شنه پێنجوێنی _ هۆڵه‌ندا : دراما”δρᾶμα” وشه‌یه‌کی گریکیی کۆنه، به‌مانای کارێک یان روداوێک دێ. چیرۆکی درامی زیاتر به تێكهه‌ڵچوونه مرۆییه‌کانه‌وه به‌نده و به هاوڕێیه‌تیی موزیک و گۆرانی ده‌چێته چوارچێوه‌ی هونه‌ری ئۆپێراوه، به تێگه‌یشتنی گریکییه کۆنه‌کان، دراما کارێکی گێڕانه‌وه‌یه به سێ جۆر: کۆمیدی، تراژیدی و تراژیکۆمیدی .
درامای کۆمیدی، له‌رێی کۆمیدیا واته (پێکه‌نین)ه‌وه، په‌یامه هونه‌ریه‌که بگه‌یه‌نرێت.
تراژیدیا مه‌به‌ست لێی له رێی جوڵاندنی هه‌ست و سۆزه‌وه ناوه‌ڕۆكی درامه‌که بگه‌یه‌نرێت.
شێوه‌ی سێهه‌مینی تراژیکۆمیدیایه، ئه‌مه تێکه‌ڵه‌یه‌که له کۆمیدی وتراژیدی تێکه‌ڵاو ده‌بێت و وه‌ك دووهێڵی ئاسۆیی ، ده‌روونی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ،فه‌لسه‌فی بنه‌مای نواندنه‌که پێک ده‌هێنێت، که هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات پاڵه‌وانه‌کان ، جۆرێک له کاردانه‌وه‌ی جیاوازیان هه‌بێت که له هه‌ندێ ساتدا به‌ختیاره ویان له هه‌ندێ ساتی تردا مه‌ترسی داره .
له رۆمای کۆندا دراما وه‌ک ئه‌ده‌بێکی گه‌وره ده‌خوێندرا، به‌ڵام له‌سه‌ر شانۆ به‌شێوه‌یه‌کی خۆرسکی دیالۆگه‌کان ده‌وترا به بێ پابه‌ند بوون به نوسراوه‌یه‌ك یان سیناریۆیه‌ك.
جۆره‌کانی دراما، میلۆ دراما و مۆنۆدرامایه؛
میلۆ دراما جۆرێکه له گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته ناخۆشه‌کان که ده کرێ کۆتاییه‌کی ناخۆشی هه‌بێت وه‌ک چیرۆکی رۆمانسی، پۆلیسی، یان کارتێکه‌ره‌کان.
مۆنۆدراما، یه‌ک کاره‌کته‌ر هه‌ڵده‌ستێت به‌گێرانه‌وه‌ی هه‌موو به‌سه‌رهاته‌کان و نواندنی جیاواز بۆ رۆڵی کاره‌کته‌ره‌کان، وه‌ک فیلمی (پیری ده‌ریا).
گه‌ر شیکردنه‌وه‌یه‌کی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی بۆ مانای دراما بکه‌ین، ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه جۆرێکه له ده‌ربڕین و هه‌ڵقوڵاوی بیرێکه له‌سه‌ر دروست بوونی مرۆڤ و په‌یوه‌ندیه‌کان و هه‌موو کێشه‌کانی ژیان.
دراما، به پاک بوونه‌وه ناو ده‌برێ، پاکبوونه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی بینه‌رانه بۆ ئه‌و به‌سه‌رهاته و له دوای ئه‌و هه‌موو تێکهه‌ڵچوون و یاری کردنه به هه‌ست و سۆزه‌کانی و کارکردن له‌سه‌ر ده‌روونیان، گه‌ڕانه‌وه‌یانه به‌شێوه‌یه‌کی هێمنانه بۆ بارێکی سروشتی و هزرئامێز، گوزه‌ر کردنی مرۆڤه‌کانه به کات و زه‌مه‌نێکی دیاری کراو،.
ده‌کرێ دراما له خووڕه‌وشتی بینه‌ر یان بیرکردنه‌وه‌ی بگۆڕێت و کاردانه‌وه‌ی باشی هه‌بێت له په‌یوه‌ندیه ئاساییه‌کانی رۆژانه‌یدا. واته گۆڕانێک یان ئه‌زموونێک بخوڵقێنی، ئه‌مه نامه‌ی هونه‌ر و ئه‌ده‌به به‌شێوه‌یه‌کی گشتی و دراما به‌تایبه‌تی. پێچه‌وانه‌که‌شی ده‌رئه‌نجامێکی نێگه‌تیف و ناته‌ندروستی له په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا لێ ده‌که‌وێته‌وه.
هه‌ر له‌میانه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه دێینه سه‌ر ناوه‌ڕۆکی باسه‌که‌مان و تێروانینی خۆمان سه‌باره‌ت به‌درامای ڕێحانه ده‌خه‌ینه‌ڕوو، که زنجیره درامایه‌كی نوێی كۆمپانیای هونه‌ری (گاف)ه، له نوسین و ده‌رهێنانی به‌رێز (لوقمان غه‌ریب) ه له که‌ناڵی کوردستان تیڤی په‌خش ده‌کرێ، باس له‌ساڵانی 1950 تا ئێسته ده‌کات.
گه‌ر ڕاشکاوانه و ڕاستگۆ بم، ده‌بێ دان به‌وه‌دا بنێم، که هێزی دراماکه بۆ خۆی راینهکێشام که بابه‌تێكی ره‌خنه‌یی له‌سه‌ر بنووسم، له‌به‌رهه‌موو ئه‌و بێ سه‌روبه‌رییه‌ی له‌م درامایه‌دا هه‌ستی پێ ده‌کرێ، هه‌ر له‌نه‌بوونی روانگه و بابه‌ت و ته‌کنیک و به‌شێکی زۆریش له نواندن، رێحانه تا ئاستێكی زۆر خاڵی بوو له‌هه‌موو ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌کیانه‌ی که پێویسته بۆ به‌رهه‌مهێنانی درامه‌یه‌کی سه‌رده‌م هه‌ر له چنین و ڕستنی گرێیه‌ك، تا بتوانێ ده‌رهێنه‌ر یان نووسه‌ر , بینه‌ر بۆ لای خۆی به‌ند بکات و خولیای به‌رده‌وامی لا دروست بکات.
•به‌مانای ووشه درامای ڕێحانه سه‌رکه‌توو نه‌بوو، تا وای له بینه‌ر ده‌کرد تووشی تێڕامان ببێت و هاوار بکات و بڵێ ئیتر به‌سه پڕبووین له بێزاری، ده‌روونتان شێواندین، بیرتان پیس کردین، با ئیتر به‌س بێ ئه‌م کاره ناهونهریانه، ئه‌م جۆره درامایانه گاڵته به بیر و بۆچوونی میلله‌تێک ده‌کات و ڕێز له بینه‌ران ناگرێ، گوایه ئه‌م درامایه باس له‌ساڵه‌کانی 1950 ده‌کات. من پێم وایه نه‌ک نه‌یتوانی باسی بکات بگره به‌شێكی مێژوو و ئێستاشمانی شێواند.
ئه‌م درامایه کاری ته‌واوه‌تی کرد بۆ تۆراندنی بینه‌ری کورد و جارێکی تر بۆی دووپات کردینه‌وه که ئێمه میلله‌تێکی زۆر دواکه‌وتوو و بێ ئه‌زموونین، یان متمانه‌ی تاک و هه‌ست به (بوونی خۆی) لێ وون کردین، گه‌ر ئێمه ئه‌وه مێژوومان بێت و ئه‌وه‌ش ئاستی روانین وته‌کنیک و کاری هونه‌ریی 2011 مان بێت، ئه‌وا مه‌رگی ناوه‌خته‌ی پێ راگه‌یاندین.
پێم وایه کاتێک ده‌رهێنه‌رێک ده‌گه‌ڕێ به‌شوێن ده‌قێکدا یان نوسینێکدا، ده‌بێت پلانێکی داڕێژراوی بۆ سه‌رله‌به‌ری نووسینه‌که هه‌بێت، ڕاونین و (روئیا) ی خۆی که به چ شێوه‌یه‌ک واته ستایلی خۆی دیاری بکات. هه‌ر له‌ده‌ستپێکی دراماکه‌وه تا کۆتایی .
هه‌موو ئه‌م کارانه له ڕێگه‌ی کاری نواندنه‌وه له لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه ده‌گه‌یه‌نرێته بینه‌ر و نواندنیش کۆڵه‌که‌یه‌کی سه‌ره‌کی سه‌رکه‌وتنی دراماکه له خۆ ده‌گرێت. کاری ته‌کنیکی کامێرا، هه‌ر له جووڵه و هه‌لبژاردنی جۆری گرته‌کان و هه‌موو ئه‌و یه‌که سه‌ره‌کیانه‌ی که درامایه‌کی پێ ئه‌نجام ده‌درێ، له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ره‌وه ره‌چاو بکرێ و بیر و بۆچوونی تازه و ئه‌زموون بهێنرێته ئاراوه.
راسته هیچ کارێک له‌سه‌رو ره‌خنه‌وه نیه، ره‌خنه‌ش بۆ به‌ره‌و پێش چوونی هه‌ر کارێکه و ئامانجی پۆزه‌تیف له خۆ ده‌گرێ. ئه‌وه‌ی پاڵی به‌منه‌وه نا بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته، ئه‌وه‌یه که به‌ڕێز لوقمان غه‌ریب هه‌روه‌ک چۆن له داراماکهدا نه‌یتوانیوه به‌رجه‌سته‌ی فه‌زا یان پانتایی یا رووبه‌ر بکات، به‌هه‌مان شێوه فه‌زانی بۆ بینه‌ریش نه‌هێشتۆته‌وه تا بتوانێ دیدی خۆی له‌مه‌ڕ درامه‌که له پاش په‌خش کردنی ده‌رببڕێ.
به‌ڵکو پێش وه‌خت له چه‌ندین سایت و ڕۆژنامه کوردیه‌کاندا چاوپێکه‌وتنی کردوه و بەپێی لێدوانەكانی به‌شێوه‌یه‌کی زۆر سه‌رنج ڕاکێش و به‌تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ڕه‌هاوه باس له‌م درامایه ده‌کات و ده‌ڵێ، درامای “ڕێحانە” كارێكی تازەیە لەنێو مێژووی درامای كوردیدا، بە تایبەتی لە ڕووی ناوەرۆك و سیناریۆ و كاری دەرهێنانەوە، به‌گه‌وره‌ترین دراماى کوردى داده‌نرێت له دواى دراماى (مهمى ئالان) که زۆرترین ئه‌کته‌ره ناوداره‌کانى کورد به‌شدارییان تێدا کردووه.
سەبارەت بە شێواز و ستایل و جۆری دراماكە لە ڕووی سیناریۆ و كاری دەرهێنانەوە، (لوقمان غەریب) ئاشكرای كرد: “هەڵبژاردنی ستایلێكی ئاوا لە دراما جورئەتێكی گەورەیە و هونەریش پێویستی بە جورئەت و داهێنانە.
ده‌رهێنه‌ری درامای ڕێحانه ده‌ڵێ “درامای ڕێحانه قۆناغێكی تازه‌یه له‌مێژووی درامای كوردیدا، له‌ماوه‌ی 10 مانگدا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ئه‌كادیمیانه كارمان بۆكردووه، ته‌نانه‌ت له‌ڕووی گۆرانی و موزیكه‌وه كارێكی زۆر گه‌وره‌ی بۆ كراوه، نزیكه‌ی 100 ئه‌كته‌ر به‌شداری تێدا كردووه”. سه‌رچاوه: ڕووداو نێت.
ئه‌وه‌نده‌ی کاری پروپاگه‌نده و ڕیکلام کردنێکی زۆر و دووباره و به‌رده‌وام له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فیزێۆن کراوه و هه‌روه‌ها ئه‌و بانگه‌شه پێش وه‌ختانه‌ی ده‌رهێنه‌ر خۆی له‌سه‌ر درامای ڕێحانه داویه‌تی، هێنده‌ی تر ڕووناکی خسته سه‌ر کاره‌که تا به‌ته‌واوه‌تی به‌دوادا چوونی بۆ بکرێ که ئایا ئه‌م په‌یڤانه‌ی به‌ڕێزی له ئاستی دراماکهدایه؟
گه‌ر نیو ئه‌وه‌نده کاری پوختی بۆ ناوه‌ڕۆکی دراماکه بکردایه و به هه‌ره‌وه‌زی و هاوکاریی چه‌ند نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌رێکی تر کاره‌که‌یان ئه‌نجام بدایه، ئه‌وسا ئه‌م هه‌موو قورساییه نه‌ده‌چووه سه‌ر شانی، که ئه‌وه‌ش بۆ خۆی فه‌زای بیر تهسکیمان بۆ ده‌گه‌یه‌نێت. له خۆبایی بوون و نه‌دانی فه‌زای هاریکاری وای له به‌ڕێزی کردوه بکه‌وێته ئه‌و هه‌ڵه گه‌وره‌یه‌وه.
به‌شداری کردنی زۆرترین که‌ڵه هونه‌رمه‌ندانی میلله‌ته‌که‌مان پێوه‌ر نیه بۆ ،
سه‌رکه وتنی هه‌ر به‌رهه‌مێک، به‌ڵکو پلان و سه‌لیقه و کاری هونه‌ری و بابه‌ت و ته‌کنیک پێوه‌ره.
نووسه‌ر یان ده‌رهێنه‌ر (ریژیسۆر) ده‌بوو له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێکی جیاواز، ریالیزم، سیمبوڵ ، هه‌ست و بیری تێکه‌ڵ بکردایه ڕووداوه‌کانی له ڕابردووه‌وه بۆ ئێستا‌و له ئێستاوه بۆ ڕابردوو ئاوێته بکردایه، به‌چه‌ند ئاڕاسته‌یه‌کی زه‌مه‌نی چڕ‌و جیاواز هێڵه‌کانی دراماکه‌ی بکێشایه.
ده‌بوو بگه‌ڕایه به‌شوێن باشترین شێوازه‌كاندا و هه‌موو تواناکانی خۆی ده‌ربخستایه کاری تازه‌ی پشانی ئێمه‌ی بینه‌ران بدایه، ئه‌فراندن بۆ خۆی که‌شێکی تازه‌گه‌ریه، نه‌ک کاری گه‌رم کردنه‌وه‌ی تێکست بێ و فرۆشتنه‌وه‌ی کۆن به نوێ بێت.
•لوقمان غه‌ریب به‌درامای ڕێحانه مه‌رگی درامای کوردی پێ راگه‌یاندین هه‌ر بۆیه پێویسته جارێکی تر زۆر ڕاشکاوانه پرسی دراما بخه‌ینه ژێر باس و لێکۆڵینه‌وه و خه‌مخۆرانی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب به‌ده‌نگ ئه‌م قه‌یرانه‌وه بێن و هه‌ڵوێسته‌یه‌كی خێرا و به‌په‌له‌ی بۆ بکه‌ن، به‌ڵکه بتوانرێ رۆحێک یان هێزێک بۆ دراما و کاری هونه‌ری بگه‌ڕێته‌وه. زۆربه‌ی جار به بینینی هه‌ندێ له دراما کوردیه‌کان و به‌تایبه‌تی ئه‌م درامایه پرسیارێك خه‌ێاڵ وهزرمان داگیر ده‌کات ، که ئایا ئێـمه بۆ ساڵ به‌دوای ساڵ ده‌چینه دواوه له به‌رهه‌م هێنانی دراما دا، گه‌ر به‌خێرایی ئاوڕێك به مێژووی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا بده‌ینه‌وه ، ئه‌وا ئاستی دراما له‌ساڵه‌کانی 80 کاندا وه‌کو (ژاڵه، به‌هاری لێدزراو، خوله چه‌خماخه، لانه‌وازان و بووکه‌خان…….هتد ) کاری نواندن وهه‌ڵبژاردنی بابه‌ته درامیه‌کان له ئاستێكی زۆر به‌رزتردا بوون به به‌راورد به تێپه‌ڕبوونی 30 ساڵ که ده‌بوو داهێنانمان له‌سه‌ر هه‌موو ئاستهکانتدا به‌رجه‌سته بکردایه . ئه‌م تێڕامان وڕوانینه بۆ دراما پرسیارگه‌لێکی تریش ده‌وروژێنێت که؛
- بۆ ناتوانرێ به‌گه‌مه‌یه‌کی هونه‌ری، رابردوو بۆ ئێمه بکرێته واقعێکی بینراو؟
- ئایا دراما ده‌بێت فۆرمێکی ئه‌زموونگه‌ری له خۆ بگرێت و به‌هاو گرنگیه‌کی تایبه‌تی له بزووتنه‌وه‌ی مێژوودا هه‌بێت؟
- کاتی ئه‌وه نه‌هاتووه هه‌ڵوێسته و تێروانینمان هه‌بێت له بزووتنه‌وه‌ی مێژووی درامادا؟
- راسته هه‌موو که‌سێک به‌شێوازی خۆی ژیان ده‌بینێ وبه‌شێوازی خۆی کێشه و سه‌رکه‌وتنه‌کانی تاقی ده‌کاته‌وه به‌ڵام ئایا رابردوو لای ده‌رهێنه‌ر (ڕیژیسۆر) بووه‌ته ده‌روازه‌یه‌کی سیمبولی بۆ رووداوه‌کانی ئێستا؟
بۆ هه‌ر کارێکی درامی پێویسته ئامانجی په‌روه‌رده‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت. هه‌روه‌ها بتوانرێ به که‌مترین رسته پڕماناترین په‌یام بگه‌یه‌نێت له میانه‌ی کاره‌کانه‌وه وا له‌مرۆڤه‌کان بکرێت جارێكی تر به‌خۆیدا بچێته‌وه و هه‌ڵه چنین له خۆیان و کرده‌وه‌کانیان بکه‌ن، تووشی کۆمه‌ڵێ هه‌ڵچوون و داچوونت بکات، که چه‌ندین گریمانه له ناو هزردا دروست ببێ و، بینه‌ر چالاکانه بیر بکاته‌وه تا بتوانێ، داوی ئه‌و گرێیانه بدۆزێته‌وه كه له کاره درامیهکاندا هه‌ن.
نووسه‌ر یان ریژیسۆر واته ده‌رهێنه‌ر ده‌بێت به‌شیوازێکی هونه‌ری و فکری وا کار بکه‌ن که مرۆڤی ئاسایی په‌ی پێ نه‌بات و په‌یامێکی تازه‌ی پێبێت . ئه‌مه کرۆکی کاری هونه‌ری و تهراژیدیایه .
پانتایی یان رووبه‌ڕ، یه‌کێکه له بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی پێک هاته‌ی دراما، که به‌داخه‌وه له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه کوردیه‌کاندا له‌به‌ر نه‌بوونی فه‌زای پێویست و لۆکه‌یشنی گونجاو، نەبوونی کەرەستەی تەکنیکی باش به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و مه‌به‌سته ناکرێ که خزمه‌ت به ناوه‌ڕۆکی دراماکه بکات.
به‌کارهێنانی لۆکه‌یشن و فه‌زا بۆ خۆی زانستێکی به‌رفراوانه و ده‌خوێندرێ
فه‌زا ، زاره‌وه‌یه‌کی نوێیه و ئێسته بووه‌ته زانست. له‌ئه‌نجامی بایه‌خ پێدانی له هه‌موو بواره‌کاندا وەک: شانۆ، دراما، فیلم، موزیك، شێوه‌کاری، بیناسازی، جوانی، فه‌لسه‌فی ….. هتد. فه‌زا ته‌نها بهرووبهر یان پانتایی ناو نابرێت. به‌ڵکو سه‌یرکردنێکی فیزیکی و فه‌لسه‌فی و ئه‌ندازیاریشی هه‌یه و له‌سه‌ر ئاستی زمانیش به‌های خۆی هه‌یه.
لای زانای ئه‌مریکی ئیدوارد هال بووه به زانستی بونیاد، (علم مكان). به‌تایبه‌تی له‌شانۆدا بایه‌خی ته‌واوی پێدراوه.
هه‌ر له‌گه‌ڵ نه‌بوونی ئه‌م فه‌زایه و بێزار بوونمان له دووباره بوونه‌وه‌ی دیواره‌کانی درامای رێحانه، که ده‌بوو فه‌زایه‌ك به‌کاربهێنێ که نواندن تێێدا به‌رجه‌سته‌ی باروودۆخێکی مێژوویی بکات. له‌گه‌ڵ نه‌بوونی ئه‌م فه‌زایه ،نه‌بوونی سه‌لیقه و دیزایینیش ، بۆ لۆکه‌یشنه‌کان ده‌رده‌خات ، واته جێگهکانه، که ده‌کرێ ژوورێکی بچوکت هه‌بێ به‌ڵام چۆن چاره‌سه‌ری درامی بۆ ده‌که‌یت، وا پشانی بده‌یت که ژووره‌که گه‌وره‌یه، ده‌رهێنه‌ری وریا ده‌توانێ فێڵ له چاوی بینه‌ر بکات. ریژیسۆر ده‌بوو بیزانیایه که رووناکی و ماکیاژ و دانانی که‌لوپه‌له‌کان و دروست کردنی په‌نجه‌ره و تابلۆکان و ره‌نگه‌کان و گونجاندنیان له‌گه‌ڵ جلوبه‌رگی کاره‌کته‌ره‌کان چه‌نده په‌یوه‌ستن و چه‌ندین مانا له خۆ ده‌گرن کێشه‌ی درامیت بۆ چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن .
هه‌روه‌ها گونجاندنی ئه‌م په‌یوه‌ندیانه و جوڵه‌ی کامێرا و چۆنیه‌تی گرته‌کان ده‌بێ له چ لایه‌که‌وه بێ و چ مانایه‌ك به وێنه‌که ده‌دات. ئه‌مانه هه‌مووی کاری ورده‌کارین بۆ جوانکردن و گه‌یاندنی ئامانجی دراماکه. به‌ڵام له درامای رێحانه‌دا تێکه‌ڵه‌یه‌ك و بهرتهسکییهك و نه‌گونجاندنێکی هه‌موو ئه‌م توخمانه هه‌ست پێ ده‌کرا که مرۆڤی ساده د‌رکی به‌م ناڕێکیانه ده‌کرد، ئاشکرایه هه‌موو یه‌کێک له‌م توخمانه جێ په‌نجه‌ی خۆی دیاری ده‌کات بۆ ته‌واو کردنی وێنه‌کی ته‌واو قه‌شه‌نگ لای بینه‌ر و پێچه‌وانه‌که‌شی راسته.
درامای ڕێحانه له تابلۆیه‌ك ده‌چێت که وێنه‌کێشه‌که‌ی خۆی ساخ نه‌کردۆته‌وه سه‌ر به چ ڕێبازێكه، ئایا ڕیالیسته، سریالیه، یان ئهبسترتاکته واته داماڵین له‌هه‌موو باوه‌کان، هه‌روه‌ها سه‌لیقه‌ی ته‌واوی نه‌بووه بۆ هه‌ڵبژاردنی بابه‌ت، دانانی ره‌نگه‌کان و هارمۆنی دروست کردنی که ده‌کرێ فه‌زای خه‌یاڵ ئاسوده کات، له‌گه‌ڵ نه‌بوونی پارسه‌نگییه‌ک له ناو تابلۆکه‌دا کاتێ مرۆڤ سه‌یری ده‌کات هه‌ست به نائارامی ده‌کات، ره‌نگه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی ئالۆز و نهگونجاندیان له‌گه‌ڵ یه‌کتری که هه‌ستی به‌رته‌سک بوونه‌وه و په‌شێویت لا دروست ده‌کات، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ورده‌کاریانه‌ی تر که پێویسته بۆ وێنه‌کێشانی تابلۆیه‌کی سه‌رنجڕاکێش تا بتوانێ جێێ خۆی له دڵ و هزری بینه‌ردا بکاته‌وه، نه‌بوونی ریتم و ئاوازێكی ئه‌فسوناوی وات لێ ده‌کات هه‌ر زوو واز له‌م تابلۆیه بهێنیت و به‌رده‌وام نه‌بیت له‌سه‌یرکردنی.
چه‌ند چرکه‌یه‌ك بۆ بێده‌نگی له درامادا زۆر پێوسته تا له نێوان نواندن و بینه‌ردا جۆره فه‌نتازیایه‌کی خه‌یاڵ دروستت ببێ و ببێته هۆی ئارامی و وردبوونه‌وه و چێژ به بینه‌ر بدات و هه‌ست و سۆزی بجوڵێنێت. چوون بێده‌نگی موسیقایه‌کی هێمنه و کار و کاردانه‌وه‌ی کاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر مرۆڤه‌کان.
ئه‌م که‌م وکوڕی وگازندانهمان ته‌نها به‌رێز لوقمان غه‌ریب ناگرێته‌وه، به‌ڵکو هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ش ده‌گرێته‌وه که ئه‌رکی هونه‌ریان له ئه‌ستۆ گرتوه بۆ نموونه ؛ پێداچوونه‌وه‌ی ده‌ق له‌لایه‌ن به‌رێز کامیل فه‌خره‌دینه‌وه .
مانای پێدا چوونه‌وه‌ی ده‌ق، مامه‌ڵه‌یه‌کی پراکتیکییه، واته به‌ته‌واوه‌تی بیخاته قۆناغی جێ به‌جێ کردنه‌وه له هزریدا و توانای هه‌ڵسه‌نگاندن و سه‌لیقه‌ی بۆ ته‌واوی کاره‌که هه‌بێت، درک به‌هه‌موو ئه‌و که‌م و کوڕیانه بکات هه‌ر له ڕووی بابه‌ت و به‌کارهێنانی زمان و کات و شوێن و هه‌روه‌ها ڕۆڵی کاره‌کته‌ره‌کان و په‌یوه‌ندییان به‌یه‌کتریه‌وه و هه‌ست کردن به بوونی گرێ و چنینی، پێداچوونه‌وه واته داڕشتنه‌وه‌ی ده‌قه‌که به ئاگاییه‌کی بێ سنوور و راستگۆیانه له هه‌موو ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و درامایه، له کاتی جێبه‌جێ کردندا واته له دوای په‌خش کردنی له تیڤیه‌کاندا، زیره‌کی و ووریای و جێ په‌نجه‌ی ئه‌و که‌سه ده‌رده‌خات که به‌م ده‌قه‌دا چوه‌ته‌وه.
من پێم وابوو به‌رێز کامیل فه‌خره‌دین ده‌بوو زۆر به راشکاوانه د‌رکی به‌م هه‌موو نارێكی و تێکه‌ڵه‌یه بکردایه ، ده‌یتوانی پرسیار له ده‌رهێنه‌ر بکات، که ده‌یه‌وێت بڵێت چی و په‌یامی راسته‌قینه‌ی چیه له‌م درامایه‌دا، ئه‌رکی پێداچوونه‌وه‌ی ده‌ق زۆر له‌وه گه‌وره‌تر بوو که بینمان. به‌پرسیارێتی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی و ده‌كه‌وێته به‌ر ره‌خنه‌ی بینه‌ران و پرسیارگه‌لێك دروست ده‌بێ، ئایا له‌به‌ر چ هۆیه‌که که به‌رێزی نه‌یتوانیوه ئه‌م هه‌موو که‌موکوڕییه ناهونهریانه ببینێ و راڤه‌ی بکات ؟
یان پێێ زانیوه و قسه‌ی نه‌کردوه ئه‌مه‌ش بۆ خۆی پرسیارێکی تر دروست ده‌کات ده‌بێت له‌به‌ر چ هۆیه‌ك بوو بێ ، که رازی بووه و په‌سه‌ندی کردوه؟
ئه‌م پرسیاره بۆ خۆی جێ ده‌هێلێن و هیوادارین بتوانێ وه‌ڵامی هه‌بێت.
هه‌ر ئه‌م به‌ر پرسیاریهتیش به‌رۆکی هه‌موو ئه‌و کاره‌کته‌رانه ده‌گرێته‌وه که رۆڵ ده‌بینین ده‌کرێ به‌رهه‌مێک بابه‌ته‌که‌ی له ئاستێکی باش‌دا نه‌بێ به‌ڵام توانای نواندن له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه ئه‌و په‌ڵه‌یه بشارێته‌وه و سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، هه‌ر بۆیه توانای نواندن ئه‌رکێکی گه‌وره‌یه‌و ئێمه له‌رێێ کاره‌کته‌ره‌کان و هه‌موو ئه‌و ده‌ربڕینانه به وێنه ده‌یبینین وکارمان تێده‌کات وسهرساممان ده‌کات، هه‌روه‌ها توانای هه‌ڵبژاردن بۆ بابه‌تێک که ئاستی درامی به‌هێز بێت بۆ خۆی هونه‌ره نه‌ك ته‌نها بیر له به‌ربه‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی بکرێته‌وه‌و به هه‌موو کارێک رازی ببن.
ئاستی نواندن له‌م درامایه‌دا به پێی پێوست نه‌بوو هه‌ر بۆیه ، پێێان ده‌ڵێین تکایه بوه‌ستن، له‌م کاره ناهونهرییانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نازانن تا چه‌ند له لایه‌نگرانی خۆتان ون ده‌که‌ن، هه‌روه‌ها به‌درێژایی ئه‌زموون و کاری هونه‌ریتان ده‌بوو خاوه‌ن دیدو هزرێکی قوڵ و وێنه‌یی هه‌مه لایه‌نه بن بۆ کاری نواندن؟ ڕه‌خنه و باسکردن، نه‌بووه خه‌مێکی گه‌وره؟ تا بتوانن به هه‌موو لایه‌ک وێنه‌یه‌کی پاکی سه‌رده‌مانێک بۆ بینه‌ران به‌رجه‌سته بكه‌ن و ببنه پاڵه‌وانی کاره‌کته‌ره‌کان و له هزری بینه‌ردا بمێننه‌وه.
میدیا، به‌ده‌سه‌ڵاتی سێهه‌م دێته ئه‌ژماردن . به‌گشتی کاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر فه‌زای گشتی ، له‌سه‌ر ڕه‌هه‌ندی ژیانی تایبه‌تی و هاونیستمانیان ،کاریگه‌ری سه‌ختیان هه‌یه له‌سه‌ر خێزان، هزر، دیدو تێڕوانینی مرۆڤه‌کان بۆ ژیان و په‌یوه‌ندیه‌کان . کاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر زمان، ئه‌ده‌ب، هونه‌ر، فیکر‌و فه‌لسه‌فه ، هه‌ر به هۆی ئه‌م گرنگیه‌وه پێویسته دیدیکی ڕه‌خنه‌ی خۆمان ئاڕاسته‌ی که‌ناڵی ته‌له‌فیزێۆنی بکه‌ین، که ده‌یسه‌لمێنن که‌سی شیاو له شوێنی شیاودا کار ناکات، ده‌نا نه‌ده‌بوو له‌و جۆره کاره به فلته‌ره‌کاندا ڕێ بکات و بڵاو بکرێته‌وه.
په‌خش کردنی هه‌ر بابه‌تێك گه‌ر به ووریاییه‌وه نه‌بێت ،زیانێکی گه‌وره‌ی لێ ده‌که‌وێته‌وه و کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و پشێوی ده‌بات و ئاره‌زووی تاکه‌کانی ناراسته‌وخۆ ده‌شوێنێت و دهیتۆرێنێ له کاری خۆماڵی دواجار هه‌موو باجه‌که‌ی ده‌ده‌ین چونکه ئێمه له کۆمه‌ڵگادا ده‌ژین وکۆمه‌ڵگاش له ناو ئێمه‌دا ده‌ژی .
هیوادارم ، ئه‌و ڕه‌خنانه به هۆشیاری و به یارمه‌تی ویژدانه‌وه، سه‌یر بکری، نه‌ک به ده‌مارگیری و له خۆبایی، هه‌ڵبه‌ته خه‌می منیش هه‌ر خزمه‌ت کردنه به ڕه‌وشی هونه‌ری كوردی.
مرۆڤی سه‌رکه‌وتوو سوود له هه‌ڵه‌کانی وه‌رده‌گرێ و جارێکی ترههوڵ ده‌داته‌وه له رێگه‌یه‌کی جیاوازه‌وه.
(دیل کارینگی)