەی خستمانە ڕوو پێی دەگوترێت (دژەھێرش بردن).لایەنێکی دیکەی ھێرشی پێچەوانە زۆرجار بە دوو یاریزان ئەنجام دەدرێت, وھەندیک بار بەیەک یاریزان دەسازێنرێت, کەئەمەی دواییان سەخت ترینیانە واتا دژوارترینی بەیەک یاریزان ڕێک دەخرێت.
شێوەیەکی دیکەی ھێرش بردن بریتییە لە ھێرشبردن لەلاتەنیشتەکانەوە، لەم پلانەدا پێویستیەکی ھەمیشەییە کە یاریزانی لاتەنیشتەکان دەبێت لەباشترین یاریزانانی تیپەکە بن و ئازاو دلێر و بوێربن و جۆرێک لە جەربەزەیی و بەھەڵمەتیان تێدا بەدی بکرێت، تاوەکوو ببنە بڕبڕەی پشتی تیپەکەیان, چوون ڕاھێنەری تیپەکە بەڕادەیەکی زۆر ئومێدی پێیانە. (ھێرشکاری لاتەنیشتەکان) دەبێت خاوەن خێراییەکی تەواو بن و ئاستی ھونەرییان زۆر بەرز بێت ، بەچەشنێک بتوانن یاریزانانی دژبەرەکەیان زۆر لێزانانەو کارامەیانە تێبپەڕێنن، ھەتا بتوانن ببن بەسەرچاوەی ھەراسانکاری بۆتیپی بەرابەر، بەئەندازەیەک سەرئێشەیەکی گەورە بۆ ڕاھێنەری بەرابەرەکەی دروستبکەن، چونکە ھەنووکە ئەم دوو لاتەنیشتە بایەخێکی زۆری پێدەدرێت لەلایەن بەڕێوەبەری ھونەری تیپەکانەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە یاریکردن لەلاتەنیشتەوە ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێرێت لەجۆشدانی تیپەکەی و دەبێتە مایەی وەڕسکردنی تیپی بەرانبەر.
ڕێگایەکی دیکە ھەیە بۆ ھێرشبردن، ئەویش خۆی لە بوونی بەرگریکاری ھێرشبەردا دەبینێتەوە، لەئێستادا بەرگریکارگەلێکی زۆر ھەیە کە ئەم ئەرکەیان پێدەسپێردرێت, چونکە ڕێگایەکی گەلێک گرنگەو بەبایەخەوە لێی دەڕوانرێت, ئەم دیاردەیە بەزۆری لەیانەکاندا زۆر تۆغ دەکرێتەوە، چونکە وەک دوو چەکی زۆر بەھێز وەکار دەھێنرێت واتا دەتوانن ھەم بەرگریکاربن و ھەم دەورێکی باڵا بگێڕن لەبیناکردنی ھێرشەکان و یارمەتیدانی یاریزانانی لاتەنیشت و، درووستکردنی ژمارەزۆری لەنیوەیاریگای تیپی بەرانبەرداو،دەتوانن ڕووبەری یاریگاکە لەدژبەرەکەیان بەجۆرێک بەرتەسک بکەنەوە و ھەموو دەروازەکانیان بەڕوودا دابخەن ، پاشان دەبنەمایەی بەرزکردنەوەی لایەنی دەروونی (مەعنەوی) یاریزانانی ناوەند و ھێڵی پێشەوەی تیپەکەیان و،دەتوانن وەک ڕێگەچارەیەکی کاریگەر لەتەنیشتەکانەوە بەسوود بن لەکۆمەکییەکانیان و ئەرکی ھێرشبەرەکانیان تائەندازەیەک سوک وئاسان دەکەن. لەشێوەی ئەم یاریزانانەی لەبارەیەوە دواین نموونەی وەک (دانیال ئالڤێس, ئەشلی کۆڵ,پاتریک ئیڤرا,خوسێ ئانریکی,…ھتد.)
جۆرێکی دیکەی ھێرشبردن خۆی لە تەنیشەکانەوە بەیاندەکات، ئەم فۆڕمەیان زیاتر پشت ئەستوورە بەپاسادی کورت وخێرا یان لەدروستکردنی (سێکوچکە و یەکو دوو) بناغەدانەری ئەم لایەنەی دی ھێرشبردنە، پاشان لە پاسادی ڕانەوەستاو ودانەکوتوودا بەرجەستەدەبێت, بۆ بەگەرخستنی ئەم چەکە گرنگە، تیپەکان پێویستیان بەجۆرە یاریزانێکی دلێرو وریا و زرنگ دەبێت، کە بەوردی ئاگاداری جووڵە و گۆڕانکارییەکان بن لەنێویاریگادا. لەئێستادا زۆربەی یانەکان لەزۆربەی یارییەکاندا پشت بەم یاریزانانە دەبەستن,دەبێت ئەم جۆرە یاریزانانە تونایان ھەبێت تۆپ لەلای خۆی گلبدەنەوە بۆماوەیەکی درێژ و زۆرلێزانانە خۆیان بگەیەننە قوڵایی (ھەژدە یارەدە)ی تیپی بەرانبەر ،ھەتا بتوانێت ترسێکی سامناک لەنێودڵی ڕکابەرەکەیدا دروستبکات ، پاشان دەبێت زۆربەی جار یاریزانێکی ناجێگیربێت، ناجێگیر بەومانایەی پەیوەست نەبێت بەھێڵی ھەڵدانی لا(out) بەواتایەک لەواتاکان پێویستەلەسەر ئەم یاریزانەی لاتەنیشت زۆر ژیرانەمامەڵەبکات لەگەڵ ڕووبەری بەتاڵدا و بزانێت چۆنھایی سوودبەخش دەبێت لەبۆشبوونەوەی ڕووبەر لەلایەن تیپی بەرانبەرەوە.
لایەنێکی دیکەی ھێرشبردن بریتییە لە دروستکردنی فاوڵ، یان سەرپێی، پاشان لێدانی گۆشە(corner) بەم دوو چەکە تیپی لێزان و بەئەزموون دەتوانێت گرنگترین کاری پێ ئەنجام بدات و تۆوی ترس لەنێو ڕۆحی تیپی بەرابەردا بچێنێت, ئەم شێوەیە گرنگییەکی لەڕادەبەدەری ھەیە بۆ ئەو تیپانەی گرنگی بەتۆپە جێگیرەکان دەدەن، ھەتا بتوانن لەم ڕێگەیەوە ئەنجامی یارییەکە بگۆڕن و ھەمیشە ببنەمایەی مەترسی وسەرئێشە بۆدەروازەوان (گۆڵپارێز)ی تیپی بەرابەردا، وەلێ چەندین شێوە و فورمی دیکەی ھێرشبردن ھەیە، کە دێڕێکیان لەسەر نەنووسراوە و نەگوتراوە، ئەوەشی نوسراوە و گوتراوە چێو لەتاریکی وەشاندن بووە، ئێمە ھەوڵدەدەین گۆشەتاریک و ناڕوونەکانی ئەم جێگا ھەستیارەی نیو گۆڕەپانی تۆپی پێ ڕووناک بکەینەوە بەئامانجی خزمەتکردنی بوارەکە بەپێی توانای کەمی خۆمان.