مەنسوور جیهانی ـ “جاهیت شاهین یاڵچین” ئەکتەری ناوداریی باکووری کوردستان لەگەڵ “هانی” گۆرانیبێژی بەناوبانگی کورد، لە فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان” سێیەمین بەرهەمی بڵندی “توورج ئەسڵانی” ڕۆڵی سەرەکی دەبینن کە لە ڕۆژی جەژنی قوربان لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت.
فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان” Landless لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد “توورج ئەسڵانی”، بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد مووڤی” MAAD Movie، بەرهەمی هاوبەشی “ڕەز هەڵکەوت ڕەشید” لە هەرێمی کوردستان و بە ڕۆڵ بینینی سەرەکی “جاهیت شاهین یاڵچین” Cahit Şahin Yalçın ئەکتەری ناوداریی باکووری کوردستان؛ بڕیاروایە لە ڕۆژی جەژنی قوربان واتە 20ی جوولای 2021 و هەروەها لە ڕۆژانی دوایی لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان نمایش بکرێت و لە درێژەشدا لە سینەماکانی شارەکانی دیکەی وڵاتی عێراقیش پەخش بکرێت.
“جاهیت شاهین یاڵچین” لە 20 ئەپرێلی 1994 لە شاری ئامەد لە دایک بووە. شانۆگەری لە سەردەمی دواناوەندی دەست پێکرد و دوای ماوەیەک کار لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە بواریی ئەکتەریدا بەرەوپێشچوونێکی باشی بەخۆیەوە بینی و ماوەیەک لە ئەورووپا سەرقاڵی نواندن بوو. ئەو لەسەر وەرزشەکانی جۆدۆ، تیرووکەوان و … کاریی کرد و ستایلی نواندنی خۆی بەهێزتر کرد. ئێستا ئەکتەرێکی سەرکەوتووە و ماوەیەکی زۆر لە بواریی شانۆدا لەسەر گەشەسەندنی خۆی کاریی کرد و سەبارەت بە دڕاماتۆلۆژی و مامۆستای ئەکتەریی خوێندنەوەی زۆریی هەبووە.
ئەو لە فیلمی “14ی تێرمە” 14 July لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “هاشم ئایدەمیر” Hashim Aydemir بە بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی “توورج ئەسڵانی”؛ ڕۆڵی سەرەکی بینی کە لە پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017 خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئەم ڕووداوە سینەماییەی بەدەستهێنا. لە ساڵی 2018 لە دووهەمین بەرهەمی بڵیندی خۆیدا وەکوو ئەکتەر لە فیلمی سینەمایی “9.75” لە دەرهێنانی “ئۆلۆک بایراکتار” ڕۆڵی بینی. ئەم فیلمسازە دەرهێنانی بۆ پڕۆژە سەرکەوتووەکانی تەلەڤیزیۆنی تورکیا لەوانە: زنجیرە دڕامای “ئیزێل” Ezel لە ئەستۆدا بووە.
ئەم ئەکتەرە کوردە لە کورتە فیلمی “گەڕانەوە” ڕۆڵی سەرەکی بینی کە خەڵاتی فەخری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “پێنج کیشوەر”ی وڵاتی وێنزۆئێلای لە ساڵی 2019 بەدەستهێنا. هەروەها ماوەیەکە سەرقاڵی نووسینی کتێبەکەیەتی کە بەم زوانە لە وڵاتانی جۆراوجۆر چاپ و بڵاودەبێتەوە و لە ئێستاشدا لەسەر سیناریۆی کورتە فیلمەکەی کار دەکات.
“جاهیت شاهین یاڵچین” لە زنجیرە دڕاما ناودارەکانی تورکیا وەکوو ئەکتەر ڕۆڵی بینیوە و لە ساڵی 2021 لە زنجیرە دڕامای “هەرجایی” Hercai درەوشایەوە و بە لەبەرچاوگرتنی سەرکەوتنەکانی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتییدا، بەو شانۆگەریانەی کە لەسەر سەحنە پێشکەشی کردوون؛ شانازییەکی زۆری بەدەستهێناوە و لە زۆربەی بەرهەمە شانۆییەکاندا بە ناونیشانی دڕاماتۆلۆژ، ئەکتەر و دەرهێنەر بەشدارییەی سەرکەوتوانەی بووە.
لە “بێ نیشتمان”دا کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی وڵاتانی تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان، بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەڕەبی و فارسی لەگەڵ “هانی موجتەهیدی” تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: شوان عەتووف، جاهیت شاهین یاڵچین، بوڵەنت کاسێر، ڕێکێش شەهباز، بەنگین عەلی، بەڕۆژ ئاکرەیی، نارین محەمەدی، فرمێسک ڕەحیم زادە، هاکار عەبدوالقادر محەمەد، تەها عەبدوالکەرەم ئەبووبەکر، ڕواڵ ناڤگوندی، ئاسۆ ڕەفیق، هەورامان و چەندین ئەکتەری دیکە.
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان” لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/landlessmovie?utm_medium=copy_link
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان” لە فهیسبووک:
https://www.facebook.com/landlessmovie/
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان”.