هونەرمەند چۆپی لە گەڵ بەناوبانگترین هونەرمەندی هٶڵەندی بەراورد دەکرێت.
زانا دڵشاد دزەیی : لە 9-8-2012 ڕۆژنامەی ( Algemeen Dagblad ) لەسەر ژیان و هونەری هونەرمەندی کورد چۆپی بابەتێکی بڵاو کردەوە. ئەم ڕۆژنامەیە لە ڕووی گەورەییەوە لە ڕیزبەندی دوهەم ڕۆژنامە دێت لە ناو هۆڵەندادا ڕۆژانە لە سەرانسەری هۆڵەندا 570.000 هەزار دانەی لێ دەفرۆشرێت ،هەروەها 550 ڕۆژنامەنوس و پەیامنێری هەیە لە سەرانسەری دونیادا.
ڕۆژنامەنوسی ئەم ڕۆژنامەیە خانم(BRENDA STOTER ) سەدرانی هونەرمەند چۆپی کردووە و جگە لەوەی بە جوانی و بەڕێزەوە باسی چۆپی کردووە چەندیین پرسیاریشی ئاراستەی چۆپی کردووە.
لەم ڕۆژنامەیەدا هونەرمەند چۆپی بە باسکردنی هونەرەکەی خۆیەوە نەوەستاوە،بەڵکوو باسی چەرمەسەری و کولەمەرگی گەلەکەیشی کردووە کە چۆن 45 ملیۆن کورد دابەشکراوە بە سەر چوار وڵاتی داگیرکەردا و دەچەوسێنرێتەوە.
باسی نەورۆزی ئەمساڵی کردووە کە بانگهێشت کراوە بۆ دیاربەکر لە کوردستانی باکور و زیاتر لە یەك ملیۆن کەس کۆبووەتەوە و پۆلیسی تورکیش نەیانهێشتووە جەژنی نەورۆز پیرۆز بکەن و لە باتی ئاهەنگ گێڕان بووە بە شەڕی کورد و پۆلیس و خوێنی تیا ڕژاوە.
هەروەها باسی ئەوەی کردووە کە لە کوردستانی ڕۆژئاوا بۆ دوا جار ئاهەنگی لە قامیشلۆ گێڕاوە و ناوی کوردستانی هێناوە ئیتر دەسەڵاتدارانی سوریا مۆڵەتیان نەداوە ئاهەنگ لەو بەشەی کوردستان بگێڕێ.
لە 13-7-2012 واتا چوار هەفتە پێش ئێستا ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی هۆڵەندی (Nederlands Dagblad ) بابەتێکی دوروودرێژی لە سەر هونەرمەند چۆپی بڵاو کردەوە و دوو لاپەڕەی بۆی تەرخانکردبوو.
ئەم ڕۆژنامەیە زیاتر لە 30.000 هەزار دانەی لێ چاپ دەکرێت و لە سەرانسەری هۆڵەندا بڵاو دەبێتەوە.
ئەم ڕۆژنامەیە چۆپی وەکوو گۆرانیبێژی بەناوبانگی هۆڵەندی(Marco Borsato ) ناو دەبات و دەڵێت چۆپی دەیەوێت چۆن لە کوردستان ناوبانگی بەدەست هێنا لە ئەوروپاش بە هەمان تاقیکردنەوەدا تێدەپەڕێت.
باسی لەوەش کردووە کە هاوینی ساڵی پار هونەرمەند چۆپی لە فیستیفاڵی نێو دەوڵەتی (avondvierdaagse) لە هۆڵەندا بەشداری کردوووە و نەك بە تەنها کوردەکان سەمایان کردووە و هەڵپەڕیون بەڵکوو هۆڵەندێکانیش دەستیان گرتووە و هەڵپەرکێی کوردیان کردووە لە گەڵ کوردەکاندا.
لە 3-7-2012 واتا دە ڕۆژ پێش ئەو ڕۆژنامەیەی سەرەوە،ڕۆژنامەی(nrc.next) بابەتێکی لە سەر هونەرمەند چۆپی بڵاو کردەوە،ئەم ڕۆژنامەیە لە سەرانسەری هۆڵەندا بڵاو دەبێتەوە و نزیکەی 75.000 هەزار دانەی لێ دەفرۆشرێت.
لەو بابەتەیا هاتووە کە چۆپی هونەرمەندێکی کوردە و بەشێکی هۆڵانداشی پێوەیە بەو پێیەی کە ٢٥ ساڵە لەو وڵاتە دەژی.
لەم بابەتەدا چۆپی باس لەوە دەکات کە باوکی ئەرشیفێکی باشی مۆزیکی هەبووە کە پێکهاتبوو لە زیاتر ٢٠٠ کاسێتی گۆرانی ڕەسەنی کوردی و ئەویش زۆر گوێی لەو گۆرانییانە ڕاگرتووە و تا کەلتوور و فۆلکلۆری کوردی چووەتە ناخییەوە.هەروەها باسی لەوە کردووە کە دەسەڵاتدارانی سوریا پێیان ناخۆش بووە چۆپی ئاهەنگ لە سوریا بکات لە بەر ئەوەی گۆرانی بۆ کوردستان دەڵێت.
هەروەها باسی ئەوەی کردووە کە بە بەردەوام فیستیڤاڵ و کۆنسێرتی هەیە لە کوردستانی تورکیا و کوردستانی سوریا بەڵام لە بارەی کوردستانی ئێرانەوە نەیتوانیوە بڕوات لە بەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران گۆرانی و هونەریان پێ باش نییە بە تایبەت گەر هونەرمەندەکە ژن بێت،لەم بابەتەدا باس لە ئەلبومی ئینگلیزی چۆپی کراوە کە ساڵێ داهاتوو بڵاو دەبێتەوە.