سەدیق سەعید ڕواندزی
بە ڕێکەوت، لە والی تایبەتی کتێبخانەیەک، ژمارەیەک نووسەر و وەرگێڕم دیت، کە ھەریەکەیان کتێبێکی خۆی بە دەستەوە بوو، وەک نیمچە ڕیکلامێک بە خوێنەرانیان دەناساند وباسیان دەکرد. لەڕاستیدا، ڕیکلامکردن بۆ کتێب، دیمەنێکە نەک نابێ خۆشحاڵمان بکات و ھانمان بدات بۆ خوێندنەوە، بەڵکو دەبێت ببێتە مایەی نیگەرانییەکی قووڵ و پرسیار و گومان، بەوەی کتێبیش وەک سەرچاوەی مەعریفە، ھاوشێوەی ھەر کاڵایەکی دیکەی بازاڕیی بۆ نموونە وەک مۆبیلیاتی لێھاتووە. ڕیکلامکردن بۆ کتێب، مانای وایە کتێبیش وەک ھەر کەرستەیەکی دیکەی ژیانی لێھاتووەوە ئەو بەھا مەعریفی و سیمبولی و ھزرییەی نەماوە و بە ڕیکلام نەبێت، کەس بەلای کتێب داناچێت. ھەمیشە وەک خوێنەرێک تێبینی ئەوەم کردووە ، کە ئەو کتێبانەی دەناسرێن و ڕیکلامییان بۆ دەکرێت، لەو کتێبانەن کە ناوەڕۆکێکی لاواز و نابابەتیان ھەیە و دوای خوێنەوەیان، ھیچ جۆرە پرسیارێکی ھزری و چێژ و جوانییەک لای خوێنەر جێناھێڵن. بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بۆچوونەم، دەتوانم ناوی دەیان کتێب و ڕۆمان و شیعرو وەرگێڕان ڕێز بکەم، بەڵام لە بەر ناو و ناوبانگی نووسەرەکانیان، خۆیانی لێ دەبوێرین. لە دنیای بازرگانی ئێمەدا، ڕیکلامکردن دەرەچەیەکی چاکە، بۆ فریودان و ھەڵخەڵەتاندن و دەستخەڕۆکردنی کڕیار، بۆ ئەوەی بە ناوی کەرستەی کواڵیت بەرز و ناوازە، کەرستە و شتومەکە زبر و خراپەکانیان، ساغ بکەنەوە. ھەمیشە بانگەشە بۆ ئەو کەرستانە دەکرێت، کە بازاڕیان نییە و لەو ڕێگەیەوە، دەیانەوێت کڕیاری بۆ پەیدا بکەن. ئەمە بەو مانایە نییە ئێمە لە بایەخ و ڕۆڵی ڕیکلام بۆ نماییشکردن و ناساندنی ھەر شتێک نەگەین، بەڵکو بەو مانایەی ئەوەی لێرەدا لە بەرچاو دەگیرێت، سوود و قازانج و دەسکەوتی ماددییە، نەک ئەوەی ئەو کاڵایە چەند کواڵیتی بەرزە و شیاو و تۆکمەیە. ئیدی لەو ڕێگەیەوە، دەیانەوێت ختووکەی سۆزی کڕیارەکان بدەن، بۆ ئەوەی سەرنجی بچێتە سەر ئەو کاڵایە و تاقیبکاتەوە، بەڵام ئایا ڕیکلام بە تەنھا بەسە بۆ ئەوەی پەیوەندی ئێمە بە کاڵایەکەوە گرێ بدات و بیکەینە پێوەرێک بۆ تاقیکردنەوە و ھەڵبژاردنی؟ لە کۆمەڵگەی ئێمە و وڵاتانی جیھانیشدا، ھەر کاتێک ئاماژە بۆ کەرستە و ئامێرێک دەکرێت کە لە ژاپۆن دروستکراوە، ئیدی پێویستیمان بەوە نابێت ڕیکلامی بۆ بکرێت ، چونکە ھەموو دنیا دەزانێت، کواڵیتی ئەو کەلوپەلانەی لەو وڵاتە بەرھەم دێت، بڕاندو ئۆرگیناڵن و لاساییکەرەوە نین. ئێمە پێویستیمان بەوە نییە کەسێک پێمان بڵێت کەلوپەلەکانی ژاپۆن بکڕن چونکە باشن، ئێمە خۆمان ئەو ڕاستییە دەزانین، لێرەوەش بانگەشە بۆ ئەو کەرستانە بکرێت یان نا، ھیچ سەرنجڕاکێشانێک لای مرۆڤ دروست ناکات، بەڵام بە پێچەوانەوە، ھەر کاتێک باسی کاڵای چینی دەکەین، ئەوەمان بڕاندۆتەوە کە چەند مانگێک کاردەکات و ئیدی لە کار دەکەوێت. بە مەش ئەگەر ملیۆنان جار ڕیکلام بۆ کەرستە چینییەکە بکرێت، ھاوتای ئەو کاڵایەی ژاپۆن نابێت کە بێ ڕیکلامکردن شوێنی خۆی دەگرێت. دەشێ ئەمە بۆ کتێبیش ھەمان شت بێت. کتێبی گرنگ و بە بەھا، تێکستی مەعریفی و بابەتی، شیعر و ڕۆمان و وەرگێڕانی جوان و داھێنەرانە و سەرکەوتوو، ھەرگیزپێویستیان بەوە نییە ڕیکلامیان بۆ بکرێت، بەڵکو خۆیان دەچنە نێو خوێنەران. بڕوام وایە، کتێب دەبێت خۆی لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، ھەڵگڕی ئەو ھێزە بێت، کە بچێتە نێو خوێنەران و خۆی بسەپێنێت و بخوێنرێتەوە، نەک نووسەرەکەی لەم شار و لەو شار، بانگەشەی بۆ بکات و بیناسێنێت. ئەگەر نووسەر و وەرگێڕێک، ئەزموونێکی جوان و سەرکەوتوو دیاری ھەبێت، پێویستی بەوە نییە خۆی لە پەراوێزی کتێبەکانی بناسێنێت و کتێبەکەی بەدەستەوە بگرێت و بە خوێنەران بڵێت کتێبەکەمان بخوێننەوە. کتێب و نووسین دوای بڵاوکردنەوەیان، پەیوەندییەکی ئەو تۆیان بە نووسەرەوە نامێنێت و ئەوە خوێنەرە، دەبێتە سەنگی مەحەک بۆ ھەڵسەنگاندنی کتێبەکە. بە ئێستاشەوە، ئێمە پێویستیمان بەوە نییە کەس (شار) ی حوسێن عارفمان پێ بناسێنێت، (چێشتی مجێور) ی ھەژار موکریانیمان پێ بناسێنێت، (ڕیگا) ی مەمان پێ بناسێنێت، (سەگوەڕ و ئەژدیھا و لاوەکی ھەڵەبجە و گۆڕستانی چراکان و دوانزە وانە بۆ مناڵانمان) پێ بناسێنێت، چونکە ئەو تێکستانە، خۆیان لە ناوەڕۆکدا ھەڵگڕی وزە و ھێز و تین و تاوی ئەوەن، خۆیان بەسەر خوێنەر دابسەپیبَنن و بخوێنرێنەوە. ھەرگیز ڕیکلام ناتوانێت، کتێبێکمان لا پەسند و گرنگ و خۆشەویست بکات، ئەگەر خۆی لە ناوەڕۆکدا ھەڵگڕی ئەو ڕەگەزانە نەبێت. کتێب پێویستی بە ناساندن، شڕۆڤەکردن، بەخشین بە واژۆی نووسەرەکانیان نییە وەک ئەوەی ئێستا بۆتە مۆد، بەڵکو خوێنەران خۆیان دەتوانن ناوەڕۆکی ئەو کتێبە دوای خوێنەوەی ھەڵبسەنگێنن. کەم نین ئەو کتێبانەی لە دەیان شوێن ڕیکلامیان بۆ دەکرێت و بە کتێبێکی گرنگ دەناسێنرێن، کە چی خوێنەر کە دەیخوێنێتەوە، ھیچ چێژ و جوانی و مانایەک لە کتێبەکە وەرناگرێت، خۆم وەک خوێنەرێک سەدان ئەزموونم لەو بارەوە لەگەڵ خوێنەوەی کتێبەکان ھەیە. بگرە خوێنەرانێک ھەن، پەشیمانی خۆیان دەردەبڕن لەوەی ھەرپارەیان بە کتێبەکەش داوە! کتێب، کورسی و مێز و کۆنە نییە، تاکو نووسەرەکەی وەک کۆنە کڕ و سەوزە فرۆش و میوە فرۆشەکان، شارە و شار بگەڕێت و ڕیکلامی بۆ بکات. خوێنەرێک، ئەگەر خوێنەر و عەوداڵی کتێب و خوێنەوە بێت، لە سەر مەریخیش بێت، ئەوا بە دوای کتێب و بەرھەمی بڵاوکراوە دەگەڕێت و تا نەیخوێنێتەوە واز ناھێنێت. لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، چەندین کۆمەڵە شیعر لە سنووری سۆران و ڕواندز بڵاوکرانەوە، ھەر ئەوە مابوو بڵێین لە سۆران شیعر دەبارێت ! جا گرنگ نییە کام جۆرە شیعرە، ئەم دوو شارە، تەنھا چوار خولەکێک نێوانیانە، کە چی شاعیر ھەبوو، لە ھەروو شارەکە کتێبە شیعرییەکەی خۆی دەناساند، سەیر لەوە دابوو لەو ناساندنانە، ھەر ئەوانەی سۆران بوون دەھاتنە ڕواندز و ھەر ئەوانەی ڕواندزیش بوون، دەچوونە سۆران، واتا لە ھەردوو شوێنەکە ھەمان کتێبیان وەردەگرتەوە. ھەمیشە بڕوام وابووە، تێکست و کتێبی جیاوازو داھێنەرانە، پێویستیان بە ناساندن و واژۆی نووسەر و ڕیکلامکرن نییە، چونکە کورد وتەنی (مانگ کە دیاربوو، پێویست بە ئاماژە کردن ناکات).
*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ھەولێر ژمارە(٤٠٤٤) لە ڕۆژی ٢٨/٣/٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post