سەدیق سەعید رواندزی: رۆمان وەک ژانرێکی ئەدەبی مۆدێرن, بە بەراورد لەگەڵ ژانرەکانی دیکەی ئەدەب, مێژووێکی ھێندە کۆنی نییە, لە رووی سەرھەڵدانء دەرکەوتنیەوە.تەنانەت زۆرجار رۆمان بە بەرھەمی شۆرشی پیشەسازیءدەرکەوتنی سەرمایەداریء چینی بۆرژوازی دەناسرێت. بەوپێیەی ژانرێکی نوێیەودەرەنجامی سەرھەڵدانی چەمکی شارء ململانێ کۆمەلایەتیەکانی کۆمەڵگەیە.
بەدەربرینێکی تر زۆرجار ژانری رۆمان بە تەنیا وەک بە رھەمی شار دەناسرێتء لە گەڵ دەرکەوتنء پەیدابوونی شار سەری ھەڵداوە.لێرەوەش ئەوەندەی ئەو ژانرە وەک بە رھەمی مۆدێرنێتەو شۆرشی پیشەسازی وێنا دەکرێت, ئەوەندە وەک بە رھەمێکی ھزری مرۆڤ کە رەنگدانەوەی دنیابینیءخەیاڵء ئەندێشەکانی نووسەرە وێنا ناکرێت. بەڵام پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە, ئەگەر ئەو گریمانەیە بۆ رۆمان راست بێتء بە رھەمی شۆرشء شارءدیاردە نوێکانی سەردەمی مۆدێرنێتە بێت, ئایا رۆمانەکانی بەر لەو قۆناغە کە لە چوارچێوەی فۆرمێکی سادە دانە,چ پێناسەیەک ھەڵدەگرن؟ بۆ نموونە وەک دۆنکیشۆت؟بەدەربرینێکی تر ئەگەر رۆمان بەتەنھا ھونەری نووسینی شار بێتءدەرەنجامی رادەی پەرەسەندوویی پێشکەوتنی کۆمەلگا بێت, ئایا دەکرێ ئێمەی کورد بڵێین ژانری رۆمانمان ھەیە؟ یاخود ھەر کۆمەلگایەکی دیکەی سەرەتایی؟ بۆیە ناساندنی رۆمان وەک ھونەرێکی شاری, یاخود پیشەسازیءتەکنەلۆژی بە بۆچوونی من, پێناسەکردنێکی نالۆژیکیە. بە تایبەتیش چ لەو سەردەمء چ لە سەردەمی بەر شۆرشی پیشەسازیش ئێمە ھونەرێک بە ناوی نووسینی رۆمان, لە مێژووی فەرھەنگی مرۆڤایەتیدا دەبینین.
بێگومان نەک تەنیا رۆمان, بە لکو کۆی ژانرە ئەدەبیء داھێنانە زانستیءفیکریءمرۆڤایەتیەکانیش, بەر لەوەی بەرھەمی دیاردەی پێشکەوتنی کۆمەلگەو پەرەسەندوویی ھزری مرۆڤایەتیءنوێکاریەکانی سەردەم بن, ئەوا لە بەراییدا بەرھەمی ھزری مرۆڤن بە تەنیا. بەو مانایەی ھەردیاردەیەکی مۆدێرنء تازەی نێو کۆمەڵگا دەرکەوتە سەرەتایەکانی, بۆ ھزری مرۆڤ دەگەرێتەوەولەوێوە چەکەرەدەکاتء وەک بیرۆکەیەک بونیاد دەنرێت, دواترلە چوارچێوەی ژینگەی کۆمەڵگاو پێشکەوتن, فۆرمی نوێتر بە خۆوە دەگرێت. بۆ یە ھەرداھێنانء نوێکاریەکی مرۆڤایەتی, لە ھەر روێکەوە بێت بە رلەوەی بەرھەمی شۆرشءدیاردەی شارگەراییء مۆدێرنێتە بێت, بیگومان بە رھەمی ھزری مرۆڤە. کاتێکیش بە مێژووی مرۆڤایەتی لە ھەموو روەکانەوە دادەچینەوە دەبینین, کۆی داھێنانەکان سەرەتا وەک بیرۆکە مرۆڤ کاری لە سەرکردوە, بە شێوەیەکی ساکار. دواتر لە گەڵ پێشکەوتنءپەرەسەندنی کۆمەڵگەو کرانەوەی زیاتری ھزری مرۆڤەکان, بوەتە داھێنانێکی مۆدێرنءتازەی کۆمەڵگە. لەو روانگەیەوە بە بۆچوونی من رۆمان وەک ژانرێکی ئەدەبی بە رلەوەی بەرھەمی ھزری شارگەراییء ھەر شۆرشێک بێت, ئەوا بەرھەمی ھزری سادەو ساکاری مرۆڤ بوە لە سەرەتادا. بە تایبەتیش کە بە رلە رۆمان, کە ھەمیشە وەک ژانرێکی نوێ دەناسرێت, چەندین ژانری دیکەی وەک داستانی میللیء چیرۆکی فۆلکلۆری دەبینرێن, کە تەنانەت بونیادی ھەندێکیان پێکدێت لە ھەزارەھا بەیت.بەومانایەی بەرلە رۆمان داستان ھەبوە, کە ھونەرێکی زۆر کۆنترە لە رۆمانءھەمان ئەو بنەمایانەی تێدایە کە تەکنیکی رۆمان پێکدێنن, بە شێوەیەکی ساکار. کەواتە لە نێوان ھزرءشاردا دەکرێ بڵێین رۆمان بەرھەمی ھزرە بە رلەوەی بەرھەمی شاربێت. لە لایەکی ترەوە ئەگەر لە پەراوێزی ئەو لێکدانەوەو بروانینە رۆمانء بەبەرھەمی کۆمەڵگەی پیشەسازیء شاری بناسێنین, کەواتە چۆن دەتوانین بە رھەمی ئەدەبی ئەو کۆمەڵگایانەی ھێشتا نەچوونەتە نێو قۆناغی پێشکەوتویی ژیاریەوە بە رۆمان بناسێنین؟ بە تایبەتیش کاتێ سەرنجی ئەو رۆمانانە دەدەین دەبینین ھێندێکیان شاکاری جیھانین لە رووی داھێنانەوە,کە چی نووسەرەکانیان لە نەتەوەیەکن, ھێشتاش خێڵەکی دواکەوتوون. بۆ نموونە شاکارەکانی وەک(ھەزار خۆری درەوشاوە/منداڵانی گەرەک/وەرزی کۆچ بەرەو باکور/نانی رووت/کۆلارەباز/خوانێک بۆ گژو گیای دەریا/ پەڕ/ھەرەس/ تۆڵە /شار/ پێدەشتی کارمامزە کوژراوەکان/شاری مۆسیقارە سپیەکان..تد)ئەو رۆمانانەن کە بابەتەکانیان رەنگدانەوەی کێشە کۆمەڵایەتیءمرۆییء پەروەردەیەکانی کۆمەڵگا دواکەوتوەکاننءبابەتەکانیان گوزارشت لە خەمءژیانی ساکاری ئەو مرۆڤانە دەکات کە لەو کۆمەلگایانە دەژین, کە چی دەبینین ئەو بەرھەمانە نەک ھەر بەرۆمان ھەژمار دەکرێن, بگرە وەک وتمان شاکاری جیھانیشن.ئەگەر بەوپێوەرەبێتء رۆمان تەنھا لەو زەمینانە بنووسرێت,کە پێشکەوتوو پیشەسازیءمۆدێرنن, ئەی چۆن ئەو رۆماننووسانە توانیان ئەو شاکارە ئەدەبیانە بنووسن؟ئاخۆ ئەمە خۆی لە خۆیدا ئەو ئاماژە یە ناگەیە نێت,کەرۆمان بەرلەوەی بەرھەمی شارو ھەر شۆرشێک بێت,بەرھەمی ھزری مرۆڤە, بەدەر لەوەی لە چ ژینگەو شوێنێک دەژیت, پێشکەوتوو یادواکەوتو.ناوەرۆکی ئەو رۆمانانەی ئاماژەمان پێدان, ھەموویان دەلالەت لە کێشە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەلگەو دیاردە دواکەوتوەکان دەکەن. وێناکردنێکی دیکەی کۆمەلگایە, لەفۆرمی تێکستێکی ئەدەبیانەی جوان کە ژانری رۆمانە. ئەو رۆمانانە ھەولێکن بۆ خوێندنەوەی کۆمەلگە لە چوارچێوەیەکی ئەدەبیانەی جوان. بە رادەیەک کاتێ دەیانخوێنینەوە ئیدی ئاشنای واقیعء ژیانی ئەو کۆمەلگایە دەبین. لە راستیدا ھیچ ژانرێکی ئەدەبی وەک رۆمان, ناتوانێ ببێتە ئاوێنەی کۆمەلگا. بەو مانایەی رەنگدانەوەی کێشەوگرفتەکانی ژیانی مرۆڤ بێت. لە رۆماندا چونکە پانتایی دەق بەبەراورد لە گەڵ ژانرەکانی تر لە ئاستێکی بەرفراوانتر دایە.بۆیەشە ئەو دەرفەتە دەرخسێنێت, کە بەوردیءچڕی تیشک بخرێتە سەر بابەتەکان. لەو سۆنگەیەشەوە, رۆمان دەلیڤەیەکی چاکە کە لێیەوە مرۆڤ, واقیعی کۆمەلگاکانی دنیای لێیەوە بخوێنێتەوە. دەشێ لە رێی رۆمانەوە خەمە کانی ژیانی مرۆڤ لەو کۆمەلگایانە ببینینءپێیەوە ئاشنا بین.بۆنموونە رۆمانەکانی وەک (ھەزارخۆری درەوشاوە)و(وەرزی کۆچ بەرەو باکور)ئەو رۆمانانەن کە لە کێشەو گرفتەکانی ژن دەدوێنءباسی مەینەتیءنەھامەتیەکانی ئەو رەگەزە دەکەن, لە کۆمەلگاکانی خۆیاندا. کاتێ خوێنەر ئەو رۆمانانە دەخوێنێتەوە,ھەست دەکات کە ژن چ بوونەوەرێکی چەوساوەو ستەم لێکراوە. ئەو رۆمانانە نە خشاندنی وێنەی ژیانی ژنە وەک مرۆڤ, کە لە چ نەھامەتیء مەرگەساتێک دەژیت. بە تەنیا خوێنەوەی ئەو رۆمانانە بەسن بۆ ئەوەی ئێمە لەواقیعی کۆمەڵایەتیءپەروەردەیی ژیانی ژن بگەین لەو کۆمەڵگایانە.لە کاتێکدا ئەو رۆمانانە لە ئاستی ژینگەی نووسیندا,بەرھەمی خودی ئەو کۆمەلگا دواکەوتوانە خۆیاننء رۆماننووسەکانیان لەوێ دەژین. کەواتە دەکرێ بڵێین رۆمان بەرھەمی شارێکی پێشکەوتووی پیشەسازی مۆدیرن نییە بە تەنیا, بە قەد ئەوەی بەرھەمی ھزرءدنیابینی مرۆڤە لە چوارچێوەی ئەو شوێنەی تیایدا دەژیت.کۆی ژانرە ئەدەبیەکانء لە نێویشیاندا رۆمان بەرلەوەی بەرھەمی ژینگەیەکی بابەتی بن, لە سەرەتادا بەرھەمی ھزرو بیرکردنەوەی مرۆڤە بۆ دەوروبەرو رووداوەکانی ژیانی. ھەموو ئەو رۆمانانەی ئاماژەمان پێکردن, نووسەرەکانیان بە رھەمی ژینگەیەکی مۆدێرنءپیشەسازیء پێشکەوتوونین, بە پێچەوانەوە تەنانەت ئەو رۆماننووسانە بەرھەمی کۆمەلگایەکن, کە کۆمەلگایەکی خێلەکیءدواکەوتوو ناپەرەسەندوونء ھێندێکیان ھێشتاش بروایان بە چەو سانەوەی ژن ھەیە. ژیان لەو کۆمەلگایانەدا ژیانێکی سادەو ساکارەو, بە رەنجامی پێشکەوتوویی پیشەسازیء سەرمایەداریء شاریی نییە,کە چی ئەو رۆمانانە کەوەک شاکارێکی ئەدەبی وێنا دەکرێن بە رھەمی ئەو کۆمەلگایانەن. کەواتە بە بۆچوونی من لۆژیکی نییە رۆمان ببە ستینەوە بە ژینگەی شارو ژیانی نوێ.یاخود بۆ چوونمان وابێت بۆ ئەوەی نەتەوەیەک رۆمانی وەک ژانرێکی ئەدەبی ھەبێت, ئەوا دەبێ ئەو نەتەوەیە مۆدێرنء پیشە سازیء پێشکەوتوو بێت.ئەی ئەو کۆمەلگایانەی لە قۆناغی پێشکەوتووی پیشەسازی دانینەو رۆمانیشیان ھەیەچ پێناسەیەک ھەڵدەگرن؟ بە بۆچوونی من لەو جۆرە کۆمەلگایانەدا چونکە کێشە کۆمەڵایەتیءپەروەردەییءمرۆییەکان زۆرن, ئیدی ھەموو ئەو بابەتانە دەبنە کەرستەی سەرەکی نووسینءجێگەی رامانی نووسەرانەوە.بەو مانایەی لە دووتوێی رۆمانەکانیاندا تیشک دەخەن سەر ئەو بابەتانەو لە بونیادی دەقدا بە رجەستەی دەکەن.ئەوەی لە نووسینی ھەر ژانرێکی ئەدەبیدا گرنگە, سەرەتا دنیابینیءھەڵوەستەو روئیاکانی نووسەرە بۆ دیاردەکانی ژیان, نەک ژینگە کۆمەڵایەتیءژیارییەکان. ئەو رۆمانانەی لە خەمءخولیاءکێشەکانی مرۆڤ دەدوێن, لە رووی ژینگەی نووسینەوە بە رمەبنای ژینگەیەکی ژیارییءپیشەسازی پێشکەوتوونین,کە چی ئەوەندە ئستاتیکیء بابەتیانەش نووسراون کە لە کاتی خوێنەوەیاندا, خوێنەر رووبەرووی ھەزارەھا پرسیارءگومانءلێکدانەوە دەکەن. وێرای ئەمەش کە خودی ئەو رۆمانانە وەک شاکارێکی جیھانی دەناسرێنءبۆ سەدان زمانی زیندووی دنیا وەرگێردراون.کەواتە ئەوەی لەرۆمانءھەر ژانرێکی دیکەی ئەدەبی گرنگە, بابەتی نووسینە نەک ژینگەو ھەڵومەرجی نووسین لە ئاستێکی پێشکەوتوو یادواکەوتوودا.بۆنموونە دوو سەدە بەرلە ئێستا رۆماننووسی بە ناوبانگی جیھانی(فیکتۆرھۆگۆ) رۆمانێکی بە ناوی (کورەکەی نوتردام)نووسیوە. ناوەرۆکی ئەورۆمانە باس لە مرۆڤێکی بچوکءبستە باڵا دەکات کە خاوەن پێداویستی تایبەتە. واتە بونیادی فسیۆلۆژیء بایۆلۆژی بە شێوەیەکە جیاواز لە مرۆڤە ئاسایەکان. ئیدی بەو ھۆیەوە دەکەوێتە بەر نەفرەتی مرۆڤەکانی ترء گاڵتەی پێدەکەنءتوانجی تێدەگرن.وەک ئەوەی مرۆڤ نەبێتءجیاوازبێت لە ئەوان.ئەو رۆمانە لە رووی ژینگەی نووسینەوە, بەرھەمی کۆمەلگایەکی پێشکەوتوونییە بە مانا مۆدیرنء پیشە سازیەکەی,کە چی ھۆگۆ ئەوەندە مرۆڤدۆستانەو ھونەریانە ئەو رۆمانەی نووسیوەولە خەمی ئەو مرۆڤانە دواوە کە کەموکورتیەکی جەستەیان ھەیە, کە خوێنەر حەز دەکات چەندین جار ئەو رۆمانە بخوێنێتەوە.لەرووی ژینگەی نووسینەوە, رۆمانێکی لەوشێوەیە, پەیوەست نییە, بە قۆناغێکی پێشکەوتووی ژیاریءمرۆڤایەتی,کەچی ئەو رۆمانە یە کێکە لەو شاکارە جیھانیانەی,ئێستاش لە ئاستی خوێنەوەوچێژی ئەدەبیدا, خوێنەران بە تاسەوە دەیخوێنەوە.واتە وێرای چەندین ساڵ بە سەر نووسینیدا, کەچی لە ئێستاشدا دەخوێنرێتەوە.کەواتە رۆمان پەیوەستە, بە ھزرءدنابینی نووسەرەوە, نەک ژینگەو شار.
رۆماننووسی بە ناوبانگی جیھانیءبراوەی خەڵاتی نۆبل, لە ئەدەبیاتدا(گابریل مارکیز) لە دیمانەیەکدا, کە لە بارەی ئەزموونی ژیانءسەرەتاکانی نووسینی خۆی دەدوێت, دەڵێت( سەرچاوەی ھەموو چیرۆکءرۆمانەکانم, داپیرەم بوو! کە بە منداڵی داستانءچیرۆکی بۆ دەگێرامەوە, منیش بە کاتژمێر گوێبیستی دەبوم). بێگومان مارکیز,کە یەکێکە لە رۆماننووسە ھەرە بە ناوبانگەکانی جیھانء شاکارەکانی, بۆ دەیان زمانی زیندووی دنیا وەرگێردراون,بەم شێوەیە باس لە ئەزموونی نووسینی خۆی دەکات.لە پەراوێزی ئەو بۆ چوونەی مارکیزەوە درک بەوە دەکەین کە رۆمان وەک ھەر ژانرێکی دیکەی ئەدەبی, لە بنەرەتدا بەرھەمی خەیاڵءئەندێشەو تێروانینەکانی مرۆڤە بۆ ژیان, نەک بە رھەمی پێشکەوتنءمۆدێرنە.ئەزموونەکانی مرۆڤێکن کە لە ژیاندا بینیویەتی,لە دەرەنجامی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتیءژیاریەی تێیدا دەژیت. ئەو بۆچوونەی مارکیزیرۆماننووس دەیسەلمێنێت, کە رۆمان ئەزموونێکی خودیە بەرلەوەی بابەتی بێت. تێروانینءدنیابینی نووسەرە بۆ ھەموو ئەو کردارءرووداوانەی, لە دەوروبەری ئەودا روودەدەنءدواترشێوازێکی چیرۆک بە خۆوەدەگرن.لێرەوە ئێمە بەو راستیە دەگەین, کە رەگەزە ئەدەبیەکانی وەک, چیرۆکی ئە فسانەییءداستانی میللیءحیکایەتی مێژوویی لە رووی دەرکەوتنءسەرھەڵدانیانەوە زۆر دەکەونە پێشەوەی رۆمان. بەومانایەی ھەموو ئەو رەگەزە فۆلکلۆریء ئەدەبیانە, رۆَلیان ھەبوە, لە دەرکەوتنءسەرھەڵدانی رۆماندا.ئەمە لەلایەک لە لایەکی ترەوە, ئەگەر رۆماننووس وەک کارەکتەرێک, لە بنەرەتدا خۆی بەھرەو ئەندێشەی نووسینی نەبێت,ئەوا ئەستەمە بە تەنھا ئەزموونەکانی ژیان فێری رۆماننووسینی بکەن.مارکیز لە کاتێکدا ئەو رۆماننووسە بەناوودەنگە جیھانیەیەءرۆمانەکانی بە شاکاری جیھانی دەناسرێن,کەچی خۆی دانی پێدا ئەنێت, کە سەرچاوەی رۆمانەکانی لە سەرەتادا داپیرەی بوە.وێرای ئەمەش مارکیز وەک رۆماننووسێک زادەوبەرھەمی کۆمەلگایەکە کەنەک ھەر پێشکەوتووپیشەسازی نییە, بگرە دواکەوتوشە. مارکیز بەرھەمی کۆمەلگایەکی حەشیشە خۆرءتلیاک خۆرءتەنانەت مرۆڤ کوژیشە, کەوڵاتێکی ئەمریکای لاتینە. کە چی ئەو رۆماننووسە بە ناوبانگەی جیھانیشە. رۆمانەکانی ئەو نووسەرە گوزارشت لە جوگرافیاءسروشتءرووداوبە سەرھاتەکانی کۆمەلگایەک دەکات,کە دەیان کێشەی سیاسیء پەروەردەییءکۆمەڵایەتیءجڤاکی ھەیەءبە ھەموو پێوەرەکانەوە,ناچێتە نێو خانەی کۆمەلگایەکی پیشەسازیءبۆرژوازی پێشکەوتوو.کەچی دەبینین رۆمانەکانیشی سنووری لۆکاڵیانەی خۆیان بریوەوبوونەتە شاکاری جیھانیءبە ملیۆنان خوێنەریان ھەیە.کەواتە دەکرێ بپرسین نھێنی ئەو سەرکەوتنەی رۆماننووس لە کوێدایە لە نووسینی ئەوشاکارە جیھانیانە؟لە کاتێکدا وەک باسمان کرد, رۆماننووس لە رووی ژینگەی کۆمەڵایەتیءژیاریەوە زادەی کۆمەڵگایەکی مۆدێرنء پێشکەوتوونییە. بێگومان ئەمە دەریدەخات کە ئەزموونی نووسینی رۆمان زادەو بەرھەمی خەیاڵءدنیابینی رۆماننووس خۆیەتی.وەک چۆن ژانرەکانی دیکەی ئەدەبیش, بە رھەمی دنیابینیء ئەندێشەی نووسەرن.مەرج نییە بە تەنھا, لەو کۆمەڵگایانەی پێشکەوتوو ژیارین, بە ماناتەکنەلۆژیء پیشەسازیەکەی رۆمان بوونی ھەبێت.بە پێچەوانەوە ئەمە پەیوەستە بە ئەزموونی نووسینءداھێنانی ئەدەبیەوە. بۆ نموونە ھەموو وڵاتانی کیشوەری ئەوروپا کە لەو پەڕی پێشکەوتنءکرانەوەوژیاریدان, بە قەد وڵاتانی ئەمریکای لاتین, شاکاری جیھانیان لە بواری رۆماندا نییەء رۆماننووسی ھەڵکەوتوویان تێدا نییە.کە چی ئەدەبی وڵاتانی ئەمریکای لاتین, بەیەکێک لەو ئەدەبیاتانە دادەنرێت, کە زۆرترین خوێنەریان لە ئاستی جیھانیدا ھەیەو شاکاری بە ناو بانگنءبۆدەیان زمانی زیندووی دنیا وەرگێردراون.لە کاتێکدا ئاستی پێشکەوتنی ئەو وڵاتانە,بەبەراورد لە گەڵ وڵاتانی رۆژئاوادا زۆر لە دواوەیە. وەلێ شاکارو داھێنانی ئەدەبیان نموونەیەکی ھەرە دیارو زیندووی ئەدەبیاتی جیھانن. کەواتە لە پشت رۆمانءھەموو ژانرە ئەدەبیەکانءداھێنانە زانستیءفیکریەکان, ھزرێک ئامادەیە کە بە رھەمی خەیاڵءئەندێشەو دنیابینی مرۆڤە,نەک ژینگەی شارء پێشکەوتنی پیشە سازیء تەکنەلۆژی…
sadiqrwandze@yahoo.com
*تێبینی/بە دووبەش لەرۆژنامەی ھەواڵ, ژمارەکانی(٤٥١)ء(٤٥٢)لەرۆژانی ١٧و٢٤/١٢/٢٠١١بڵاوکراوەتەوە…